تاریخ: ۱۳۹۶/۲/۲۶
له شووڕای شاری مەهاباددا دەنگ بدەین به کێ؟/ شاعیر و نووسەر "عەبدولقادر نیازی" وڵام دەداته‌وە

یەکێ لەو چەمکەگرینگانەی لەو چەند دەیەی دواییدا و لە بەستەری جیهانیشدا بە لێشاو باسی لێکراوە و گرینگایەتی تایبەتی هەبووە چەمکی گەشە و فراژۆیی شارە کە لە بوارگەلی کۆمەڵناسی شار (جامعەشناسی شهر) و ڕەوان ناسی کۆمەڵایەتی (روان شناسی اجتماعی) و ئابووری و تەنانەت خەسارناسی کۆمەڵایەتی (آسیب شناسی اجتماعی) و بواری سیاسیشدا ئاوڕێکی زۆری لێدراوەتەوە.

 

هەر بە گوێرەی ئەوە دەکرێ بڵێین کە گەیشتن بە پێناسەیەکی شیاو و هەمە پەسەند بۆ گەشە و فراژۆیی شار و ژیانی شارۆمەندی چەندەی پێویستی بە پلان داڕێژی درێژخایەن وستراتێژی کارامە هەیە، ڕاگوێزکردنی ئەو پێناسەیە و بە کردەکی کردنی (بالفعل کردن) ئەو شێوە ژیانە لە پانتای کۆمەڵگادا، ئەوەندەی پێویستی بە بەرنامەداڕێژی وپلان دانان هەیە. وەدی هێنان و نیهادینەکردنی گەشەی پایەدار و دابین کردنی ژیانی شارۆمەندی لە کاناڵی ئابووری پایەدار و سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمیک یەکێ لەوئەرک گەلەیە کە شووڕای شار دەبێ بە شوێنی دابێ. هەڵبەت باس لە ئابووری ئۆتۆنۆمیک کە دەکەین مەبەست لە دابین کردنی داهات و تێچووی ئاوەدان کردنی شارە کە لە کاناڵ گەلی سەربەخۆی شووڕا و شارەداریدا تەعریف و ڕیزبەندی (ردیف) کراوە. بەو پێیە بەر لە هەموو شتێک پێم وایە گەشە، چەمکێکی چەند لایەنی ولایبێرێنتییە کە بۆچێ کردن و چەقبەستنی وەک ڕەهەندێک لە ژیان پێویستی بە بەرهەمهێنان و دامەزراندنی ئەو ئۆڕگان و نەهاد وNGOگەلە هەیە کە وێڕای دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی وشیاو، هاوکات دەتوانێ یارمەتیدەری لایەنی ئابووری شووڕا و شارەوانی و تەنانەت ژینگەپارێزیش بێ. ئەو کۆمەڵگا مەدەنییە ڕێک مەبەست لە کۆمەڵگایەکە کە خۆی لە حاست دانی عەوارزی نۆژەن کردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵ ومردەوەژی (بازیافت زبالە) و...هتد دا هاوکات خۆی بە بەرپرس و داواکەریش بزانێ.

ئەوەش بێ شک پێویستی بەهەندێ تێکنۆلۆژیا و ژێرساخت وپڕەنسیپ و بنەڕەت هەیە کە لەواندا دەتوانین ئاماژە بە پێک هێنانی گۆڕانکاری وئاڵ وگۆڕ دەپێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئیداری و هەروەها بەڕۆژکردنەوەی کەلتووری کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئیرادەی گشتی بکەین کە بەر لە هەموان پێکهاتەی شووڕا دەگرێتەوە و دەکەوێتە سەر شانی ئەو.

بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە دەسکەوتی سەرەکی پێکهاتنی ئەو ئاڵ وگۆڕانە و نیهادینەکردنی ئەو کلتوورە مەدەنییە بەر لە هەموو شتێک دەسکەوتێکی ئابووری و ئیجابی و پۆزەتیڤە کە وێڕای ئەوەیکه کوالێتی شار لە ستانداردە جیهانییەکان نزیک دەکاتەوەهاوکات سیمای شارەکەش بەرەو ئاقارێکی مەدەنی و فەرهەنگی پەلکێش دەکا.

سەرەڕای ئەوەش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە سەر ئەو باوەڕەم کە پێکانی ئەو مەبەستە پێویستی بە هەڵمەت و هەرەوەزێکی گشتی هەیە و شۆڕا تەنیا لایەنێکی پێکهاتنی ئەو فەزا و بەستەرەیە. 

بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەرهەمهێنان و ڕەخساندنی بواری کار بۆ شارۆمەندان و نیهادینەکردنی ژیانێکی ئابڕوومەندانە و مەدەنیدا بەشدار بین و ڕۆڵی خۆمان بگێڕین هاوکات شووڕا بە هیچ شێوەیەک نابێ خۆی لە ئیدە و گەڵاڵە و ئەندێشەی هاوشاریان بێ منەت و دوورەپەرێزکا. پێم وایە شارۆمەند و شووڕا لەو بەستێنەدا بەر لەوەی دوو لایەنی جیاواز بن، تەواوکەری یەکترن هەر بۆیە گرینگترین چاوەڕوانی من وەکوو تاک و شارۆمەند (گەشەی پایەدار و ئاسایشی شارۆمەندە لە ڕێگای ئابووری ئۆتۆنۆمیک)ەوە و پێموایە ئەو پاڵێوراوەی منی تاک دەنگی پێدەدەم دەبێ خاوەنی ئەو هەست و بەرپرسایەتییە بێ.