تاریخ: ۱۳۹۶/۱/۱۲
وەرزشوانێکی کورد بانگهێشتی یانەی ڕاکردنی ئێران کرا
میلاد سەیار وەرزشوانی سنەیی بە مەبەستی بەشداری کردنی لە کێبەرکێکانی ئاسیا و وڵاتانی موسوڵمان بانگهێشتی یانەی نەتەوەیی ڕاکردنی ئێران کرا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هاژە بە گێڕانەوە لە مێهر، ڕێکخراوی یانە نەتەوەییەکانی ئێران بە مەبەستی ئامادە بوون بۆ بەشداری کردن لە کێبەرکێی ڕاکردنی ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی خولی پێنجەمی ئامادەکارییەکان بەڕێوە دەبات.

لەم قۆناغەدا، ١٢ وەرزشوانی ڕاکەر بانگهێشت کراون تاکوو بەشداری خولی کۆتایی ئامادەکارییەکان بۆ بەشداری لەم کێبەرکێیانەدا بکەن.

لەم نێوانەدا میلاد سەیار، وەرزشوانی ناسراوی کورد بۆ بەشی کێبەرکێی هەڵاتنی ١١٠ مەتری یانەی نەتەوەیی گەورەساڵانی ئێران بانگهێشت کراوە.

سەیار تاکوو ئێستە چەندین میدالیای زێری لە ئاستی ناوخۆیی ئێران و دەرەوەی ئێران بە دەست هێناوە.

ئەم ئۆردۆی ئامادەکارییە لە میانەی ڕۆژانی ٤ی خاکەلێوە بۆ ٢٢ خاکەلێوە بەڕێوە دەچێت و ئامادەکارییەکان لە ژێر چاودێڕی فەردین محەمەدزادە، ڕاهێنەری ناسراوی کورد و ڕەزا ئەبولفەتحی بەڕێوە دەچێت.