تاریخ: ۱۳۹۶/۲/۲۴
وت‌ووێژی تایبه‌تی هاژه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی دەنگ‌خۆش "عەلائه‌ددین نەباتی"

پێکهاتەی ئەدەب و داب و نەریت و فۆلکلۆری هەر نەتەوەیەک خاوەن دیسیپلینێکی تایبەت بە خۆیەتی سەرەڕای ئەو نەزمەش لە نێو خۆی‌دا لەق و پۆیی لێدەکەوێتەوە و فره زاراوەیی دەوڵەمەندی ئەدەب و زمان دەگەیەنێت.

زمانی کوردی گه‌ر خۆش‌وێژەکان و هونەرمەندەکان نەبایەن و سینگ بە سینگ تا ئێرەیان نەهێنابایە لە ڕاستی‌دا خاوەن فەرهەنگی زارەکێکیی ئاوا بەهێز نەدەبووین.

لە سەر ئەو ڕێچکەیەش زۆر هونەرمەندی لاو هەن کە ئەو ڕێگایەیان بە چەشنی ڕەوتی پێشکەوتووی مۆسیقای ئەمڕۆ گرتۆتە پێش، یەکێک لەو که‌سانە هونەرمەند "عەلائەددین نەباتی"یە کە  لەو ڕێگەیەدا توانیوێتی تا ڕادەیەکی باش خزمەتێکی جوان و شیاو بە هونەر و گۆرانی کوردی بکات،  ناوبراو ڕێبەندانی 1355 لە شاری سەقز لە دایک بووە و هەر لەوێ نیشتەجێیە، هەر وەک خۆی دەڵێت لە ڕێگای دەنگ خۆشی بابییەوە توانی دەنگی خۆی بدۆزێتەوە و پێ لە دنیای هونەر بنێت.

هەواڵدەری هاژە لە سەر پێناسەی خزمەتی نەتەوەیی خۆی بە فەرهەنگ و هونەرمەندانی کوردستان دانیشتنێکی لەگەڵ ئەو بەڕێزە پێکهێناوە کە سرنجی خاوەن هەستان بۆ ئەو وت‌ووێژە ڕادەکێشین.

 

هاژه: کاک عەلا فەرموون کە چۆنتان دەست بە کاری هونەری کرد؟

من ئەو کات کە لە قوتابخانە دەمخوێند، "تەک‌خانی" سروودی قوتابخانە بووم و لە لایەکی دیکەشەوە چون بابم دەنگ‌خۆش بوو و لە نێو ماڵە خۆماندا گۆرانی بۆ دەگووتین و هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە سەرجەم منداڵەکانیش بە شوێن بابمان‌دا لە نێو خۆمان‌دا گۆرانیمان دەگووت، بەڵام لەو بەینەدا هەر ئەمن وەدووی کەوتم کە ئەویش بە هۆی ڕووداوێکی لە نەکاو بوو.

من پیشەی سەرەکیی پێشێم کاری "شانۆ" بوو و لە هەر ڕۆڵێکی ئەو هونەرە‌دا سازێکم دەژەنی یا گۆرانێکم دەگووت، ساڵی 1376 کە کاری مۆسیقایی شانۆیەکم دەکرد، ڕێزدارێک بە نێوی "محەممەدئەمین فەرەجی" پێشنیاری کرد کە کاری هونەری مۆسیقا درێژە پێ‌بدەم و دەتوانم کە لەو بوارەدا سەرکەوتوو بم، هەر چوار ڕۆژ دوای ئەو پێشنیارە گووتی کە ئێمە لە گەڵ 4 هونەرمەندی دیکە خەریکین کارێکی کۆنسێرت بەڕێوە دەبەین و ئەتۆش 4 گۆرانی خۆتم بۆ بێنە.

کۆنسێرتەکە بۆ یەکەم ‌جار لە شاری بانە بەڕێوەچوو کە لە لایان گرووپی "عیرفان" سه‌رپەرەشتی دەکرا کە لەوێدا من گۆرانی [مەستان مەستانەی / مامۆستا محەممەد ماملێ، بادەی عێشق، ئەم پەرچەم و ئەگریجە هەمووی دوژمنی دینە / مامۆستا عەلی مەردان، ئاگرێ لە دەرونما ڕازێکی سەوداییە] لەوێ خوێند و هەر ئەو کارە بۆ من دەسپێکێکی باش بوو و لە من‌دا ئەنگیزەی ساز کرد کە درێژە بە کاری گۆرانی گووتن بدەم.

هاژه:  ئەوەندەی که من لە کاری جەنابت تێگەیشتبم زۆرتر لە سەر ئەوەی کە بە تەک تڕاکی گۆرانی بدەیە دەرێ پێت باشترە تا ئەوەی کە لە سەر ئاڵبۆمێک کار بکەن، هۆیەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تۆ کاتێک ئاڵبۆمێکی 8 تڕاکی دەدەیە دەرێ، ئەو کەسەی کە کاری داڕشتنی مۆسیقاکە دەکا، بە یەک فکر کارەکەت بۆ بە ئەنجام دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر لە ساڵێ‌دا 3 گۆرانی بدەیە دەرێ کە ئاوا هەر گۆرانییەی دەدەم بە ژەنیارێکی کە داڕێژەری مۆسیقاکەم بۆ بکات، کە ئەوە هەم بۆخۆی جیاوازە و هەم حاڵەتێکی تایبەتیی تێدایە و هەم قسەیەکی بۆ گووتن پێیە، گەر وایە من بە 3 شتی جیاواز لە گەڵ بەردەنگەکەم لە په‌یوەندی دا دەبم.

هاژه: کۆی گشتی بەرهەمەکانتان چەندن؟

هەوەڵین ئاڵبۆم کە دامە دەرێ و لە چەند گۆرانی قەدیمی پێک هاتبوو و گشتی گۆرانییەکان بۆخۆم هەڵمبژاردبوون کە بە تەنزیمێکی ڕێک و پێکتر ئاهەنگەکانیان بۆ داڕشتبوومەوە لە 8 گۆرانی پێکهاتبوو کە ساڵی 1390 بە نێوی "خانزاد" بڵاو کرایەوە.

هەر لە دای ئەو ئاڵبۆمە بڕیارم‌دا کە ساڵی دوو سێ گۆرانی بدەمە دەرێ تا ئەوەی کە ئاڵبۆمێکی لێدەم، چون کاری ئاڵبۆم خەرجێکی زۆر هەڵدەگرێ و لە لایەکی دیکەشەوە کاتی دەبێ زۆر بۆ تەرخان بکەیت. بۆیە ئێستا بڕیارم داوە کە ڕەواڵی کاری خۆم ئاوا بەرمە پێش.

هاژه: خۆشترین گۆرانی کە بۆخۆتان خوێندووتانە، چ گۆرانێک بووە؟

من بە پێچەوانەی زۆربەی هونەرمەندەکان کە دەڵێن، هەموو گۆرانێکانی خۆم پێخۆشە و هەموویان وەک منداڵی خۆم وان، ئەمن ئەو بیرەم نێ.

من ئەو سەردەم کە دەستم پێکرد و ئێستا کە لە گۆرانێک دەڕوانمەوە، دەڵێم بریا نەمگووتبایە، چون بە دەنگی من نەدەبوو یا نەیدەخوارد، بۆیە مرۆڤ تا دەنگی خۆی دەناسێ و پێگەی خۆی دەبینێتەوە، ئەو کارانەش دەکرێت.

من لە گۆرانێکانم‌دا گۆرانی "یاری نازدارم'' زۆر پێخۆشە و لە ڕاستی‌دا ئەو دەنگ و هەستەی کە ئەودەم بۆ ئەو گۆرانییەم هەبووە، قەت جارێکی دیکە نامبێتەوە و ناتوانم ئاوا بیخوێنمەوە.

دوای ئەویش گۆرانی "کەس شک نابەم بێجگە لە تۆ لەو شارەدا بملاوێنێ" و  گۆرانی "توڕە مەبە"م پێ خۆشن.

هاژه: دوایین گۆرانی کە گووتووتانە چ گۆرانێک بووە؟

"توڕە مەبە" ئاخرین گۆرانییم بووە کە داڕشتنی مۆسیقاکە بەچەشنێکی تێکەڵاوی  شێوازی کلاسیک و نوێیە.

بەر لەویش کارێکی دیکەم بە نێوی "سەفەر" کردووە کە شێعرەکەی  "هەژان بابامیری" هۆنیوێتەوە کە کلیپەکەی بڵاوبۆتەوە و هەر وەک تاقیکردنەوەی کارەکەی خۆم بزانم بەردەنگانی من ئایا ئەو شێوازە گۆرانییەیان وەبەر دڵی دەکەوێ و هەڵوێستی ئەوان چۆن دەبێت کە بە خۆشێوە پێشوازێکی بێ‌وێنەی لێکرا و ئێستاش چەند گۆرانێکی دیکەم هەر لە سەر ئەو شێوازە بەدەستەوەیە کە دەتواندرێ وەک ئاڵبۆم یا بە تڕاک تڕاک بدرێتە دەرێ.

هاژه: لە گۆرانێکانتان‌دا زۆرتر لە بەشی فۆلکلۆردا کارتان کردووە یا شێعری شاعیرەکانیشتان گووتۆەتەوە؟

من لە هەر دوو بەش‌دا کارم کردووە و لە شێعری مامۆستایانی وەک وەفایی، هێمن، ڕەحیم لوقمانی، خوالێخۆشبوو ستودە، عەلی یوونسی کە ئەوانە وەک (تەک‌کار یا تەک گۆرانی) گووتوومنەوە.

هاژه: گۆرانی هونەرمەندەکانی دیکە، ئی چ کەسانێکتان گووتووەتەوە؟

من گۆرانی مامۆستایانێکی وەک حەسەن زیرەک، محەممەد ماملێ، مەزهەر خالقی، فەتانەی وەلیدی، ڕەشید فەیزینیژاد و هەر وەها تاقمێک لە گۆرانی هونەرمەندەکانی هەورامانم لە کۆنسێرتەکاندا گووتۆەتەوە.

هاژه: چ هونەرمەندانێک زۆرتر لە سەربەڕێزتان کاریگەر بوون؟

مامۆستایانێکی وەک ناسر ڕەزازی، عەلی مەردان، تاهیر تۆفیق، محەممەد ماملێ کە ئەوان بەتایبەتی لە بەشی (مەقام)ەکاندا لە سەر من کاریگەر بوونە.

هاژه: بەرهەمی هونەری نوێ چتان بە دەستەوەیە؟

بەرهەمی دیکە هەر بە شێوازی تێکەڵاوی مۆسیقای کلاسیک و نوێیە کە لە دوو سێ گۆرانی پێکهاتووە و بە نیازم بۆ هەموویان کاری کلیپ ئەنجام بدەم و بە ماوە و کاتی جیاواز بیاندەمە دەرێ.

هاژه: کۆنسێرتان لە کێها شار بەڕێوەبردووە؟

من کۆنسێرتم لە مەهاباد، سنە، سەقز، مەریوان، تاران و کوردستانی باشوور بەڕێوەبردووە.

هاژه: بە ڕای ئێوە گرفت و ئاستەنگەکانی به‌ردەم هونەرمەندانی ئێستا چییە؟

ئاستەنگەکان زۆرن، بەڵام سەرەکیترین گرفت بۆ نەبوونی پشتگیری ماڵی بۆ کاری هونەری دەگەڕێتەوە، لە لایەکی دیکە، حەقی کۆپی‌ڕایتە، دەبینی گۆرانییەکە ئێستا نەهاتووە،کەوتۆتە سەر فلاش و سی‌دی.

دوای ئەوە کێشەیەکی دیکە کە لە بەر دەم هونەرمەندانی خاکی کوردەواری هەیە، دانی مۆڵەت (موجەویز) کاری هونەرییە، کە دەڵاڵانێک گۆرانیبێژانێک لە ئەم و ئەولا دێنن کە لە حەدی گۆرانیبێژی ژێرزەمینیش دانین و بڵیتەکانیان بە قیمەتێکی زۆر بە خەڵکی دەفرۆشن، لە حاڵێکدا ئەگەر هونەرمەندێکی کورد بەرنامەیەک بەڕێوە دەبا، بۆ کڕینی بڵیتەکەی هەموو کەس دەنگی هەڵدێنێ کە قیمەتەکەی زۆرە، دەی بۆ بۆ ئێمە زۆرە، بەڵام بۆ کابرای لاوەکی کە تەنیا لێوان دەبزێوێ (لەب‌خانی) دەکا زۆر نییە کە ئەتۆ دەچییە بەرنامەکەی دادەنیشیی و گوێی بۆ ڕادەگری.

من دژی ئاڵووگۆڕی فەرهەنگی و هونەری نیم، بەڵام دەڵێم حەق وایە کە فەڕزە سەرەکیەکە لانەندرێ، ئەگەر ئێمە خۆمان لە کاری هونەری نەتەوەیی خۆمان دەرهاوێن، ئەوە کەمایستی فەرهەنگی ئێمە دەگەیەنێت، چون هونەرمەندی کورد بۆ فەرهەنگی گەلەکەی کار دەکات، ئەگەر پشتگیری نەکرێت، ئەنگیزەی نامێنێت.

هاژه: ڕا و بۆچونی خەڵک تا چەنده لە سەر کارەکانتان ڕەنگدانەوەی هەیە؟

زۆر، چون ئێمە بۆ ئەو خەڵکە و بۆ فەرهەنگی ئەو میللەتە حەول و تەقەلا دەدەین، بۆیە پێمان خۆشە گوێ بیستی ڕا و بۆچوونی بەردەنگەکانمان بین.

هاژه: دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد لە سەر ناسینی ئێوە و کارەکانتان شوێندانه‌ر بووە ، بفەرموون کە لە چ ساڵێکی ڕا لە گەڵ ئەو ناوەندە دەستان بە هاوکاری کردووە؟

دەبێ ئەوە بزانین کە میدیا زۆر گرینگە و دەتوانێ بەرهەمی هونەرمەند بە گوێی بیسەری خۆی بگەیەنێت و ناوەندی مەهابادیش لەو شتە جیاواز نێ و دەمەوێ هەر لێرەوە سپاس و پێزانینێکی تایبەتم بۆ سەرجەم ژەنیارەکان و کاربەدەستانی ئەوێ هەبێت.

من ساڵی 1378 لە سەر داوای دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد 3 گۆرانیم تۆمار کرد کە دەسپێکی کاری فەرمی من لەوێ‌ڕا سەری هەڵدا.

هاژه: لە کۆتایی‌دا چ قسەیەکتان ماوە لە خزمه‌تتان داین؟

سپاس و ڕێزم بۆ ئێوەی بەڕێز هەیە کە ئەو دەرفەتەم لە ئیختیار من نا و هەر وەها ئەو پەڕی پێزانین و ڕێز و حورمەتم بۆ سەرجەم ئەو هونەرمه‌ندانە هەیە کە لە هەوەڵ ڕا تا ئێستا یارمەتی دەرم بوون.