پووشپه‌ڕی ئه‌م ساڵ له کاتێکدا یاد و بیره‌وه‌ری کیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت وه‌ک کاره‌ساتێکی دڵته‌زێنی له‌بیرنه‌کراو ده‌که‌ین که وه‌یشوومه‌ی کوندی مێنروای شه‌ڕ به‌سه‌رماندا ئه‌فرێ.
دیارە به درێژایی مێژوو ئێمه به گیان و خوێنی خۆمان باجی ئه‌و شه‌ڕانه‌مان داوه که له هه‌ڵایسان و کوژانهوهیاندا ڕۆڵێکمان نه‌بووه. هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی دور و درێژ و پڕ هه‌وراز و نشێومان ده‌ریده‌خا که له خوێن و قوڕبانیداندا هه‌میشه مه‌ڵڵا بووین و پشکی شێرمان به‌رکه‌وتووه! له گه‌شه و ئاوه‌دانی و ڕابۆاردنیشا هه‌میشه قڕه بووین. له‌م به‌ستێنه‌دا، سه‌رده‌شت زامێکی کۆن و برینێکی دهرماننهکراوه.
گه‌لێک ئهتۆانێ برینه‌کانی ساڕێژکات که کاره‌سات بکا به پردێک بۆ ده‌ربازبوون له گه‌نداو و بازنه‌ی بێ کۆتایی دووپات و سێپات بوونه‌وه‌ی کاره‌سات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه له‌بیرکردنی کاره‌سات، له‌بیرکردنی مێژووه. له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که مرۆکان، به جۆرێک ئاوێته و ئاوێزانی کاره‌سات ده‌بن که بێ کاره‌سات ژیان بۆیان تێپه‌ڕ نابێ. نزێکبوونهوهیهکی عاتیفی و سۆزدارانه. ئاوێزان بوونێکی لێوڕێژی هه‌ست و شوور و خۆشه‌ویستی. پێداههڵکوتنێکی عیرفانی. بۆچوونێک بۆسه‌لماندنی به قوڕبانی بوون. نزێکبوونهوهیهک بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کانی له بازنه‌ی نه‌گریسی دووپات بوونه‌وه‌یه‌کی بێ‌کۆتایی کاره‌سات گێژ بخۆن. بێگومان کورد یه‌کێک له‌م نه‌ته‌وه ده‌گمه‌نانه‌یه! که درێژایی مێژوویی لێوڕێژی کاره‌ساته! کاره‌سات دۆای کاره‌سات. تراژدیا دۆای تڕاژدیا. هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌م ئاقاره‌دا بڕۆا، ئیتر تڕاژدیا بۆی ئه‌بێ به گاڵته، به فشه و به ته‌نز. له بازنه‌ی ڕه‌شی دووپات بوونه‌وه‌دا، تڕاژدیا و کاره‌سات، هێنده ئاسایی ده‌بێته‌وه که ئیتر هێزی ئه‌ژنۆی نامێنێ بۆ تاودان و گه‌ش کردنی کۆمه‌ڵکا به‌ره و دۆخێکی تازه یان دۆخێکی دوور له کاره‌سات. له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، کاره‌سات له‌وانه، کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفاڵ، سه‌رده‌شت و هتد. به‌کارهێنراوه بۆ ئیسباتی بهقۆڕبانی بوونمان. بۆ دڵنوایی و دڵبهزهییکردنی بکووژان و تاوانباره‌کان نه‌ک وه‌ک حه‌ولێکی بکه‌رانه بۆ قرتاندنی بازنه‌ی کاره‌سات یان بۆ پیتاندنی هێزێکی به لێشاو بۆ ده‌ورگێڕانێکی بکه‌رانه و ئیجابی بۆ به‌ره‌نگاری و خۆڕاگری و به‌گژداچوونه‌وه‌ی کاره‌سات و تڕاژدیا. له ڕاستیدا جیهانی واقع له سه‌ر بنه‌مای هێز و ده‌سه‌ڵات خول ده‌خوا و هیچ شێعر و هه‌نار و ماچێکیش ناتۆانێ پێش به گوولله بگرێ. کورد بۆ جارێکیش بێ ده‌بێ ڕۆژێک له خه‌ون و خه‌یاڵی سازدانی یه‌کلایه‌نی جیهانێکی پڕ کۆتر و شێعر و خۆشه‌ویستی و ماچ و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ ڕابێت و له گه‌ڵ جیهانی گڵاو و ڕه‌ش و تاریک و لێڕه‌واری پڕ ترس و تۆف که ته‌نیا هێز و بێمتمانه‌یی تێیا باوه، ڕوبه‌ڕوو بێته‌وه. ئه‌مه‌ش به واتای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ژیرانه‌یه له گه‌ڵ قه‌ده‌ر و چاره‌نووس. حهولدانێکه بۆ نوسینه‌وه‌ی قه‌ده‌ر. ڕابوونێکی تاڵه و خوێناویه دژبه خودایان. به‌ده‌ر له‌م هه‌ڵوێسته، هه‌ر جۆره حه‌ز و خواستێک بۆ به‌کۆتاییهاتنی کاره‌سات، خۆی کاره‌ساتێکی گاڵته‌جاڕانه‌یه.