تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۲۷
مەرجی فەرهاد پیرباڵ بۆ لێخۆشبوون لە دوو چەکدارەکە
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین، چاوی بەو دوو چەکدارە دەکەوێت کە چەند رۆژێک پێش ئێستا هێرشیان کردە سەری و برینداریان کرد. ئەو سێ مەرجیان بۆ دیاریدەکات، ئەگەر یەکێک لەو مەرجانە جێبەجێ بکەن، ئەوە لێیان خۆشدەبێت.
پیرباڵ راگەیاند "لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس چاوم بەو دوو گەنجە کەوت کە هێرشیان کردە سەرم و لێیاندام، پێمگوتوون: من ئامادەم لێتان خۆشبم. بەڵام بە مەرج".
پیرباڵ دەڵێت "بۆ ئەوەی ئەو دوو گەنجە ئازادبن، دەبێت هەریەکەیان 21 سوڕەتی قورئان لەبەربکەن، با خۆیشیان هەر 21 سوڕەتەکە هەڵبژێرن، بەڵام پێش ئەوەی لە زیندان بێنەدەرەوە، دەبێت مامۆستایەکی ئایینی تاقیکردنەوەیان پێبکات، ئەگەر دەرچوون من لێیان خۆشدەبم، ئەگەر ئەو مەرجەشیان قبوڵ نەکرد، دوو مەرجی دیکەم هەیە و دواتر پێیان دەڵێم".
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە‌ی ڕابردوو لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لەلایەن دوو چەکدار هێرشکرایە سەر فەرهاد پیرباڵ و بریندارکرا. پاشان بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوە و دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
دواتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتە سەر خەت، رۆژی پێنجشەممەش بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەولێر رایگەیاند "هەردوو ئەنجامدەری هێرشەكە بەناوەكانی(ص.م.ح) و (ش.ر.ح) دەستگیركراون".
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدینە. لە ساڵی 1961 لەشاری هەولێر لەدایكبووە و قۆناخی زانكۆی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە. لە زانكۆی سۆربۆنی پاریس دكتۆرای لەبواری "مێژووی ئەدەبی كوردی" بەدەستهێناوە و لە مانگی 10ی ساڵی1994 دا گەڕاوەتەوە هەرێمی كورستان.
پیرباڵ لە ساڵی 1994بە مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین دامەرزاوە. خاوەنی زیاتر لە 43 كتێب و دەیان لێکۆڵینەوەیە، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شاری هەولێر و باشووری کوردستانیشە.
سه‌رچاو: رووداو