تاریخ: ۱۳۹۶/۲/۲۷
لە گۆڕەپانی بانگەشەوە هەتا حەوت کورسییەکەی چوارڕای شێخ‌بابا
ڕاڤەیەک لە سەر هەڵبژاردنی شووڕای شاری مەهاباد
لە بەستێنی هەڵبژادنی شووڕای شاردا هەر کەسە لە ڕووی زانست و تێگێشتن و دارێژەری کاری و ئامانجەکانی ئەسپی خۆی لینگ‌دەدا، ئەوەی لێرەدا دەمێنێته‌وە دەراوی ڕوونی متمانەی کۆمه‌ڵگایە بە بەربژێرەکان، کەمتر لە چەند کاتژمێرێک تا کۆتایی پڕووپاگەندەکان نەماوە، ئەوەی کە لێرەدا وەدەر دەکەوێت، ئاستی تێفکرین و بیرمەندی شارومەندی وشیارە کە پێوانەی وی بۆ بەربژێری داهاتووی چییە، تا چەندە ئەو پێوانانە دەتوانن لەگەڵ شەپۆلەکانی بێ‌وچانی کۆمەڵگا خۆیان لور بدەن.
شارومەندی بیرمەند بنەماڵەی ڕێک‌وپێک و مەسئووڵ باردێنێت و بنەماڵەی دیسیپلیندار بە ئەرخەیانێوە بە بناغە دانەری کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو ئەژمار دەکرێت و هەر لە سەر ئەو ڕێچکەیەوە شارێکی جوان و ڕازاوە فرچک و پێ دەگرێت.
لەو چەند ڕۆژەی کە بانگەشەی هەڵبژاردن خۆی وەگەڕ خستبوو لە بەینی کاندیداکان زۆر کەسی پاک و بێگەردیان تێدابوو، تاقمێک لە سەر داوای دۆست و هەواڵ و خزم‌وکەس هاتبووە پێش دوایە هەموو پشتیان تێدەکرد یا پاش‌ملە بە جۆرێکی‌تر باسیان دەکرد، زۆر کەس بە زۆرەملی داوای دەنگی دەکرد
زۆر کەس ماڵی لە گەڕەکێکی‌تر بوو، هاتبووە گەڕەکێکی دی  کە لە عمراتی‌دا جارێک بەوێ‌دا نەهاتبوو یا هەر دەعی نەدێنا پێ لەوێ دانێ، بەڵام بۆ ئەوەی کە دەنگی پێویست وەدەست بێنێ لەوێ ڕەشماڵی هەڵدابوو و ڕۆژ تا ئێوارێ هەر زرم و هۆڕی دەهات،
زۆر که‌س بە کردەوەی پۆپۆلیسیتی پشتی کەسێکیان گرتووە کە بە خەریکە بەزمی کابرای دووەمین دەنگی ساڵی 92مان بۆ ساز دەبێتەوە یا بەداخەوە ساز بۆتەوە.
دەبێ ئەوە بزانین کە هەموو سمێڵ زەردێک بایزئاغا نییە، هەموو کەس بە هۆی نازناو و لەقەبی پێش نێوی شایانی شووڕا نێ، جا لە هەر بەرگ و لیباس و پۆست و مەقامێک دا بێ، جا بۆیە حەق وایە دەنگ بدەین بە کەسانێک کە شیاون، پاک و بێ‌غەوشن، هەموو شتێک هەر ڕادەی خوێندەواری و خاوەن مەدڕەک نێ، هەموو شتێکش هەر خاوەن ئیش و کار نێ، بەڕاستی ئەو کەسەی کە خۆی پڵاوتووە، تا چەند لە چوار گۆشەکەی مەهاباد حاڵییە، تا چەند لە جیاوازی فەرهەنگ و پتانسێلی  گەڕەک و مەنتەقەکان ئاگادارە، تا چەند لە کاری عومڕانی و فەرهەنگی  و خزمەتگوازرییە گشتیەکانی شار تێدەگا، تا چەند توانیوێتی لە گەڵ خەڵکی خۆی ڕێک خات و لە کەم و کوڕی و کەمایستی  کۆڵان و شەقامەکان بخوێنێتەوە و ڕێگا چارەی بۆ بدۆزێتەوە و خۆی وەک شارومەندێکی بەرپرسیار بەدواداچوونی بۆ بکات،  بۆیە بە دور لە هەر چەشنە تایفەگەری و عەشیرەگەری و چاو و برۆ و شەدە و گێلگێلە و شاڵی سەوز و مێزەر و عەبای سپی و زەرد  دەنگ بدرێ بە کەسانێک کە خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتین، پێوانەی دەنگدان دەبێ ئەوە بێ کە ئەو کەسەی کە بە شیاو دادەندرێ ڕێزۆمەی کاری چیە، چی لەبار دایە، تا چەند لە هەمبەر گیر و گرفتەکانی کۆمەڵگاکەی هەستی بە بەرپرسیارەتی کردووە و لەگەڵی ماندوویەتی چێشتووە، تا چەند لە یاسا و ڕێسای کاری شووڕا حاڵییە، بۆیە دەبێ دەنگ بدرێ به کەسانێک کە هەڵقوڵاوی نێو دڵی کۆمەڵگان و خەڵک وەک نوێنەری خۆی باوەڕی پێیەتی.
مەهاباد هەمیشە مەکۆ و مەکتەب و سەرچاوەی ئەدەب و فەرهەنگ وسیاسەت داڕێژی کوردستان بووە، باش وایە چاوێک لە مێژوو و گەورەیی و باڵابەرزی قەبارەی شارەکەمان بخشێنین کە دۆینێ لە کوێ بووە و ئێستا لە کوێیە، دەبێ بە قەوارە و گەورەیی شار کەسانی گەورە بچنە وێ و وێگڕا دەنگ بۆ ئاوەدانی شار لێدەن، ئەوەش بە دەنگی مەسئولانە دێتە دی، هەموومان کچ و کوڕ و ئەندامی یەک ماڵین، دەبێ هەموومان پێکەوە حەول دەین کە ئەو ماڵە بە دەنگی خۆمان خۆش کەین، نەک سبەینێ بە بەردی لە چۆکی خۆمان دەین یا بێن قامکیان لە چاوی ڕۆکەین، چون ئەوە ئاکامی دەنگی خۆمانە و دووکەڵەکەی بۆخۆمان دەگەڕێتەوە.
هەر شووڕایەی وەک تاکێکی کۆمەڵگا و وەک ئەندامێکی پارڵمانی خۆجێیی لە هەمبەر هەموو ڕووداو و پێشهاتەکان بەرپرسیارە، شووڕا چەندە بە کارە باشەکانی خۆی ڕادەوەشێنێ دەبێ ئەوەندەش لە هەمبەر کەم‌وکورتی و پرسیارەکان وڵامدەر بێت نەک ئەوەی کە خۆی لە قەرەی بەعزە شتێک بە بیانووی ئەوەی کە لە حەوزەی من دانێ یا بڵێت کۆمیسیونی من ناگرێتەوە خۆی لێدەرهاوێت.
لە قەراخ قوڵاغەکانی ئەو شارە بنەماڵە و کەسی وامان هەیە بۆ نانی شەوێ موحتاجە، لە شوێنی وادا ژیان دەکات، وەک هەموو شتێک دەچێت وەک ماڵ ناچێت، ئیدی هەر ئەوەندەیە خۆی لە چوار دیوارێکدا  حەشار داوە ، پووڵی نییە نەخۆشێکەی خۆی پێ چارەسەر کات، دەبێ داهاتی شار لە خزمەت گەڕەک و شوێن و کەسی ئاوا دابێت، ڕەوایە پووڵی هەزارن سەغیر و بێوەژنی کە وەردەگیرێت بۆ خزمەت بە خۆیان بێت، نەک ئەوەی کە یەک تێر بێت و حەوتان قڕ بن.
داهات و دەرامەدی شارەداری لە ڕێگای ساخت و سازی شار دابین دەکرێت، بەو وەزعە ئابوورییه بە قووڕ داگرتووییەی کە ئاوا  وڵاتی داگرتووە و شارەداریش لەو شتە بێ‌بەری نەبووە، ڕێگا چارەی دابین کردنی حقوقی کارمەند و کرێکار و هەزینەکانی سەرباری دیکە بە خام فرۆشی و فرۆشتنی زەوی و زار شار  بە موزایەدە و موناقیسە ڕێگا چارە نین، ئەگەر ئاوا بڕواتە پێشێ تا خولی دیکە شارەداری هیچ مڵکێکی لە شاردا نامێنێت و ئەوەش هەرەس بە شار دێنێ،  بۆیە دەبێ بیر لە داهاتێکی پایەدار بۆ ئەوەی کە شارەداری بتوانێ لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ بکرێتەوە کە  دانانی کارخانەی مردەوەژی زبڵ و بەرهەم هێنانی کارەبا لە ئەو کە  (شەریکەی شیلان مایش تاران) خوێندنەوە ئیمکان‌سەنجی و کات‌سەنجێکانی بۆ هەر دوو شوێنی مەهاباد و خەلیفان بە ئەنجام گەیاندبوو بەڵام بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵ دابێ هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بە کردەوە بۆ ئەو پڕۆژەیە نەندراوە، هەروا دامەزراندی ئینتشاڕاتێک بۆ چاپ و لێدانی کتێب و دانانی پێشانگایەکی دایمی فۆلکلۆر و داب و نەریتی کوردستان لە تەنیشت پاڕکێکی گەورە بۆ گەشتیارانی دراوسێ و بیانی بۆ ئەوەی داب و نەری و مێژووی کۆنی خۆمان نیشانی ئەوان بدەین، دەتواندرێ ئەو سێ پێشنیارە سەرچاوەی داهاتێکی گونجاو بۆ شار و شارەداری بە ئەژمار بێت.