تاریخ: ۱۴۰۴/۷/۷
ژیلا حوسێنی؛ پێشەنگی شێعری نوێ لە نێو ژنانی ڕۆژهەڵات و ڕچەشکێن لە پێنج بوار و بەستێن‌دا
بە بۆنەی 29ـەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ژیلا حوسێنی

 ژیلا حوسێنی، وەک پێشەنگی شێعری نوێی کوردی لەنێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌‌دا، هەروەها وەک دیارترین ڕوخساری وێژە و شێعر و داهێنانی «ئەدەبی ژنانەی کوردی» لە سەدەی بیستەم و لە نێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌، لەم پێنج بوار و بەستێنەدا ڕچەشکێن بووە:1-«شێعری نوێ»، لە نێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌‌دا؛ 2-«شێعری ژنانە»، لە ڕۆژهەڵات‌‌دا؛ 3-«ئەدەبی مناڵان و مێرمناڵان»، لە نێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌دا؛ 4- «کورتەچیرۆکی ژنانه»، لە ڕۆژهەڵات‌دا؛ 5-« چالاکیی هەڵوێست‌گرانەی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، ئەدەبی و هونەری؛ بەتایبەتی بەشداری چالاکانه، بوێرانە و مافخوازانەی لە کۆنگرە و سمینار و کۆڕبەند و کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیری‌یەکان»، لە نێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌دا.

بێ‌گومان پاشخانی کەلتووری و میراتی ڕۆشنبیری و شوناسخوازانه‌ی بنەماڵەیی، یەکێک بووە لە پاڵنەرە سەرەکییەکان بۆ سەرکەوت و پێشکەوتی شوێندانەری ئەم خاتوونە ڕچکە‌شکێن و پێشڕەو و ئافرێنەرەی وا لە بواری شێعر و داهێنانی وێژەیی‌ و هونەری‌دا شەقڵ و شوێن‌پەنجەی داهێنەرانەی هەتاهەتایە دیار و هەرماوە.

ژیلا حوسێنی، پێشەنگ و پێشڕەوە لە بواری «شێعری نوێ»، لەنێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌دا؛ هەروەها ڕچەشکێنە لە بەستێنی «شێعری ژنانە» لە ڕۆژهەڵات‌دا. دیارە تەنیا ڕەخنەگرانی ئەدەبیی مووقەڵیش و خاوەن‌ڕایانی وردبین، هەروەها بەردەنگانی تامەزرۆ و لێزان و تێبین، بە قووڵی و بە ڕوونی هەست بەم جیاوازییە دەکەن و ئاگاداری مەودای نێوان ئەم دوو دیاردەیەن: 1. پێشەنگ بوون و پێشڕەوبوونی ژیلا حوسێنی لە «شێعری نوێ»دا و لە نێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌؛ و، 2. ڕچەشکێن بوونی ژیلا حوسێنی لە «شێعری ژنانە»، لە ڕۆژهەڵات‌دا. بە واتایەکی تر دەکرا ژیلا تەنیا لە یەکێک لەم دوو بوارانەدا ڕچەشکێن بوایە، یان: «شێعری نوێ» لە نێو ژنانی ڕۆژهەڵات‌دا؛ یان: «شێعری ژنانە» لە ڕۆژهەڵات‌‌دا.

کاتێک خوێنەر/بەردەنگ خۆی شێعری ژیلا حوسێنی دەخوێنێتەوە یان لە زمانی کەسێکی ترەوە گوێبیستی دەبێ، گەر ناوی هۆنەرەکەیش نەزانێ و ئاگاداری ئەوە نەبێ کە کێ ئەم شێعرەی وتووە، بەڵام هەر زۆر زوو هەست بەم ڕاستەقینەیە دەکا کە(جیا لە نوێ‌بوونی شێعرەکە، لە باری فۆڕم، پێکهاتە، داڕشت، کاکڵ و توێکڵەوە)، شێعرەکە شێعرێک نییە کە پیاوێک هۆندبێتێوە، بەڵکوو بەدڵنیاییەوە دەبێ ژنێک ئەم شێعرانەی گوتبێ؛ واتە زایەڵەی دەنگ و ڕاوێژ و، هەست و سۆز و، داخوازی و هاواری ژنانە، لە پێکهاتە و داڕشت و، بیچم و کاکڵ و، توێکڵ و ڕواڵەت و، نێوئاخن و نێوەرۆکی شێعرەکەدا، زۆر بە ڕوونی ژنانەبوونی شێعرەکە لە هەڵڵا دەدا. ژیلا حوسێنی، لەم بەستێنەدا و لە ئاست ڕۆژهەڵات‌دا، ڕێک ئەم جێگە و پێگەیەی هەیە کە فرووغی فەڕڕوخزاد لە شێعری فارسی‌دا و لە ئاست ئێران‌دا هەیەتی. ژیلا حوسێنی لە «کورتەچیرۆکی ژنانە»یش دا، ئاوا جێگە و پێگەیەکی هەیە و، لە نێو ژنانی چیرۆکنووسی کوردستانی ئێران‌دا پێشەنگ و پێشڕەو و ڕچەشکێن لە ئەژمار دێ. چاوخشاندنێک بەسەر کورتەچیرۆکی چاپ‌کراوی نێو پەڕتووکی «قەڵای ڕاز»، ئەم ڕاستەقینەیە پتر دەسەلمێنێ. سەیر ئەوەیە کە ژیلا حوسێنی، بە نووسینی پەڕتووکەشێعری مناڵانەی «چەتر» و بە شاهیدی ئەم بەرهەمە داهێنەرانەیەی و لە باری وێژەیی-جوانیناسی‌یەوە، لە بواری «شێعری مناڵان»ـیش‌دا، پێشەنگ و ڕچەشکێن و پێشڕەو بووە لە نێو ژنانی کوردستانی ئێران‌دا.

دەسپێکی چالاکییەکانی خاتوو ژیلا حوسێنی، لە هەر پێنج‌ بوار و بەستێنی ئاماژەپێکراودا، دەگەڕێتەوە بۆ نێوەڕاستی دەیەی شەستی هەتاوی، ڕێک دوابەدوای هاوکاریی ئەدەبیی ژیلا حوسێنی لەگەڵ ڕادیۆ کوردیی سنە، لە ساڵەکانی 63 و 64 دا(کە ئەم چالاکییە میدیایی، کەلتووری، ئەدەبی و هونەرییانەی ژیلا حوسێنی لە ڕادیۆ سنە، خۆی لەخۆی‌دا، وەک شەشەمین بەستێن و بواری چالاکیی ڕۆشنبیریی ئەو لە ئەژمار دێ؛ لە پەنا ئەم پێنج بەستێن و بوارانەی وا ژیلا لەوان‌دا ڕچەشکێن و پێشڕەو بووە). ژیلا حوسێنی لە ڕادیۆ سنە، جیا لە خوێندنەوە، ڕاڤە و شی‌کردنەوەی شێعر و هونراوەی شاعیرانی پایەبەرز و ناوداری کلاسیکی کورد، «شێعری نوێ» و «شێعری ژنانە» و «شێعری مناڵان»ـی، بۆ بەرەنگان و گوێگرانی تامەزرۆی شێعر و ئەدەبی کوردی دەخوێندەوە، کە زۆربەی هەرە زۆری ئەم بەرهەمانەی ئەم بەشە، بریتی بوون لە ئاسەواری داهێنەرانەی خۆی.

ژیلا حوسێنی، لە دەیەی شەست و دەیەی حەفتای هەتاوی‌دا، لە زۆربەی هەرە زۆری کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرە و کۆڕبەند و سمینارە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکانی کوردستانی ئێران‌دا بەشداری چالاکانە، بوێرانە و هەڵوێست‌گرانەی هەبووە، بۆ وێنە: لە کۆنگرەی بەشکۆی مەولەوی کورد لە شاری سەقز(خەرمانانی 1371)؛ لە کۆنگرەی گەورەی هەڵەبجە لە زانستگای تەورێز(ڕەشەمەی 1371)؛ هەروەها چەندین کۆڕبەند، کۆنگرە و سمیناری دی‌.

ژیلا حوسێنی، هەر وەک خۆم شاهید و ئاگادار هەم و لە هەردووی ئەم کۆنگرە گەورانەی ئاماژەم پێدا خۆم بەشدار بووم، لەم ساتەوەختە هەستیارە مێژووییەدا‒تەنانەت پێشووتریش‒ تەنیا ژنێکی کوردی ڕۆژهەڵات بووە کە بە شێعر و هونراوە و وتاردان بەشداریی چالاکانە، بوێرانە و هەڵوێست‌گرانەی ئەم کۆڕ و کوبوونەوە و کۆنگرە و کۆڕبەندانەی کردووە. تەنانەت بۆ کۆنگرەی نێونەتەوەیی «فرزانگان کُرد»(سنە‒11، 12 و 13ـی ڕەزبەری 1375)، بە نووسینی وتارێکی زانستی و بەپێز و تۆکمە، لە بابەت: «شێعری نوێ و داهێنانی ئەدەبی لە بەرهەمەکانی سوارە ئیلخانی‌زادە»دا، بەشداری‌کردنی چالاکانە ونوێخوازانە و ئافرێنەرانەی خۆی دەربڕیبوو؛ ئەم وتارە بەپێز و زانستییە لە لایەن لێژنەی زانستیی هەڵسەنگاندنی کۆنگرەی نێونەتەوەیی «فرزانگان کُرد»، بە تێکڕای دەنگ پەسند کرابوو، هەم بۆ بڵاوبوونەوە لە کۆمەڵەوتاری کۆنگرە و هەم بۆ خوێندنەوە لەم کۆنگرە نێونەتەوەییەدا؛ بەڵام سەد داخ و مخابن، بەهۆی کۆچی بێ‌وادەی ژیلا، لە ڕێکەوتی 6ـی ڕەزبەری 1375(5 ڕۆژ بەر لە دەسپێکی کۆنگرەکە)، ئەم وتارە بەپێز و تۆکمەیە لە لایەن هاوڕێی نزیک و هاوڕێبازی خۆشەویستی ژیلای تازەکۆچکردوو، خاتوونی مەزن کولسووم عوسمان‌پوور، بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە، لە سێهەمین ڕۆژی کۆنگرەکەدا، لە ڕۆژی 13ـی ڕەزبەر(ڕێک حەوتوویەک دوای کۆچی دڵتەزین و جەرگبڕی ژیلا) خوێندرایەوە. ڕۆحی بەرزی ژیلای گەورە و مەزن بەهۆی ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتۆموبیل، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، لە هەڕەتی لاوی و لە تەمەنی 32ساڵی‌دا و لە ڕێکەوتی 6ـی ڕەزبەری 1375ـی هەتاوی، لە شەقامەڕێی سەقز‒تاران، کاتێک لەگەڵ بنەماڵە و هاوژین و کۆرپە دەمانگەکەی«ژینا»، بەرەو تاران و بۆ دیتنی شێرکۆ بێکەس، لە ڕێ‌دابوون، لە شەقەی باڵی دا و بەرەو عەڕشی خوای بێ‌میناک و دڵۆڤان و بەرەو مەکۆی حەسانەوەی هەتاهەتایی و بۆ لای پەری‌یەکان و فریشتەکان هەڵفڕی و ئاوای دنیای هەرمان بوو.

بەرهەمەکانی ژیلا حوسینی بریتین لەمانە: 1. «گەشەی ئەوین»(«شێعری نوێ»ـی کوردی و «شێعری ژنانە»ـی کوردی)؛ 2.«قەڵای ڕاز»(کە بریتییە لە: ئەلف. پاشماوەی شێعره کوردی‌یەکانی؛ ب. هەڵبژاردەی کورتە چیرۆکەکانی)؛ 3. «چەتر»( پەڕتووکە شێعری مناڵان، لە باشوور چاپ کراوە)؛ 4. «داوای لێبووردن»(وەرگێڕانی چیرۆکێکی «سادق هێدایەت‌»ـە و لە گۆڤاری «ڕامان»، لە هەولێر چاپ و بڵاو بووەتەوە)؛ 5. بەرهەمی چاپ‌نەکراو: «دزیرە»( وەرگێڕانی ڕۆمانێکی فارسی‌یە بە زمانی کوردی‌ و ئێستا چاپ نەکراوە.)