لە مێژەوە ناوی چەمکی جیهانی بوون ئەبیسین و باس لە کاریگەری ئەم چەمکە لە سەر جوگڕافیا بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەکرێت. لێرەدا باسی سەرەکی لە سەر ئاسەواری جیهانی بوون لە سەر بۆنە نەتەوەیی و کەلتوورەیەکانە. لەم باسەدا هەوڵ ئەدرێ باس لەوە بکرێت کە تا چ رادەیەک جیهانی بوون کاریگەری لە سەر کەلتوورەکان و جوگڕافیای کەلتووری بووە و کەلتوورە ناوچەییەکان تا چەند توانیویانە کەڵک لە جیهانی بوون وەر گرن لە بەرژەوەندی خۆیان. لێرەدا پێویست بە ئاوڕدانەوەیەک لە دوو بابەت هەیە یەکەم لە مێژوو، دووەم لە کەلتوورە جۆراوجۆرەکان. بۆ ئەوەی بزانین کە جیهانی بوون چ کاریگەریەکی هەیە و بۆچی توانای ئەوەی هەیە کە کەلتوور بگۆڕێت یا بە هێزتری بکات و یان بە دەرەوەی بازنەی جوگڕافیایی جۆی بناسێنێت پێویستە بزانین ئامراز و کەرەستەکانی جیهانی بوون کامانەن و چۆن توانیویانە کاریگەریان لە سەر جیهان هەبێت. لە دەیەی ٩٠ی سەدەی بیستی زایینیەوە ئەم چەمکە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای پێوەندی وەک تەلەفوون و رادوێ و تەلەفیزیۆن و دواتر موبایل و ئینتێڕنێت و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای راگەیاندن لە رێگەی سەتەلایتەوە جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو لە یەک نزیک بووەوە. هەر چەشنە گۆڕانکاریەک لە جیهاندا لە ماوەیەکی کورتدا ئەگەیشتە هەر شوێنێکی جیهان. لە حاڵێکدا لە رابردوو ئەو پێوەندیانە زۆر کەمتر و گۆڕانکاریەکانیش زۆر بەکەمی و هێواش ئەگەیشتنە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان. ئەم تێک ئاڵان و گڵۆڵە بوونەی جیهان بوو بە هۆی ئەوەی کە کەلتوورە زاڵ و بە هێزترەکان لە رووی ئابووری و سیاسیەوە کاریگەریەکی زۆریان لە سەر ناوچە پەراوێزەکان جیهان هەبێت. هەموو جۆرەکانی کەلتوور لە جل و بەرگ، خواردن، زمان، هونەر، بۆنە و ئایینەکانیش بە دنیادا بڵاو بوونەوە. بەڵام ئەم بڵاو بوونەوە لە رێگەی تەکنەلۆجیای سەردەم بوو. جۆرێک لە هەناردە کردنی کەلتوور لە رێگەی زانست و تەکنەلۆجیا رووی دا. تەنانەت شێوازی خواردن و جل پۆشین و هونەر و ئایین لە رێگەی وڵاتانی رۆژئاوایی کە توانایەکی زیاتریان بۆ بەرهەم هێنانی کەلتوور و تەکنەکۆجیا و زانست هەبوو بەرەو شوێنەکانی دیکەی جیهان هەناردە کرا. وردە وردە گۆڕانکاری لە کەلتووری ناوچە جۆراوجۆرەکان بەدی هات. جۆرێک لە یەکدەست بوون رووی دا کە ئێستاش بەردەوامە. کەلتووری ژاپۆنی، هێندی، ئەفریقایی، ئاسیایی زۆر شوناسی رۆژئاواییان بە خۆیانەوە گرت. جل و بەرگ، خواردن، مووسیقا، زمان، بە کارهێنانی زانست و کەل و پەلی نوێ بوون بە هۆی ئەوەی بەشێک لە تایبەتمەندیە کەلتووریەکانی وڵاتان گۆڕانکاری بە سەردا بێت و هاوشێوەی جیهانی نوێی بێت. جیهانێک کە ئەگەرچی مێژوویەکی نوێتری هەبوو و بە بەراورد لە گەڵ وڵاتانی خۆرهەڵاتی شارستانیەتی دوای دەست پێکردنی گەڕان و پشکنین و دۆزینەوە جوگڕافیاییەکانەوە دەستی پێ کردبوو (بە تایبەت لە سەدەی ١٥ی زایینیەوە)، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا توانیبووی بە سەر پانتایەکی فراوان لە جیهاندا حوکم بکات هەر بۆیە توانی لە رێگەی نێردە دینیەکانیشەوە ئایینی مەسیحیەت پەرە پێ بدات و لە رێگەی بەرهەمە جۆراو جۆرەکانیەوە جا یا بە زۆر وەک ژاپۆن و یا بە رەزامەندی گۆڕانکاری گەورە لە زۆر شوێنی جیهاندا بە دی بێنێت. بەڵام جیاواز لە سەردەمی سەرەتای تێکەڵ بوونی کەلتووری رۆژئاوا و رۆژهەڵات ئێستا زۆر بە ئاسانی و خێرا تەواوی گۆڕانکاریەکان ئەگوازرێتەوە و لە جیهانی ئیستادا جێ بە جێ ئەکرێت. لە رێگەی تەکنەلۆجیاوە زۆر خێرا بەرهەمە کەلتووریەکانی جیهانی پێشکەوتوو ئەگەنە کون و قوژبنی هەر ماڵێک لەم جیهانەدا کە لە ئینتێڕنێت یا سەتەلایت بەهرەمەند بێت. زۆر کەلتوور یا لەو کەلتوورە زاڵەدا تواونەوە یا رەنگی ئەویان بۆ خۆوە گرتووە. هەرچەند هەموو کاریگەریەکانی جیهانی بوون خراپ یا نەرێنی نین بەڵکوو زۆر وڵات و ناوچەی جیهانیش توانیویەتی خۆی لە رێگەی ئامرازەکانی جیهانی بوونەوە بە دنیا بناسێنێت و لەو رێگەوە رێگری لە لەناوچوونی خۆی بکات. مووسیقای هێندی، جل و بەرگی هێندی، خواردنی ژاپۆنی، جل و بەرگی عەرەبی، سەمای سامبای بەڕازیلی، خواردنی ئیتالیایی و هتد... لە ئێستادا لە دنیادا ناسراون و بوون بە یەکێک لە میراتە مرۆییەکانی ئێستا. هەرچەند گۆڕانکاری زانستی و تەکنەلۆجیایی و گۆڕانکاری زۆر خێرا لە مۆد لە جیهاندا کاریگەری لە سەر ئەو کەلتوورانەش دائەنێت بەڵام ئەوان توانیویانە لە رێگەی ئەو توانایەی کە جیهانی بوون و تەکنەکۆجیای پێوەندی بەر دەستی خستوون هەم خۆیان نوێ بکەنەوە و هەم خۆیان بە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بناسێنن. کە لێرەدا لە بەرامبەر جیهانی بوون چەمکی ناوچەیی بوون یان(localization) دێتە ئاڕاوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وڵاتانی ناوچەکە وەک هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کەوتوونە بەر شەپۆلەکانی جیهانی بوون و گۆڕانکاری گەورەی کەلتووری لە ناویاندا رووی داوە و یا لە حاڵی روودانە. نەورۆز وەک یەکێک لە بۆنە کەلتووریەکانی ئەم ناوچە کە ساڵانێکی دوور و درێژە خۆی هێشتۆتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە تەوژمی گۆڕانکاریەکیەکانی سەردەم بێ بەش نەبووە و تا ئێستا لە شێوەی بەڕێوە بردنی دا هەندێک گۆڕانکاری بە خۆیەوە دیوە. بۆ نموونە لە بەکار هێنانی ئەو کەرەستە و بەرهەمانەی کە لە وڵاتانی دیکە بەرهەم دێن و لە نەورۆزدا بە کار دێن تا نەمانی هەندێک لە هێماکانی نەورۆز لە کاتی بەڕێوەبردنیدا. بێ گومان ئەکرێ لە رێگەی تەکنەلۆجیای پێوەندیەوە کە یەكێک لە ئامرازە بەهێزەکانی سەردەمی نوێیە بۆ ناساندنی کەلتوور و جوگڕافیای ناوچەیەک، دەکرێ نەورۆزیش وەک ئەوەی کە لە راستیدا بووە بناسێندرێت و هەروەها ببێتە شوناسێکی گشتی بۆ تەواوی ئەو کەسانەی کە ئەم بۆنەیەیان هەیە و بەشێکە لە تایبەتمەندی مێژوویی و کەلتووری ئەوان. ئەگەرچی نەورۆز هەر ماوە بەڵام تا ئێستاش نەیتوانیوە ببێتە بۆنەیەک کە کاریگەری لە سەر شوێنە جیاجیاکانی جیهان هەبێت و ببێتە جێژنێکی سەرنج راکێش بۆ خەڵکانی شوێنەکانی دیکەی جیهان. لە کاتێکدا لە مەکزیک یا لە بەرازیل یا ئیسپانیا سەمای سامبا و شەڕە تەمامەتە بەڕێوە ئەچێت سەرنجی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ لای خۆی را ئەکێشێت. کاتێک سەری ساڵی نوێی زایینی جێژن ئەگیرێت، زۆربەی گەلانی جیهان کە تەنانەت مەسیحیش نین یادی ئەم بۆنەیە ئەکەنەوە. بەڵام کاتێک کە باسی نەورۆز ئەکرێ تەنانەت بەشێکی خەڵکی ناوچەش کە ئەم بۆنەیە لە جوگڕافیای ئەواندا بەڕێوە ئەچێت کەمتر بایەخی پێ ئەدەن. دیارە گۆڕانکاری لە شێوەی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچانە و گۆڕابکاری لە ئابووری و کەلتووری نوێی هاوردە کراو کاریگەری زۆری لە سەر گۆڕانکاری لە نەورۆز هەبووە. بە کار هێنانی تەقەمەنی و ماسی سوور لە سەر سفرەی نەورۆز و نەورۆزانە نەدان بە منداڵ بە هۆی ئەو گۆڕانکاریانەدا روویان داوە کە توانیویەتی گۆڕانی کەلتووری پێک بێنێت. وردە وردە بە گۆڕانی کەلتوور و ئابووری و شێوەی ژیان زۆربەی هێماکانی ناو جێژنی نەورۆزیش مانای خۆیان لە دەست داوە بۆ خەڵکی ئێستا نامۆن. لە حاڵێکدا ئەکرێ لە ئامرازەکانی جیهانی بوون کەڵک وەر گیرێت بۆ جهیانی کردنی نەورۆز و ناساندنی زیاتری بە گەلانی جیهان و بە کار هێنانی وەک شوناسێکی کەلتووری گەلانی ناوچە، کە سیستەمی پەروەردە و دەسەڵاتی سیاسی ئەتوانێ رۆڵێکی کارای لە ناساندنی کەلتوورە خۆماڵیەکان بە جیهان هەبێت. بەڵام ئێستاش ناوچەیی بوون نەیتوانیوە کاریگەریەکی ئەوتۆی هەبێ بۆ بڵاو کردنەوەی کەلتوورە خۆماڵی و ناوچەییەکان. ئەگەرچی ئەم جێژنە وەک جێژنێکی جیهانی ناسراوە سەرەڕای ئەوە، ئێستاش نەیتوانیوە پێگەی خۆی لە ناو بۆنە کەلتووریەکانی جیهان بەو جۆرەی کە پێویستە پتەو بکات. رەنگە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی جیهانی نەبوونی نەورۆز پەرژ و بڵاوی لە چۆنیەتی بەڕێوە بردنی ئەم بۆنەیەیە. لە لایەکی دیکەوە بەرهەم هێنانی کەلتوور یا بەرهەمی کەلتووری وەک یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی بەرهەم هێنانی جیهانی پێشکەوتوو لە لای ئێمە وەک جۆرەکانی دیکەی بەرهەم هێنان، سەرەتایی و خۆ بژێویە و بیر لە هەناردە کردنی بەرهەمێکی کەلتووری نەکراوەتەوە و زۆرتر ئەم جۆرە سەرمایە کەلتووری و مێژووییانە زیاتر بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ ئەبن و ئاستی ئەم بۆنەیەش بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە کە ئەوە لە چۆنیەتی بەڕێوە بردنی ئەبینین.
|