یوونس رەزایی
ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم له هەموو بوارەکانی رۆشنبیری؛ چ رۆشنبیری سیاسی و چ ئەدەبی، قۆناغیکی زێڕینه و به ئەزموونێکی درەوشاوەی مێژووی ئێران دێته ئەژمار. هەر لەو سەردەمە دایه شاعیرانی وەک "مێهدی ئەخەوان سالیس"، "ئەحمەد شاملوو"، "فرووغی فەڕوخزاد"،"سوهراب سپێهری" و...خەریکی پتەو کردنی ئەزموونی نوێخوازانەی شیعری فارسین و باشترین و به هێزترین کارەکانیان لەو مەودا زەمانییەدا بڵاو دەبێتهوه.
"سوارە ئیلخانیزادە" و پۆلێک خوێندکار و چالاکی ئەدەبی کوردیش، ئەو سەردەمە و لەم قۆناغه هەستیارەدا، له ناوەندەکانی رۆشنبیری فارس نزیک دەبنەوە، هەر بۆیه ئەزموونی فیکری و فۆڕمی نووسینی فارسی کاریگەری لەسەر بیر و نووسینی ئەوانە دادەنێ. ئەوانە سەرنجیان دەچێتە سەر جیاوازییەکی بەرچاو له نێوان شێوە ئەدەبیاتێک که له کوردەواری دا باوه و ئەو رەوتەی لەوێ برەوی هەیه. دیارە شێوازی تازەی نووسین و دەربڕینی شاعیرانی فارس زمان، کاریان دەکاتە سەر و دەست دەدەنه نووسین و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی به زمانی فارسی دەبن.
له نێو ئەو پۆله خوێندکارەدا "هاوار" و "چاوه" و "سواره" زێدەتر دەچنه دنیای ئەدەبیاتەوە. کاریگەری شیعری فارسی ئەو سەردەم لەسەر دەقی شیعری ئەو لاوە داهێنەرانە لە چەند ئاستدا شیاوی لێ ورد بوونەوەیە.
یەکەم؛ شێوزای "سەمبۆلیسمی کۆمەڵایەتی" کە بەشێک لەو شاعیرانە و یەک لەوان "نیما" و دواتر "شاملوو" تێیدا شارەزا و چازان بوون.
دووهەم؛ گوتاری کەونارا خوازی لە ئاستی زمان، گەڕانەوە بۆ ئوستوورە کۆنەکانی مێژووی ئێران، ئاوڕ دانەوە لە سەردەمی مێژوویی و پێش مێژووی ئێران دەبێتە هەواری بیرکردنەوەیان بۆ نووسین، کە نموونەیەکی دەتوانین لە بەرهەمەکانی "ئەخەوانی سالیس" و "حەمید موسەدیق"دا دەستنیشان بکەین.
سێهەم؛ گوتار یان بیرێکی رەخنەگرانەی فمینیستی بە رواێژێکی نەرم و نیان و جودا لە هەموو رەوتەکانی پێشوو کە نوێنەرەکەی "فرووغ"ە.
هەر کام لە شاعیرانی ئەو کاتی ئێران لە گەڵ یەکێک لەو رەوت و رێبازانە کەوتوون؛ ئەگەرچی رچەی دیکە و شاعیری دیش هەبوون کە لە دەرەوەی ئەو چەند رەوتەدا خەریکی ئافراندن بوون. بۆ وێنە دەتوانین کەسانی وەک "یەدوڵلا روئیایی" و "بیژەن جەلالی"،"ئەحمەدرەزا ئەحمەدی" و ... ناودێر بکەین کە هەر کام لە فەزایەکی دیکەدا شیعریان بەرهەمهێناوە. بەڵام فەزای گشتی تا رادەیەک لەو چوارچێوەیەدا دەگونجا.
سوارە ئیلخانیزادە وەک شاعیرێکی داهێنەر کە بڕیاری داوە بە زمانێکی جودا لەوان بەرهەم بئافرێنێ، دەبوو لە سەر کام بنەما خەریکی بەرهەمهێنانی دەق بێ؟
وڵامیکی کە رەنگە زۆر کەس ئارەزووی بکەن ئەوەیە؛ بریا سوارە خۆی دەستپێکەری رەوتێک بایە نەک دواکەوتووی شێوە و چەشنێک لە ئەدەبی گەلانی دراوسێ یان ئەدەبی جیهانی. ئەو ئارەزوویەش دەتوانێ زۆر هۆکاری ئەدەبی و نائەدەبی هەبێ. بەردەست ترینیان گوێ نەدانە بازنەی فەرهەنگی گەلان و کارتێکهری رەوتی ئەدەبی کولتوورە لێک نزیکەکان لە سەر یەکه. لە لایەکی دیکەشەوە هۆکارێکی دی گوێ نەدانە سەرچاوە هاوبەشەکانی مێژوویی و تەنانەت رۆشنبیری و لە ئاکامدا هاوچارەنووس بوون بە هۆی ئەزمون کردنی سیاسەتێکی گشتی حاکم بە سەر وڵات دایە و دەبوو جێگای سەرنج بێ، کەچی لەو ئارەزووە ئەدەبییەی گۆریندا پشت گوێ خراوە. چون ئەو سەرچاوە هاوبەشانە هەم نسێ دەخەنە سەر سیاسەتی کولتووری گشتی و هەمیش لە سەر ژیان و بیر و بەرهەمە فکرییەکانی کۆمەڵگا شوێن دادەنێن. هەر ئەو باسەش رەنگە ئەو هەڵەیە بێنێتە ئارا؛ کە پێشەنگ بوون بە درەوشانەوەی دەقی کەسێک لە بازنەی ئەدەبی نەتەوەیی، بە بێ ئاوڕدانەوە لە سەرچاوە مەعریفی و ئەدەبییەکانی بیانی مەزەندە بکرێ. ئەوەش نێشاندەری ناشارەزایی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخە ئەدەبی و سنوورە کولتوورییەکانی نەتەوەیەک بۆ داهێنانه.
سوارە وەک داهێنەرێک کە خەیاڵی دەستپێکردنی کایەیەکی نوێ لە پانتای زمانی کوردیدا دنەی دەدا روو بکاتە چەشنێکی تایبەتی نووسین، دیارە دەبێ لە سەرچەشنێکی جیاواز لە ئەدەبی ناوخۆیی و دراوسێ و جیهانیدا بگەڕێ. ئاوڕێک لە "تاپۆ و بوومەڵێڵ" کە نیشاندەری ئاستی زانین و رۆشنبیری سوارەیە، نیشان دەدا بە وردی ئاگای لە ئەدەبی جیهانی و ئەدەبی گەلانی دراوسێ و بە تایبەت فارس بووە. بۆ نموونە دەتوانین لە وردبوونەیەک بە ناوی شاعیرانی وەک "ییتس"،"ویلیام بلیک"،" شکسپیەر "،"جان کەیتس" و ... لە شاعیرانی رۆژائاوایی و کەسانی وەک ئەخەوان و شاملوو و نیما و فرووغ لە ئەدەبی فارسیدا، ئاگاداریی ئەومان بە سەر ئەدەبی جیهانیدا بۆ دەرکەوێ. لە لایەکی دیکەوە تاوتوێ کردنی شیعری شاعیرانی کورد و لەوانە کەسانی وەک "عەتری گڵۆڵانی" و "گۆران" و "شیرکۆ" و ... ئەو راستییە دەردەخا کە هەموو رەوت و رێبازە شیعرییە کوردییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیشی پشکنیوە و توانایی و دەرفەتە نوێیەکانی هەر کام لەو ئەدەبانەی نە تەنیا دیوە، بەڵکو باسی کردوون و شی کردوونەتەوە. واتە سوارە لە سێ ئەزموونی ئەدەبی رۆژائاوا و ئەدەبی فارس و ئەدەبی نوێی کوردی ئاگادار بووە و بە ناسیاوی لە هەموو ئەو رەوتانە لە نووسینی کوردی و فارسیدا دوو ستڕاتێژی جوداوازی گرتووەتە بەر.
یەکەم؛ تاقی کردنەوەی هەموو تواناکانی دەربڕینی فۆڕمی و واتایی بە گوتاری جوداوە لە زمانی فارسیدا؛ بۆ بە هیز کردنی هەست و توانایی دەربڕین و ناسینی جیهانە رەنگا و رەنگەکانی دەربڕێن و هەروەها رێگا کردنەوە بۆ ناو کۆڕ و کۆبوونەوە و چەقی رۆشنبیری فارس.
دووەم؛ پوختەکردن و مەیاندنی ئەزموونێکی دەوڵەمەند لە زمانی کوردیدا، بە رەچاو کردنی شێوازێکی تایبەتی دەربڕین و زمانێکی تا رادەیەک یەکدەست. هەبوونی گوتاریکی تایبەت لە کۆی کارە کوردییەکاندا و باز نەدان لە گوتارێکەوە بۆ گوتارێکی دیکە.
هەڵبەت کە باسی زمانی یەکدەست دەکرێ مەبەست لە باری هەڵبژارادنی وشە و ئیدیۆم و تەعبیرەکانە نەک پێچیاو بوونی وێنەی شیعری و واتایی. بۆ وێنە ئەو هەڵبژاردنەی کە دواتر وەک کەوناراخوازی باسی لێدەکرێ ئەو باسە ناگرێتەوە.
ئێستا پێویستە ریشەی هەر کام لە گوتارە باو و پەرەدارەکانی شیعری سەردەمی سوارە لە ئەدەبی فارسیدا بە کورتی بخرێتە بەر باس. چون ناکرێ باسی ئەزموونێک بکەی و بۆ سەرچاوە مەعریفی و فۆڕمییەکانی نەگەڕێیەوە.
فرووغ لەو شاعیرانەیە کەلامی شاعیرانەی لە ژێر کارتێکەری واژە و دەستەواژەی باو و زمانی نەریتیی ئەدەبی فارسیدا نییە، ساکاریی واژەیی و ساکار نواندی پێکهاتەی شیعرەکان لە تایبەتمەندی بەرچاوی شیعری فرووغە، ئەو وەک شاعیر، بکەرێکی قسەکەرە کە لە شیعرەکانیدا هاوکاری و هاودەنگی هەڵقوڵاوی بابەتی نومادین و بابەتی نیشانەیی بە جوانی بەرچاو دەکەوێ. بە چەشنێک کە لە شیعری ئەودا هەر دووک لایەنی زمان کارکردی شوێن دانەر و تایبەتیان هەیە.(سلیمیکوچی:١٣٩٣)ئەگەر بابەتی نیشانەیی جەختی لە سەر لایەنی سۆزدارانەی زمانە. لەو لایەنەدا کارکردی زمان لە قالبی دەرخستنی کەڵکەڵەکانی سووژە( هەست و غەریزە و ..) خۆیا دەبێ. واتە بابەتی نیشانەیی شێوەیەکی نابەئاگایە کە وزەی زەین و لەش و دەروون هاوکات لە پڕۆسەی زماندا رەها دەبن.(پێشوو:١٣٩٣) ئەو تایبەتمەندییە رەنگە لە زۆر دەق و لە سەر بەرهەمی زۆر شاعیر گونجاو بێ و باسی لە سەر بکرێ، بەڵام لە شیعری فرووغدا بە تایبەت جەخت لە سەر لایەنی سۆزدارانەی زمان و هەروەها دوور کەوتنەوە لە واژە و دەستەواژەی زمانی باو لە سەردەمی خۆیدا دیاردەیەکی زۆر بەرچاو و لادەرانە لە نەریتەکانی شیعری فارسی بووە. ئەو دیاردەیە سوارەی دنەداوە روو بکاتە ئەو شێوە و گوتارە جیاوازە لە بیرکردنەوە و زمانە. شیعری "یەک سەمیمی" و "بانگەوازی پەنجەرە" ئاکامی ئەو جۆرە روانینە لە شیعر دان.
گوتاری سمبولیسمی کۆمەڵایەتی هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوری دووەمی بەرهەمەکانی نیما و دابڕانی لە کەشی رۆمانتیک دێتە پانتای شیعری فارسییەوە. هەڵبەت رەنگە بەر لەویش بەرهەمی وا هەبووبن بەڵام وەک دیاردەیەک لە شیعردا پاش ئەوە ئەو شێوەیە لە شیعری فارسیدا دەردەکەوێ. دواتر کەسانی وەک شاملوو، کەسرایی، خۆیی، کەدکەنی و ... لە دەوامەی ئەو رەوتەدا زۆر بەرهەم دەخوڵقێنن. ئەو شیعرە بە شیعری نوێخوازی روو لە رەمز و سەمبول پێناسە کراوە و هەروەها شیعری نوێ-حەماسی پێدەڵێن. بابەتی بەر باسی ئەوانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاڕمانەکانی خەڵکه. بەرچاوترین تایبەتمەندی بەرهەمی لەو بابەتە بریتییە لە؛ زمان و دەربڕینی سەمبولیک و نومادین، زمانی لێڵ و پێچیاو و راڤە هەڵگر، گۆڕانی یاسا و رێساکانی نەریتیی شیعر، سەرنج دان بە ئاهەنگ و مووسیقای وشەکان و ...(شمیسا:١٣٨٠) زۆر بەرهەمی سوارە و بە نموونە "خێڵی درۆ" و "شەنگە سوار" ئەو تایبەتمەندییانەیان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە گوتارێکی دیکەی بە رمێن هەر لەو سەردەمدا، گوتاری کەوناراخوازیی و گەڕانەوە بۆ شکۆ و گەورەیی دەستکەوتەکانی رابردووی مێژوویی و ئوستوورەیی ئێرانی فەرهەنگییە. واتە لە دەوامەی بیری جوداخوازی تاقمێک رۆشنبیری سەدەی نۆزدەی ئێران، شێوازێک لە نووسین وەبرەو دەکەوێ.
هەر لە ساڵەکانی سەدەی نۆزدەوە کەسانی وەک "ئاخوندزادە" بە شوێن دۆزینەوەی رەگ و ریشەی دواکەوتەیی کەسایەتی ئێرانییهوه بوون. ئەو هۆکاری ئەو دواکەوتویییە لە رێنووس و ئەلفوبێی ناتەواوی عەڕەبی و دینی ئیسلام و رەگەزی عەڕەب دەزانێ(رحمانیان: ٥٨) و رێگا چارەش بە کەوناراخوازی و گەڕانەوە بۆ ریشە سیاسی و مێژوویییەکانی ئێرانی و تەنانەت زمانی رەسەنی داماڵدراو لە هەموو میراتی عەڕەبی و ... دەزانێ و پاش ئەوان و دواتر لە سەردەمی پەهلەویشدا ئەو هەستە جارێکی دیکە سەر هەڵدەداتەوە و زۆر نووسەر و شاعیر روو له ستایشی ئوستوورە و کەسایەتییە سیاسییەکانی مێژووی کۆنی ئێران دەکەن. ئاوڕ لە کەسایەتی چیرۆکە ئەفسانەیی و حەماسییەکان و ئایینی زەردەشتی و زاراوە و دەستەواژەی کتێبە ئایینییە ئێرانییەکان دەدەنەوە و لە دەقەکانیاندا ئەو بابەتانە دەژێننەوە.
مێهدی ئەخەوان سالس یەک لەو شاعیرانەیە لە ژیر سێبەری ئەو گوتارەدا خەریکی بەرهەمهێنانی دەقی شیعرییە. ئەگەرچی ئەخەوان بە ئافراندنی کۆمەڵە شیعری "زستان" هۆگری و بڕوای خۆی بۆ شێوازی نوێی شیعری فارسی کە تازە رەگی داکوتابوو نیشان دا، بەڵام هیچ کاتێک زەنگینی و رەنگینی [زمانی پێشووی وەلا نەنا و وەک] پشتیوانەیەک بۆ بەرهەمە نوێیەکانی کەڵکی لێ وەرگرت. واتە ئەو، پتەوی و شکۆی زمانی فیردەوسی و شێوەی جوانی هاونشینی واژەکان کە لە شیعری حافزدا بەرچاوە و هەروەها رووحی سەرکێشی ئەندێشەکانی خەییامی بەجێ نەهێشت. ئەو هۆگرییە بووە هۆی ئەوەی شیعر ببێتە پانتایی زۆر ماکەی زمانی کە لە زمانی ئەوڕۆیی شیعردا کارێکی وایان نییە و لە تیۆرییە ئەدەبییەکانی هاوچەرخدا، بە "کەونینەخوازی واژەیی" و "کەوناراخوازی" و "ئارکائیسمی وشەیی" ناودێر دەکرێ.(صهبا:١٣٨٤)
وەک نموونەی بەرچاوی ئەو دەقانەی ئەخهوان دەتوانین " قصه شهر سنگستان" ناودێر کەین، کە لەوێدا بە باسی "ئیران" و "ئەنیران" و "ئەمشاسپەند" و "ئەهریمەن" و بە گشتی کولتوورێکی تژی لە کەسایەتی و دەستەواژە و زاراوەکانی سەر بە ئایینی زەردەشتییە و دژایەتی ئیرانی لە گەڵ ئەنیرانییهکان، دەق دەوڵەمەند کراوە و ئاخندراوە. هەروەها لەو شیعرانەدا خستنە بەر باسی بەشێک لە رەمز و کەسایەتییە حەماسییەکانی رابردوو ئەو کەوناراخوازییە نیشان دەدا.
هێنانەوەی واژەکانی رابردوو هەم واتای مێژوویی ئەو وشە و دەستەوشانە بە دەستەوە دەدا و هەم بە ئاماژە بۆ ژیان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی خەڵکی رابردوو، شیعری ئەو و کەسانی وەک ئەو، بۆ وێنە "حەمید موسهدیق" دەبێتە فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی ئاماژە مێژوویییەکان. (صهبا: ٦٠)
سوارە بە دیتنی ئەو ئەزموونە دەوڵهمەند و سەرسوڕهێنەرەی ئەدەبی فارسیش کە هەم شکۆی زمانی رابردووی تێدایە هەم زیندوو کردنەوەی کەسایەتی و ناو و شوێن و زمانی رابردووی ئێرانییە، دەیهەوێ خۆی لەو بوارەدا تاقی بکاتەوە. چەند شیعری وەک "بر خوان خورشید" و "سرودی برای انقلاب" لە شیعرە نوێیەکاندا و "امشاسپند هشتم" لە مەسنەوییەکاندا بەو ئارستەیەدا دەڕوا و لە ژێر سێبەری ئەو گوتارەدا شیعر دەئافرێنێ. بۆ وێنە ئەگەر ئەخەوان لە شیعری "چیرۆکی شاری بەردستان"دا باسی کەسایەتییەکانی وەک بهرام ورجاوند، گیو، گودرز، نوذر، گرشاسب، امشاسپند، اهورامزدا، اهریمن؛ انوشه، سام، سیمرغ و ... دەکا، ئەو ناوانە، هەموو ناوە مێژوویی و کەونەکانی ئیرانین، هەروەها بە هێنانەوەی وشەگەڵی وەک؛ ستان، سدیگر، بشکوه، انیران، گندآور، بیغاره، همگنان،(اخوانثالث:١٤) وشە و واژە کەونەکان دێنێتەوە کایە.
سوارەش لە "بر خوان خورشید"دا ئەو کەسایەتییە مێژوویییانە دێنێتە پانتای دەقەکەیەوە؛ میترا، بابک، طاهر، حافظ، ملای بلخی ،خیام، و... هەروەها هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژە کۆنەکان کە تایبەتی دەقی کۆن و کولتووری کۆنی ئێرانین وەک؛ آفاق اساطیری، فرخ سروش، شید، ناهید و ... (ئیلخانیزادە:٦٢٤) هەموو ئاماژەن بۆ ئەو چەشنە دەقە و کاریگەری وەرگرتنە لە فەزای شیعری ئەخەوان یان بە شێوەیەکی گشتیتر هەڵبژاردنی ئاراستەی کەوناراخوازی لە ئاستی زمان و کەسایەتی و کولتووردا، کە لە چوارچێوەی فۆڕمیکی نوێدا دەرکەوتوون.
سوارە لە شیعرە فارسییەکانیدا جودا لەو کایانە، لە دەقی وەک "بر سینه گرم کویر"(ئیلخانیزادە:٦٣٤) کایەی واتایی و دوور کەوتنەوە لە کێشی دەرەکی شیعری شاملوو-یی تاقی دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەش لە بەرهەمەکانی وەک "دعوت پنجره" و "یک صمیمی" و تەنانەت "بیت المقدس"-یشدا، لە نێوان فرووغ و سوهراب لە هاتوچۆدایە، هەر چەند لە "یک صمیمی" و "دعوت پنجره"دا زیاتر بە لای فرووغدا دەشکێتەوە، چون زیاتر لایەنی زمانی و سۆزدارانە بەرجەستەیە نەک ئەو شێوە روانینە فەلسەفی و عیرفانییەی لە کاری سوهراب دایە.
لە مەڕ کاری سوارەوە پرسیاری زۆر کراوە و وڵامی کەم دراوەتەوە. پێشداوەری کراوە و دواتر کەمتر بەدووی سەلماندنیدا چوون. یەک لەو باسانە ورووژاندنی باسی لاسایی کەرەوە بوونی سوارەیە لە بەرهەمە فارسییەکانیدا، بە بێ خستنە رووی سەرچاوە رۆشنبیرییەکانی سواره و هێنانه بەر باسی زەمینەی کاریگەری و کارتێکەری ئەدەبی. هەڵبەت زیاتریش ساناترین رێگا گیراوەتە بەر کە بگوترێ ئەو دەقانە لە دەقی ئەو شاعیرە فارسانە وەرگیراون.
بۆ باس کردنی بابەتی سەرێ پێویستە چەند شت وەبیر بێنمەوە کە لە لێکدانەوەی زیاتری بابەتەکەدا یارمەتیمان دەدا.
یەکەم: سوارە و چەند کەس لە هاوڕێکانی دەستپێکەری رەوتێکی نوێ بوون لە شیعری کوردی و ئەو رەوتەش سەرچەشنێکی خۆماڵی بەو فۆڕم و زمانە قورسەوە نەبوو تا درێژەی بدەن. بەڵکوو ئەوان رێگایەکی جودایان گرتەبەر کە لە ئەزموونی شیعری نوێی باشووری کوردستان نەدەچوو. ئەو بابەتە لە شوێنی خۆیدا بە تەسەلی باسی لێدەکرێ و دەگەڕێمەوە سەری.
دووەم: سوارە تەمەنی سی وسێ ساڵ بووە و هەر لەو تەمەنە کورتەدا کۆتایی بە ژیانی هات و هەموو ئەو ئەزموونە جۆراوجۆرانەی لەو ماوە کەمەی تەمەنیدا خستووەتە روو.
سێ: سوارە جگە لە "بانگەوازی پەنجەرە" لە شیعرە کوردییەکانیدا، رێگایەکی جودای زمانی و فۆڕمی و واتایی و گوتارێکی جوداوازی گرتووەتە بەر و کەشی زمانی و مانایی و فۆڕمی شیعرە فارسی و کوردییەکانی سەر بە دوو هەرێمی بە تەواوی لێک جودان.
باسی ئەو سێ تایبەتمەندییە بەو هۆیانە پێویستن کە دەستپێکردنی رەوتێکی تازەی شیعری، زمانێکی تازە و فۆڕمی نوێ دەخوازێ و سوارە لە هەموو دەقە کوردییەکانیدا حەولی داوە زمانی هەر شیعرەی لە شیعرەکەی تر جودا و فۆڕم تایبەت و واتا دوور لە کڵیشە واتاسازەکانی شیعری پێشوو بن. بۆ وێنە جوداوازی زمانی و فۆڕمی نێوان "خەوە بەردینە" و "شار" دەگەڕێتەوە بۆ بابەتێک کە لە هەر کام لەو دوو دەقەدا خستوویەتە بەر باس. کەچی لە لایەکی دیکەوە فۆڕمی "شەنگە سوار" و "شار"یش لێک جودان. هەر ئەو باسە بۆ "کچی بەیان" و "خێڵی درۆ"ش وەڕاست دەگەڕێ. هەموو ئەوانە نێشاندەری ئەوەیە سوارە بۆ هەر شیعرە پلانێکی جودای زمانی و فۆڕمی بووە و وا نەبووە بچێتە کڵیشەیەکی تایبەتەوە کە هەر ئەو کات زۆر یەک لە شاعیرانی بە ئەزموونی فارس و دواتریش کورد تووشی بون.
لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای ئەو جیاوازی زمانی و فۆڕمییە گوتاری سوارە لە شیعرەکانیدا گوتارێکی نەتەوەیی چەپە. ئەو تایبەتمەندییە لە زۆربەی شیعرە کوردییەکانی سوارەدا بەرچاو دەکەوێ.
بەڵام پرسیاری گرینگتر ئەوەیە کە سوارەی داهێنەر مەبەستی لە خستنە رووی ئەزموونەکانی خۆی لە زمانی فارسی بەو پرش و بڵاوییەوە چییە؟
چۆنە سوارە لە بەرهەمە کوردییەکانی دا یەک گوتار، و شێوازێکی تایبەت و ئاراستەیەکی زمانی دەگرێتە بەر کە لە ئاکامدا شێوازێکی تایبەت بەو لە زەینی خوێنەردا دەنەخشێ، بەڵام شیعرە فارسییەکانی ئەو تایبەتمەندییەی نییە و لە چەند گوتاری جوداوە پاراو دەبن.
وێدەچێ سوارە وەک کەسێک کە خەریکە ئەزموونە جوداکانی ئەدەبی نوێی فارسی دەخوێنێتەوە – بە هەموو ئەو گوتارانەوە- کە لەو فەزایەدا بوونیان هەیە، حەول دەدا زمانی خۆی بۆ راهاتن لەگەڵ ئەو چەشنە دەربڕینانە تاقی کاتەوە. لە لایەکی دیکەوە هەر کام لەوانە لە ناو پۆلێک رۆشنبیری فارسدا برەویان هەبووە، سوارە بەو شێوەیە و بە خزانە ناو جەغزەکانی ئەو نووسەرانەوە حەولی داوە بەرهەمەکانی خۆی بۆ گۆڤارە فارسییەکان بە ئاراستەی جوداوە بنێرێ و ئاماژەی بە گۆڤاری "خوشە" و هاوکاری لەگەڵ "شاملوو" و "گرگین" و ... لەو نیشانانەن. هەموو ئەوانە ئەگەر بە لێکدانەوەیەکی نائەدەبی باس بکەین، دەتوانین بڵێین ئەوە حەولی رۆشنبیری نەتەوەیەکی پەراوێز خراوە، بە زمانێکی پەراوێز خراوەوە بۆ خزانە ناو دەق و چەقی فەزایەکی هەراوی رۆشنبیری و ئەدەبی لە ناوەندی وڵاتێکی روو لە گەشەی وەک ئەو کاتی ئێران. ئاماژە بەو بابەتەش جێگای سەرنجە کە هەموو بەرهەمە فارسییەکانی سوارە لەیەک ئاست دانین و تەنانەت لە دوا شیعرەکانی ئەو بەشەشدا بەرەو رەها بوون لەو ئەزموونە ناسراوانە دەچێ. بەڵام ئەو بە تواناوە هەموو ئەو گوتارانەی تاقی کردووەتەوە. هەم شیعری "کەونینەخواز" لە ئاستی زمان و تەعبیر و واتادا و هەم شیعری "مەیلە و سۆزدارانە" و نەرم و نیان و نزیک لە راوێژی فروغ و سوهراب. هەم "سەمبولیزمی کۆمەڵایەتی" نیما و شاملوو، بەڵام لە بەرهەمە کوردییەکانیدا رێگایەکی دیکەی گرتەبەر کە تا ئێستاش بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمی شاعیرانی داهێنەری فارسیش هەر نوێ و تاقانەن. ئاکامی تاقی کردنەوەی زمان و گوتارە جوداوازەکانی شیعری فارسی لە بەرهەمی فارسی سوارەدا جودا لەوەی دەستەڵات و بیری ورد و بزۆزی ئەو بۆ ناسینی دیاردە نوێیەکانی شیعری نیشان دەدا، دەبێتە بناخەیەک بۆ تاقی کردنەوەی زمان بە ئاستی جوداوە لە بەرهەمە کوردییەکانیدا. تەنیا ئاماژە بە زمانی "خەوەبەردینە" و قورسیی ئەو زمانە و بەراوردی لەگەڵ ئەرکی زمان لە شیعری ئارکائیسمی وشەیی و شیعری "کچی بەیان" و "بانگەوازی پەنجەرە" لەگەڵ زمانی سۆزدارانەی نەسلی فرووغ و بەراوردی "خێڵی درۆ" و "شەنگەسوار" لەگەڵ شیعری نیما و شاملوو بە تایبەتمەندی "سهمبۆلیسمی کۆمەڵایەتی"یەوە دەتوانێ وریایی سوارە بۆ قۆستنەوە و داهێنانی نوێ لە زمانی کوردیدا نیشان بدا. سوارە بێ ئەوەی لەو بەرهەمانەدا لە ژێر کاریگەری هیچ کام لەو رەوتانەدا بێ و رەنگی شتێکی لەو بابەتە بە بەرهەمییەوە دیار بێ، توانیوێتی شکۆی زمانی هەموویان لە دەقی خۆیدا دەربخا. ورد بوونەوە لەو بابەتە لە مەجالێکی دیکەدا دەخرێتە روو...
سەرچاوە:
- اخوانثالث، مهدی(١٣٥٦) از این اوستا، تهران: انتشارات مروارید
- ئیلخانیزادە، سوارە(٢٠١٤)شەنگە سوار، سەرجەم بەرهەمەکانی سوارە ئیلخانیزادە، سلێمانی: غەزەلنووس
- رحمانیان، داریوش(١٣٨٢) تاریخ علتشناسی انحطاط و عقب ماندگی ایرانیان و مسلمین، تبریز: موسسه تحقیقاتی علوم اسلامی-انسانی دانشگاه تبریز
- سلیمیکوچی، ابراهیم و دیگران(١٣٩٣) کاربست نظریهی آلوده انگاری کریستوا بر شعر دلم برای باغچه میسوزد فروغ فرخزاد، تهران: فصلنامهی جستارهای زبانی، شماره ١٧
- شمیسا، سیروس و دیگران(١٣٨٠) جریان سمبولیسم اجتماعی در شعر معاصر ایران، تهران: مجلهی علمی پژوهشی مدرس- علوم انسانی، شماره ٢٠
- صهبا، فروغ(١٣٨٤)كهنگرايي واژگاني در شعر اخوان، دوفصلنامهی پژوهش زبان و ادبيات فارسي دورهی جديد، شمارهی پنجم