تاریخ: ۱۴۰۴/۹/۴
دمه‌قاڵەی پاشەڕۆژ

ئەرێ کاکه گیان ئەو پرت و بۆڵەت له چییە؟ شەو و ڕۆژ لەو جێگا سارد و سڕەی‌دا حەسانەوەمان نییە و عالەمێک لەسەرمان بەر دەبن و له هەر چوار لاوه به گرمه‌گرم و زەنا زەنایە وەسەر دەپەڕن و ئەتۆش دەس هەڵناگرێ و لێی نابڕێوه و جەرگت کون کردم چ بۆ و چ قەوماوه؟ خۆ ئارام و قەرارت پێ هەڵچنیوم.

- کاحەمه ئەوه ئەتۆی؟ بە زاتی خودای نه‌مدیتی بەڵام به دەنگت ڕا ناسیمێوه. کوڕه دەزانی چیم لێقەوماوه؟ ئەو جیرانەی سەرێ حاشاحازری پێموایه خۆی تەڕ کردووە و به خۆی نازانێ. شۆڕه‌شۆڕی ئەو ئاوه پیسه به سەرم‌دا دەڕژێ و هەموو گیانی له نوێژ بردم. هەرچی هاواری دەکەمێ وەجواب نایە، پێم وایه ئالزایمێری گرتووە و ئاگای له خۆی نییە.

-  جا باشه، ئه‌و له تەبەقەی سەرێ مەگەر ئاوه‌ڕۆی به مزڵی تۆدا دێ؟

-  به خودای نازانم به چاوی خۆم هیچم نه‌دیوه بەڵام وێده‌چێ ئه‌تۆ کوتەنی ئاوه‌ڕۆکه‌ی له ژووری من کردبێ.

- جا چۆن شتی وا ده‌بێ؟ چ خودا هه‌ڵده‌گرێ لێره‌ش نه‌حه‌سێینه‌وه؟ مزڵه‌که‌ت باڵه‌خانه‌یه یان ئاپارتمانه؟

- بڵێم چی کا حه‌مه گیان دەڵێن به ته‌رحی پاڵێنگانێ ساز کراوه ماڵ له‌سه‌ر ماڵێ و به پلیکانان‌دا هاتوچۆ ده‌که‌ن. سه‌رم سووڕ ماوه پلیکانه‌کان له حه‌وای ڕا به‌ره‌و خوارێ دێ.

- جا چۆن؟ له ئاسمانێ ڕا دێنه خوارێ؟ مه‌گه مه‌لائیکه‌ن نازڵ بن؟

- به خوای نازانم که‌سم نه‌دیوه لێی بپرسم هه‌ر ده‌ڵێی له لانکێ‌دا هه‌ڵاوه‌سراوین بنمان به‌تاڵه... به وه‌ڵڵا ئه‌گه‌ر به‌فرێکی قورس ببارێ ده‌رکه و بناغه‌ی ماڵه‌که‌مان له گرێزه ده‌رده‌چێ و وه‌ک ڕۆژی مه‌حشه‌رێ به تای تاقه مه‌لافه‌یەکەوه ژن و پیاو تێکه‌ڵاو ده‌بین و خلۆر ده‌بینه‌وه و ئابڕووی حەوت پشتمان با ده‌یبا.

- باشه باش جا بۆ به شاره‌وانی ڕاناگه‌ێنی. به‌ڵێنیان دابوو پاش عومرێک نەکبه‌تی و چاره‌ڕەشی له مزڵی ئاخیره‌ت‌دا بحه‌سێینه‌وه.

- وه‌ڵڵا چیت عەرز که‌م... ده‌ڵێن شاره‌وانه‌که‌مان زۆر شاره‌زایه به‌ڵام واتؽگه‌یشتووم به قسه‌ی زیندووەکان ناکا. هه‌ر بۆیه چیت لێ بشارمه‌وه به نیازم لێره ڕا عەرزی بکه‌م. به‌ڵکوو ئاوڕێکی خێرمان لێ بداته‌وه.