شەو بۆ مەولوودی، هاوڕێ لەگەڵ کاک عەبدوڕڕەحمان بابامیری، کاک خالید سوهرابی و مەلا موبین، چووینە ئاوایی “وەزنێ”ی نەغەدە، دوای نوێژی عیشا بە کۆڕ گێڕی مامۆستا مەلا برایم سەلیمی دەست پێکرا، سەرەتا قورئان خوێندن لە لایان م. مەلا محەممەد خالید خزر تاج و دوایی بەخێرهاتنی میوانان لە لایان مامۆستای ئاوایی (مامۆستا مەلا مەتین ئەحمەدزادە) ئەم جار مەولوودخوێنی لە لایان مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی (پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی خولەفای ڕاشدینی پیرانشار) بە پەخشانێکی ڕەوان و هاوسەروا(نثر مسجع)، هەر لەسەر دەمی منداڵی خۆشەویست(د.خ) تا کۆچی دوایی. پێشکەشی ئامادەبووان کرا، مامۆستا ئیبراهیم، خۆی دانەدەری دەقی مەولوود نامەکە بوو. کەڵک وەرگرتن لە زمانی بەدەن و دەم پاراوی و لەحیفز خوێندنەوە، توانی سەرنجی بەردەنگ بۆ لای دەقی مەولوود نامەکە ڕابکێشێت. هەستم دەکرد ئامادەبووان و گوێ دێران بە ئاخی ناخی وتارەکە دا دەچوونە خوارەوە و هاوڕێتی ئەم مێژوو پڕشنگدارەیان دەکرد. لەم جێیە کە هەستی کردبا ئامادەبووان بۆیان ناچیتەوە سەر یەک، لە نیو خولەکدا، باسی بەسەرهاتەکە بە زمانێکی ئاسایی دەگێڕاوە و دەچووەوە سەر دەقی مەولوود نامەکە، وێدەچێ، خەڵک ئێستاکە لە وتاری دوورودرێژ ماندوو بوونە.
- خۆم هەندێک پێشنیارم هەبوو لەسەر مەولوود نامەکە و بە تایبەتی عەرزم کرد، بەڕێزیان بە دڵ ئاوەڵایەوە پێشنیازەکانی بە هەند گرتن. لێرەوە داوای سەرکەوتنی بۆ دەکەم.
ئەمەش بەشێک لە دەقی مەولوود نامەکە:
خۆشەویست ماندوو لە شیرن خەو بوو
بوبەکریش مەستی جەماڵی ئەو بوو
نەیزانی لە تاو جەماڵی ڕەسوڵ
مار و دڕەندەش شێت بوونەو مەلول
بۆیە ئەو مارەی کە ماخوڵیا بوو
لە تاو خۆشەویست شێت و شەیدا بوو
پانێ لاقی گەست تاکوو لاکەوێ
چاوی بە سیمای حەزرەت بکەوێ
لە تاوی هێشی لاقی بە ناچار
هەندێ فرمێسکی لە چاو هاتە خوار
فرمێسکەک کەوتە سەر گۆنەی سەدری
خۆشەویست هەستا فەرمووی بۆ دەگری
وتی پێموایە شتێ پێی وەدام
بمبورە خەوت خۆش نەبوو لە لام
فەرمووی پێت وتبام کاتێ پێی وەدای
وتی پێم خۆش بوو جارێ هەر نوستبای
ئەوجار خۆشەویست دەرمانی کرد بۆی
ئەویش بە تفی مبارەکی خۆی
وەها چاک بۆوە یاری نێو غاری
هەر نەما هەستی هێش و ئازاری
نێو ئاخنی مەولوود نامەکە دوو وتاری دە خولەکی لە لایان مامۆستا مەلا جەمال ئەحمەدزادە (مامۆستای ئاوایی شاوانێ) و مامۆستا مەلا ئەسعەد حەسەنی (مامۆستای ئاوایی شێخان) پێشکەشی ئامادەبووان کرا. خوێندنەوەی قەسیدەی بوردیە و هەندێک هۆنراوەی شاعیرانی کورد لە لایان گرووپی عیرفانی نەقشبەندی ڕەنگوبۆنەکی تری دا بە کۆڕەکە؛ بەڵام کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی دەنگ، لە مزگەوتێک کە تەواو دەنگ دەداتەوە و نە بێژەری گرووپی سروود دەزانێت چ دەڵێت و نە گوێگران بۆیان دەچێتەوە سەر یەک. جیا لەمەش، ئازاری گوێشی بەدواوەیە. خۆزگە نەهێنرا با و یان کارێک کرایە لە بڵندگۆی ناو مزگەوت کەڵکی وەرگیرایە.
ئاماژە: ئاوایی وەزنێ نزیک هەشتا ماڵ و لە ناوچەی سندووس و 20 کیلۆمەتری باکووری شاری نەغەدە هەڵکەوتووە. وەک دەڵێن: وەزنێ لە وشەی خەزێنە ڕا هاتووە، کاتی خۆی هەندێک ئاسەواری مێژوویی دۆزراونەتەوە کە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
ئەم ئاواییە، بە سەربانی سندووس دەناسرێت. وەزنێ، زێدی دوو شاعیری ناسراوی کوردە یەکێک لە شیعری کلاسیک، واتە حاجی باباغا (بابامیری) کە گەلێک شیعری لەگەڵ مامۆستا "خاڵەمین" گۆڕیوەتەوە، نێوانیان خۆش بوو و بە مەتەڵۆکە و شێعر یەکتریان دواندوە. ساڵێکی "حاجی باباغا"ی وەزنێ لە "جەڵدیان" بڵێنی بە "خاڵەمین" دەدا کۆمباینی بۆ بنێرێ و گەنمەکەی بۆ بدوورێتەوە وا دیارە لە کاتی خۆی ناتوانێ وەعدەی خۆی بەجێ بێنێ و "خاڵە"ش بەم دوو بەیتە وڵامی لێ دەنێرێ:
حاجی گیان کەی دەنێرێ تۆ کۆمبا
خۆزگە کۆمبایەکەت تەگەرکون با
تورمزیشی لە لێژی پس پس بێ
لێخوڕ و پێخوڕی سەروبن با
ئەمەش نموونەیەک لە شیعری حاجی باباغا لە وەڵامی مامۆستا خاڵەمین:
جوابی بریا خۆزگەیە لێم تووڕە بێ یا بمکوژێ
خاڵە جۆی خۆت ئاوەشی بێ گەنمەکەت سن بیمژێ
قایش و گاسنت کۆڵ و پس پس نیر و ئاموورت شکێ
تێڕی تۆوت بدرێ توربەت کون کون و تۆوت ڕژێ
گایەکەت بمرێ بە دەردی لاڕەشە، کەڵ خش خشە
مامی جووتێرت چڵم هەڵڵووشێ لێکی هەڵمژێ
چێڵەکەت گۆڵەی گرێ گامێشەکەت بێچووی مرێ
مەشکەکەت قەت تەڕ نەبێ ماستت لە شووشەیدا بژێ
ئەوەی تر لە شیعری نوێ دا، مەعرووف ئاغایی ناسراو بە «مارف ئاغایی» لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بووە کە لە ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەورێکی گرنگیان هەبووە؛ شاعیرێکی ناوەرۆکخواز بووە کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی هەبووە. ئەم شاعیرە هەستیارە کوڕی حاجی محەممەد ئاغایی، لە 2ی ڕێبەندانی 1344ی هەتاوی لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدەی ناوچەی سندووس لە دایک بووە و لە 25ی ڕێبەندانی 1376ی هەتاوی بەهۆی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبێل کۆچی دوایی کردووە.
ئەمەش نموونەیەک لە شیعری مارف ئاغایی:
"کۆچ"
خاک،
توانای کۆچی نییە،
ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەی من
لەم وڵاتەدا.
خوێنەری هێژا! مامۆستایانی ئایینی هەشتا ساڵی دوایی ئاوایی وەزنێ، بریتین لە:
1- مامۆستا مەلا سوڵتان
2- مامۆستا مەلا ڕەحیم
3- مامۆستا مەلا سەیید ئەحمەد کۆییکان (کاک عەبدولڕەحمان بابامیری گوتی ئەو لە ڕێوڕەسمی گوێزەبانەی من نێوی لێ نام، 1340ی هەتاوی)
4- حاجی مامۆستا مەلا ڕەسووڵ خزری (بەفرەوانی)
5- مامۆستا مەلا وەسیم خزری کوڕی مامۆستای
6 - مامۆستا مەلا عەبدولخالقی عەزیزی
7- مامۆستا مەلا سەید عەبدوڵڵا مەحموودی
8 - مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان سوبحانی
9 - مامۆستا مەلا حەمەدەمین بیلال
10- مامۆستا مەلا عەبدولمەلیک حەسەنی
11 - مامۆستا مەلا کەمال مستەفا پوور
12 - مامۆستا مەلا ناسر عەزیزی
13 - مامۆستا مەلا مەتین ئەحمەدزادە (مامۆستای ئێستای وەزنێ)
زۆر سوپاسی حاجی ڕەحمان کاکلی (کاکیل) دەکەین کە ئەم ئاگادارییەی داینێ.
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
پێنجشەممە 27ی خەرمانانی 1404