تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۱۹
دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی و مۆدێلی ڕەوانناسانەی گۆڕانی زێهن لە دێڕی بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنوودا
یاقووب خزری


کورتە

سەردێڕی ئەم وتارە بە نێوی " دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی و مۆدێلی ڕەوانناسانەی گۆڕانی زێهن لە دێڕی بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنوودا" یە. مێتۆدی لێکۆڵینەوە بەشێوەی ئاڕشیوی – کتێبخانەیی‌یە و لەسەر ئەساسی تەحلیل مەحتەوای کەیفیش کاری بۆ کراوە. چەمکی دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی وەک مەفهوومێکی نوێ بە پشت‌بەستن بە پڕۆسەی ڕەوانناسیی گۆڕانی زێهن بۆ تەحلیلی دێڕی بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنووی مامۆستا هێمن هاتووەتە بەرباس. لە کۆتایی‌دا بەو ئاکامە گەیشتین کە ئەو دێڕە شێعرەی مامۆستا هێمن خاوەنی هەموو ئەو تایبەت‌مەندییانەن کە دەکرێ وەک سەرەتای شکڵ‌گرتنی دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی لە شێعری هێمن‌دا بیخەینە بەرباس و لێدوان لە ڕوانگە و ڕەهەندە جیاوازەکان.

وشە سەرەکییەکان: دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی، هێمن، ڕەوانناسیی گۆڕانی زێهن

پێشەکی

خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی بە مێتۆدی ڕەوانناسانە دەگەڕێتەوە بۆ فڕۆید و شێوازی قەڕائەتی فڕۆید لەو دەقانەدا. ئەو داڕێژەری فۆڕمێک لە ڕەخنەی ئەدەبی بوو بە نێوی ڕەخنەی ڕەوانکاوانە. ڕەخنەی ڕەوانکاوانە بە هێنانە گۆڕی تاقمێک لە مەفهوومەکان و شێوازەکانی ڕەوانکاوی بۆ نێو دەقە ئەدەبییەکان تەفسیرگەلی جیاوازی خستە ڕوو. بەڵام ڕەوتی ئەو شێوازە لە ڕەخنە دوای فڕۆید تووشی چەندین گۆڕان‌کاری بووە. ئەو گۆڕانەش بوو بەهۆی وەیکە ڕەهەندی جۆراوجۆر لە ڕەخنەی ڕەوانکاوانە و پاشان ڕەوانناسانە وەدی بێن. ئەگەر بمانهەوێ بەشێوەیەکی کورت ئاماژە بە گۆڕان‌کارییە مەعریفی و تێئۆرییەکان بکەین، پێویستە سووکەئاوڕێکی مێژوویی و تێئۆریک بدەینەوە سەر ڕەوتی باس‌کراو. بەگشتی پڕۆسەی

ڕەخنەی ڕەوانکاوانەی لەسەر بنچینەی نەستی بەتاکی نووسەر خۆی ساغ کردەوە، پاشان بە خوێندنەوەیەکی نوێ لەسەر ئەو ڕوانگەیە کەسانێکی وەک شاڕل مۆرۆن و کریستێڤا پرسی نوێ‌تریان هێنایە نێو گۆڕەپانی ڕەخنەی ڕەوانکاوانە. تەنانەت دەستەواژەی ڕەخنەی ڕەوانناسانەش هەر لەلایەن ئەو تاقمە بانگەوازی بۆ کرا. هەروەها لاکان بە خوێندنەوە و قەرائەتێکی سەرلەنوێی مەفهوومە فڕۆیدییەکان و شوێن‌وەرگرتن لە زمان‌ناسی سوویسی فێردیناند دۆسووسوور پێک‌هاتەیەکی نوێی لە ڕەخنەی ڕەوانکاوانە و ڕەوانناسانەی ئەدەبی دەستەبەر کرد. لەو دوایی‌یانەش‌دا تاقمێکی تر لە ڕەوانناسان چەندین دیسکۆرسی تازەیان هێنایە نێو بازنەی تێئۆرییەکانی ڕەوانناسی بەگشتی و ڕەوانناسیی ئەدەبی بەتایبەتی. بنەمای ئەو خوێندنەوەیەش ئاوڕدانەوەیەک بوو بۆ سەر بنەما کۆمەڵایەتییەکان و دەوری کردارە کۆمەڵایەتییەکان لە پێک‌هێنانی حاڵەتە ڕەوانی و شەخسییەکان و ڕۆڵی وان لە خوڵقان و تەفسیر و لێک‌دانەوەی دەقی ئەدەبی و هونەری‌دا(پایندە، 1389).

ئەو تاقمە سرنجیان دایە سەر هەڵس‌وکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها پرسی زمان وەکوو شکڵێک لە کردەوەی کۆمەڵایەتی. ڕوانگەی ئەو ڕەوتە نوێیە لە ئەساس‌دا دژ بە زات‌باوەڕییە. کەڵکەڵەی سەرەکی لەو شێوەڕوانینەدا ئەوەیە کە مرۆڤ بە چ شێوازێک لە هەڵس‌وکەوتەکانی ڕۆژانەی خۆی‌دا لە زمان کەڵک وەردەگرێ. هەروەها ئەو مێتۆدە سایکۆلۆژیکە تەواوی توانای خۆی خستووەتە گەڕ بۆوەی دەگەڵ ڕەوتی زاڵی ڕەوانناسی بکەوێتە ململانێ و تاقمێک لە دیاردە ڕەوانییەکان بە شێوازێکی تر دابڕێژێتەوە(صالحی، 1394).

کاتێک پرسێکی لەو چەشنە دێتەگۆڕێ بێ‌گومان پێویستە لە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی و هونەریش‌دا ئەو گۆڕان‌کارییە لەبەرچاو بگیرێ، چونکە ناکرێ ڕەوتێکی نوێ لە ئارادا بێ و دەقەکان هەر بەشێوازی کلاسیک خوێندنەوەیان بۆ بکرێ. لە پێوەندی دەگەڵ ئەو پرسە گرینگە مەسئەلەی گۆڕانی زێهنی مرۆڤی سەردەمیش خۆی لە خۆی‌دا هەڵگری لێکۆڵینەوە و تێڕامانە. لە درێژەی وتاردا سەرەڕای شەرح و تەفسیری ئەو پرسە تەحلیلییانە، دێڕی بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنووی مامۆستا هێمن لەو ڕوانگەیەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە. سێ‌ تایبەتمەندیی ئەو بەرە سایکۆلۆژیکە خراوەتە بەرباس و  لەم وتارەدا بە پشت‌بەستن بەو چەمک و دیاردە نوێیانە خوێندنەوەیەکی سەرلەنوێ کراوە بۆ دێڕی بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنوو لە چوارچێوەی بنەما تێئۆرییەکانی ڕەوانناسیی سەردەم‌دا. هەروەها مەفهوومی عاتیفە وەک یەکێک لە گرینگ‌ترین تایبەت‌مەندییەکانی شێعر لەو دێڕە شێعرەدا لێک دراوەتەوە. هەڵبەت لێک‌دانەوە و شڕۆڤەی ئەو چەمکە لە چوارچێوەی نیزامێکی نوێی ڕەوانناسی‌دا باسی لێ‌کراوە. نووسەر لەو وتارەدا لە حەولی وەی‌دایە ئەو دیاردە نوێیە لەژێر ناوی دەستەواژە یان باش‌تر بڵێم دیسکۆرسێکی تازەدا پێشنیار بکا بەنێوی "دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی" وەک بنەمایەکی نوێ لە خوێندنەوەی ڕەوانناسانەی دەقی شێعری‌دا.

بنەما تێئۆرییەکان

ڕەوانناسانیی گوفتومانی ئەو دیاردانەی کە وەک ڕووداو و حاڵەتە شەخسی و ڕەوانییەکان لەقەڵەم دەدرێن؛ دەیانگوێزنەوە بۆ بەستێنێکی گشتی و کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە دیاردەگەلی وەک عاتیفە و بیرەوەرییەکان. ئەم ڕەوانناسانە بە پشت‌بەستن بە بنەمایەکی ئەندیشەیی بەهێز خەریکی شڕۆڤەی پرس‌گەلی لەو چەشنەن، تاک لەو مۆدێلەدا تاکێکی ئەکتیو و لێهاتوویە لە ژیانی کۆمەڵایەتی‌دا، لەو شێوە ژیانەش‌دا بەردەوام و بێ‌پسانەوە، تەفسیرگەلی جۆراوجۆر بۆ ئامانجە جۆراوجۆرەکانی ژیان نۆژەن دەکاتەوە؛ بەڵام  بەبێ پشت‌بەستن بە مەفهوومەکانی وەک باوەڕ و ئەنگیزێش(motivation زۆر ئەستەمە بتوانین وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە بۆچی تەفسیرەکان بە فڵان مێتۆد تازە دەبنەوە؟(صالحی، 1394). لەسەر ئەساس و بنەمای ئەو مێتۆدە لە خوێندنەوەی ڕەوانناسانە بۆ چەمکی دیسکۆڕس، پێویستە بڵێین ڕۆڵی عەمەلی و کارکردی زمان دوو ماکەی سەرەکین لە ئەکتە زمانییەکان‌دا، بەو پێیە شەرحی کردەوەی مرۆڤ لە چوارچێوەی نیزامێکی تایبەت‌دا بەپێی یاساوڕێساگەلی کرداری هەڵکەوتوو لە فەرهەنگی خۆماڵی‌دا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ(هەمان سەرچاوە).

لە قەرائەتێکی وەها‌دا تاک ئیگزیستێکی گۆشەگیر نییە، بەپێچەوانە هەڵس‌وکەوتێکی ئەکتیو و بەردەوامی دەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتی هەیە. هزر، خودێتی(خویشتن) و شوناسەکان لە هەڵس‌وکەوتە کۆمەڵایەتییەکان‌دا دێنە دی. هەروەها ئەو سێ سازەیە کاردانەوەی دەروونی‌کردنی دیالۆگە کۆمەڵایەتییەکانن، ئەم دیالۆگە کۆمەڵایەتییانە وەک ڕەوانناسانی ڕێتۆریک دەڵێن بنیات‌نەری خودی مرۆڤن و سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕیوایەت و دیسکۆرسە فەرهەنگییەکان. لەو دیسکۆرسەش‌دا تاکەکان لە پۆلێن‌بەندییەکی کۆمەڵایەتیی تایبەت‌دا سامان دەدرێن. لە خوێندنەوەکانی ڕەوانناسانەی ئەوڕۆیی‌دا، پرسی خودێتی(خویشتن)ی مرۆڤ تەنیا لە دەورانی منداڵی‌دا نایەتە دی؛ بەڵکوو بەپێچەوانە، پڕۆسەیەکی درێژخایەنە کە بەدرێژایی تەمەنی مرۆڤ بەردەوام خەریکی خۆ نوێ‌کردنەوەیە؛ ئەو حەولەش دەرئەنجامی حزووری پێك‌هاتە ڕیوایی و دیسکۆرسە کۆمەڵایەتییەکانە(جلیلی، 1392).

عاتیفە

عاتیفە چەشنێک مەیلە بەرەو غەیر، بەڵام لە نەهایەت‌دا مرۆڤ پاش دەربڕینی هەستە عاتیفییەکان، هەست بە خۆشی و چێژێکی تایبەت دەکا. لە پێوەندی دەگەڵ چەمکی عاتیفە ئانترۆپۆلۆژی و ڕەوانناسیی هاوئایینن، لە ڕابردوودا عاتیفە ئەمرێکی ماڵ‌وێرانکەر لەئەژمار دەهات، تەنانەت پێیان وابوو ئاوەزی مرۆڤیش لەناو دەبا، لێکۆڵینەوەکانی ئەو دوایی‌یانە نیشانیان داوە عاتیفە یەکێک لە تایبەت‌مەندییە سەرەکییەکانە بۆ پرسی ناسین(شناخت)(اندرسون، 2010).

عاتیفەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێ لەسەر چۆنێتیی بیرکردنەوە سەبارەت بە پرسەکان و هەروەها لەسەر ناوەرۆک و پڕۆسەی سیستماتیکی ئەندیشەیی تاکەکان. عاتیفەکان لە قەوارە و پێک‌هاتەیەکی فەرهەنگی‌دا بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ چەشنە لایەنێکی زاتی و فیتری پێک دێن(هەمان سەرچاوە).

لە تەحلیل و واکاویی شێعردا عاتیفە یەکێک لە سەرەکی‌ترین ماکەکانە، عاتیفە هۆکارێکە بۆ وەدی‌هاتنی فرەچەشنیی کەلام و ڕۆڵێکی کاراتری دەقی شێعری. عاتیفە حاڵەتی داماوی و شادی، نائۆمێدی و ئومێد، ترس و تووڕەیی و هتدە کە ڕووداوگەلی عەینی یا زێهنی لە هزری شاعیردا هۆکاری دروست بوونیانە، لەو قۆناغە لە خوێندنەوەی دەق‌دا، مانا لەسەر ئەساسی سێ پرسی گرینگ شکڵ دەگرێ: 1) بێ‌نەزمی 2) کردەوە 3) گۆڕان.

سێ پرسی باس‌کراو ڕێک دەکەونە خانەی ئەو ڕەهەندە لە تەحلیل، کە بنەمایەکی تێئۆریک دادەڕێژێ بۆ مۆدێلێک لە خوێندنەوەی سەرلەنوێی دەق بە ئامرازێکی ڕەوانناسانەی ئەوڕۆیی( فاضلی و همکار، 1394).

بنەمایەکی وەها، هۆکاری بیچم‌گرتنی مەعرەفەتێکی نوێی ڕەوانناسانەیە لە قەڕائەت و تەفسیری دەقی شێعری‌دا. ئەو مێتۆدە ڕەوتی ڕەوانناسانەی گۆڕانی زێهنە. لە پڕۆسەی ڕەوانناسیی گۆڕانی زێهن‌دا چەندین پرسی گرینگ و کاریگەر ڕۆڵیان هەیە کە بریتین لە: ئیستدلال، بازئاوایی و وەسفی سەرلەنوێی چەمکی بازئاوایی‌کراو(خرازی، 1386).

ئیستدلال مێتۆدێکی عەقڵانییە و بریتییە لە ناسینی هۆکارەکانی پێوەندی‌دار، هەڵسەنگاندنیان بەشێوەی تاک‌بەتاک و پاشان بەشێوەیەکی گشتی.

مەفهوومی بازئاوایی لایەنی عاتیفی پڕۆسەی گۆڕانی زێهنە، هەروەها ڕوانگە، بیرۆکە یا دیمەنێکی تایبەتە، تا ڕادەیەک کە مرۆڤ هەستێکی خۆشی بۆی هەیە. بازئاوایی لەلایەنی ناخودئاگای مرۆڤ سەقامگیر دەبێ. جاری وایە تاک هەست بەوەی دەکا دەگەڵ عامیلی گۆڕان پێوەندی بەرقەرار دەکا و بە بۆچوونی خۆی ئەو عامیلە جێگای متمانەیە. لە قۆناغی وەسفی سەرلەنوێی چەمکی بازئاوایی‌کراویش‌دا پڕۆسەی گۆڕانی زێهن تا ئاستێک پێویستە کە بۆ دووبارە وێناکردنەوەی فۆڕمە جیاوازەکان کەڵکی هەبێ، هەروەها ئەم فۆڕمانە بتوانن وزە بە یەکتری ببەخشن(هەمان سەرچاوە).

لێکدانەوە

ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی

چۆن گەلی داماو و مات و خەمگینم دەوێ؟

هەر وەک پێشتر باسمان کرد لە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی لەو پێک‌هاتە ڕەوانناسانەدا تاک ئیگزیستێکی گۆشەگیر نییە، بەپێچەوانە هەڵس‌وکەوتێکی ئەکتیو و بەردەوامی هەیە دەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتی، لەو دێڕە شێعرەدا پێک‌هاتەی خود(self)ی شێعری وەک سازەیەک لە کەسێتیی شاعیر خەریکە پرس و مەسئەلەکان تەفسیر دەکاتەوە و لە ڕێگای هێنانە کایەی دیسکۆرسی "ئارەزوو بۆ ژیانی ئازادیی ئینسان" بەگشتی خەریکی مامەڵەکردن دەگەڵ جیهانێکی کۆمەڵایەتییە، یان بەواتایەکی تر لە دیالۆگێک‌دایە کە ماکەی سەرەکیی ئەو دیالۆگە دژکردەوەیەکی کۆمەڵایەتیی پۆزەتیڤە لە چوارچێوەی یاسایەکی عەقڵانی و مرۆڤ‌دۆستانە‌دا، ئەو دیسکۆرسە سەرەتایەکە بۆ بنیات‌نانی خودێک بە هەموو خسڵەت و تایبەت‌مەندییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە. هەروەها هەر سێ چەمکی هزر، خودێتی(خویشتن) و شوناس لەو دێڕە شێعرەدا بەشێكی دانەبڕاون لە گوفتومانی ئەو خودە کۆمەڵایەتییە. یان بەواتایەکی تر سێ چەمکی ناوبراو هەر یەک وەک لایەنێک یا سازەیەک لە پێک‌هاتەی خود خاوەنی گفتی تایبەت بەخۆیانن. گفتی خود لە قالبی هزردا ئارەزوو دەکا بۆ ژیانی ئازاد، گفتی خودێتی لە نیوەدێڕی دووهەم‌دا ڕاشکاوانە بەشێوەیەکی پرسیارمەند دەڵێ ئایا من گەلێکم دەوێ داماو و مات و خەمگین بێ؟ وڵامی پرسیارەکە زۆر ڕاشکاوانە هەر لە خودی پرسیارەکەدا هاتووە( شێوازی پرسیارکردنەکە ئەوەمان بۆ دەردەخا). گفتی شوناس لە پێک‌هاتە و مانای گشتیی ئەم دێڕە شێعرەدا بەرچاوە. خود سازەیەکە لێرەدا بەهۆی بوونی دیسکۆرسێکی ئینسان‌دۆستانە دوور لە دۆگماتیسم و نەتەوەپەرەستی خاوەنی شوناسێکی مرۆڤ‌دۆستانە و نەتەوەدۆستانەیە.

بەسرنج‌دان بە هەمووی ئەوانەی باس کرا، لە دەقی ئەو دێڕە شێعرەدا بۆ وەی خوێنەر بتوانێ دەرکی ئەو مەوزووعە بکا و هەمزادپێنداری بکا دەگەڵ ئەو دیسکۆرسە مرۆڤ‌دۆستانە و نەتەوەدۆستانەدا، لە نیوەدێڕی دووهەم‌دا لە چەمکی عاتیفە وەک یەکێک لە گرینگ‌ترین خسڵەتەکانی مرۆڤ و لایەنێکی هەست‌یاریی کەسایەتیی ئینسان کەڵکی پێویست وەردەگرێ؛ ڕەنگبێ ئەو ئامرازە(واتا عاتیفە) کە بەکاری هێناوە ئاکامی خوێندنەوەیەکی ڕەوانناسانە بووبێ کە شاعیر نیسبەت بە ئینسانی ڕۆژهەڵاتی(شەرقی) بەگشتی و کورد بەتایبەتی هەیبووە، چونکە عاتیفە لە ژیانی ئەو خەڵکانەدا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە. کەڵک‌وەرگرتن لە چەمک‌گەلی عاتیفی وەک داماو، مات و خەمگین لە چوارچێوەی پرسیاردا، خوێنەر هان دەدا بۆ وەی دەرگیری نیزامێکی عاتیفی بێ بۆ بەرقەرارکردنی پێوەندییەک لەسەر بنەمای مرۆڤ‌دۆستی. ئەگەر بەشێوەیەکی تێئۆریک هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ‌کرد چەمکی عاتیفە لەو دێڕە شێعرەدا لێک بدەینەوە، پێویستە بڵێین لەسەر ئەساسی تێئۆری ئەندێرسۆن و ڕوانینی ئانترۆپۆلۆژیک _ ڕەوانناسانەکەی ئەو، کە لەسەر ئەو باوەڕەیە عاتیفە لە ژیانگەی سەردەمی ئێمەدا مەفهوومێکە لە خزمەت مەسئەلەی لۆژیک(شناخت)دا. بەواتایەکی تر بەشێكە لە نیزامی لۆژیکیی ئینسانی ئەم سەردەمە. تەنانەت کاریگەرییان لەسەر چۆنێتی بیرکردنەوەش‌دا هەیە.

بەو پێیە و بەسرنج‌دان بە نیوەدێڕی یەکەم و سیستمی مرۆڤ‌دۆستانەی ئەو نیوەدێڕە، لە نیوەدێڕی دووهەم‌دا بە کەڵک‌وەرگرتن لەو مێتۆدە عاتیفییە پێوەندییەکی مەعریفی ساز دەکا لەنێوان شێعرەکە و پێک‌هاتەی زێهنی و ڕەوانیی خوێنەر. دیارە کەرەسە بنەڕەتییەکەشی بۆ بەرقەرارکردنی ئەو پێوەندییە کەڵک‌وەرگرتن لە مەفهوومە عاتیفییەکانە وەک داماو، مات و خەمگین بۆ بە ئاکام‌گەیشتنی مەسئەلەی لۆژیک لە خوێنەردا.

ئەو چەشنە لە داهێنانی دەق هۆکارێکی سەرەکی و بەهێزە بۆ شکڵ‌گرتنی دیسکۆرسی باس‌کراو بۆ وەدی‌هاتنی پڕۆسەی گۆڕانی زێهن لە چوارچێوەی نیزامێکی ڕەوانناسانەدا. ئەگەر سێ پرسی بێ‌نەزمی، کردەوە و گۆڕان بکەینە بنەما بۆ قۆناغەکانی گۆڕانی زێهن کە بریتی بوون لە ئیستدلال، بازئاوایی، و وەسفی سەرلەنوێی چەمکی بازائاوایی‌کراو، پێویستە بنەماکانی ئەو سێ پرسە لە دەقە شێعرییەکەدا بدۆزینەوە. پاشان قۆناغەکانی گۆڕانی زێهن دیاری بکرێن.

ئەو دێڕە شێعرە خاوەنی هەرکام لەو پرسانەن کە باسمان کرد. کاتێک شاعیر ئارەزوو دەکا هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی، تەنانەت ئینسانە ناحەز و دوژمنەکانیش دەکەونە نێو بازنەی ئارەزووی شاعیر کە خۆی لە خۆی‌دا جۆرێک نەزم و دیسیپلینی باو  تێک دەدا، چونکە مرۆڤ زۆر سەختە بەشێوەیەکی ئاسایی ئارەزووی باش بکا بۆ ئینسانە ناحەز و خراپەکان، تەنانەت لەوانەیە لە خراپ‌ترین حاڵەتی خۆی‌دا ئارەزووی لەناوبردنیشیان بکا. کە واتا چەشنێک بێ‌نەزمی لێرەدا لە ئارادایە. هەڵبەت بێ‌نەزمییەک لەسەر بنەمای نیزامی عاتیفی _ مرۆڤ‌دۆستی‌دا. پرسی کردەوە هەر لە کردارەکانی بەکارهاتوو لەو دێڕەشێعرەدا خۆی دەنوێنێ. کاتێک شاعیر دەڵێ ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی، کرداری ئارەزوومە کە لە حەقیقەت‌دا "ئارەزوو دەکەم" بووە بەشێوەیەک لە شێوەکان کردەوەیەکی ئینسان‌دۆستانە وێنا دەکا. پرسی گۆڕانیش لەسەر ئەساسی قۆناغەکانی گەیشتن بەو پڕۆسەیە بیچم دەگرێ(ئیستدلال، بازئاوایی و وەسفی سەرلەنوێی چەمکی بازائاوایی‌کراو).

هێمن لەو دێڕە شێعرەدا زۆر باش لە ئیستدلال کەڵکی وەرگرتووە. کاتێك گوفتومان دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئارەزوو دەکا گشت مرۆڤەکان بە ئازادی بژین و هەروەها لە ئارەزووی وەی‌دایە هیچ گەل و نەتەوەیەک بە ماتی و داماوی نەبینێ، وا دەردەکەوێ ئەو شێوازە لە بیرکردنەوە ئاکامی پڕۆسەیەکی درێژخایەنە کە لە کانگای ئیستدلالێکی قووڵ سەرچاوە دەگرێ، ئیستدلالێک کە ئاکامی ئەزموونەکانی ژیانگە(زیست‌بوم)ی شاعیرە. بەگشتی ئەو ئەندیشەیە مەحسوولی ناسینی هۆکارەکانی پێوەندی‌دار بە مرۆڤ‌دۆستی و هەڵسەنگاندنیان چ بەشێوەی تاک‌بەتاک و چ بەشێوەیەکی گشت‌گیر و هەمەلایەنەیە.

مەفهوومی بازائاوایی وەک لایەنی عاتیفی ئەو پڕۆسەیە لە ناخودئاگای مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێ؛ پەیامی ئەو دێڕە شێعرە بەتایبەت نیوەدێڕی دووهەم کە لەژێر هێژموونیی چەمکە عاتیفییەکان‌دا بازئاوایی دەکرێن نموونەی عەینی بە ئاکام‌گەیشتنی نیزامی عاتیفی _ مرۆڤ‌دۆستییە. بەهۆی وەیکە لە قۆناغی بازئاوایی‌دا لایەنەکانی عاتیفی بەرجەستە دەبنەوە، بۆیە ئەو دێڕە شێعرە لە نیوەدێڕی دووهەم‌دا بازئاوایی دەکرێتەوە یانی تاکی خوێنەر لە ڕێگای ئەو مەفهوومە عاتیفییانە دەگەڵ عامیلی گۆڕان کە سازەی خود(self)ی شاعیرە و جێگای متمانەیە پێوەندی بەرقەرار دەکا.

کاتێک نیوەدێڕی دووهەم بە کەڵک‌وەرگرتن لەو ئامرازە عامیلی گۆڕانی زێهنەکان دەدۆزێتەوە، بەجۆرێک لە ڕێچکەی تەقوییەت و وزەبەخشی و سەقامگیرکردنی نیوەدێڕی یەکەم‌دا هەنگاو دەنێتەوە، یانی بە واتای باس‌کراو چەمکی بازئاوایی‌کراو سەرلەنوێ و دووبارە بەشێوەیەکی تر وەسف دەکرێ؛ بۆیە وێناکردنی فۆڕمی و مانای شێعری نیوەدێڕی یەکەم، ئەو مەفهوومە ڕەوانناسانە لە قالبێکی ڕەوانناسانەدا وێنا دەکرێنەوە.

کۆبەندی باسەکان

سووژەی سەرەکی لەو وتارەدا لێدوان لەسەر چەندین پرسی گرینی تێئۆریک لە دێڕی بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنووی مامۆستا هێمن بوو. هەروەها هێنانە کایەی مەفهوومێکی نوێ لەژێر ناوی " دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی" لە قالبی خوێندنەوەیەکی ڕەوانناسانەدا لە بازنەی ئەندیشەیی هێمن‌دا ئامانجی بنەڕەتی و نەهایی ئەو وتارە بوو.  سەرەتا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ بکرێ، ئەویش وتارێکە کە پێشتر لە ساڵی 1384 دوو کەس بە ناوەکانی " مهبود فاضلی و معصومە شیرین علیزادە کلور" لە گۆڤاری "جستارهای زبانی"دا چاپیان کردبوو، ئەو وتارە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر شێعری سفر بە خیری شەفیعی کەدکەنی کە لە چوارچێوەی نیزامی عاتیفی‌دا ئەنجام دراوە. لەو وتارەدا نووسەران تەنیا باس لە نیزامی عاتیفی لە شێعری ناوبراودا دەکەن و ئیتر مژاری دیکە نەهاتووەتە بەرباس، بەڵام لەو وتارەی بەردەست سەرەڕای توێژینەوە لەسەر ئەو پرسە بە ئاوڕدانەوە سەر دێڕی بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنووی مامۆستا هێمن گوتاری ناوبراو خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ کراوە و ئەو نیزامە لە لێک‌دانەوەی تێئۆریک‌دا بەرەو چەمکێکی نوێ‌تر  بەنێوی " دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی" گوێزراوەتە. هێندێک گوزارەی نەزەریی نوێشی بۆ داڕێژراوەتەوە. ئەوە خاڵی وەرچەرخانە لەو گوتارەدا و بەپێی تەحلیلی ڕەوانناسانەی ئەو دێڕە شێعرەی هێمن مەوزووعییەتی پەیدا کردووە. لەو وتارەش‌دا ئەو پرسە لەسەر ئەساس و بنەمایەکی ڕەوانناسانە و مۆدێلەکانی نوێ و هەڵکەوتەی ڕەوانناسی بۆ خويندنەوەی دەقی ئەدەبی شڕۆڤە کرابوو. بۆ وەدی‌هاتنی وەها گوفتومانێکی گرینگ و دۆزینەوەی بنەما تێئۆری و فکرییەکانی ئەو دەستەواژە نوێیە، چەندین مەوزووعی گرینگ باس کرابوون. ئەو مەوزووعانە هێندێک بابەتی نەزەری و مەعریفییان بۆ دیاری کرا. ئەو بابەتانە بریتی بوون لە چەمکی عاتیفە و خوێندنەوەی ڕەوانناسانەی ئەو مەفهوومە، دیسکۆرسی مرۆڤ‌دۆستی لەپێوەندی دەگەڵ بنەما عاتیفییەکانی دێڕەشێعری بیستەمی شێعری فرمێسکی ڕنوو و پاشان پڕۆسەی بە ئاکام‌گەیشتنی گۆڕانی زێهنی خوێنەر لەسەر ئەساسی سێ قۆناغی دیاری‌کراوی ئەو پڕۆسەیە کە بریتی بوون لە: 1) ئیستدلال  2) بازئاوایی  3) وەسفی سەرلەنوێی چەمکی بازائاوایی کراو

بۆ هێنانە بەرباسی ئەو دیسکۆرسە نوێیە سەرەتا بنەما عاتیفییەکان لەو دێڕە شێعرەدا دۆزرانەوە و تەحلیل کران، پاشان تایبەت‌مەندییەکانی مرۆڤ‌دۆستی لەپێوەندی لەگەڵ دێڕەشێعری ناوبراو خرایە بەرباس و لێدوان. فاکتۆڕەکانی گۆڕانی زێهن لە قەوارەیەکی ڕەوانناسیی سەردەم‌دا یەکێکی تر لە سووژەکانی تەحلیلیی ئەو وتارە بوو. لە کۆتایی‌دا بە پشت‌بەستن بەو ڕەوت و پڕۆسە تێئۆرییانە مەفهوومی " دیسکۆرسی عاتیفی – مرۆڤ‌دۆستی" وەک مژارێکی گرینگی ڕەخنەی ڕەوانناسانەی دەقی ئەدەبی پێشنیار دەکرێ و هەروەها پێویستە وەکوو دیسکۆرسێکی نوێ لە تەحلیل و شرۆڤەی شێعری هێمن لەبەر چاو بگیرێ.  

 

 سەرچاوەکان

·         پایندە، حسین(1390)، گفتمان نقد، تهران، نشر نیلوفر

·         بر، وین(1394)، برساخت گرایی اجتماعی،  ترجمە: صالحی، اشکان، تهران، نشر نی

·         گاردنر، هوارد(1386)، تغییر ذهن‌ها، ترجمە: خرازی، کمال، تهران، نشر نی

·         یورگنسن، ماریان؛ فیلیپس، لوئیز(1389)، تحلیل گفتمان، ترجمە: جلیلی، هادی، تهران، نشر نی

·         سنت کلر، مایکل(1386)، درآمدی بر روابط موضوعی و روانشناسی خود، ترجمە: طهماسب، علیرضا ، علی آقایی، حامد، تهران، نشر نی

·   فاضل و شیرین علیزادە کلور، مهبود و معصومە(1393)، نظام عاطفی گفتمان در شعر سفر بە خیر شفیعی کدکنی با رویکرد نشانە_ معناشناختی، دوماهنامە جستارهای زبانی، فروردین و اردیبهشت 1394، صص 205 الی 228

 

سەرچاوەی لاتین

E.N.Anderson,2010.Emotion, Motivation, and behavior in cognitive Anthropology. University of Cambridge.