تاریخ: ۱۳۹۶/۲/۳۱
لە سوید خەڵاتی ماملێ بەخشرایە مەزهەر خالقی
به پێی هەواڵی هاژه به گێڕانه‌وە له باس نیوز، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ کە هەموو ساڵێک دەدرێتە هونەرمەندێکی کورد، بەخشرایە مەزهەر خالقی هونەرمەندی ناسراوی کورد.
ڕێ‌وڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە بە بەشداری و ئامادەبوونی چەند کەسێک لە ماڵباتی محەمەدی ماملێ، جەماوەر و چەند هونەرمەند و نووسەرێکی کورد بەرێوە چوو.
لە کۆڕەکەدا جیا لە بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی ماملێ بە مەزهەر خالقی هونەرمەندی کورد، دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە، نووسەر و توێژەری کورد لەبارەی گرنگیی کولتوور وەک بنەما و ژێرخانی نەتەوە قسەی کرد و پاشان لە چەند بڕگەیەکی دیکەدا گۆرانی و مۆسیقا بە کوردی و سویدی پێشکەش کران.
هاوکات لە کۆڕەکەدا سالار عوسمان بریکاری وزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کردووە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا خانە ماملێ، کوڕی مەحمەد ماملێ، بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ماملێ وتاری خوێندەوە.
هونەرمەندان نەجمەدین غوڵامی و پدرام شەهلایی بەشدار بوون و لە بڕگەیەکی دیکەدا تابلۆی نەورۆز لەلایەن مەزهەر خالقییەوە وەک دیاری بەخشرایە بنەماڵەی محەمەدی ماملێ.
لە بڕگەیەکی دیکەشدا دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە نووسەر و توێژەری کورد و ناسر حیسامی شاعیر و نووسەری کورد وتاریان هەبوو، هەروەها چەند هونەرمەند و نووسەری دیکەی کورد وتاریان خوێندەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا دەیان هونەرمەند و موزیسین و خەڵکی کورد و بیانی لە چەند وڵاتی جیای ئەورووپییەوە هاتبوون.
 لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ڕێز لە کار و چالاکیی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە گیرا و خەڵات کران.
پاشان لەلایەن خانە ماملێ، کوڕی محەمەد ماملێ و عومەر شێخ مووس و ئینمار ئۆلسوون هونەرمەندی سویدییەوە خەڵاتی مەڵبەندی ماملێ بەخشرایە هونەرمەند مەزهەر خالقی و ڕێز لە خەبات و چالاکیی هونەریی چەندین ساڵەی گیرا.
لە ساڵانی پێشوودا خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە هونەرمەندان، ناسر ڕەزازی، عەزیز شاهڕوخ، نەمر قالە مەڕە و عەباس کەمەندی پێشکەش کراوە.