(ڕەخنەیەک لە وتاری شێعری کوردی؛ لە خەیاڵی نالی هەتا خەیاڵی AI لە نووسینی دوکتور یۆنس قوربانی فەڕ)
ــــــــــــــــــــــــ
ڕەخنەگرتن لە شێعری هاوچەرخی کوردی، بەو جۆرەی دوکتور یۆنس قوربانیفەڕ کردووەیە، ئەگەر تەنیا بە پێوانەی جوانیی دەق، لاوازیی زمان یان بەراوردکردنی شاعیرانی نوێ لەگەڵ شاعیرانی کلاسیک و شوێندانەریAI ەوە بکرێ، نە دەتوانێ قووڵایی ئەو قەیرانە ڕوون کاتەوە کە شێعری کوردیی هاوچەرخ تێیدا دەژی نە بۆی دەکرێ خۆی لە ڕەخنەی ئایدیالۆژیک و تاک ڕەهەندانە و حوکمدەریش ڕزگار کا. چونکە ئەوەی دە وێژمانی هەنووکەیی شێعری کوردیدا ڕوو دەدا، تەنیا کێشەی شێعرنووسین نییە؛ کێشەی گۆڕانی خودی ئەو مەرج و پەیوەندییانەیە کە شێعر تێیاندا بەرهەم دێ، دەخوێندرێتەوە و وەردەگیرێ. بەڕێز دوکتور قوربانیفەر، دە ڕەخنەکەیدا بەهیچ شێوەیەک ئاماژەیەکی ڕەخنەیی بە لایەنی بەرامبەر و تەواوکەری شێعر نەکردووە کە کۆمەڵگا و خوێنەرە. ئەوەی ڕاستی بێ ئەوەیە کە شێعر هەرگیز بە تەواوی لە دەرەوەی کۆمەڵگاوە بەرهەم نایە؛ بەڵکوو حاسڵاتی پەیوەندییە ڕێزۆمیک و ڕەگەتۆڕییەکانی زمان، یادەوەری و نەستی گشتی، خەیاڵ، مێژوو، تێکنۆلۆژیی و شێوازی ژیانی سەردەمە. بۆیە گۆڕانی ئەو پەیوەندییانە، ناچار گۆڕانێک دە خودی ئەدەب و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی ماناشدا دروست دەکەن. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی ئەدەبەوە، شێعر تەنیا بەرهەمی تاکیی شاعیر نییە بەڵکوو، بەرهەمی گۆڕەپان یا لانیکەم ئاگۆڕایەکی فەرهەنگییە کە شاعیر، خوێنەر، زمان، تریبۆنەکانی بڵاوکردنەوە، بیرگە و یادەوەری کۆمەڵایەتی و شێوازی وەرگرتنی بەرهەمی ئەدەبی دە کارلێکێکی بەردەوام دان. لەبەر ئەوە، شێعری بەهێز و شوێندانەر تەنیا ئەو شێعرە نییە کە خاوەن زمانێکی جوان یا فۆڕمێکی بەهێزە یا خود ساڵانێکی زۆر بەهۆی هەندێ بارگراوەند و بارستایی نۆستالۆژیک و ڕۆمانتیک و سانتیمانتالیک دە بەستەری کۆمەڵایەتیدا دەمێنێتەوە؛ ئەو شێعرەیە کە دەتوانێ ئەزموونی تاک لە سنووری کەسایەتیی شاعیرەوە تێپەڕێنێ و بیگۆڕێ بە بەشێک لە خەیاڵ، بیرەوەری و خودئاگاییی هاوبەشی کۆمەڵگا و هەروەها دژبەرایەتی و نوێنەرایەتی ئەو گوتارانەی کە دەو سەردەمەدا دەژین و ڕەنگە دژبەری کۆمەڵگاش بن. لەو ڕوانگەیەوە، نالی، گۆران، هێمن، پەشێو و شێرکۆ و هتد تەنیا بەرهەمهێنەرانی دەقی جوان نین بەڵکوو هاوکات نوێنەری ئەزموون، ئارەزوو، نیگەرانی و بیرەوەریی سەردەمی خۆیانن کە توانیان زمان لە ئەزموونی تایبەتیی خۆیەوە بیگەیێننە ئاستی ئەزموونی هاوبەشی کۆمەڵایەتییەوە. بەڵام ئەو هەلومەرجەی شێعری هاوچەرخی کوردی تێیدا بەرهەم دێ، لە بنەڕەتەوە جیاوازە. دروستە شێعری هاوچەرخی کوردی بە زۆر هۆکارەوە نەیتوانیوە خۆی بخاتە نێو ئەو ئیدەئالیزم و ئاڕمانخوازییەی دوکتور قوربانیفەڕ بەڵام، شکاندنی شانەی نەهامەتییەکانی شێعری هاوچەرخ، تەنیا دە سەری خودی شێعر یا شاعیر دا، هەڵوێستێکی زانستی نییە. نەک هەر شێعر بەڵکوو زۆر ژانری تر، ئێستا لە ژینگە و ئێکۆلۆژی و ئێکۆپۆیێتیکی سەرنجی خێرا، وێنەی خێرا و خوێندنەوە و بەرهەمهاتنی کورتخایەن و فەستفوودیدا بەرهەم دێ؛ ژینگەیەک کە تێیدا سۆشیالمیدیا تەنیا ئامرازێکی بڵاوکردنەوە نییە، بەڵکوو بەشێکە لە خودی سیستمی بەرهەمهێنانی مانا. بۆیە دە ئابووریی سەرنج دا، بەهای بەرهەمێکی فەرهەنگی تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە توانای ڕاکێشان و مانەوەی سەرنج. ئەوەش مەترسی نوێ بۆ شێعر و شاعیر دروست دەکا و دەقی ئەدەبی لە بەرهەمی بیر و ئەزموونەوە دەگۆڕێ بۆ ناوەڕۆک و، شێعر لە ژانرێک کە پێویستی بە خوێندنەوە و تێڕامان هەیە، دەکا بە ئۆبژەیە و بەرناسێک کە دەبێ لە یەکەم چرکەدا سەرنج ڕابکێشێ و لایک بکرێ. ئەوە خسڵەتی ئەو دۆخەیە کە دوکتور قوربانیفەر بە دروستی ئاماژەی پێکردووە. بەڵام ئەوەی دوکتور سەرنجی نەداوەتێ ئەوەیە کە جیاوازییەکی گرینگ لەنێوان "شێعر وەک بەرهەمی مانا" کە داوای خوێنەر دەکا و "شێعر وەک بەرهەمی سەرنج و لایک" کە داوای بینەر دەکا دەردەکەوێ. لەو گۆڕانەدا، کێشەکە تەنیا لاوازیی شێعری هاوچەرخ نییە، بەڵکوو گۆڕانی لۆژیکی بەرهەمهێنانی بەها و پڕستیژی ئەدەبییە کە بەڕێزیان بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی پێ نەکردووە. پێویستە لێرەدا ئەوە بوترێ کە هاتنی ژیری دەستکرد (AI) ئەو گۆڕانە نە تەنیا خێراتر دەکا؛ بەڵکوو پرسیارێکی بنەڕەتیتریش دەخاتە ڕوو: شێعر لە کوێوە دەست پێ دەکا و لە کوێ بە ئەنجام دەگا؟ ئەگەر شێعر تەنیا کۆمەڵێک وشە، وێنە، خوازە و مێتافۆڕ و مۆسیقای زمان بێ، ئەوا ژیری دەسکردیش دەتوانێ بەشێک لە شێوە و فۆڕمی شێعر وێنا بکا بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوە نییە کە ئایا AI دەتوانێ شێعر بنووسێ یا نا؟ بەڵکوو ئەوەیە کە خوێنەر، شێعر بە چ مێتۆدێکی خوێندنەوە دەناسێتەوە؟ بەڵام پرسیارێک کە بە تایبەتی لە کانتێکستی شێعری کوردیدا گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە، ئەوەیە: کۆمەڵگای ئێمە تا چەند توانیوێتی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تیۆریک لەگەڵ شێعر و شێوازە جۆراوجۆرەکان بکا بەپێی پێوەر و پێودانگ و تیۆرییە جیهانییەکانەوە؟ دە وتاری دوکتور قوربانیفەڕدا، کێشەی شێعری هاوچەرخ بە شێوەیەکی سەرەکی لە خودی شاعیر و بەرهەمی شاعیرەوە دەبەسرێتەوە؛ بەڵام ئەگەر قەیرانەکە تەنیا بە هەڵە و لاوازیی شاعیر ڕوون بکرێتەوە، بەشێکی گرینگی دۆخی پاتۆلۆژیکاڵ و خەسارناسانەکە لەدەست دەچێ. چونکە شاعیر لە بۆشایی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا نانووسێ. شێعر لە مەیدانێکدا بەرهەم دێ کە تێیدا خوێنەر، پێوەرەکانی جوانی، شێوازی بڵاوکردنەوە، بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و تێکنۆلۆژی بەشدارن لە دیاریکردنی ئەوەیکە چ بەرهەمێک دەخوێندرێتەوە و چ بەرهەمێک لەبیر دەچێتەوە. لەبەر ئەوە، قەیرانی شێعری کوردی تەنیا پەیوەست نییە بە دابەزینی کوالیتیی شێعر، بڵاوبوونەوەی دە سۆشیالمیدیادا یا هاتنی AI. کێشەکە لە ئاستێکی قووڵتردا خۆ بەدەستەوە دەدا کە بەڕێزیان دیسان کەوتووەتە نێو دۆخێکی نۆستالۆژیک و ئاماژەیەکی پێ نەکردووە. قەیرانی پێوەندی زمان و واتا و کۆمەڵگا. کۆمەڵگایەک کە بەهۆی مێژوو و بیرەوەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانییەوە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڕابردوو هەیە، دەتوانێ بە ئاسانی ڕابردوو لە کەلەپوورەوە بگۆڕێ بۆ نۆستالۆژی و نۆستالۆژیش بگۆڕێ بۆ پێوەری حوکمدان لەسەر ئێستا. ئەوە ئەو قەیرانەیە کە تێیدا نالی، گۆران، هێمن، شێرکۆ و هتد، تەنیا وەک شاعیرانی مێژوویی و هەرمان ئاراستە ناکرێن بەڵکوو، دەبنە وێنەی ڕابردوو و قۆناخی زێڕین و هەر بەرهەمێکی نوێ کە لەدایک دەبێ، دەبێ خۆی لەبەردەم ئەو ڕابردووە زێڕینەدا بسەلمێنێ و وڵامدەر و بەرپرسیار بێ ئەگینا بەرهەم نییە. لێرەیە کە نۆستالۆژی، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و هەڵپەساردنی ئێستا و داهاتوو نییە؛ بەڵکوو کاتێک ڕابردوو دەبێتە پێوەری هەموو بەهایەک، نۆستالۆژی دەبێتە میکانیزمێک بۆ داخستنی ئیمکانەکانی ئێستا. ڕابردوو لە جێی ئەوەی ببێتە کەلەپوورێک بۆ دروستکردنی داهاتوو، دەبێتە دادوەرێک بۆ سڕینەوە یا بەرهەڵستی داهاتوو و ئەدەبی فۆتۆریستی و داهاتووخوازانە و پێشکەوتوو. لێرەیە کە نالی و گۆران و هێمن و شێرکۆ و هتد، تەنیا شاعیرانی مێژوویی و شوێندانەر نین؛ گوتارگەلێکن کە ستانداردەکانی شێعری مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕن لە شێوەیەکی ئایدیالیزەکراو گرێ دەدەن بە ڕووماڵێکی کلاسیک و دووپاتکراو. کاتێک ئەوە ڕوو دەدا، شێعری نوێ پێش ئەوەی دەست بە ئاخافتن و دیالۆگـ بکا، ناچارە خۆی لە بەرامبەر دادگای ڕابردوودا بە وڵامدەر بزانێ. بەداخەوە خودی دوکتور قوربانیفەڕیش تووشی وەها چەواشەکارییەکی تێئۆریک و تەنانەت ڕەچەڵەکناسانەش هاتووە. ئەو کێشەیە دە مۆسیقای کوردیشدا هەیە. دەبێ ئەوەش بوترێ کە ئەو چەواشەکارییە هاوکات لەگەڵ خۆی پاڕادۆکسێکی ئەپیستمۆلۆژیک و مەعریفیشی هێناوە. بەڕێزیان بە نوێنەرایەتی خۆیان و کۆمەڵگا، شێعری نوێ و ئاوانگاڕد و ڕچەشکێن لە شاعیری هاوچەرخ دەخوازێ و دەیهەوێ شاعیری هاوچەرخ دەنگی سەردەمی خۆی بێ، بەڵام هەمان کات لێشی دەخوازێ بە پێوەری شاعیرانی ڕابردوو بنووسێ. شاعیر دەبێ نوێخواز بێ بەڵام نوێخوازییەکەی نابێ لە سنووری خەیاڵ و ستاتیکی ڕابردوو تێپەڕێ. کەوابێ کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە شێعری هاوچەرخی کوردی تووشی قەیرانە بەڵکوو ئەوەیە کە مەیدانی فەرهەنگیی کۆمەڵگا هێشتا بە تەواوی ئامادەی وەرگرتنی بیروهزری نوێ نییە. بۆیە مێتۆد و ڕەوشتی ڕووبەڕووبوونەوەی بەڕێزیان لەگەڵ ئەو قەیرانە ئاپاڕاتووسیکەی شێعری هاوچەرخی کوردی، لەبنەڕەتەوە هەڵەیە. بەهۆی ئەوەیکە ئەو پرسیار و داخوازییە، لە بناغەڕا ڕابردوو دەکاتە پێوەر و ئێستا دەخاتە ناو پەراوێز و پێوەرێکی پێشوەختە و دیاریکراو. داخوازی لە شێعری هاوچەرخی کوردی تەنیا ئەوە نییە کە بۆچی شاعیری هاوچەرخ وەک نالی و گۆران و هتد نانووسێ؟ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: شێعری هاوچەرخی کوردیی چ جۆرە خەیاڵێکی نوێ دەتوانێ بەرهەم بێنێ و کۆمەڵگا چ جۆرە خەیاڵێکی نوێ دەتوانێ وەربگرێ؟ ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هەم شێعری هاوچەرخی کوردی تووشی قەیرانگەلێکی زۆرە بە تایبەت قەیرانی خوێنەر و قەیرانی ڕەخنەگری سەربەخۆ و قەیرانی خودی شاعیریش، هەم خودی کۆمەڵگاش تا ڕادەیەکی زۆر بەرەنگاری بیروهزر و شێعری نوێ بۆتەوە. بۆیە قەیرانی شێعری هاوچەرخی کوردی، تەنیا قەیرانی تاکی شاعیر نییە؛ قەیرانی مەیدانێکی فەرهەنگییە کە خودی شاعیر تێیدا دەژی و ڕەنگ و ڕووی ئەوی بەخۆیەوە گرتووە. قەیرانی نێوان بەرهەمهێنەر و خوێنەر، ڕابردوو و ئێستا، خەیاڵ و واقع و لە ئاستێکی نوێدا مرۆڤ و ژێنڕاتۆر و AI. بەو هۆیەوە بە پێچەوانەی بۆچوونی بەڕێزیان، قەیرانەکە نە بە دووبارەکردنەوەی نالی و مەحوی و هێمن و شێرکۆ و هتد چارەی دێ نە بە دژبەرایەتیکردن لەگەڵ AI. چارەی شێعری نوێی کوردی، ڕەخساندنی ئەو مەرجانەیە کە ئەندێشەی نوێ بتوانێ دەنێویاندا سەرهەڵدا و ببێتە زمان. بۆ ئەو مەبەستەش ڕابردوو دەبێ کەلەپوور بێ نەک زیندان و AI دەبێ ئامرازێک بێ بۆ تاقیکردنەوەی ئیمکان و ئەگەر و شیمانەکانی زمان، نەک ئەوەی بە ڕووکرد و ڕووماڵێکی دیهاوێژانە(فرافکنی)، وەک تاوانباری قەیرانی شێعر و ئەدەب دابنرێ. شێعری نوێ ئەوە نییە کە بتوانێ باشتر ڕابردوو بەرهەم بێنێتەوە هەروەها ئەوەش نییە کە بتوانێ لەگەڵ AI پێشبڕکێ و ڕکابەری بکا. شێعری نوێ ئەوەیە کە بتوانێ فامێکی نوێ بخاتە نێو زمان کە کۆمەڵگا هێشتا نەیدۆزیوەتەوە. لەو خاڵەدا شێعر تەنیا فۆڕمی دەربڕینی بیر یا دووپات و چەندپاتکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەی ستاتیکی ڕابردوو نییە؛ خۆی دەبێ شوێنی دروستبوونی بیر و خەیاڵی نوێ بێ کە ڕەنگە دەیان ساڵ دواتریش کۆمەڵگا پێی نەگا. بەو شێوەڕوانینەوە، نە شێعرێک کە لەلایەن کۆمەڵگاوە پێشوازی لێدەکرێ و ساڵانە چەندین جار چاپ و بڵاو دەبێتەوە، بەپێویست شێعری بەهێزە نە شێعرێکی کە کۆمەڵگا و خوێنەریش ئاوڕی لێ نادەنەوە بەپێویست لاواز. کێشەکە وەک وترا، وێڕای بارگراوەندی نۆستالژیک و ڕۆمانتیک بەسەر شێعر و ئەدەب و تەنانەت سیاسەتی کوردیشدا هاوکات نەبوونی پێوەندی تێئۆریکیشە لەگەڵ شێعری هاوچەرخ بەپێی ستانداردە جیهانییەکان. دەو قەیرانەشدا نەک شاعیر بە تەنیا کە خوێنەر و کۆمەڵگاش بەشدارن.