تاریخ: ۱۴۰۵/۴/۱۸
لە دەنگی دەهۆڵەوە تا بێدەنگیی ویژدان

زەماوەند لە فەرهەنگی کوردیدا هەمیشە زیاتر لە یەک مەراسیم بووە؛ نیشانەیەک بووە لە خۆشی، هاوبەشی، نزیکبوونەوەی دڵەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە ژیان. لە بیرەوەریی کۆنەکانماندا، زەماوەند بە سادەیی، بە خۆشەویستی و بە کۆبوونەوەی خەڵک جوان بوو، نە بە زۆری خەرجی و پیشاندانی سامان.

بەڵام ئەمڕۆ، لە ژێر کاریگەریی هەندێک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، هەندێک جار ئەو مانایەی ڕۆژانی پێشووی لەدەست داوە. ئەوەی دەبێت جێژنی ژیان بێت، دەگۆڕدرێت بۆ پێشبڕکێی خەرجکردن؛ ئەوەی دەبێت هۆکاری خۆشی بێت، دەبێتە هۆی فشار، قەرز و نیگەرانی.

کاتێک مرۆڤ لە خەڵک زیاتر دەترسێت تا لە ویژدانی خۆی، ئەوە سەرەتای ونبوونی فەرهەنگە.

ئەم وتارە دژی شادی، دژی میوانداری یان دژی نەریتی کۆمەڵگاکەمان نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە خۆمان بپرسین: لە کاتێکدا ژیان بۆ زۆر کەس قورس بووە، ئایا پێویستە پێوانەی ڕێز و شکۆمان بە خەرجییەکانی یەک شەو بپێوین؟

ڕەنگبێ کاتی ئەوە هاتبێت لە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا کەمێک دوور ببینەوە و گوێ لە دەنگێکی بێدەنگ بگرین؛ دەنگی ویژدان.

مەهاباد، ئەو شارەی بە فەرهەنگ، ڕەسەنایەتی، سادەیی و کەرامەتی خەڵکەکەی ناسراوە، ئەمڕۆ لە هەندێک مەراسیمی زەماوەنددا گەیشتووە بەو ئاستە کە تەنها بۆ چەند کاژمێر بۆتە گۆڕەپانی پێشبڕکێی تەجەمول، خۆنواندنی سامان و چاولێکەری و بووەتە شانۆی پیشاندانی دەوڵەمەندی و «من لە تۆ زیاترم هەیە».

تەنانەت ئەگەر ئەو شەوە بە نرخێکی قورس و بە قەرز و قۆڵە تەواو ببێت!

وێدەچێ مەبەستی زەماوەند ئیدی دامەزراندنی ژیانێکی هاوبەش نییە؛ بەڵکوو پیشاندانی سامان و توانای خەرجکردنە.

هەر خێزانێک هەوڵ دەدات هۆڵەکەی گەورەتر بێت، جلەکەی گرانتر، زێڕەکەی زۆرتر، ئۆتۆمبێلەکەی لوکس‌تر و سفرەی خواردنەکەی ڕەنگاوڕەنگتر لە خەڵکی تر. ئەم پێشبڕکێیە بە ئاستێک گەیشتووە کە هەندێک خێزان بۆ تەنها چەند کاژمێر، ساڵانێک لە ژێر باری قەرز و وام دەژین.

ئازاربەخشترین دیمەن ئەوەیە کە دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە دەبینرێت؛ مێز و سینییە پڕ لە خواردنی دەست‌لێنەدراو ڕاستەوخۆ فڕێ دەدرێنە ناو زبڵ؛ لە کاتێکدا هەزاران خێزان لەو شارەدا ناتوانن سفرەیەکی سادە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.

ئەمە بەخشندەیی نییە؛ ئەمە ئیسراف و لەدەستدانی ویژدانە.

 

لە بارودۆخێکدا کە گرانی، بێکاری، هەژاری و دابەزینی هێزی کڕین تەنگی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەڵچنیوە، ئایا خەرجکردنی سەدان ملیۆن یان ملیاردها تمەن بۆ شەوێک، شانازییە یان بێئاگایی لە ئازاری کۆمەڵگا و هەژاری کلتووری؟

لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ئەم کولتوورە گەنجان دەکاتە قوربانی. زۆر لە کوڕ و کچان نەک لە ترسی هاوسەرگیری، بەڵکوو لە ترسی خەرجییە زۆرەکان و چاوەڕوانییە نادروستەکانی کۆمەڵگا، هاوسەرگیری دوا دەخەن. بنەماڵەکانیش بۆ پاراستنی «ئابڕوو»، سامان دەفرۆشن، وام وەردەگرن و ساڵانێک لە ژێر باری قەرز دەمێنن، تەنها بۆ ئەوەی لە چاوەڕوانیی خەڵکدا کەمتر دیار نەبن.

کێ ئەم پێشبڕکێیەی دەست پێ کرد؟ و گرنگتر لەوە، کێ دەیەوێت کۆتایی پێ بهێنێت؟

ئایا بەهای مرۆڤ بە ژمارەی جۆری خواردن، قورسایی زێڕ، نرخى جل یان گەورەیی هۆڵ دیاری دەکرێت؟ ئەگەر وەها بێت، ئیتر شوێنی ئەخلاق، ڕەوشت، زانست، متمانە و کەرامەتی مرۆڤ لە کوێیە؟

کۆمەڵگایەک کە بەهای مرۆڤ بە نرخى مەراسیمێکی یەک شەو هەڵدەسەنگێنێت، بێگومان نرخێکی گەورە دەدات؛ ئەو نرخەش چوونە سەری تەمەنی هاوسەرگیری، بێهیوایی گەنجان، فراوانبوونی چاولێکەری و لەبیرکردنی بەها ڕەسەنەکانە.

فەرهەنگی کوردی هەمیشە لەسەر کەرامەت، قەناعەت، سادەیی، بەخشندەیی و ڕێز بۆ مرۆڤ دامەزراوە، نەک لەسەر ئیسراف و خۆنواندن. پیاوان و گەورە پیاوانی ئەم خاکە هەرگیز ڕێزی مرۆڤیان بە زێڕ و پارە هەڵنەسەنگاندووە؛ بەڵکوو بە ڕەوشت، وشەی ڕاست و دڵپاکی.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە دڵێکی بەهێز «نەخێر» بە ئەم تەجەمولپەرستییە نەخۆشە بڵێین. دەبێت هاندەری گەنجان بین بۆ ئەوەی بە سادەیی هاوسەرگیری بکەن و هەست بە کەمی نەکەن. دەبێت خێزانەکان لە خەرجکردن پێشبڕکێ نەکەن، بەڵکوو لە ئەخلاق، هاوکاری و پشتگیریی ژیانی هاوبەشی گەنجان پێشبڕکێ بکەن.

شانازی بە هۆڵێکی گرانبەها و سەرسام بوونی خەڵک نییە؛ شانازی بە ماڵێکە کە پڕ بێت لە خۆشەویستی، ڕێز، ئارامی و متمانە.

با لە جیاتی ئەوەی بپرسین: «زەماوەندەکە چەند خەرجی برد؟»، بپرسین: «ئەم خەرجییە چەند گەنجی لە هاوسەرگیری دورتروو کرد؟ چەند خێزانی ژێر باری قەرز برد؟ و چیها خواردن تەنها بۆ چەند کاژمێر خۆپیشاندان فڕێ درا؟»

ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە نیگەرانمان ناکات، ئەوا دەبێت لە داهاتووی کۆمەڵگاکەمان بترسین.

تەجەمول نیشانەی کەڕامەت و فەرهەنگ نییە؛ ئیسراف شانازی نییە؛ و خۆنواندن هەرگیز جێگای ڕەسەنایەتی ناگرێتەوە.

کۆمەڵگای بەهێز بە خەرجییە گەورەکان دروست نابێت؛ بە بەها گەورەکان دروست دەبێت.