تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۳۱
کورد، سووریا دیمۆکراتیک دەکات

 ئەرسەلان بورنا

 

شاری ڕەقا لە باکووری سووریا وەک ناوەندی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی یەکێک لە ستراتیژیکترین شارەکانی ئەم دەوڵەتەیە. لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانکارییەکانی پاش ئازاد کردنەوەی ئەم شارە لە ئاستی چاوەڕوانکراوە زێدەترە کە هەڵگری زۆر خاڵی ئەرێنییە. بە پێی ئەم تێڕوانینە هاوسەنگییەکان بە تەواوی تووشی داڕمان دەبن و لە ڕاستیدا، هۆکاری سەرهەڵدانی پێناسەیەکی دیمۆکراتیک و سەقامگرتوویی دیمۆکراسی لە کانتۆنەکاندا دەبین. کەواتە، بەشداری لەم ئوپراسیۆنە لە هەستیارترین شوێنی عێراق و سووریا داهاتووی یاریچییەکان دیاری دەکات.

ڕوون و ڕاشکاوەیە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە سووریا لە بارودۆخێکی زۆر دژوار و ئەستەمدا دەستەبەر بوونە و بە بەردەوامی لە لایەن تورکیا، عەرەبستان و بەرەی هێژمۆنی سووننی هەوڵی لە خشتەبردنی دراوە. جیاواز لە ئەمە ئەمڕۆکە گەمەی گۆڕەپانی سووریا گۆڕانی زۆری بە سەردا هاتووە و تێکشکاندنی داعش لە سەر دەستی "هێزەکانی سووریا دیمۆکراتیک" پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هاوپەیمانی دژی داعشی لێ کەوتووەتەوە. کاتێک ئەم گەمەیە ئاڵۆزتر و تێکچنراوەتر دەبێ کە کورد لایەنی سەرەکی و بەرپرسی ئازاد کردنەوەی "ناوەندی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی" دەبێ کە پەرە بە دەستڕۆیشتوویی دەدات.

بژاردەکان بۆ ئەمەریکا لە ئاست بە کورد یەکجار هەستیار بوونەتەوە. ئەم وڵاتە لە ئێستادا باوەڕی تەواوی بە "سەرچەشنی نەتەوەی دیمۆکراتیک" و پەرەپێدانی فێدراسیۆنی سووریا بۆ دیمۆکراتیزاسیۆنی سووریا هەیە. هەر بۆیە، ئاوەدان کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، ناردنی سەدان هێزی تایبەت و ناردنی هەزاران تۆن چەک و تەقەمەنی باس لە هاوپەیمانییەکی ستراتیژیک دەکات کە، پێداویستی بە پشتیوانییەکی هەمەلایەنەی سیاسی و نیزامی هەیە. پەیوەندایەتی و یارمەتی ئەمەریکا لەم گەمە تێکچنراوەیە بۆ کانتۆنەکان درێژخایەنە کە، نیشاندەری وەرچەرخان لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئەم وڵاتە لە ئاست بە سووریا و بە تایبەت دیمۆکراسی کوردیی بە هەژمار دێ.

دامەزراندنی "مەجلیسی سڤیلی ڕەقا" هەنگاوێکی گرینگ و کاریگەردانێر بۆ دیمۆکراتیزاسیۆنی سووریا و گەلانی ناوچەیە. هەروەها، ئەمە ڕێک لەمپەڕێکی بەهێز لە بەردەم زێدەڕۆیی دەوڵەتی تورک و لایەنە نادیمۆکراتیکەکانە. بە واتایەکی دیکەوە، ئەم مژارە یارمەتییەکی باش بە سەقامگرتوویی پێوەرە دیمۆکراتیکەکان و بووژاندنەوەی ئابووری کانتۆنەکان دەکات کە، کرانەوەی دەروازەیەکی سنووری لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەیە. بە پێی ئەم تێڕوانینە گۆڕەپانی پێکدادانەکانی سووریا دەچێتە ئاستێکی هەستیارترەوە و هاوسەنگییەکان بە تەواوی لە بەرژەوەندی کورد و هاوپەیمانانی نێوخۆیی و دەرەکیی دەشکێنێتەوە.

لەم بارودۆخەدا، شتێک کە گرینگایەتی زۆرتر بۆ کورد دەبێ ئەمەیە کە، ئازادسازی ناوەندی یاری _ کە هەمان شاری ڕەقا بێ _ بە باشترین شێوە بدرێ تاکوو پێش لە دەرکەوتنی ئەگەرە چاوەڕواننەکراوەکان بگیردرێ. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمەریکا بە هۆی تێکشکانەکانی لە ئەفغانستان و عێراق و هەروەها، پشتیوانی لە کانتۆنەکان وەک پێشکەوتووترین، دیمۆکراتیک ترین و گونجاوترین بژاردە؛ ڕێباز و سیاسەتەکان لە نەوچە تووشی گۆڕانی زۆر دەکات. لەم ڕوویەوە، کاربەدەستانی کۆشکی سپی و بە تایبەت پێنتاگۆن نزیک بوونەوە لە کورد وەک هاوپەیمانی بە باندۆر و ستراتیژیک بە وێنەی قەرەبوو کردنەوەی هەڵەکانیان دەزانن. کورد، لەم دەرفەتە دەبێ زۆرترین دەستکەوتی ببێ.

بە گشتی، بەرپرسانی ئەمەریکا دەیانهەوێی بۆشایی شەڕی نێوخۆیی سووریا لە ڕێگەی داڕزاندنی تاقمە توندڕەوەکانی بەشداربووی شەڕ و لە لایەکی دیکەوە، بەهێز کردنی فێدراسیۆنی باکووری سووریا پڕ بکەنەوە. بە پێی هەڵسەنگاندنەکان؛ "بایەخدان و پەرەپێدانی سەرچەشنی نەتەوەی دیمۆکراتیک وەک ئاڵترناتیڤێکی گونجاو و جێگرەوە بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا" لە لایەن یاریچییەکان دوور لە چاوەڕوانی نییە. کەوابوو، کورد بە باشترین شێوە دەبێ ڕێبەرایەتی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک، ئازادی ڕەگەزیی، پاراستنی ژینگە، پێکەوە ژیانی گەلان و دیمۆکراسییەکی ڕاستەقینە لە ژێر ئاڵای نەتەوەی دیمۆکراتیک بکات.