تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۱۷
مامۆستایه‌کی ناسراوی کورد له‌ مه‌شهه‌د کۆچی دوایی کرد
دوکتور ئه‌فزه‌ل وسوقی، مامۆستای زانکۆی فرده‌وسی مه‌شهه‌د له‌ به‌شی زمانی فه‌ڕه‌نسی, کۆچی دوایی کرد.

به‌ ڕاپۆرتی هاژە لە گێڕانەوە لە مێهر، دوکتور ئه‌فزه‌ل وسوقی، وه‌رگێڕی ناسراو و مامۆستای زانکۆی فرده‌وسی مه‌شهه‌د له‌ به‌شی زمانی فه‌ڕه‌نسی، کۆچی دوایی کرد.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، ئه‌م مامۆستایه‌ له‌ دایکبووی ساڵی ۱۳۱۴ی شاری سه‌قز بوو که‌ زیاتر له‌ ۶۰ ساڵ وانه‌ی زمانی فه‌ڕه‌نسی و وانه‌کانی وه‌رگێڕانی له‌ زانکۆ به‌ناوبانگه‌کانی ئێران ده‌وته‌وه‌. ئه‌و هه‌روه‌ها له‌ به‌شی زمانی فه‌ڕه‌نسیدا چه‌ندین کتێبی زانستی بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه‌.

گرنگ ترین کتێبی دوکتور وثوقی کتێبی "هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌ وه‌رگێڕاوه‌کان"ه‌، ئه‌م کتێبه‌ له‌ میانه‌ی چه‌ند ساڵ ئه‌زموونی وه‌رگێڕان له‌ لایه‌ن دوکتور وسوقیه‌وه‌ نووسراوه‌ و له‌ ئێستادا وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی وانه‌ وتنه‌وه‌ له‌ به‌شی ماسته‌ری وه‌رگێڕان له‌ زانکۆکانی ئێران ده‌وترێته‌وه‌، له‌م کتێبه‌دا دوکتور وسوقی هه‌وڵی داوه‌ دوایین خاڵ و بۆچوونه‌ زانستییه‌کانی جیهان له‌ سه‌ر کاری وه‌رگێڕان بخاته‌ به‌رده‌ست.

به‌ گشتی ئه‌م مامۆستا کورده‌ زیاتر له‌ ۴۰ کتێبی له‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی و ئینگلیزیه‌وه‌ کردووه‌ به‌ فارسی و چه‌ندین وتاری سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌ی وه‌رگێڕان و زمان ناسی له‌ چاپ داوه‌.

هه‌روه‌ها تێزی دوکتورای ئه‌م مامۆستا کورده‌ له‌ زانکۆی پاریس له‌ سه‌ر زمانی کوردی و زاراوه‌ی سۆرانی بووه‌.