تاریخ: ۱۴۰۵/۶/۱۸
چەند سرنجێک لە سەر شێعری ئەمین گەردیگلانی

 چەند سرنجێکی ئەدەبی_بەلاغی لە سەر شێعری ئۆقرەگرتن لە باوەشی هیوای سووردا، لە شاعیری هاوچەرخ (مامۆستا ئەمین گەردیگلانی)

 
ئەمین گەردیگلانی، شاعیری هاوچەرخ و دانیشتووی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شاعیرێکی بەتوانای شێعری کلاسیکی کوردی و وەرگێڕێکی لێهاتوو دەناسرێ. غەزەلەکانی ئەمین پڕن لە وشەی ناسک و ناوازە و هاوکات لێوڕێژن لە واژە و دەستەواژەی سەرکەش و نەسرەوتوو و واتای قووڵ و تەسویر و ڕەنگ و دەنگ و بەگشتی، کاتێ غەزەلی ئەمین بێژە دەکەی یان دەیبیسی، هەست دەکەی لە پێش شاشەی تەلەفزیۆن دانیشتووی و درامایەکی نوێ لە هەست و خەیاڵ و بیرکردنەوە و تێگەیشتن سەیر دەکەی و ڕاکێشت دەکا تا ئەوپەڕی زەریای قوڵی ڕامان و گا، ئەوپەڕی واتای نوێ.

دەستی بەتوانای مامۆستا ئەمین گەردیگلانی لە هۆنینەوەی شێعری کلاسیکی کوردی و ڕاکێشانی لیزگەی هەڵبەست بە وشەگەلی پەتی کوردی لە هیچکەس شاراوە نیە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، لە شێعری نوێ و سپیدا نەگەیشتۆتە بانی قاتی سەرەوەی ئەو بینا بەرز و بڵندەی کە لە غەزەل و شێعری کلاسیک  لەسەر بیچمی کێشی عەرووزی ڕۆی ناوە.

بەڵام لە هەمان کاتدا، کە بە کۆڵانەکانی شاری شێعر و وشەی ئەمیندا تێدەپەڕی، بە جێی غەزەل، چاوت بە غەزالێ لە شێعری نوێ دەکەوێ کە لە زەرافەت و جوانی و ناوازەیی و دڵڕفێنی و شیرینی و واتامەندی، سەرت سوڕ دەمێنێ.

شێری نوێی ئۆقرەگرتن_لە_باوەشی_هیوای_سووردا یەکێک لەو شێعرانەیە کە ئەگەرچی لە خوێندنەوەی یەکەمدا هەست بە شێعرێکی قورس و گران و نامەفهوم و مومتەنیع دەکەی، بەڵام لە خوێندنەوەی سەرلەنوێ و ڕاوەستان لەسەر وێناکان و ڕۆچوون بە ناخی واتانکاندا بۆت دەردەکەوێ کە خەریکی چ شاکارێکی ئەدەبی پڕ لە سەناعات و وشەگەلی جوان و نوێی کەمتر لەکارکراوی خەزێنەی وشەدانی کوردی دەخوێنیەوە. دیسان پێیدا دێیەوە و تا کۆتا دەڕۆی و دێیەوە سەرەتا و لە هەر جار خوێندنەوەدا تەسویرێکی تازە لە ناو مێشکت جێ خۆشدەکات.

بێگومان لە یەکەم خوێندنەوەدا، خوێنەر هەست دەکا ئەم شێعرە، قەرەباڵغی تەشبیهات و زنجیرەی شوبهاندنی ناڵۆژیک و غەرابەتی بەکارهێنان(غرابت استعمال) و تەنافوری پیتەکان و تەساویری ناساز و ناشارەزایانەی شێعریی، تەنیویەتی.

سەرەتا با بزانین غەرابەتی بەکارهێنان(غرابت استعمال) چیە و بۆچی وەکوو خەسار و کەوتەیەکی فەساحەت لە شیعر پێناسە دەکرێ؟ لە ڕوانگەی خەسارناسی بەلاغی، غەرابەتی بەکارهێنان دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی وشەیەک لە واتاکەیدا کە بۆ گوێگرانی ئەو سەردەمە نەناسراو، کۆن، یان زۆر دوور و نامۆ بێ. واتە خودی وشەکە ڕەنگە باو و ئاسایی بێ، بەڵام ئەو واتا تایبەتەی کە شاعیر لەو شیعرەدا مەبەستی لێیەتی، زۆر دەگمەن و نائاساییە و وا لە گوێگر و خوێنەر دەکا لەسەری بوەستێ و بیری لێبکاتەوە (واتە پەیامەکە ڕاستەوخۆ و ڕوون ناگەیەنرێ). ئەو کەوتە و خەسارە جیاوازە، لە خەساری تەنافوری پیتەکان کە پەیوەندی بە دەنگ و خوێندنەوەی وشەوە هەیە، چونکە غەرابەتی بەکارهێنان خەسار و کەوتەیەکی واتایی یان بڵێین مانایی یە، نەک دەنگی. شاهید لە شیعرەکەدا: سیوشکەیان هەڵاتووە، سیوشکە هەڵاتن، بریتییە لە زۆر تینوو بوون، توونییەتیی زۆر.

ڕستەیەک وەک نموونە: هێندەم توونییە لەوانەیە سیوشکەم هەڵێ. فارسی: کنایه از عطش زیاد.

ئەو شێعرەی مامۆستا ئەمین ئاخنراوە بە سەنعەتی تەشبیە واتا شوبهاندن و لێکچواندن. زنجیرەی شوبهاندن دوای زنجیرەی شوبهاندن. لە نیگای یەکەمدا، تاقمێ لە شوبهاندنەکان لە غەریب دەچن. با بزانین تەشبیهی غەریب چیە و ئاخۆ خاڵی بەقووەتە لە فەساحەت و بەلاغەتی شێعری یان عەیب و خەسار؟! تەشبیهی غەریب بە تەشبیهێک دەڵێن کە شتێ یان حاڵەتێ بە شتێکی تر و حاڵەتێکی وەها بشوبهێنی کە لەودا، خاڵی هاوبەش و وەجهی شەبەهـ زۆر لاوازە و گا، دوورە لە عەقڵ و ڕاستی و بە پێچەوانەی مەنتیقییە. لەو شوبهاندن و لێکچواندنەدا خاڵی هاوبەش(وەحهی شەبەهـ) زۆر ناسک نەناسراوە. وا لە وێنە شێعرییەکە دەکا کە ئەو خەیاڵەی تێیدایە بە هاسانی نەگەڕێتەوە بۆ واقیع و دۆخی ڕاستەقینە. تەشبیهی غەریب ناڵۆژیکە، وەک ئەوەی بڵێی تۆزی ڕوخساری یار لە سپێدەی دەم بەیانیدا، دەی کەی تۆز واتای ڕووناکی و نووری ڕوخسار دەگەیەنێت؟ یان بڵێی بەژنی ئاویی یارم... بە مەبەستی گەیاندنی هێز و رێکی و لەباریی بەژنی یار... دیارە ئاو، نەرمە و بێهێزە. ئەو چەشنە شوبهاندنانە نالۆژیک و غەریب و قەبوڵنەکراون و کاریگەریی شێعر لەناو دەبەن. وێنە لەو شێعرەی کاکەمین لە خوێندنەوەی یەکەم و ڕواڵەتیدا: شێعری سەر لاپەڕەی لوولکراوی شەپۆل، کە لە درێژەدا باسی لێدەکەین کە ئاخۆ غەریبە یان مەنتقی و لۆژیک.

تەشبیهی چەندین وشە بە یەکتر و بەدوای یەکترداهێنان(زنجیرەی تەشبیهـ یان تەشبیهی تەزاحوم).  لە روانگەی ڕەخنەگرانەی جێفری لیچ کە یەکێ لە ڕەخنەگرانی مەکتەبی فۆرمالیستی لە ئەدەبیات دێتە ئەژمار، تەزاحومی تەشبیه یان زنجیرەی شوبهاندن خەسارەتمەندییە بۆ شێعر و بەتوندی لە بەلاغەتی شیعریی کەم دەکاتەوە و بە واتایەک قەرەباڵغی شوبهاندن و لێکچواندن بەدیدێنێ.

ئەوە وەک کەوتە و خەسارە کە شاعیر، لە چەند ڕستەیەکی پێکەوەلکاودا، بۆ یەک بابەت(یان چەند بابەتی جیاواز لە نزیک یەکدا) چەندین شوبهاندنی جیاواز بە شێوەیەکی زەنجیرەوار و بەدوای یەکدا دەهێنێتەوە، بەبێ ئەوەی بۆ هەر کامەیان جێگای تەواو بکاتەوە، کە ئەوەش لە مێشکی خوێنەر و بیسەردا قەرەباڵغی و تەزاحوم پێک دێنێ. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر و بەردەنگ پێویستە خێرا لە وێنەیەکەوە بۆ وێنەیەکی تر بچێ. لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە، ئەوە خەسارە و نیشانەی لاوازی لە بەکارهێنانی سەنعەتی شوبهاندنە. جێفری لیچ و ڕەخنەرانی فۆرمالیسی هاوبڕوا پێیان وایە شاعیری باش، ئەو کەسەیە کە تەشبیهێکی پڕکاریگەر و جوان هەڵبژێرێ نەک دەیان تەشبیهی لاواز و گا، غەریب، بەدوای یەکتردا کۆبکاتەوە. زۆربەی جار ئەو زنجیرە شوبهاندنانە، ڕاستەوخۆیی و ڕوونی(وضوح) لەدەست دەدەن و دەرک و فەهمی واقیع، دژوار دەکەن. وێنەی بەرچاو لە تەزاحومی تەشبیە لەو شێعرەی کاکەمین لە خوێندنەوەی  سەرەتایی و یەکەمدا: چۆڵەوانیی ڕۆحی بەرینی گریان / مرواریی خوێن تێزاوی فرمێسکی بێ وڵات / پشووی کەزیە زەردی گەرووی وشکی زەڕنەقووتە...

با وێنەیەک لە شوبهاندنی مەنتیقی و قابیلی قەبوڵ لە شێعری بەردەست شرۆڤە بکەین: کۆتری زام؛

لە ڕوانگەی زانستی ڕەوانبێژی(بەلاغەت) و ڕەخنەی ئەدەبییەوە، ئەو شوبهاندنە، تەشبیهێکی تەواو و درووست و باو و کاریگەرە. هەر کەسێ ئەو تەشبیهە ببینێ یان ببیسێ، یەکسەر، بەبێ ماندووبوونی مێشک، پەیوەندی بەرقەرار دەکات بەینی کۆتری بریندار و مرۆڤی ئازارچەشتوو(جا لە ڕوانگەی دڵشکان بێت یان داماویی ئەویندار یان مرۆڤی غەدرلێکراو). بیستنی ئەو لێکچواندن و تەشبیهە وا لە دڵی گوێگر یان خوێنەر دەکات کە لە ناخ و دەروونەوە هەست بەو ئازارە بکا و هاوکات سۆز و میهرەبانییەکی زۆر، دەروونی دابگرێ. شوبهاندنێکی نە غەریبە و نە کۆنە و کەوتەی غەرابەتی بەکارهێنانی تێدا بەدیناکەی.

شێعری «ئۆقرەگرتن لە باوەشی هیوای سووردا» لە مامۆستا ئەمین گەردیگلانی پڕە لە تەساویری شێعریی. با بزانین تەسویری شێعری چیە؟ تەسویرسازی لە شێعردا تەنیا بە سەنعەتی شوبهاندن چێ ناکرێ. بەڵکوو هەمووی ئەو وێنانەیە کە شاعیر بە کەڵک وەرگرتن لە سەناعاتی وەک: ئیستعارە، کینایە و هێماکانی شێعریی، لە مێشکی خوێنەر و بەردەنگدا درووستیان دەکات. بۆیە، کاتێک ئەو وێنانە غەریب(زۆر دوور و نەناسراو) و ناڵۆژیک(دژ بە ڕاستیی عەقڵی یان فیزیکی و واقیع) بن، دەکەونە ناو بازنە و چەمکی «سووئی تەساویر» یان «وەهمیی تەساویر» کە لە کتێبە کلاسیکەکانی بەلاغەتەدا (وەک «المفتاح» و «تلخیص») بە عەیب تۆمار کراوە.

بەڵام با بزانین بۆچی وێناکردنی غەریب و تەسویرسازی نالۆژیک عەیبی بەلاغی لەئەژمار دێ؟ بەلاغەتناسان و پسپۆڕان و ڕەخنەگرانی ڕەوانبێژی لەسەر ئەو باوەڕەن وێنەی شێعریی، دەبێ لەگەڵ سرووشتی ئەو شتانە کە وەسفی دەکات، بگونجێ.

ئامانجی سەرەکی فەساحەت و ڕەوانبێژی، گەیاندنی مانایە بە ساکارترین و هاسانترین شێوەی مومکین. وێنەی نالۆژیک و تەسویری غەریب، خوێنەر و بەردەنگ ناچار دەکات لەسەر وێنا شێعریەکان ڕابوەەستێت و کاری شیکاریی شێعریی بکات، بەر لەوەی چێژ لە شێعرەکە ببات. وێنەی شێعریی، ئەگەر بە شێوەی گونجاو و ڕێک و ڕەوان و مەنتیقی بێ، چەشنی گەلەریی هونەریی هۆنراوەیە. کاتێ شاعیرێ بڵێ تیشکی بەردینی مانگ لە ڕوخساریدا بوو، تەشبیه و وێنەیەکی شیعریی نالۆژیکە و قەبوڵنەکراو. وە لەگەڵ دەروونی گوێگر ناگونجێ.

 شێعری ئۆقرەگرتن لە باوەشی هیوای سووردا لە مامۆستا ئەمین گەردیگلانی، لە ڕوانگەی بەلاغەت (ڕەوانبێژی) و فەساحەت (ڕوونی و کاریگەری)ەوە شاکاریەکی تەواوە و شاعیر تێیدا زۆر هونەرمەندانە، لە هەر دوو ڕەهەندی وێنەسازی و خەیاڵی شاعیرانە، سەرکەوتوو بووە.

1.      لە ڕەهەندی تەسویرسازیەوە، شاعیر لەو شیعرەدا وێنەی کۆمەڵگەیەکی ئازاردیدە و داماو دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر، کە لەلایەک، لەلایەن دەسەڵات و کەلپە و نینۆخ و چزوو (ئامێرەکانی زوڵم)ەوە ئازار دەچێژن، لەلایەکی تریشەوە خۆیان ناچارن، لەوپەڕی داماویدا، لەناو هیوای سووردا (هیوایەکی خوێناوی و خەمۆک) بژین.

با تیشک بخەینە سەر شوبهاندن و وێنە باوەکانی بەهێزی شێعریی، لە شێعری بەردەستدا:

"چیای سەرمان دادەپاچن": وێنەیەکی زۆر لۆژیکە، چونکە چیا بە شتێکی قورس و گەورە دادەنرێت و لە دۆخی دەستهەڵاتی ڕەش و زۆرداریدا دادەپاچێ.

"دەشتی جەستەمان دەکێڵن": زەوی کشتوکاڵیی تووشی کێڵان دەبێت، بەڵام لێرەدا، شاعیر وێنەی جەستەی مرۆڤ دەکاتە زەوی و ئازاریش، دەکاتە کێڵان.

 "پەپوولەی فرمێسک": وێنەیەکی کاریگەر و ڕوونە، چونکە پەپوولە هێمایە بۆ جووڵە و خێرایی و فڕین لە شوێنی نیشتن و نەگەڕانەوە؛ فرمێسکیش بە هەمان شێوە لە چاوگەوە دەخزێتە خوار و دەڕوات و ناگەڕێتەوە.

پرسیار: ئایا تەساویرەکان غەریب و نالۆژیکن؟

وڵام: نەخێر.

ئەم وێنانە زۆر نزیکن لە واقیعی دەروونی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤی ئازاردیدە. شاعیر خەیاڵی خۆی لە چوارچێوەی مەنتق و لۆجیکای هونەریدا بەکارهێناوە، نەک خەیاڵێ شێتانە. نموونە:

"زمانی هەڵپڕووزاوی خۆمان نەبێ کێ دێ پەنجەی نیگای سڕی خۆی پێ گەرم بکاتەوە": ئەوە وێنەیەکی ناسکە کە تەشخیص (کەسایەتیپێدان)ی زمان؛ زمان وەک ئەندامێکی هەستیار و گەرمکەرەوە وەسف کراوە، کە خەیاڵێکی زۆر شاعیرانەیە، بەڵام نالۆژیک نییە. چونکە زمان لە ڕاستیدا، لە ڕوانگەی هەستیارییەوە، ئەرکی پەیوەندی و گەرمیبەخشی هەیە.

2.      ڕەهەندی فەساحەت (ڕوونی و سادەیی)

ڕوونیی وشەکان:

وشەکانی شێعرەکە، وەکوو "کەڵپە"، "نینۆخ"، "چزوو"، "شەکەت"، "تینوو"، هەموویان لە ڕەگەزی زمانی کوردیدا باون، لەو ڕووەوە غرابەتی بەکارهێنانیان تێدا نییە.

ڕوونی و فەساحەتی ڕستەکان:

ڕستەکان زۆر ڕاستەوخۆ و بەبێ ئاڵۆزی، واتاکانیان دەگەیەنن. نموونە:

 "تینوو ... تینوو، ڕۆحی خۆمان لە کۆڵ ناوە"

"شەکەت ... شەکەت، بەرەو مەرگ ڕێ دەپێوین"

ئەو دووپاتەبوونەوە (تێکرار)ە بۆ پیشاندانی ئاستی قووڵایی هەستی شاعیرە، نەک بۆ قورسکردن و دژوار فەهمکردنی شیعر؛ بۆیە فەساحەتی شێعرەکەی کاکەمین زۆر بەرزە و گوێگر، بە ئاسانی لە مەبەستی شاعیر تێدەات.

3.      ڕەهەندی زنجیرەتەشبیهات (کەوتەی لێکچواندنی تەزاحوم)

شاعیر لە بەندی سێیەمدا زنجیرەیەک لە تەشبیهاتی بە دوای یەکتردا هێناوەتەوە.

"ئێمە شێعری سەر لاپەڕەی لوول کراوی شەپۆلین"

"ئێمە مرواریی خوێن تێزاوی فرمێسکی بێ وڵاتیین"

"ئێمە گۆرانیی سووتان و توانەوەین"

"ئێمە پشووی کەزیە زەردی گەرووی وشکی زەڕنەقووتەین"

پرسیاری ئەدەبی: ئایا ئەوانە کەوتەی زنجیرەی تەشبیه و قەرەباڵغی لەئەژمار دێن؟

وڵام: نەخێر.

بەهۆی دوو هۆکارەوە:

یەکەم: جیاوازیی خاڵی هاوبەش:

هەر تەشبیهێک ڕووی لە لایەنێکی جیاواز لە ئازار و داماوی کۆمەڵگاکە دەکات:

 (یەکێکیان ڕووی لە دەربڕینی سەرکەشیی شێعریی، یەکێکیان بێوڵاتییە، یەکێکی تریان، ڕووی لە سووتانی هیوایە و هتد. بۆیە هیچ چەشنە سەرگەردانییەک بۆ خوێنەر و گوێگر دروست ناکات.

دووهەم: دووبارەبوونەوەی پێکهاتەی ڕستەیی:

هەموویان بە شێوەی "ئێمە ... ین" هاتوون، کە ئەوەش وا دەکات مێشک خۆی لەگەڵ ڕیتمەکەدا بگونجێنێ و قەرەباڵغی هەست پێنەکا.

4.      ڕەهەندی خەیاڵ و نالۆژیکی

تەنها خاڵێک کە لە یەکەم بینیندا ڕەنگە نالۆژیکی تێدا بدیترێ، ئەم ڕستەیە:

"جێگای خۆرێک نابێتەوە، جێگای مانگ و ئەستێرەیێک نابێتەوە"

بەڵام لە ڕوانگەی سینگفراوانیی ئەدەبی ئەوەش نالۆژیکی تێدا نابیندرێ، چونکە لێرەشدا، شاعیر ڕەتکردنەوەی هیوا و تاریکیی تەواو، وەسف دەکات. لە ڕاستیدا ئەوە تەکنیکێکی بەناوبانگە لە شاعیریدا بە ناوی "سەڵبی تەشبیه" یان "نەفی تەشبیه"، کە تێیدا شاعیر بۆ پێشاندانی پووچەوایی(پووچگەرایی یان نیهیلیسم) و بێهیوایی، بوونی تەنانەت خۆر و مانگیش ڕەتدەکاتەوە. ئەوە نالۆژیک نییە، بەڵکو ئیغڕاق و هایپەرپلەی شاعیرانەیە.

بە واتای ڕوونتر، بەلاغەتی زیاتر لە ڕاستیی و ڕاستەقینەی مەوجوود.

5.      کۆتایی و تەواوکەری شێعر (کاریگەریی گشتی)

کۆتاییی شێعر:

"هەوارە... هەوارە... هەوارە":  ئەو تێکراربوونەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەردەنگ و گەیاندنی پەیامی خەمبارانەی شاعیرە. لە ڕوانگەی زانستی فەساحەتەوە، ئەم پاتەبوونەوە، کاریگەریی عاتیفی لە دەرووندا زیاتر دەکات و دووبارەبوونەوەی بێمەبەست و خەساری ئەدەبی لەئەژمار نایە.

لە یەک ڕستەدا دەتوانم بڵێم: خوێندنەوەی شێعری ئۆقرەگرتن لە باوەشی هیوای سووردا، خوێنەر و بەردەنگ دەباتە ناو دنیایەکی پڕ لە ئازار و خەم و هاوکات، هیوای سوور.

ئاکام: ئەم شێعرە شاکارێکە لەوەی کە تێیدا شاعیر توانیویەتی خەیاڵی خۆی لەسەر بنەمای مەنتقی هونەری و دەروونیی کۆمەڵایەتی ڕابگرێ، بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو کەوتە و خەسارەکانی غرابەت و نالۆژیکی و قەرەباڵغیی تەشبیهات و وێناکانی شێعریی لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی ئەدەبی ڕوونی و ڕەوانبێژی.