به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، که‌ماڵ شه‌نگالی له سه‌ره‌تای ده‌ست پێ کردنی ئه‌م کۆڕه وتی: سه‌ره‌تا سپاسی به‌شداری هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌که‌م که به بۆنه‌وه‌ی دووهه‌مین کتێبی شێعری منه‌وه، ئه‌مڕۆ لێره ئاماده بوون و ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی جێگه‌ی دڵخۆشی و دڵگه‌رمییه.
ئه‌و زیادی کرد: ڕاستییه‌که‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه شێعره‌ی ئه‌مڕۆ پێشکه‌شه به شه‌نگال و عه‌زیز شه‌نگالی. ئه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌ی که منی یه‌کجار خراپ هه‌ژاند. من له‌و کاته‌دا هیچم بۆ نه‌ده‌کرا، ته‌نانه‌ت شێعریشم بۆ نه‌ده‌نووسرا له سه‌ر ئه‌م کاره‌ساته، بۆیه وتم لانی که‌م وه‌ک وه‌فایه‌ک، ناوی خۆم بۆ شه‌نگال بگۆڕم و به‌م بۆنه‌وه ناوه‌ی "ئه‌مینی"م کرد به "شه‌نگالی". من وه‌ک کارێکی ساکار لێم ده‌ڕوانی به‌ڵام دواجار دیم یه‌کسه‌ر به‌م ناوه‌وه ناسراوم و خه‌ڵک به زۆری به کاری دێنن و ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ناوی "ئه‌مینی" زۆر که‌م ڕه‌نگ ببێته‌وه له ژیانی مندا.
له درێژه‌دا شه‌نگالی ڕایگه‌یاند که زیاتر له‌وه‌ی بیه‌وێت قسه بکات، پێی خۆشه شێعر بخوێنێته‌وه و چه‌ندین پارچه له شێعره‌کانی کتێبی "چاره‌کێک بۆ نسیان"ی پێشکه‌ش کرد.
له درێژه‌ی کۆڕه‌که، کامبیز که‌ریمی، شاعر و لێکۆڵه‌ری فه‌رهه‌نگ و مێژووی کورد، وتاری خۆی سه‌باره‌ت به‌م کتێبه خسته به‌رده‌ست و وتی: میلان کۆندرا ڕۆمانێکی ناسراوی هه‌یه، به ناوی "پێکه‌نین و له بیر کردن" له‌م ڕۆمانه‌دا که له زمانی ۷۰ ڕاویه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه، ناوه‌ڕۆکی سه‌ره‌کی "له بیر کردنه"، ئه‌و شته‌ی که داوێنی زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌مڕۆی گرتووه‌ته‌وه و تووشی گۆرانی ڕیشه‌یی که‌لتوورییان ده‌کات.
ئه‌و زیادی کرد: بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ش زلهێزه‌کان له سێ قۆناغ که‌ڵک ده‌به‌ن، یه‌که‌م سڕینه‌وه‌ی بیر و هۆشی خه‌ڵک، دووهه‌م دروست کردنی مێژوویه‌ک بۆ ئه‌م خه‌ڵکه و سێهه‌م وانه وتنه‌ی ئه‌و مێژوو دروست کراوه. نموونه‌ی ڕوونیشی قبتییه‌کانی میسرن که له دوای هێرشی عه‌ره‌به‌کان هه‌موو زمان و که‌لتوری خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بنه عه‌ره‌ب.
ئه‌وم شاعره کورده وتی: ئێمه بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی وه‌ها هێرشێک دوو ڕێگه‌مان هه‌یه، یه‌که‌م نووسینه‌وه‌ی مێژوو، دووهه‌م ئه‌ده‌بیات. لێره‌دایه که ڕۆڵی ئه‌ده‌بیات به‌رز ده‌بێته‌وه. ئه‌م کۆمه‌ڵه شێعره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌باره‌ت به ژینۆسایدی ئێزدییه‌کانه له لایه‌ن داعشه‌وه، ئه‌وان به درێژایی مێژوو ۷۲ جار کوشت و بڕ کراون. ئێمه له‌م جۆره کاره‌ساتانه‌مان له کوردستان زۆره، حه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفاڵ، کوشت و بڕی ده‌رسیم له تورکیا، یان له سنه له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م کاتی هاتنی ڕووسه‌کان بۆ ناوچه‌که، وه‌ها قات و قڕییه‌ک دروست ده‌بێت، که له شه‌قامی چوارباغی سنه‌وه خه‌ڵک ته‌رمی مردووه‌کانی خۆیان ده‌گواسته‌وه بۆ قه‌تارچیان تاکوو خه‌ڵکی دیکه هه‌ڵیگرن و بیخۆن، یانی ئه‌وه‌نده برسیه‌تی زۆر بوو که مردووه‌کانیان به خاک نه‌ده‌سپارد، ئه‌مه به‌ڵگه‌ی مێژوویی لێماوه. ئه‌ده‌بیات لێره‌دا چی ده‌کات؟ له ڕاستیدا ئاستی ئه‌م کاره‌ساتانه تاکوو ئه‌و ڕاده‌یه جه‌رگبڕن و کاریگه‌ری له سه‌ر ڕۆح و ده‌روونی شاعر داده‌نێن که ناچار به نووسینه‌وه ده‌بێت، واتا شاعر هه‌وڵی تۆمار کردنی کاره‌ساته‌کان نادات، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م کاره‌ش ده‌کات و لێره‌وه‌یه که ئه‌رکی ئه‌ده‌بیات سه‌باره‌ت به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له بیر کردنی کاره‌ساته‌کان ده‌ست پێ ده‌کات.
که‌ریمی له درێژدا وتی: لێره‌دا خودی نووسه‌ر و شاعریش سێ جۆره ترسی هه‌یه که ده‌بێته هۆی نووسین، یه‌که‌م ترس له‌وه‌ی دوای مردن که‌س یادی لێنه‌کاته‌وه، دووهه‌م ترس له‌وه‌ی که بایه‌خه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک عه‌شق و به‌رابه‌ری له بیر بکرێت و سێهه‌م ترس له‌وه‌ی که کاره‌ساته‌کان له بیر بکرێت و دووباره بکرێته‌وه. بۆ من ئه‌م خاڵی سێهه‌مه گرنگ ترین جۆری نووسینه. ئه‌م کۆمه‌ڵه شێعره‌ی ئه‌مڕۆ له دایکبووی وه‌ها ترسێکه، ترسی له بیر کردنی کاره‌ساتی شه‌نگال، ترسی له بیر کردنی کوشت و بڕی ئیزدییه‌کان.
که‌ریمی له کۆتاییدا وتی: من شه‌نگالی له نزیکه‌وه ده‌ناسم، باوکی ئه‌و به نه‌خۆشی ئاڵزایمره‌وه کۆچی دوایی کرد، ئه‌ویش کاتێک که کاره‌ساتی شه‌نگال ڕوویدا، له‌م کتێبه‌دا شاعر زۆر به وردی و هه‌ستیاری ئه‌زموونی بنه‌ماڵه‌یی خۆی له ئاڵزایمر و نه‌خۆشی له بیر کردن به کاره‌ساتی شه‌نگال و له بیر کردنه‌وه په‌یوه‌ند داوه.
هه‌روه‌ها له درێژه‌ی ئه‌م کۆڕه دوکتور ئۆمێد وه‌رزه‌نده وتی: جێگه‌ی خۆشحاڵییه له‌م بازاڕه بێ بره‌وی ئێمه به‌شداری ڕوونوێنی دووهه‌مین کتێبی شێعری کاک که‌ماڵ ده‌که‌ین، شاعر له هه‌مان سه‌ره‌تای کتێبی دووهه‌می خۆی هه‌وڵی داوه که مانیفێستی خۆیشی ڕابگه‌یه‌نێت تاکوو خوێنه‌ر ئاگاداری جیهانبینی شاعر بێت.
ئه‌و زیادی کرد: وه‌ک ئاماژه کرا ئه‌م کۆمه‌ڵه شێعره له سه‌ر کاره‌ساتی شه‌نگال نووسراوه، ئادۆرنۆ سه‌باره‌ت به کاره‌سات قسه‌یه‌کی زۆر پڕبایه‌خی هه‌یه و ده‌ڵێت؛ که‌سێک که هه‌وڵی ئاسایی کردنه‌وه‌ی کاره‌سات ده‌دات، به‌شداره له کاره‌ساته‌کاندا. له سه‌رده‌می ئێمه‌دا ئه‌م شته به شێوازی زۆر ڕوو ده‌دات، وه‌ک دووپات کردنه‌وه‌ی زۆر و بۆری هه‌واڵی کاره‌ساته‌کان له مێدیاکان، یان شتی باوه‌ی وه‌ک "ده‌ی هیچ نه‌بووه و تێپه‌ڕ ده‌بێت". هه‌موو ئه‌مانه ناڕاسته‌وخۆ به‌شدارن له کاره‌ساته‌کان و له بیر کردنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان و دووباره کردنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان.
ئه‌م لێکۆڵه‌ره کورده وتی: شه‌نگالی له یه‌کێک له شێعره‌کانی خۆیدا ئاماژه ده‌کات که ته‌نانه‌ت شێعریش توانی ده‌ربڕینی کاره‌ساته‌که‌ی نییه، ئه‌مه نه‌ک به هۆی بێ هێزی شاعر که له‌م ڕووه‌وه‌یه که شاعر به‌رپرسانه خۆی له ساده کردنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌که دوور ده‌خاته‌وه. شاعر هه‌وڵ نادات کاره‌ساته‌که ده‌ستکاری بکات یان ته‌نانه‌ت بیخاته داوێنی ئایدۆلۆژیایه‌وه که خۆی جۆرێکی دیکه‌ی ده‌ستکاری کردنی کاره‌ساته.
وه‌رزه‌نده زیادی کرد: یه‌کێک له هه‌وڵه‌کانی دیکه‌ی شاعر گه‌ڕیان به دوای ماناکان دایه. شاعر له‌م کۆمه‌ڵه شێعره‌دا ئه‌بزۆردی کاری کردووه، یانی سیزیه‌ف ئاسا له دوای دۆزینه‌وه‌ی مانایه ئه‌گه‌رچی ده‌شزانێت که دۆزینه‌وه‌ی مانا مه‌حاڵه، به‌م شێوه‌یه هه‌م ده‌ستکاری کاره‌ساته‌که‌ی شه‌نگالی نه‌کردوه، هه‌م له گه‌یشتن به مانا و جیهانێکی باشتر بێ هیوا نه‌بووه.
وه‌رزه‌نده هه‌روه‌ها وتی: یه‌کێکی دیکه له تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه شێعره پارۆدیک بوونی ئه‌م شێعرانه‌یه، له زۆر جێگه‌دا به هۆی ئه‌وه‌ی شێعری کوردی پێش له خۆی باش ده‌ناسێت، ده‌قه شێعرییه‌کانی به‌ر له خۆیی به کۆمیک دووباره کردووه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه به ئێمه نیشان ده‌دات که شه‌نگالی شاعرێکی به‌رپرسیاره له ئاست کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام به‌رپرسیاریه‌تییه‌ک که ناچێته داوینی ئایدۆلۆژیا، به‌ڵکو به‌م به‌رپرسیاریه‌تییه هه‌وڵ ده‌دات تاکوو به‌ر به سڕێنه‌وه و له بیر کردن و دواجار دووباره بوونه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان بگرێت.
شایانی باسه که له درێژه‌ی ئه‌م کۆڕه، چه‌ندین پرسیار له لایه‌ن ئاماده‌بوانی کۆڕه‌که پێشکه‌ش کرا و له کۆتاییدا کتێبه‌که له لایه‌ن شاعره‌وه واژۆ کرا.