تاریخ: ۱۴۰۴/۹/۱۴
ماموستایەکی دڵسۆز
سەیید محەممەد سەمەدی
"عەلی کەفاشی ئەسڵ" ساڵی 1321ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. باوکی عەبدوڵڵا ناسراو بە ئاغابەگ لە تاجرانی بەناوبانگ و خێرخوازای شار بوو.
 خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری مەهاباد تەواو کرد. ساڵی 1344 لیسانسیی عولوومی تەبیعیی لە زانستگای تاران وەرگرت. هەر هەمان ساڵ لە مەهاباد وەک مامۆستای قوتابخانە دەستی بە کار کرد و هەتا ساڵی 1375 کە خانەنشین کرا سەرقاڵی تەدریس لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بووە. لەو ماوەیەدا دوو ساڵ لە بۆکان بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوروشی کەبیر بووە. دوای خانەنشینیش هەتا ساڵی 1387 بەردەوام بووە لە واتە گوتنەوە لە قوتابخانە ئەهلییەکانی مەهاباد. عەلی کەفاشی، بەر لە شۆرشی سێ جار، لە لایەن وەزیری پەروەردەی ئەو کاتەی ئێران بە نووسراوە خەڵات کراوە و چەندین جارێش بۆ هەڵسەنگاندنی کتیبە دەرسییەکان لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە پرس و ڕای پێکراوە. ناوبراو ماوەی 1200 کاتژمێر فێرکاریی هاوکات لە گەڵ خزمەتیی هەبوو کە ئەوە هاوسەنگیی فەوقی لیسانس پیناسە دەکرا.
ساڵی 1356 وەک ئەندامی ئەنجومەنی شاری مەهاباد هەڵبژێردرا. ساڵی 1366 تا 1380 لە زانستگای ئازادیی ئیسلامیی مەهاباد وەکوو سەرۆکی گشتیی تاقیگەکانی ئەو زانستگایە هاوکاری کردوون و دەستێکی باڵای هەبووە لە دامەزراندنی ڕشتەکانی کەشاوەرزی و پەرستاری و... عەلی کەفاشی بۆ ماوەی نزیک بە 50 ساڵ یارمەتیدەری خوێندکارانی شاری مەهاباد بووە. هەم لە بواری تەدریس و هەم وەک و ڕاوێژکار بۆ هەڵبژاردنی ڕشتەکانی خوێندنی باڵا. عەلی کەفاشی ئەسڵ، ڕۆژی دووشەممە 10ی سەرماوەزی 1404ی هەتاوی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی باخی فیردەوس بە خاک سپێردرا.