تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۱۷
شۆڕا .. بژاردەیەک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی یا تاڵانکاری
ئەرسەلان بورنا



هەڵبژاردنەکان یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکی و بەهێزەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ گەیشتن بە ماف و داواکارییەکان و وەدی هێنانی ئەوان بە هەژمار دێ. ئەم بابەتە لە ئێران سەرەڕای تەواوی کەموکووڕی و خاڵە نەرێنییەکانی بەڵام لە سەر ناوی کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی و باش لە گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی درووست بکات، بە تایبەت لە هێشتادا دەتوانێ زۆرترین کاریگەریی لە سەر سیاسەتەکانی حکوومەت و گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگا پێک بهێنێ.

هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆڕای شار و گوندەکان کەمتر لە دوو مانگی دیکە بەڕێوە دەچێ کە لە گەڵ سەرنجدان بە پەیهات و ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم دوو هەڵبژاردنە دەکرێ کاریگەریی و ئاکامەکانیان بە باشی شرۆڤە و هەست پی بکەێن. لەم ڕوانگەوە، بە هۆی ناکارامەیی دەوڵەتە بە دەسەڵات گەیشتووەکان و وەدی نەهاتنی ئامانجەکانی خەڵک پێداویستە وێڕای هەستیارییەکی زۆر نزیکایەتی و هەڵسوکەوتی لە گەڵ هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان بکرێ. کەواتە، ئاماژە پێدان بە هیندێک پێوەر و پێناسەی دیاریکراو بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە سەر بنەوانی هەڵبژاردن، بەربژێر و بژاردەکان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ڕوو لە گەشە پێداویستە.

خەڵک بەدرێژایی نزیک بە دوو دەیە لانیکەم لە خولەکانی پێشوودا نیشانیان داوە کە بژاردەکان و دەنگی ئەوان لە سەر بنەمای بنەماڵەیی و عەشیرەگەریی دامەزراوە. هەڵسوکەوتێکی لەم چەشنە بێ بایەخی هەڵبژاردنەکان و ناکارامەیی نوێنەرانی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەردەخات. ئەم شێوە تێڕوانینە بۆ هەڵبژاردن لە ئاستی کۆمەڵگادا مەترسیدار و جێی تێڕامانە کە دەبێ خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنەتری بۆ پێک بێ. لە ڕاستیدا، ئەگەر هاووڵاتییان بتوانن کەسانی کارناس و شارەزا بۆ خۆیان و هاوشارییانیان هەڵبژێرن و دەست لە هەڵبژاردنێکی لۆژیکی لە ڕووی ئاگایی سیاسی بدەن وەرچەرخانێکی باش لە ڕێوەبەرایەتی و پێشکەوتنی شار و گوندەکان ڕوو دەدات. لەم ڕوویەوە، لە ئاستی نێوخۆیی ئێران و بە لەبەرچاو گرتنی سیاسەتەکانی دەوڵەتان و حکوومەتی ناوەندی؛ هەڵبژاردنەکانی شۆڕای شار و گوندەکان یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەردانێرترین بژاردەکانی دەنگدەران و کۆمەڵگای مەدەنییە کە نابێ بە سادەیی چاوپۆشی لێ بکەین.

ڕەنگە ڕاشکاوانە بتوانین باس لەوە بکەین کە شۆڕای شار و گوندەکان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دەنگی شەقام و کۆمەڵگای مەدەنی دەکەن. هەر بۆیە، شۆڕاکان لە ئاستی ئێران باشترین تەبایی و نزیکایەتییان لە گەڵ ڕێکخراوە و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەیە کە پێناسەکەری دەنگی بەهێزی دەنگدەرانن. ئەم مژارە بە باشی دەتوانێ داهاتووی شار، شارەوانی، گەڵاڵە خزمەتگوزارییەکان و ... بخاتە ژێر گاریگەریی خۆیەوە. بە واتایەکی دیکەوە، شۆڕاکان تەنیا ڕێکخراوەی دەستڕۆیشتوو و مەدەنی _ و هەتا ڕادەیەک سیاسین _ کە خەڵک و کۆمەڵگا بۆ وەدی هێنانی داخوازییەکانیان دەتوانن پشتیان پێ ببەستن.

لەم خولەدا هاوشێوەی خولەکانی پێشوو کەسانی خاوەن بیر و باوەڕە جیاوازەکان بەشداری گۆڕەپانی بانگەشەکانی هەڵبژاردن دەکەن تاکوو نوێنەرایەتی سیاسەت و گەڵاڵەکانی خۆیان بکەن. کەواتە، بوونی تێڕوانینە جیاوازەکان ڕەهەندی ئەرێنی دەبێ کە گرینگە بۆ ڕێوەبەرایەتی داهاتووی شار _ و تەنانەت پێشەڕۆژی شۆڕای شار و گوندەکان وەک قەوارەیەکی بەهێز لە ئاستی کۆمەڵگا _ دەست لە بژاردەیەکی باش بدەین. بە دڵنیایی بە دەسەڵات گەیشتنی کەسانی بەرژەوەندیخواز کە ئەم بەرپرسایەتییە وەک کار و پیشەیەکی پڕ سوود بۆ خۆیان و بنەماڵەیان دەزانن قورساییەکی زۆر و پەیهاتی نەرێنی بۆ تاک و کۆمەڵگا لێ دەکەوێتەوە.

خولەکانی دیکە لە ساڵانی ڕابردوو پێناسەکەر و نیشاندەری ئەم ڕاستییە بوونە کە لە ئاکامی خراپ بە کار هێنانی دەنگەکانمان خەسارێکی مادی و مەعنەوی زۆرمان لە پێگەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگا بە گشتی داوە. ئەم پرسە بە ڕوونی دەری دەخات کە لە سەر کورسی شۆڕاکان کەسانێک لە لایەن ئێمەوە داسەپێندراوە کە بەرژەوەندی تاکەکەسی و پڕ کردنی گیرفان لە سەرووی بەرژەوەندی گشتی خەڵک و شار جێگەی گرتووە. لەم ڕوویەوە، لە سەر ناوی کۆمەڵگای مەدەنی پێداویستە هەڵبژاردنی نوێنەران لە گۆڕی پێوەرە دیار و دیمۆکراتیکەکان پێک بێ هەتا بژاردەیەکی باوەڕ پی کراومان ببێ. بە پێی ئەم تێڕوانینە بەشداری خەڵک لە گۆڕی ناسینی ئەوان لە بەستێنەکانی ڕێوەبەرایەتی، چاندی، ئابووری و کۆمەڵایەتی یەکجار گرینگە کە دەتوانێ وەڵامدەری داخوازییەکان و هۆکاری گەشەی کۆمەڵگاش ببێ.