ئەوەندەی دەزانم هەر لە کۆنەوە وا باو بووە کە خوشک شینی بۆ برا گێڕاوە و پێچەوانەکەی کەمتر وەبەرچاو دێ. بۆ نموونە کە لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، بەتایبەت موکریان ورد دەبییەوە هەست بەم مەبەستە دەکەی. برا قارەمانە، ئازایە، سەرلەپێناوی ئەوینە، جوامێرە، کەڵەمێرە و ... ! زیاتر برا بۆیە ناوبانگی هەیە چونکە سەری کردۆتە بەختی ئامانجی یان بە ناکامی سەری ناوەتەوە! خوشک خەمخۆرە، هاندەرە، چاوەڕوانە، دڵ بەسۆیە، شینگێڕە، ئەمما شینگێڕ! کەس کەسی خۆی وا ناوێلێنەتەوە.گەرچی خوشک بەهەڵکەوتیش خەنجەروەشێن و خوێنگرە.
فەرهەنگی کوردەواری وا بووە و هەتا ئێستاش تا ئەندازەیەکی زۆر هەر وایە کە خوشک چاو بەگریان و چەمەریگێڕە.
سوارە ئەم ڕچە و ڕێبازەی وەلاناوە و هەر ئەوەندە بەسە بۆ کوڕە عەشیرەتێک کە بتوانێ خۆ لە قەرەی شکاندنی نەریتێکی کۆنباو بدا و بەئاشکرا بچێتە سەر شینگای خوشکی.
با شێعرەکە کۆن و کلاسیک بێ لە نۆرم و فۆرمی خۆیدا، بەڵام تازەگەرییە لە هاویشتنی هەنگاوی نوێدا و بە جۆرێک لادانە لە دابی زەمانە. تان و پۆی جوانیپەرستی سەرتاپای شیوەنەکەی داپۆشیوە و زمانی شاعیرانە بۆتە تاماوی سۆز و هەستی برایەکی خوشکمردوو. دەنگێکی ناڕەزامەندییە سەبارەت بە فەلسەفەی ژیان و مردن و سەرگەردانە لە نێوان ئیدەئالیسم و ماتریالیسمدا و پێی وایە پرسیارەکەی بێوڵامە. سوارە یان دەرینەبڕیوە یان نەیوێراوە دەریببڕێ یان هەر بەڕاستی وڵامی ئەم پرسیارەی نەزانیوە کە مەرگی ناوادە لە کوێوە دێ و بۆچی دێ و دەیکاتە تۆفان و تازەگوڵێک هەڵدەپریوێنێ؟!
کە بێینەوە سەر شێعرەکە، هەوێنی قسەی خۆشی کۆمەڵگای پێوە دەبینین. زۆرمان بیستوومانە ئەگەر یەکێک بەگەرمی کەسێک دەدوێنێ و ڕووی قسەی تێدەکا و بانگی دێڵێ، هەر گوڵ و شەکری لە لێو دەبارێ. لە کوردەواریدا بۆ تاریفی شێوەی شیرینی دواندن دەڵێن فڵانەکەس ئەگەر جارێک دەڵێ کاکە! هەزار کاکەی لێ دەبێتەوە! تۆبڵێی ئامینەخاتوونی خوشکی بە چ شێوەیەک سوارەی دواندبێ کە بۆ ئەم کەلامەی وا بەداخە و بە شێوەی پەرییانی دەشوبهێنێ و دەڵێ:
ئیتر نابیسم لەو زارە پاکە
دەنگێ وەک پەری بانگم کا کاکە!
پارچە هۆنراوەیەکی سوارە ئێلخانیزادە بۆ ئامینەخاتوونی جوانەمەرگی خوشکی
خوشکم ئەی چرای کوژاوەی دڵم
مایەی گریانی دڵی پڕ کوڵم
کوانووی دامرکاو لە بڵێسەی ژین
بووکی چارەڕەش، خوشکەکەم "ئامین"
ئیتر نابیسم لەو زارە پاکە
دەنگێ وەک پەری بانگم کا کاکە
سەمای بزەیەک لە لێوت نازێ
لە گەرووی جوانت نایەت ئاوازێ
وەک خەیام پرسی، منیش ئەپرسم
لە خوا و لە ڕقی خوا ناترسم
ئەو پیاڵە جوانەی لە هیوا لێوان
بۆچیت پێکهێنا و لاتبرد لە نێوان
بۆ کۆستی کەوتووم کێ تاوانبار کەم؟
لە خوا و لە سروشت لە کێ هاوار کەم؟!
خوشکم یادگاری دایکی لە دەسچووم
بەداخەوە ئاوا بە ناتەواوی کەوتۆتە دەستم.