تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۲۰
ڕێگاکانی کوردستان، ڕێگه‌ی مەرگ یان ژێرخانێک بۆ گەشەسەندن
هەرمان وەتمانی


28ی گه‌لاوێژی ساڵی ڕابردوو (95ی هه‌تاوی) عەبباس ئاخوندی وەزیری ڕێگاوبانی ئێران بۆ کرانه‌وەی سمبۆلیکی 30 کیلۆمه‌تر ئوتووبانی ورمێ ـ مەهاباد ـ میاندواو سەردانی ناوچەکه‌ی کرد!

پەلەقاژەی وەزیر و کاربەدەستانی دەوڵه‌تی حه‌سەن ڕۆحانی بەتایبه‌تی لەم یه‌ک ساڵه‌ی دواییدا به تووندی دەستی پێکردووە و خاوەن ڕایان له سەر ئه‌و بڕوایه‌ن، ئه‌م دەوڵه‌ته‌ش هیچ گەڵاڵه‌یه‌کی نوێ و بەرنامە و پلانێکی بنه‌ڕەتی بە تایبه‌تی له بواری ڕێگاوبانەکاندا له ناوچەی کوردستان و شارە کوردنشینەکانی چوارپارێزگای ڕۆژئاوای ئێران به دەسته‌وە نەبووە و هیچ وڵامێکی لۆژیکی به داخوازییه‌کانی خەڵک نەدراوە.

به سرنجدان به بارودۆخی مەرگ له ئێران به هۆی ڕووداوەکان و کارەساتی ترافیکی به‌و دەرئه‌نجامه دەگه‌ین که ئامارە‌کان له نێونجی جیهانی زیاتر و له ناوچه‌ی کوردستان دۆخه‌که قەیراناویتره.

سێ هۆکاری سەرەکی له ڕووداوی هات‌وچۆ و پێکدادانی ماشێندا بریتین له: 1. مرۆڤ 2. ڕێگاوبان 3. ماشێن

به گشتی ئێستا له ئێران ڕەچاو نه‌کردنی خاڵەکانی لێخوڕین و خێرایی زۆر و ماندوویی شۆفیرەکان، به کارهێنانی مۆبایل و لێنەدانی پشتێندی دڵنیایی له گرینگترین هۆکارەکانی مرۆڤین له سازدانی ڕووداوی هات‌وچۆدا. به چەشنێک که به پێی ئامارەکان و ئه‌و لێکۆڵینەوانەی له‌م بوارەدا کراوە 52 له‌سەدی ڕووداوەکانی هات‌وچۆ بۆ هۆکارە مرۆڤییەکان دەگه‌ڕێنه‌وە.

یه‌کێکی تر له هۆکارەکانی وەدیهاتنی ڕووداوی هات‌وچۆ دەگه‌ڕێته‌وە بۆ بارودۆخی نالەباری ڕێگاوبان و سازنه‌کرانیان به پێی بنەماکانی ئه‌ندازیاری. هۆکارێک که ئه‌گه‌رچی به گشتی له ئێران 30 لەسەدی به‌خۆی تەرخان داوە بەڵام دەکرێ ڕاشکاوانه بڵێین له کوردستان ئه‌م ئامارە گه‌لێک پتره و له ڕووداوی پێکدادانی ماشێناندا دەورێکی گرینگتری گێڕاوە. شاخاوی بوونی ناوچەکه، بەرتەسک بوونی ڕێگاکان، لێنەدان یان نۆژەن نەکردنه‌وەی هێما، تابلۆ، گارد و هێڵکاری ناو ڕێگاوبانەکان، که‌مته‌رخەمی بەپرسانی دەسەڵات و بەها نەدان به گیان و ماڵی هاوڵاتیان، لەم ناوچەیه وایکردووە بەردەوام وەک بکوژێک سەیری ڕێگاوبانەکان بکرێ، لە پەنا ئه‌وەش نزم بوونی کوالێتی ماشێنەکان و قایم نه‌بوونیان له بەرامبەر پێکدادان و هه‌ل‌ومه‌رجی ڕێگاکاندا دەکرێ بڵیین بەردەوام ڕووداوی نه‌خوازراو و ناخۆشی لێکه‌وتۆته‌وە.

ناسینی ئه‌و شوێنانه‌ی زیاترین ڕووداوی هات‌وچۆیان تێیاندا هاتۆته ئاراوە زۆر دژوار نییه، بە چەشنێک که هەموومان دەزانین ڕۆژانه جاددەی مەهاباد ـ ورمێ، جاددەی بورهان، میاندواو ـ مەهاباد، مه‌هاباد ـ سەردەشت، بۆکان  ـ میاندواو، بۆکان ـ شاهین دێژ، سەقز ـ بۆکان، سەقز ـ مەریوان، بانه ـ سقز، مەریوان ـ سنه، کامیاران ـ سنه و هتد بەڵگه‌یه‌کی ئاشکرا و سەلمێنراوە بۆ خەڵک و بەرپرسان. ڕێگاوبانێک که له هێندێک وەرزی ساڵدا هات‌وچۆ تێیاندا ئه‌سته‌م و گه‌لێک دژواره.

به تێڕوانینێک له کارنامه‌ی چەند دەوڵه‌تی ڕابردوو له ئێران بە‌و دەرئه‌نجامه دەگه‌ین که نە تەنیا ئه‌وان بایخێکی ئه‌وتۆیان به ڕێگاوبانەکان لە ناوچەی کوردستان نه‌داوە بەڵکوو نوێنه‌ران و پارلەمانتارانی کوردیش ئه‌و جۆرەی پێویسته بەدوادا چوونیان نەکردووە و مەرگی تاک به تاک و به کۆمه‌ڵی هاووڵاتیان له جاددەکانی کوردستان به ڕووداوێکی ئاسایی و ڕۆژانه وەسف دەکرێ!

هەر بۆیه پێویسته به هۆی ستراتێژیک بوونی ناوچەی کوردستان و دراوسێ بوونی لەگەڵ هێندێک وڵاتان، بەها بدرێ به ڕێگاوبانەکان وەک پێوەرێکی گرینگ بۆ گەشە‌سەندی ناوچە و بەردەوام له پێرستی داخوازییه‌کاندا، یه‌که‌مین بێت و کاری بۆ بکرێ.