بە نێوی خوای تاک و تەنیا، سڵاو و ڕێزم هەیە لە خزمەت ئامادە بووانی بەڕێز و سەرەخۆشی و پرسەم هەیە لە خزمەت بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دوکتۆر موحەممەد فازڵی.
ئەم کوردستانە، هەر لە موکریان، ئەڕدەڵان و بابانەوە تا جزیر و بۆتان، بە ئاوایی، شار و شارۆچکەکان، هەزاران هەزار، زانا، بلیمەت و کەسایەتیی خۆنەویست و گەلویستی لەخۆ گرتووە. مەڵبەندی شاعیران، نووسەران، سیاسەتوانان، وێژەوانان و ڕاڤەکارانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە. نازانم ناوی کام زانا و کام ناوچە و کام شار بێنم، تەنیا ئەم هۆنراوەی مامۆستا پەشێو دەێتەوە بیر کە دەڵێ:
کە وەفدێ دەچێتە شوێنێ،
بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون،
تاجەگوڵینەیەک دێنێ
ئەگەر سبەی وەفدێک بێتە وڵاتی من،
لێم بپرسێ:
کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟
دەڵێم:
گەورەم!
لە کەناری هەر جۆگەیێ،
لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ،
و...
لەم وڵاتە
مەترسە!
کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ...
بنەماڵەی فازڵی
یەکێ لەم کەسایەتییانە، خوالێخۆشبوو، پڕۆڤسۆر “د.موحەممەد فازڵی”یە، بنەماڵەی بەڕێزیان، شەش پشتیان مەلا و زانای ئایینی بوونە، لەم کۆڕە زۆر باس لە کەسایەتیی د. فازڵی کرا، گەلێ جار بۆتە هۆی ئەمە، باوکی بەڕێزیان، خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا ئەحمەد فازڵی بخرێتە پەراوێز. من پێمخۆشە بەر لە لێدوان لە سەر کەسایەتیی د. موحەممەد فازڵی ئاوڕدانەوەیەکی کورتم هەبێ لە سەر باوکیان؛ باوکی ناوبراو، واتە مامۆستا مەلا ئەحمەد فازڵی بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ناوچەی بانە و سەقز، ڕوودەکاتە شاری مەهاباد، لای سێ مامۆستای زانا لە مەهاباد دەخوێنێ، بەڕێزان: مامۆستا مەلا عەبدوڕەحمان ساوجبڵاغیی فازڵی، کە لە عیشقی وی پاشناوی فازڵی بۆخۆی هەڵبژاردووە، هەر وەها لەگەڵ زانا و بلیمەت، ئەحمەد تورجانیزادە، لای عەللامە مامۆستا مەلا موحەممەد قزڵجی ـ کە هەر دووک، واتە مەلا ئەحمەد تورجانیزادە و عەللامە قزڵجی برابوونە ـ درێژە بە خوێندن دەدات. بەر لەشەری یەکەمی جیهانی، لەم مزگەوتەی من لێی مەلام، واتە مزگەوتی هەباسئاغا، لەگەڵ دوو فەقێی تر بە ناوەکانی مامۆستا مەلا ساڵحی ئەییووبی و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا خالیدی(ئەییووبی) ـ بە هەڵکەوت ئەمانەش برا بوونە ـ لە خزمەت زانای موکریان، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای بوڕهانی، مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ. ئەم زانیارییەم، ئەمشۆ لە مامۆستا مەلا خالید خالیدی بەرپرسی پێشووی ئەوقافی مەهاباد وەرم گرتووە.
مامۆستا مەلا ئەحمەد دوای تەواو کردنی زانستەکان و مۆڵەتی مەلایەتی، دەگەڕێتەوە ناوچەی سەقز و سەرقاڵی تەدریس و وانە وتنەوە دەبێ، زانستی دەگاتە ڕادەیەک، کە پەراوێز لەسەر هەندێ کتێبە ئەستەمەکانی ناو فەقێیان بنووسێ.
مامۆستا مەلا ئەحمەد، لە شەڕی یەکەمی جیهانی دژ بە ڕووسی داگیرکەری وڵات و نیشتیمان، لە پەنای قەڵەمبەدەستی، ئەسڵەحە لە دەشان دەکا و لە بەرامبەریان دا بوێڕانە ڕادەوەستێ و خەبات دەکا.
کەسایەتیی د. موحەممەد فازڵی
ـ یەکەم جار، 11ـی بەفرانباری 1385ی هەتاوی لە “هەمایشی کۆڕی ڕێزگرتن لە عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان” لەگەڵ نێوی دوکتۆر فازڵی ئاشنا بووم، وتاری بەڕێزیان لە لایان پێشکەشکار خوێندرایەوە، خاڵێکی سرنج ڕاکێشەر کە گێڕانەوەکەی خاڵی لە لوتف نییە، وتارەکە بە فارسی بوو، بەڕێزیان ئاماژەی فەرموو بوو:« نزد استا احمدیان “تَتَلمُذ“ کردهام»؛ پێشکەشکار وای خوێندەوە، هەندێ لە خوێندکاران و ئامادەبووان، دوای خوێندنەوەی دەقی وتارەکه، بە پێشکەشکاریان کوت: ئەمەت، هەڵە خۆێندەوە. تتلمذ نیە، بەڵکە “تَلمُّذ”ـە و ڕاستی کەوە، ئەویش لە بڕگەەکی تری بەرنامەکە، کوتی خۆ ئەمیش دەزانم “تلمّذ”ـە، بەڵام چ بکەم کە «تتلمذ» نووسراوه؛ بەڵێ دوکتۆر ڕاستی نوسیبووە، “تتلمذ” و فێعلی ڕوباعی مەزید و بەر وەزنی تەفەعلوولە وەک تەدەحڕوج، ئێمە بە هەڵە دەڵێین «تلمّذ» کە هەڵەیەکی باوە.
دوکتۆر فازڵی زانستی گەلێ لەسەر بووە و ساڵی 1379ـی هەتاوی پلەی پڕۆڤسۆری وەرگرتووە.
ـ جاری دووهەم لە ڕێگای کڕینی ئەم پەڕتووکە ناوازە لە زانستی بەلاغە، لە ژێر ناوی “دراسة و نقد فی مسائلَ بلاغیّة هامّة”، ئەم کتێبە لە زانستگاکانی ئێران وەک سەرچاوە سەیری دەکرێ، سەرەڕای شڕۆڤەی زانستی بەلاغی، هەندێ بیر و بۆچوونی جیاوازی خۆشی تێدا هێناوەتەوە.
ـ جارێ سێهەم پارەکە لە ڕێگای پێوەندی تەلێفوونی، کاتێ خۆم پێناساند و ئاماژەم بە ناوی مزگەوتی هەباسئاغا کرد؛ باسیان لە باوکی و مامۆستاکەی باوکی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا بوڕهانی کرد.
بەڕێزان! مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا بوڕهانی ساڵی 1265ی هەتاوی لەگەڕەکی ڕزگەیان لە سابڵاغ هاتووەتە دنیا، ئەو کاتە منداڵ بوو، بابی واتە مەلا حەسەن، مەلا و مودەڕڕیسی مزگەوتی قازی لە میحڕاب شەهید کرا.
مەلا عەبدوڵڵای بوڕهانی لای مەلا وەسیمی سەردەشتی خوێندنی دەست پێکردوە، دوایی چۆتە کوردستانی عێڕاق و لای مەلا ئەبووبەکر هەولێری، ناسراو بە “مەلا گچکە” مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. هاتۆتەوە لە مەهاباد و مزگەوتی هەباسئاغای سابڵاغ خەریکی دەرس کوتنەوە بووە. ماوەیەک چۆتە پەسوێ و ساڵی 1315ی هەتاوی لە مەهاباد کۆچی دوایی کردوە. بڕوانە: [مێژووی زانایانی ئایینی موکریان، محەممەد ئەحمەدیان، ل 179]
دوکتۆر موحەممەد فازڵی، ساڵی 1317ی هەتاوی لە ئاوایی “دایە سلێمان”ـی ناوچەی سەقز چاوی بە دنیا هەڵێناوە، سەرەتای خوێندنی لە لای باوکی بەڕێزی و دوایی لای مامۆستا مەلا کامیل نەقشبەندی، پاشان دێتە موکریان و لای مامۆستا مەلا هادی ئەفخەمزادە و حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان خوێندنی فەقێیەتی بە ئاکام و ئەنجام دەگەیێنێ؛ دوای ئیجازەی مەلایەتی، ساڵی 1341ی هەتاوی دەچێتە زانستگای تاران و هاوڕێی دوو مامۆستای تر، واتە مامۆستا مەلا کەماڵ مودەڕڕیسی پەسوێ و د. مامۆستا مەلا مەحموود ئیبڕاهیمی مەهاباد، چوارساڵ پێکەوە لەم زانستگایە دەبن و وێکڕا ساڵی 1345ی لیسانس وەردەگرن، ساڵی 1347ی هەتاوی کارناسی باڵا لە زمان و ئەدەبیاتی عەڕەب و ساڵی 1351ی هەتاوی دوکتۆرای لەم ڕشتەیە وەردەگرێ؛ کە هەر دوو ریسالەی کارناسی باڵا و دوکتۆراکەی لە ژێر چاوەدێری زانا و بلیمەتی ناوداری کورد “عەبدولحەمید بەدیعووزەمانی کوردستانی” بووە. دوایی لە زانستگاکانی ئێران و بە تایبەتی مەشهەد وەک وانەبێژی زانستگا وەردەگیرێ و ساڵی 1382ی هەتاوی خانەنشین دەبێ.
ـ دوکتۆر شاباز موحسینی وەک یەکێ لە قوتابیانی مامۆستا فازڵی، کوتی: د. فازڵی باسی کرد کە کاتی خۆی یەکێ لە مامۆستا ناودارەکانی موکریان داوای لێکردم بێمە مەهاباد و لە مزگەوتی سوور دەرسێ بڵێمەوە، بەڵام عەرزم کرد قوربان تازە لە زانستگا دامەزراوم. دوکتۆر شابار لە درێژەدا سەبارەت بە ڕادەی زانستی د. فازڵی کوتی: دەیەی هەفتا، لە ڕێوڕسمی کۆنگرەی جیهانی تەبەری، دوکتۆر عەبدولکەریم سرووش دەچێتە لای د. فازڵی و زۆری سەر سوڕ دەمێنێ لە ڕادەی زانستی و ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی سەبارەت بە تەفسیری تەبەری! دوکتۆر سروش لێی دەپرسی لە کوێت خوێندووە، د. فازڵی کوتبووی لە حوجرەکانی کوردستان، دوکتۆر سرووش داوای لێکردبوو جگە لە وانەوتنەوە هیچ بەرپرسایەتێک وەستۆ خۆت مەگرە و خوێندکارانمان بۆ پەروەردە کە.
دوکتۆر فازڵی لە ناو هەندێ لە زانایان، بە سیبەویهی ئێران دەناسرا، هەر بۆیە یەکێ لە وەرگێڕاوەکانی لە عەڕەبی ڕا بۆ فارسی بە ناوی “سیبویە پیشوای نەحویان»ـە.
دوکتۆر فازڵی لە گەڵ ئەمەی لە خوڕاسان و مەشهەد بووە و دوو هەزار چوارسەد کیلۆمیتری لە گەڵ کوردستان و سەقز مەودای هەبووە، بەڵام بەردەوام سیلەیەکی چاوی لە زێدی و نیشتیمانی خۆی بووە. خۆشەویستان! من بەر لە وتاردان و بەرلەوە بێمە ئێرە، گوێم لە دووپیرەپیاو بوو کە باسیان لە یارمەتیی ناوبراو بۆ ئەم مزگەوتە دەکرد کە یارمەتیی ساڵانەی بۆ هەژار و فەقیران دەکرد و پووڵی بۆ دەناردنەوە. جیا لە مەش لە بەشی کەسایەتیناسی و پێزانین، چەند وتاری نووسیوە کە ئاماژە بە سێیان دەکەم:
ئەلیف): 14ی ڕەزبەری 1375ی هەتاوی لە کۆنگرەی “فرزانگان کرد” کە لە سنە بەڕێوە چووە و سێ ڕۆژی درێژە هەبوو، لە نێوان 130ی وتار، 25 وتار بەردبژێر کرا و وتاری بەڕێزیان ئاوڕدانەوە لە حوجرەکانی کوردستان و بنەماڵەی تورجانی و کەسایەتی ئەحمەدی تورجانی زادە بووە.
ب): لە وتارێ لە ژێر ناوی “به یاد استادم عبدالهادی افخمزادە” باس لە کەسایەتی و ڕادەی زانستی مامۆستا مەلا هادی ئەفخەمزادە دەکات و ئاماژە دەکا دوو کتێبی “مغنی اللبیب” لە نووسینی ئیبنی هیشام و فەڕائیزی شەرحەمەنهەج، کە مامۆستاکان لێرەن دەزانن، چەندە قورس و گرانە لای ئەم مامۆستا بەڕێزە، هەر لە هەوەڵ تا ئاخیر خوێندوەیەتی. زۆری باس لە ئەخلاق و گەورەیی ئەم مامۆستایە دەکات. بڕوانە: فصلنامه دانشگاه تربیت معلم آذربایجان، شماره (1) پاییز 1383، محمد فاضلی.
ج): لەسەر کەسایەتی حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان کە ئەمە بەشێکە لە پەیامی خوالێخۆشبوو دوکتۆر فازڵی بۆ هەمایشی “بزرگداشت علامه ملا عبدالله احمدیان” لەزانستگای ئازادی ئیسلامی مەهاباد کە لە 11ی سەرماوەزی 1385ی هەتاوی بەڕێوە چووە ئاوا باسی مامۆستاکەی دەکا و دەڵێ: «... ئەو کاتەی خەریکی گەشت و گەڕان بەدوای زانست و مەعریفە بووم لە فێرگە ئایینییەکانی کوردستاندا، ئەم شانازییەم پێ بڕا کە ماوەیەک لە گوندی باغڵووجەی سەقز، لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیاندا، چۆک دادەم و مەحزەریان دەرک بکەم و لە خزمەتیاندا ببمە قوتابی. حەزرەتی مامۆستا بەڕاستی کەسایەتییەکی زانستی، زانایەکی بلیمەت و خاوەنبیرگەی تەیار، بیرمەندێکی نوێخواز و خاوەنچێشکەیەکی کەموێنە لە وشەناسی و وێژە و سەرف و نەحو و بەلاغەت و، هەروەها لە سەرجەم زانستەکانی ئایینی بوون...»
ڕۆڵی حوجرە لە پێگەیاندنی کەسایەتێکان
جێی خۆیەتی بۆ جیلی نوێ ڕوونبکرێتەوە کە حوجرە چییە؟ بەڕێزان! حوجرە شوێنی خوێندنی بابەتە ئایینیەکان، بەمەبەستی وەرگرتی ئیجازەی مەلایەتی بووە، دیارە لە پەنا وانە ئایینیەکان، زانستەکانی سەردەمیش ڕاڤەکراوە. حوجرە لە ناو مزگەوتدابووە بەشێوەیەکی گشتی لە چەند ژورێک پێکھاتووە، ژورێک بۆ خوێندن واتە دیوی موستەعیدەکان و ژورێک بۆ دیوی سووختەکان، واتە ئەمانەی سەرەتای خوێندنیانە؛ ئەمەش لە شوێنێک بوو کە خەڵکی ئەم دییە دەست ڕۆیشتووبان دەنا هەر دیوێک بوو. ئامادەبووان! حاجی مامۆستا مەلا سابیر خودا مرادی کە تەشریفی لێرەیە دەزانێ و ئەوکات هاتۆتە پەسوێ، ساڵی 1363ی هەتاوی کە من بوومە فەقێ لە پەسوێ ئەویش دێی قەرەنیئاغای مامەش و دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتووی لاجان. حوجرەی پەسوێ دوو دیوو بوون کە ئەم حوجرە ئی سەردەمی مامۆستا هەژار بوو، دەستی لێنەدرابوو، باوەڕ فەرموون زۆرتاریک بوون و دیواری گڵی هەبوو و بەداری داپۆشرابوو؛ زەستانان شێدار بوو، دوو پەنجەرەی چکۆلەی تێدابوو. خۆزیایە ئەم شوێنانە دەستیان تێوەرنەدرابا و جیلی نوێ توانیبایان، لە نزیکەوە دیتبایان.
کەسایەتیی ناسراوی کورد، دوکتۆر فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێڕاق، کە باوکی باشمەلای کوردستان بووە؛ لە بارەی حوجرە و فەقێ دا دەڵێ: “هەر لە بابم بیستووە، ئەویش لە باوکی کە بۆی گێڕاوەتەوە، جاری وا بووە شەش مانگ تامی گۆشتیان نەکردووە.” ژیانی فەقێیەتی لە کوردستان، مەلا موحەممەد عەلیاوەیی، پێشەکی: دوکتۆر فوئاد مەعسووم. [بڕوانە: فەرهەنگی حوجرە، لێکۆڵینەوە: موحەممەد ئەحمەدیان، ل 23].
لەم فێرگە ئایینیانە هەزاران زانای ناودار هاتۆتە دەرێ، کە بەداخەوە ئەمڕۆکە یەک دوو شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبێ، فەقێ و حوجرە تەواو لە کزی داوە.
لێرەوە ئەم هۆنراوەی مەولەوی تاوەگۆزیم هاتەوە بیر کە دەڵێ:
فەقێ بێ تەدریس، مەدرەسە بێزەوق
مزگی بێ ئیمام، جەماعەت بێ شەوق
عالمان بێ فکر، شاعیران ماتەم
نازک خەیاڵان غەرقی دەریای خەم
خۆشەویستان! حوجرە تەنیا ناوەندی فێرکاری و زانستی نەبووە، بەڵکە ناوەندی ڕۆشنبیری، نیشتمان دۆستی گەلویستی و ئەخلاق بووە؛
نووسەر و وەرگێڕی کورد، مامۆستا شکور موستەفا نووسیویەتی: کاتیبی چەڵەبی لە کتێبی: “کەشفوززنوون”دا نووسیویە: “مەلا و فەقێی کورد نەبان، لەسەروبەندی سوڵتان موحەممەد، خوێندەواری و زانست و فەلسەفە بڵاوکردنەوەی بە سەرانسەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئاسەوارای نەدەما.” سەرچاوەکانی بیر و باوەڕی کوردەواری، شوکر موستەفا، هەولێر، 2006، ل 40. [بڕوانە: فەرهەنگی حوجرە، لێکۆڵینەوە: موحەممەد ئەحمەدیان، ل 16.]
بە بڕوای من بنەماڵەی دوکتۆر فازڵی لەم بنەماڵانە دێنە ئەژمار کە بۆ ماوەیەکی زۆر، مەشغەڵداری زانست بوون لە کوردستان.
مامۆستا مەسعوود موحەممەد نووسیویەتی: “لە سەرانسەری کوردستان چەندین بنەماڵەی زانستی بۆ ماوەی سەدان ساڵ شەوچرای خوێندەواری و ئەدەب بوون: زەهاوی، حەیدەری، قەرەداغی، پێنجوێنی، تیشکی زانستیان بە کوردستان بڵاو کردۆتەوە.” حاجی قادری کۆیی، مەسعوود موحەممەد، بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، 2010، ب 1، ل176.
بەڕاستی مێژووی گەلی کورد منەتباری حوجرەیە بەڵام دەبێ ئەم گلەییە لە خۆمان بکرێ و بۆ هەموو بەشەکان، بیرگەی مێژوویی(حافظه تاریخی)یمان لاوازە. هەر بە چاوخشاندێک بە سەر چەند کەسایەتی دەردەکەوێ کە حوجرە چ ڕۆڵ و دەورێکی هەبووە؛ لێرە ئاماژە بە چەند کەسایەتی دەرچووی حوجرە دەکەین:
یەکەم کەس چەکەرەی بیری نەتەوایەتی لە مێشکی کوردا چاند، ئەحمەدی خانی بووە.
عەلی حەریری، مەلای جزیری و فەقێ تەیران، سێ شاعیر بەر لە ئەحمەدی خانی و ڕێخۆشکەر بوونە بۆ ناوبراو، ئەحمەدی خانی لەژێر کاریگەریی ئەم سێ شاعیرەی کورد بووە.
یەکەم کەس ئاوڕی داوەتە سەر فۆلکلۆری کوردی، “فەقێ تەیران” بووە. ئەگەر لە دنیای ئیسلام باس لە عارف و خواناس، ئیبڕاهیمی ئەدەهەم دەکرێ کە پادشای بەڵخ و بوخارایە بووە و لە کۆشکی پادشایی دێتە خوارێ و دەبێتە عارف و خواناس، دەبینین “فەقێ تەیران” (1601ی زایینی) لە قالبی هۆنراوەی شێعری باسی لە “زەمبیلفڕۆش” دەکا کە مامۆستا مارف خەزنەدار دەڵێ: “یەکەم جار فەقێی تەیران نووسیویەتەوە. ناوی زەمبیلفرۆش “میر سەعید کوڕی میر حەسەن” پاشای دیاربەکر بووە. [مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی دووهەم، هەولێر،ئاراس 2002.]. زەمبیلفرۆش، تەرکە دنیا دەبێ و عارف و خواناس کە زۆرێ لە بەیت بێژانی ئێمە کوتویانەتەوە، وەک مامۆستا حاجی خدر قادری گرماوی ناسراو بە “خلەدەرزی”.
یا فەقێتەیران، ڕووداوی شێخی سەنعان دەنووسێتەوە، فەقێ تەیران یەکەم کەس بوو وێڕای ئاوڕدانەوە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی فارسی، چاوێکی لە ئەدەبیاتی فۆلکوری کوردی بووە کە هەر دوو هۆنراوەی سەداسەد مەبەستی ئایینیان تێدایە.
ـ تەنانەت یەکەم مێژوونووسی ئەدەبی کوردی نوسیوە، مامۆستا عەلائەدین سەجادی لە ساڵی 1352ی زایینی بووە.
ـ یەکەم کەس فەرهەنگی کوردی-کوردی بە شێوەی ئەمڕۆکەیی نووسیوە، شێخ موحەممەدی خاڵ بووە کە بەرگی 1: لە 1960؛ بەرگی 2:لە 1965؛ و، بەرگی 3: لە1976دا نووسیوە. ئەمە بەشێک لە دەیان و سەدان کەس لە خوێندکاران و دەرچووانی حوجرە بوو کە ئاماژەم پێکرد.
یا لەم شارەی سەقز، لە ئاوایی کەسنەزان کە شاعیری ناسکخەیاڵ مامۆستا غەفوور کەسنەزانی ناسراو بە “ژاکاو” لە وتارێک دا سەبارەت بە ئاوایی کەسنەزان، دەڵێ زیاتر لە پەنجا کەسایەتی لێهەڵکەوتووە.
جارێک لە خزمەت لێکۆڵەری سەقزی، ڕێزدار ئیسماعیل کەسنەزانی بووم کە خۆی پێداچوونەوەی بووە بەسەر بەرهەمەکانی شێخ حەسەن مولاناوایی و بە تایبەت کتێبی: “در محضر شیخ حسن کردی مولانابادی” لە نووسینی، بێهزاد مولایی، کوتی: “شێخ حەسەنی مەولاناویی لە ئەستەمبووڵ دەبێ و لە رووداوێکدا دەستی دەشکێ بەڵام هەر لە ناو ئەو ئازار و ئێشەدا نامیلکەیەک دەنووسێ لە بواری پزیشکیدا کە خۆی لە پێشەکییەکەی نووسیویەتی بەخوا قەسەم دەستم شکاوە و ئازاری هەیە و قەڵەمەکەم لە نێوان دوو ئەنگوستمدا داناوە و بە پەڕۆیەک توند بەستوومە تا بتوانم ئەم نامیلکە بنووسم.”
کۆتاوتە
لە کۆتاییدا، داوکارم لە شارەداری و بەرپرسانی شار، شەقام یا قوتابخانەیەک بە ناوی خوالێخۆشبوو د. موحەممەد فازڵی بکەن و هیوادارم خوای بانی سەر پڕۆڤسۆر فازڵی بیبەخشی و سێبووری بداتە بنەماڵەی بەڕێزیان، ئیتر هەموو لایەکتان بە خوای میری مەزن دەسپێرم، هەدیەتەن ئەلفاتیحە.