تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۲۶
کێشەی ئابووری خاڵی سەرەکی ململانەی پاڵێوراونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا
مەحموود حوسێن زادە "ئاوارە"

لاوازی بنەما ئابوورییەکان و زاڵ بوونی بیری هەرچی دەرەکیە باشترە و نەکڕینی کەل‌وپەلی خۆماڵی بۆتە هۆکاری لاوازی هەرە پتری ئابووری ئێران لەو هەل‌ومەرجەی هەڵبژاردنیشدا سەرەکی ترین باس و بەڵێنەکان لەسەر چاک سازی ئابووریدا دەبێ، 
بەڵام ئایا بەڵێن بە تەنیا دەتوانێ دەست بە سەر و گوێی تێک ڕماوی ئابووریدا بکێشێ و لەو نالەباریە دەریباوێ؟ 
بە‌داخەوە هەموو کات بەڵێنەکان تا مسۆگەر بوونی کورسی دەسەڵات ڕەنگ و تام و چێژیان هەیە و پاشان نەک جێبە‌جێ نابن بەڵکوو لەبیر دەچنەوە، ئەوە لە حاڵێک دایە کە سەرەکیترین پێداویستی لە هەموو وڵاتێکدا گەشەی ئابووری و پتەو کردنی بناغە ئابوورییەکانی وڵاتە، بەڵام بەتەنیا بەس نیە هەرچەندی دەوڵەتی داهاتوو حەول بدا بۆ ڕاست کردنەوە باری خواری ئابووری سەرکەوتوو نابێ. لە وڵاتێکدا کە فەرهەنگ سازی نەکراوە بۆ پشتگری لە بەرهەمی خۆماڵی هەر هەوڵێکی چ بەهێز و چ لاواز ئاکامی بەرچاوی نابێ و بارودۆخەکە بەرەو خەراپی دا با و چاکسازی و تەڕەقی دەست ناکەوێ.
بەڕای من، سەرۆک کۆمارێک سەرکەوتوو دەبێ و ڕەنگ بێ بتوانێ لاپەڕێک لە مێژوو بەناوێ خۆی تۆمار بکا کە بتوانێ جێگەی بیر لە بناغەکانی لاوازی داهێنان بکاتەوە، دەست بەرێ بۆ بناغەکانی فەرهەنگی مەسرەف و چاکسازی فەرهەنگی ناوخۆیی خەڵک، وەک چۆن لە قوتابخانەکان لەیەکەمی سەرەتایی ڕا دین و ئایین بە شێوەیەکی ئاسان و ڕەوان بۆ مناڵان شی دەکرێتەوە هەر لەو قۆناغەش ڕا و لەیەکەمی سەرەتایی ڕا کتێبێکی ئابووری بە زمانێکی مناڵانە و دەست پێبکا و ساڵ بە ساڵ بە زانیاری و فەرهەنگی مەسرەف و کڕینی خەڵک زیاد بکا هەروەها دەنگ و ڕەنگی ناوەندیش هەهوو هەوڵی خۆ بدا بۆ فێرکاری و دانانی بەرنامەکانی فێرکاری ئابووری و پشتگری لە بەرهەمی ناوخۆ، ئەوکات دەتوانین لە داهاتوویەکی دەساڵە دا چاوەڕوانی گەشەیەکی بەرچاو بین و وێڕای فێرکاری، بناغە سەنعەتیەکانی وڵاتیش پەرە پێبدەین.
باشترین کارکردی سەرۆک کۆمار بوومی سازی ئابوورە، یانی لە هەر ناوچەیەکدا کام خاڵی ئابووری بەهێزترە پەرەی پێبدا و سەر شێواوی ئابووری لە وڵات دا نەمێنێ.
ناوچەیی بڕوانینە ئابووری گشتی وڵات یانی هەر ناوچەیەکە بە پێی بە هێزیەکانی خۆی هەڵسووکەوتی لەگەڵدا بکرێ و دەست لەسەر خاڵە بە هێزەکانی داندرێ و زەق بکرێتەوە.
خاڵێکی بەرچاوی دیکەش دانی تەسهیلات بە کارگا بەرهه‌م هێنەرەکان و سازدانی ململانەی درووستی ئابووری و توند گرتنی پێوەرەکانی ئیستانداردە کە دەتوانێ ئاشتی لە نێوان کڕیار و سازێنەر پێک بێنێ و متمانە بگەڕێتەوە بازاڕی ناوخۆ.
وەک هەوڵ بۆ سازکردنی متمانەی بەرهه‌م هێنەرەکان دەتوانن بە خەڵاتی لابردنی ماڵیات لەسەر بەرهه‌م هێنەرەکانی کە کەل‌وپەلی چاک لە چوارچێوەی ئیستاندارد دا ساز دەکەن و کەیفیەتی کەل‌وپەلەکەیان جێگەی متمانەی خەڵک بوو.
هەروەها خەڵات بۆ ئەو شەریکانەی کەل‌وپەلی ناوخۆ بڵاو دەکەنەوە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سرنجی شەریکە بەرهەم هێنەر و بڵاوکەرەوەکانی کەل‌وپەل.