گەیاندنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی وەک جادەی ئەسفاڵت بۆ گوندەکان، نەک تەنیا مافێکی سەرەتاییە، بەڵکوو گرینگترین هۆکارە بۆ گەشەی کشتوکاڵ و مانەوەی گوندنشینان لە سەر زێدی خۆیان. پشتگوێخستنی چەندین ساڵەی پڕۆژەی ئەسفاڵتکردنی ڕێگای باگردان تا قەڵات سنان، لەگەڵ دروشمەکانی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکاندا یەکناگرێتەوە.
دەقی پەیام و گلەیی هاووڵاتیی دانیشتووی ناوچەکە:
«سڵاو و ماندوو نەبن بۆ کاناڵی هاژە. ڕێگای "باگردان تا قەڵات سنان" چەندین ساڵە بڕیارە و بەڵێنیان داوە ئەسفاڵتی بکەن، بەڵام داخی گرانم تا ئێستاش هەر بە نیوەچڵی و بەڵێنی بێکردار ماوەتەوە!
دۆخی جادەکە زۆر زۆر ناخۆش و خاپوورە؛ چاڵ و چۆڵی و دۆخی خراپی ڕێگاکە ژێروبەندی ئۆتۆمبێلەکانی لێ بڕیوین و هاتوچۆی ڕۆژانەی گوندنشینانی تووشی کێشەی جیدی کردووە. تکایە ئەم دەنگەمان لە هاژەدا بڵاو بکەنەوە، بەڵکوو بەرپرسانی ڕێگاوبان پڕۆژەکە لە کۆما دەربهێنن و ئاوڕێک لەم ناوچەیە بدەنەوە».
١۴٠۵٫٠۴٫١۱