پوختە: لەمێژ بوو بە تەمابووین لەگەڵ کاک موحەممەد عەبدولی سەفەرێک بۆ ناوچەی شنۆ بکەین، بە خزمەت چەند پیاوی گەورە بگەین و چاومان بە چەند دەستنووس بکەوێ. دەرفەت هاتە پێشێ و سەر لە بەیانی ڕۆژی جومعە (1403/8/25) لەگەڵ مەلا سەیید موبینی کوڕم، سێ بە سێ بەرەو شنۆ وەڕێ کەوتین. لە ڕێگادا گەلێک باسوخواسی مێژووی و ئایینی هاتە گۆڕێ و زۆر پرسیار و وڵام کرا. پرسیارەکان ئەمن دەمکردن و بەڕێز عەبدولی وڵامی دەدانەوە. سەرجەمی قسەکان بە موبایل تۆمار کران و لەبەر گرینگی و وردی باسەکان، پاشان هێنامە سەر کاغەز. دەسەکەوتی شنۆ دیداری چەند بنەماڵەی ئایینی، دیتنی دەستنووس و بەڵگەنامە و دانیشتنی پڕ لە سەفا و خۆشی بوو. لەو وتارەدا دەسپێک و کۆتایی سەفەر، ئەوەی ڕابرا و گوترا و دیترا دەخرێتە بەر دەستی خوێنەران.
لە بۆکانەوە بەرەو شنۆ
کاتژمێر 7ی بەیانی لەگەڵ مەلا موبین واژی لە ماڵە کاک خالید سۆهرابی بەرەو شنۆ وەڕێ کەوتین، لەبەر ئەوەی هەینییە، لە ڕێیە سووڕەتی موبارەکەی «کەهف»ن هاویشتە سەرێ و گوێن دایە. بە جادەی بوڕهاندا هاتین، نووسرابوو هاتوچۆی ئوتووبووس و ترێلی بەم جاددەیەدا قەدەغەیە، چون هەم پێچی نالەبار و هەم سەرەو ژێری و هەر وەها تەسک بوونی جادەی زۆرە؛ بۆوەی نابێ هاتوچۆی ئەم جۆرە ماشێنانەی پێدا بکرێ! لەکن «شێخلەر» بە خەتێکی گەورە نووسرابوو: «پاراستنی چێرگ، ئەرکی هەموومانە» زۆرم پێخۆش بوو؛ چوون ئەم باڵندەیە تەنیا لەم ناوەدا هەیە. گەیشتینە «سیچانبڵاغ» سووڕەتەکە تەواو بوو. لێخوڕ سەیید موبین بوو. درێژەن بە ڕێگە دا و نزیک هەشت گەیشتینەوە مەهاباد و زەنگم بۆ دوکتۆر موحەممەد عەبدولی لێدا و بەڕێز لە کوێی؟ گوتی: ئەرێ دەکرێ سەفەرەکە کەنسێل کەینەوە؟ دیارە من لە تاران بووم و ماشێنەکەم لە مەڕاغە لە پارکینگ دابوو و ئەوە لە ڕێیەم و دەگەمەوە، بەڵام تۆزێ کەسالەتیم هەیە! گوتم: دوکتۆر! ئەوە دەبێتە دووهەم کەڕەت کە سەفەرەکە هەڵدەوەشێنینەوە؛ ڕەنگە جوان نەبێ! شەو زەنگم بۆ سینگان و حاجی سەیید ئازاد لێداوە و گوتوومە: بە مەبەستی چاو لێکردنی دهستنووسەکان لەگەڵ دوکتۆر بۆ نەهار دێین؛ تازە شەوێ بە کاک شەفیع خزریم گوتووە. دەی گوتی مادام وایە دەچین.
نزیکی نۆ و چەند خولەک لە مەهابادە وە ڕێ کەوتین، تا گەیشتینێ سێڕای دارەلەک. باس لە سەردەمی فەقێیەتی و مەلایەتی و چوونی سەیید موبین بۆ زانستگا و منیش جارجار باسی پێوەندیدارم دەکرد و ڕێگەن درێژە پێدەدا. جادە شڵووغ نەبوو. دڵخۆشی خۆن دەداوە ئەگەرچی بەڕێزیان لە تاران گەڕاوەتەوە و ئەم بەیانە گەیشتۆتە و ئێمە شەوێ تر تا نزیکی دووازدە و نیو وە خەبەر بووینە و بەیانیش دوای نوێژی بەیانی وەڕێ کەوتوین، کە نابێ ماندوو بین.
لە نزیکی سێڕای مەحمەدیار لەگەڵ دوکتۆر دەستمان کرد بە وتووێژ. لێرە بەشێکی دادەبەزێنم.
پێشەکی
وەرزنامەی کهشکۆڵ گۆڤاری زانستیی بهڵگهنامه و دهستنووسی ناوچه کوردنشینهکان، سێ مانگ جارێک لە مەهاباد دەردەچێ، خاوەن ئیمتیاز و بهڕێوەبەر موحەممەد عەبدولییه. له که شکۆڵدا باس لە دیوانی شاعیران، ئهدیبان، دەسخەتی مێژوویی و جوگرافیایی کوردستان، شێوازی لێکۆلینەوه و پێرستنووسی بۆ دەسخهت، بهڵگەنامه و وێنه مێژوویییەکان له کتێبخانهکانی ئیران و جیهان دەبینرێ.
کەشکۆڵ
یەکەم ژومارەی لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێکەوتی ۱ی بەفرانباری ۱۳۹۴ی لە لایان بنکەی ئەدەبی شنۆ پەردەبەرداری لێکرا. بە هەڵکەووت کە ئەمڕۆکە دەچینە شنۆ یەکەم ژومارەی لە شنۆ هاتە دەرێ. بە هاوکاری کاک شەفیع خزری، یەکەم وتار و کتێبخانەی مامۆستا قازی خزری شنۆ بە ڕێکوپێکی ناسێندرا. کاک عەلیڕەزا موحەممەدنیژاد، حاجی قوباد زەرزا بە یارمەتی ماڵی لە چاپخانەی ئاریا لە لایەن کاک ڕەحیم؛ هەزار دانە هاتە چاپ. هەر لە شنۆ ڕوونمایی کرا و زیاتر لە نیوەی لە شنۆ فرۆشترا. مامۆستا واژی! ئێستا کە لەگەڵ جهنابت قسە دەکەم ژومارەی ۲۷و ۲٨ی چووە بۆ چاپ. سهرجهمی ئهو ژمارانه بەرهەمی دوو سەد تا سێ سەد نووسەرن.
پرسیار: دوکتۆر جگە لە وەرزنامەی کەشکۆڵ هیچ گۆڤار و نووسراوەی تر هەن لە سەر دەستنووس کار بکەن؟
وڵام: لە ڕۆژهەڵات نییە؛ بەڵام لە کوردستانی باشوور (لە سولەیمانیە) گۆڤاری ژین دەردەچێ بەڵام تەنیا بە دەستنووس تایبەت نەکراوە، بەڵکە بەشێکی ڕۆژنامەنیگاری و مێژووی ڕۆژنامەگەرییە. لە کوردستانی تورکیە گۆڤاری کورد تاریخی و نەوبەهار دەردەچن؛ بەڵام ئەوانیش زیاتر بابەتی تر و زۆرتر ئەدەبی دەخەنە بەر چاوو.
کەشکۆڵ: یەکەم گۆڤارە کە ئاماژە بە مێژووی حوجرە و مێژووی زانایانی کورد بەبێ بە چاوخستنی کوردی، هەر بەرهەمێکی کوردی، عەڕەبی، فارسی یا ترکی بێ، مادام لە کوردستان و یا پێوەندی بە کورد هەبێ دەیناسێنێ.
دەستنووسەکان
پرسیار: کۆنترین دەستنووسی کوردی لە کوردستان کامەیە؟
وڵام: لە قۆناغی یەکەم: کۆنترین دەستنووس سەر بە شاری شنۆ، بەرهەمەکانی شێخ عهبدولعهزیزی شنۆیییە له سهدهی 5دا، کە لە زانستی بیرکاری، فەڕائیز، گەردوونناسی و هەر وەها کە لە فەرموودەناسی دەستێکی باڵای هەبووە کە لە شوێنی تر بۆ گوێ ڕاگرتن و هەڵخستن لە فەرموودەی خۆشەویست (د.خ) هاتوونە لای. لە بەستێنی فەڕائیز پەڕتووکی هەیە. پاشان له سهدهی 7دا کەسێک بە نێوی «محمد بن حاجی شاهرخ اشنهی» پەڕتووکی «المصادر»ی بە خەتی خۆی نووسیوەتەوە. کۆنترین دەستنووسە کە لە ناوچەی ئێمەدا هەیە و ناوی شنۆی لە سەر نووسراوە.
ناساندنی چهند گهورهپیاوی شنۆیی
لە زانایانی شنۆ دەکرێ ئاماژە بە شێخ عەبدولعەزیز بکرێ، کە ئیمامی سوبکی (771ی ک) لە «طبقات الشافعیه»دا دەفەرمووێ: «فَقیهٌ فَرضیُّ»، واته: زۆر وەستایانە فەڕائیز یا زانستی دابەش کردنی شهعری میراتی زانیووە. شێخ عەبدولعەزیز لە زانستی ژماردە و بیرکاری پەڕتووکی هەبووە، کە لە ئاڕشیووی خۆمدا هەیە کە لە تورکیەوەڕا هاتووە.
«تاجالدین محمود اشنهی» و کوڕەکەی «صدرالدین محمد» کە گڵکۆی هەر دووکیان لەشاری ههراتی ئەفغانستانە کە بە جۆرێ هەڵسوکەوت و پێوەندی لە ڕۆژئاواترین شوێنی ئێران کە شنۆیە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتترین شوێنی ئەوکاتی ئێران کە «ئەفغانستان» بووه دەتوانین سەیری کەین. هەڵبەت شێخ تاجالدین، لە شیراز لە خانەقای شێخ شههابهدین سوهرەوەردی (632ی ک) بووە کە ئهویش کورده. وێدهچێ هاودەرسی سهعدی شیرازیش بووبێ.
پرسیار: باوەڕەت وایە سەعدی کورد بووە؟
وڵام: نەخێر! کورد نەبووە. بهداخهوه ئهو مهوزوعه به ههڵە لهم دواییانهدا له لایهن کهسانێک مهترهح کراوه! بهڵگهیان ئهوهیه که له کتێبهکانی سهعدیدا زۆر وشه ههن که له کوردیشدا مانایان ههیه. باشتره بلێین ڕۆژئاوای ئێران، له سهر تا خوار و تا ناوهڕاستی ئێران، له قهدیم و پیش ئیسلامدا، زمانی فهههلهویان ههبووه؛ زمانی کۆنی ئازهرییهکان، لوڕهکان، کوردهکان، شیرازییهکان و... زۆر لێک دهچی. که وابوو ئهو لێکچوونه مانای ئهوهیه، سهرجهم ئهو زمانانه دهکهونه ڕشتهی زمانهکانی ڕۆژئاوایی ئێران و وێکچوون و لێکچوونی هێندێک وشه له نێوانیاندا شتێکی ئاسایییه.
مەلا ئەبووبەکر موسەنیف
پرسیار: لە مەلا ئەبووبەکر موسەنیف و شەڕفخان بدلیسی کامیان کۆنترە؟
وڵام: هاوسهده بوونە. بهڵام مامۆستای موسهنیف بهتهمهنتر بووه. لە نیزامی فیکیری ئەهلی سوننەتدا دوو ئەستۆندی قایم هەیە کە یەکیان مەزهەبی شافعییه و ئەوەی تریان مەکتەبی فیکری ئەشعەرییه.
پارێزەری ئەم دووانە لە سەدەی 9ی مانگی بەولاوە لە دەست عەڕەبەکانڕا گوێزراوە بۆ دەستی کوردەکان. ماوەی سێسەد تا چوارسەد ساڵ لە بەرامبەر دڕەندەترین هێرشی سەفەوییەکان ئەمانە پارێزەری مەزهەبی شافیعی بوون و مۆڵەت و ئیجازەیان نەدا ئەم سنوورە بە هیچ جۆرێک تۆزی لێبنیشێ. کاتێ کە مامۆستایەکی میسری –که مۆڵەتدراوی مامۆستا عەبدولکەریم مودەریسـە- دەڵێ: «هێرشی مەغوول کە هات؛ بەتەواوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە کزیدا. کەسایەتیێ عەڕەبهکان هاتن و زیندوویان کردەوە؛ هێستا زیندوو نەببۆوە کە سەفەوییە هاتن وەک کەسێکی نیوەگیان کە، دوا ههناسهیان لێ سهند و تەواو بە عەردیان دادەدا.
هیچ نەما! هەموو لە بەردەم لە ناو چووندا بوون، کە هەموو شت دەگۆڕدرێ؛ لە درێژەدا دەڵێ: «حَتَّی تَدَراکَ اللهُ هَذهِ الأُمَّة بعلماء کردستان و خاصَّةً بِعُلَماءِ مریوان و مَاوَران و مِنهُم الصیقَّلُ الس مهريّ أعنِي صِبغَةَ اللهَ الحَیدريّ –وَ مَنْ أحْسَنُ مِنَ اللهِ صِبغَة-». بنەماڵەی حەیدەرییهکان و بنەماڵەی موسەنیفییهکان توانیان لە بەرامبەر هێرشی فکری سەردهمدا پارێزگەر خۆڕاگران و ئەم ئیسلامە هەڵستێننەوە.
مەلا ئەبووبەکر گرینگی بە فێرگە ئاینییهکان داوه. لە دیدارێکدا لەگەڵ شەڕەفخان بدلیسی دەیبێ بە شەڕەفخان دەڵێ: هەرچی لە باری سیاسێوە دەیکەی بیکە؛ بەڵام لە قەڵاکانتدا فێرگەی ئایینی ساز کە. شەڕەفخان لە “شەڕەفنامە”دا ئاماژە بەم بابەتە دەکا و دەڵێ: فێرگەم دروست کرد و نێوم نا مهدرهسهی بدلیس و بۆ کردنەوەکەی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر موسەنیفم بانگ کرد.
خوێنەری هێژا! ڕووم لە مەلا موبین کرد و گوتم ڕۆڵە ئەوانەت دەزانی؟ گوتی: ناوەڵا. ئەوە ماشێن دەڕوا و جادەش تا ڕادەیەک خەڵوەتە، ڕانندەگێکەم بە کەیفێیە، نە توند دەڕوا نە سەبر. بەڵام هەندێ جار زۆر لە ماشێنان نزیک دەبێتەوە!
سەرت نەیەشێنم؛ دوکتۆر عەبدولی لە درێژەدا گوتی: شەڕفخان دەڵێ: مامۆستا مەلا ئەبووبەکرم بانگ کرد و داوەتمان کرد و ئیفتیتاحی کرد. ئاوا باسی مامۆستا موسەنیف دەکا و دەڵێ: کەسێکی لەگەڵ بوو بە نێوی مەلا موحەممەد بەرقەڵعی خهڵکی بەرقەڵا که دێیەکە له مهریوان و ههڵکهوتوو له داوێنی قهڵای ههڵۆخان.
موسەنیف و هەڵۆخان
ئەمجار مامۆستا موسەنیف بە هەڵۆخانی ئەڕدەڵان دەڵێ: ئەم قەڵایەی مەریوان کۆنە و نۆژەنی کەوە. لە بن قەڵاکەش فێرگەیەک دانێ -ئێستا هەم قەڵاکە و هەم مەدرەسەکە ماوە، بەڵام بەشێک لە فێرگەکە ڕووخاوەـ کە یەکێک لە پاشماوهکانی کهلهپووری کورده ئهویش له سهردهمی گۆڵمەزی عوسمانی و سەفەویدا.
مامۆستا مەلا ئەبووبەکر لە فێرگهی قەڵای ههڵۆخان دەبێ، چەند کەڕەت لەشکری شا عەباس کە دێ هەڵۆخان تێکبشکێنێ و قەڵا بڕووخێنێ و ئەم زانایانە شەهید بکرێن و یا دوور خرێنەوە. ئەوە مەریوان دەدرێتە بەر ڕکێفی ئەسپی سەفەوییە؛ بەڵام مامۆستا مەلا ئەبووبەکر دەڵێ: نابێ تەسلیم بین و دەبێ خۆڕاگر بین و نەهێڵین سنوور ببەزێنن.
دیارە سەفەوی و عوسمانی شەڕەکەیان هێناوەتە دەشتی مەریوان و زرێبار. سەفەویە دەیگوت: لەباری سنوورەوە ئی منە؛ عوسمانیش دەیکووت لە باری مەزهەبی و ئیدۆڵۆژی سەر بە منە؛ بەڵام عولهمایان و میرانی کورد سهربهخۆ بوون و سەریان بۆ هیچ لایەک دانەنواند.
هەڵۆخان
پیاوێکی دیار و کەسایەتێکی زۆر بە سام و هەیبەتی هەبووە. باڵوێزی ئهوکاتی ئیسپانیا یانی (گارسیا د سیلوا فیگوئروا) سەفەرێکی کردووە لە سەردەمی شاعەباس بۆ ئێران؛ له ڕێگادا تووشی هەڵۆخان بووه تاریفی هەڵۆخانی دەکا و دەڵێ: برۆی سپی بوو، تێکەڵاوی ببوونەوە. هەیبەت و شکۆیەکی سەیری بوو.
هەڵۆخان، ڕاخوازی لە مامۆستا مەلا ئەبووبەکر وەردەگرێ کە قوربان چ بکەین؟ ئەوانە هێرشیان هێناوە و لهشکر پێوەیە ئێرە بشکێنێ؟ مامۆستا دەفهرمووێ: تا دوایین دڵۆپی خوێن شەڕ دەکەین و مۆڵەت نادەین دین، مەزهەب و بیر و باوەڕمان بکەوێتە ژێر ڕکێفی ئهسپی دووژمنان. چەند کەڕەت دێن قەڵا بگرن، هەر ناتوان و لشکر بە تێشکاوی تا هەمەدان دەگەڕێتەوە.
مەلا عەبدولکەریم و مەلا مەحموود
مامۆستا مەلا ئەبووبەکر زەحمەتی زۆر کێشاوە پەڕتووکی «طبقات الشافعیه»ی نووسیوە کە لیستی تەواوی فوقەهای شافعییەی لە دوای ئیمامی شافیعی تا دەورانی خۆی هێناوە، لە دوای «ابن حجر» تەواو دەبێ. لە ئاخیریشدا نێوی خۆی ناهێنێ.
خوالێخۆشبوو مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان لە کتێبی خەزێنەدا دەڵێ: «بەداخەوە چونکە خەڵکی وڵاتەکەی، خۆی لێ بە ساحێب نەکردووە ئێستاش تاقە جارێک چاپ نەکراوە، بەڵام ئەو کتێبەی لینگەی «وضوح»ن وەکوو «تحفه» و «نهایە» چونکە خەڵکی وڵاتەکیان خۆیان لێ بە ساحێب کردوون تا ئێستا هەر یەکەی سەد هەزار جڵدیان لێ چاپ کراوە و لە ماڵی مەلا کوردەکانیشدا یەگجار زۆرن (ئەحمەدیان، 1383: 52-53).
بەڵێ مامۆستا واژی! وایە. دەبێ ئەوش بڵێم مەلا ئەبووبەکر، بۆخۆی شەش کوڕی هەبوون؛ لە وانە کوڕە گەورەکەی بە نێوی عهبدولکهریم کە بە مامۆستا عهبدولکەریمی موفەسسیر ناسراوە؛ چوون لە بەستێنی تەفسیردا چهند بەرگی لە پاش خۆی بە جێ هێشتووە. پێیاندەگوت: بۆچی فیقهـ نانووسی؟ دەیگوت: لەبەر ڕەچاو کردنی ئەدەب؛ چونکە بابم -مەلا ئەبووبەکر- لە زانستی فیقهـدا «الوضوح»ی داناوە، کارم بە فیقهـ نییە و کارم زۆرتر بە تەفسیرە.
خوێنەری بەڕێز! ئەوە وردەوردە نزیک دەبینەوە لە تیرمیناڵی ناو شاری نەغەدە و بە گۆڕەپانی تازە لێدراوی نێوان سێڕای ورمێ و شنۆ، بادەدەینەوە بەرەو ڕێگای شنۆ، بەڵام سایپا و ماشێنی باربەر زۆرن، دەبێ ئی چی بێ؟
فەرموو دوکتۆر: بەڵێ جا ئەوەم عەرز دەکردی: کوڕی دووهەمی مەلا ئەبووبەکر، مەلا محموودە کە دەبێتە بابی مەلاجامی که لە مەهابادە.
من: بەڕاستی دوکتۆر هەر دەبێ بڵێین «سبحان الله» ئەم غیرەت و ئەم دڵسۆزییە. تکایە ئاگات لە ماشێنەکە بێ ئەمە جادەی شنۆیە، بەڕاستی دەشت و دیمەنێکی جوانی هەیە، دەزانی دوکتۆر لێرڕا تا دەگەیە «خنخنە»ی ئەم لێوە ڕێیەی لای ڕاستمان تاشەبەردی چندراوی لە نێو قەدی ئەم شاخە دایە! دەبێ چ بەردێک بێ؟ دەی هەر چۆنێک بێ بچینەوە سەر وتوێژەکەن، دەتفەرموو...
بەڵێ! جا ئەوەم دەگوت: لەم کەشوهەوایە مامۆستایانی ئەهلی سوننەت دەبینین چەندە ڕەنجیان کێشاوە؛ بەڕاستی ناجوامێریە کەسانێک بهرهنگاری پێشینیانی خۆیان ههڵدهستنهوه؛ به قهولی کوردی، سوریان دیووه، سهمایان لهبیر چۆتهوه! جێی داخە.
لە ئاخیریشدا قەڵا نەگیرا و لشکر تێکشکا و چوونەوە؛ بەڵام لە ئاخیری شا عەباس بە فێل و تەڵەکە کوڕەکەی هەڵۆخانی بانگ کرد و کچەکەی خۆی لێ مارە کرد و هەڵۆخان شکستی خوارد.
مەلا موبین: پێموابێ کوڕەکەی تۆڵەی ستاندەوە؟! دوکتۆر: بەڵێ بەڵام تازە درەنگ پەشیمان بۆوە.
پرسیار: دەستنووسی کوردی بە زمانی کوردی چ دەستنووسێکە واتە دەقەکە کوردی بێ؟
وڵام: بەرهەمەکانی خانی.
پرسیار: ئەی ڕوباعیاتی باباتاهیر هەمەدانی؟
وڵام: ئەمانە ناتوانین بڵێین تەواو کوردین؛ ئەمانە وەک فەهلەویات / پەهلەویات دەناسرێن کە زاراوەیەکی هاوبەشە لە نێوان زمانهکانی ڕۆژئاوای ئێران؛ یانی ئازەری، لۆری و کوردی؛ واتە ناتوانین بڵێين سەداسەدی کوردیە.
پرسیار: ئەی لە موکریان؟
وڵام: لە دوو سەد ساڵ تێناپەڕێ.
دەزانی ئەم جادەیە تەسکە و هیچ ئاوڕدانەوەیەکی جیددی بۆ نەکراوە، گوتم: لێی گەڕێ ئەوە حوسێنزادە کوردە و بۆتە نوێنەری نەغەدە و شنۆ و هێندەی پێنەچوو دەستی لە کار کێشاوە و بۆتە جێگری سەرۆککۆمار لە بەشی گەشەی ئاوایییەکان. ئێرە بازاڕی نەغەدەیە هەموو ڕۆژانی هەینی بەڕێوە دەچێ هەر لە فرۆشتنی ماڵات و کەلوپەلی پێویستی ژیان تا خواردەمەنی، ئەوە بۆیە تووشی ئەم هەموو ماشێنە بارهەڵگرانە دەبووین.
دکتۆر فەرموو درێژەی بدە هەر چەند دەزانم بە ڕانندەگێوە قسەکردن تۆزێ دژوارە و چوون دەبێ هۆشت لە دوو جێیان بێ.
دوکتۆر: ڕاستە! مامۆستا گیان! ئەمەم دەگوت: ئێمە چەند کۆڵەکەن هەیە کە نابێ خامۆش بکرێ؛ لە دۆزی بناغەی فیکری ئەهلیسووننەتدا ئهویش مهزههبی فقیهیی شافیعی و نیزامی فیکری ئەشعەرین.
مامۆستا موسهنیف کەسێک بوو مهدینەی مونهوهرهی دیتبوو وڵاتی میسر چووبوو. کەسایەتێکی کەم نەبوو دەیتووانی لەم وڵاتە عەڕەبیانە بمێنێتەوە. دەستیان ڕادەگرت بە سەریدا بڕوا. بەڵام هاتەوە مەریووان، زێدەکهی؛ دەیزانی پەیام، ڕاسپارە و ئەرکێکی هەیە.
مەلا برایم شارانی مەریووان
کوڕەکانی خۆی هەر حەوت کوڕی دەرچووی مهدینەن. چۆڕ لە مەریوان لەگەڵ شاران مەودای زۆر نییە. ئەگەر چووی دە پێشدا دەگەیە شاران. کە شارانت جێهێشت دەگەیە چۆڕێ. مامۆستایەک لەو شارانییە بە نێوی مەلا برایم شارانی. لە سەرچاوەکاندا ئاماژە بە ۷، ٨، ئەسەری فهرموودە (حدیث)ی کراوە. لە بواری بیر و باوەڕەو و هەر وەها لە فیقهی شافیعیدا نووسراوەی هەیە.
مەلا برایم شارانی، بەختەوەرانە سەرەڕای کارە بە کەڵکەکانی تری کارێکی بە کەڵکی تری کرد و ئەویش خوێندنی خۆی لەگەڵ سیلسلهی ئوستادهکانی دە کتێبی «الأمم لإیقاظ الهمم»دا نووسیوەیەتەوە، بیرەوەری وەی کە لە لای کێی خوێندووە، تا دەگاتە مەدینەی؛ دەڵێ: کە چوومە مەدینە کورسی دهرسی تەفسیر بە دەست مەلا عهبدولکەریم کوڕی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر موسەنیف بوو، بە یەکێ لە بەرپرسانم گوت: دەرسێکم دەوێ و دەمهەوێ لە ئاڵقەی تەفسیردا دابنیشم؛ پێیانگوتم: سەرۆکایەتی بە دەست کەسێکە پێموایە لە وڵاتی خۆتانە. دەڵێ: چووم دیتم قوتابییهکان لە بەر قاپی خۆشەویست (د. خ) لە ڕەوزەی پیرۆز تەفسیریان گوێ دەدایە. گوتیان ئەگەر دەچی بچوو لەوێ مامۆستا مەلا عهبدولکەریم دەرست دەداتێ. منیش چووم باوەشی پێداگرتم و ناسێمێوە؛ گوتی: مەلا برایم ئەتۆ و ئێرە؟ گوتم: بەڵێ هاتوومەتە ئێرە.
پرسیار: دوکتۆر ئەمە سەدەی چەند بووە؟
وڵام: 1030ی کۆچی.
نامەیەکی ئەم مەلا برایمە بۆ مەلا جامی ههیه، دەڵێ: جەنابی مامۆستا مەلا جامی، لە دوورەوە هەموو خاکی کوردستان زیارەت دەکەم و ماچی دەکەم ئەوە لێرە لە خزمەت مامە مەلا عهبدولکەریمت دام. تەفسیر دەخوێنم ئەمەش دووعا گۆمە لە قاپ و ڕەوزەی پێغەمبەر (د.خ). نامەکەی لەگەڵ کتێبێک بۆ خزمەت مەلا جامی ناردووە.
لە «الامم»دا سەبارەت بە مامۆستا مەلا عهبدولکەریم دەڵێ: «کانَ عالِماً عارِفاً الوَلیَّ ابنَ الوَلیّ»؛ دوایە دەڵێ: خەڵوەتخانەیەکی چکۆڵەی هەبووە جارجار دەیبردمە وێ پەنا ڕەوزەی شەریف و لەوێ خۆی مات دەکرد و دەڵێ دادەنیشت و دەڵێ: «کانَ کثیرَ الاجتماعِ بالخِضر». ئەمە بیروڕای خودی مامۆستا مەلا برایمە.
مەلا موبین کاک موحەممەد؛ دەزانن ئەوە گەیشتینە ئێرە کە «خنخنە»یە گۆڕی باپیرم، نەنکم، خاڵ و پوورم لە دایکڕا لێڕە نێژراوە، خوا بیانبەخشێ.
من: ئەم ڕۆژانە مامۆستا مەلا عەبدولواحید تەمجیدی زانایەکی باش بوو بەڵام بە هۆی نەخۆشی نەیتووانی کەڵک لە زانایی وەرگیرێ، کۆچی دوای کرد.
دەستان خۆش بێ ئەرێ با زەنگێ بۆ بەڕێز کاک شەفیع خزری لێدەم و ئامادەگی هەبێ و هەر وەها کاک تاهیری زاوام، گووشیم دەرهێنا و زەنگم بۆ ئەم دوو بەڕێزە لێدا؛ تا ئاوان کرد گەیشتینە شنۆ.
سینگان
نزیک یازدە گەینە نێو شاری. لە سێڕای شەهرەک کاک شەفیع خزری و کاک تاهیر ڕاوەندی چاوەڕێن بوون. دوای چاک و خۆشی بەرەو سینگان وەڕێ کەوتین. نەگەیوو بە ئاوایی، لە گۆڕستانی فەقێشاڵی ڕامانگرت و چووینە خزمەت زانایان و ناوداران؛ بە گشتی فاتیحایەک بۆ هەموو مردۆکان و پاشان سەر گۆڕی عەللامە مەلا سەیید حەسەن واژی و مامۆستا سەیید باقی و باوکم (مەلا سەیید موحەممەد واژی) فاتیحایەکمان خوێند. بەرەو ناودێی سینگان ڕۆیشتین. لە ماڵی حاجی سەیید ئەحمەد واژی، دانیشتین و باسی جۆڕاو جۆر هاتە گوڕێ. هەر لە چەقاندنی داری تووی ڕەش و دار چنار لە سەر گۆڕستانەکان، کاک شەفیع خزری گوتی: ئەمە ڕیشەیەکی ئایینی ھەیە و بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە و وەک بابەتێکی پیرۆز چاوی لێکراوە.
هەندێ باس لە کەژ و کێوەکانی شنۆ کرا. کاک شەفیع زۆرێ لە کێوەکانی تاقی کردۆتەوە، کە بەڕاستی دەبێ بڵێم لە بەستێنی گوڵناسی ناوچەی خۆمان زۆر شارهزایه. حاجی سەیید ئەحمەد گوتی ئاها هەر جار گوڵێک لە کاناڵی تێلگڕامی شنۆ بە زمانی کوردی و فارسی دەناسێنرا و لە خوارەکەی دەنووسرا شەفیع خزری نەمزانی بەڕێزتانی! کاک شەفیع باسی لە کێوە بڵیندەکانی شنۆ کرد و گوتی: کێوی «کۆر ڕەزەوانی هۆزەبانیان» هەڵکەوتوو لە پشتی گوندی «گەڵاز»ی ناوچەی شنۆ بە بەرزایی 3310 گەز بەرزترین کێوی شنۆیە کە لە نێوان دوو کێوی «زەڕکۆ» و «بابۆڵە» هەڵکەوتووە کە ئەم دوو کێوەش بەرزایییەکەیان سەرووی سێ هەزار گەزە.
تا چایەکن خواردەوە لە بلیندگۆی ئاوایی سەڵا کرا و بەرەو مزگەووت وەڕێ کەوتین. مزگەوتەکی گەلێ خۆشە بەرفراوان و خەڵکیش باش هاتبوون و گوێندا وتاری مامۆستا مەلا ساڵح مێهدیزادە پێشنوێژ و وتارخۆێن، وتارەکەی مامۆستا بە سرنجدان بە چەند ئایەتی (وَ عِبادُ الرَّحمَن الَّذینَ یَمشُونَ...) که سەبارەت بە ئەخلاق و خدەی ئیماندار بوو، ڕووداوێکی لە کلیلە و دیمەنە گێڕاواە کە باس لە ژیانی ئاژەڵ، پەلەوەر و زیندەوەر لە جەنگەڵ، کە پێنسەد ساڵ یا هەزار ساڵ بەر لە زایین، لە دایک بوونی مەسیح نووسراوا؛ دوو منداڵ کە لە پشت سەری مە بوون گوتیان تەح! پێکەنیم هاتێ. پێکەنینەکەیان لەبەر درێژی ئەم مێژوویە بوو.
دوای نوێژ هاتینە و لە پەنا قەڵا کە دەڕوانێتە ئاوایییەکانی «هێ» و «میراوە» وێنەیەکی یادگاریمان کێشا و گەلێ بە لامانەوە ناخۆش بوو ئەم قەڵا کۆنە بێنازە و نۆژەن ناکرێتەوە و ئەگەری ڕووخانی هەیە.
دەستنووسەکان
دوایی نههار، حاجی سەیید ئازاد واژی دەستنووسەکانی مامۆستا مەلا سەیید عەوڵای واژی (کەوڵزەرد) و عەللامە مامۆستا مەلا سەیید حەسەن واژی زۆر بە ئەسپایی لە سندووق پەڕتووکەکانی هێنانەدەرێ و گوتی بنەماڵەمان ساغ بوونەتەوە لە ماڵ نەچنە دەرێ. چەند پهڕتووک بوون، بەرگێک لە قوڕئانی پیرۆز، پەڕتووکی تەفسیری قوڕئانی پیرۆز و هتد.
دوکتۆر عەبدولی کە چاوی بەم پەڕتووکانە کەوت، بەم زانست و کارناسییەی کە هەیەتی؛ گوتی: ئەم قوڕئانە دوو کەس نووسیویان، ئەم تەفسیرە بۆ زیاتر لە چوارسەد ساڵ دەگەڕێتەوە و ئی مهلا یۆسفی ئهسهمه. کاغەزەکەشی ناساند کە ئەمە چ جوور کاغەزێکە. حاجی سەیید ئەحمەد واژی، حاجی سەیید ئازاد واژی، حاجی سەیید سیرڕاجەدین، کاک سەیید عەلی عەبدوڵڵاپوور، کاک... ئەحمەدی و لاوەکان لە سەر ئەم کتێبانە کەڵکە ببووین و ئێمەی دەبردەوە بۆ سێسەد چوارسەد ساڵ لەمەوبەر کە بۆ نووسینەوەی ئەم پەڕتووکانە چەند هەوڵ دراوە، دوکتۆر گوتی زانستی ئەمڕۆکە جۆری خەت، تەنانەت شێوازی نووسین، حەتا ئەمە نووسەری ئەم دەستنووسە لە چ حاڵوهەوایەکدا بووە، غەمبار بووە یا خۆشحاڵ! لەم خەتانە دەخوێندرێتەوە، بە خەت و ڕەنگ و کاغەز مێژوو نوسینەوەی دەزانرێ. زۆر وەستایانە ئەم بابەتەی تاوتوێ دەکرد.
لەم کەشوهەوایەدا بووم کاک سەیید کەماڵ عەبدوڵڵاپوور هاتە ژوورێ و هەندێ لەم پەڕتووکانە ڕاما و فەرمووی فڵانی لەمێژە لە بیری گۆڕینی ناسنامەی خۆمانم لە پوورعەبدوڵڵا و بۆ واژی. بەڕێزیان لەگەڵ ئێمە بنئامۆزایە هەر بەرەبابێکین. منیش هەم واژۆ و هەم پەنجەمۆرم کرد. بانگی ئێوارێی فەرمووی زەنگم بۆ مامۆستا مەلا عەبدوسسەلام بوڕهانی لێدا ئەگەر لە ماڵ بێ ئەم جەمعە دەچینە خزمەتی دوای چەند خولەک زەنگی لێداوە و فەرمووی باوکم لە ماڵێ چاوەڕێتانە.
نوێژی ئێوارێن بە جەماعەت کرد و ئەم جەمعە؛ بەر لەوە بچینە شنۆ؛ چوینە ماڵە کاکە سەعیدم (سەیید سەعید پوورعەبدوڵڵا) کە نزیکی سیوسێ ساڵ دەبێ، دهماری پشتملی پساوە و گردەنشین بووه؛ زۆری پێخۆش بوو . لە دایک بووی ۱۳۱۵ی هەتاوی بەڵام هەندێ شتی لەبیر نەماوە. بە مەلا موبین واژی دەگوت: ئەتۆ وەک باپیرت دەچێ! دوای چاو و میوەیەک لەگەڵ حاجی سەیید ئەحمەد و حاجی سەیید ئازاد بەرەو شنۆ ڕێن گرتە بەر.
شێخ عەبدولعەزیز
من و حاجی شەفیع و دوکتۆر موحەممەد پێکەوە بووین. بە لای گۆڕەپانی هەڵەبجە و لە پارکی شێخعەبدولعەزیز هەڵکەوتوو لە کەمەربەندی پیرانشار، ڕامانگرت و چووینە سەر گۆڕی شێخ عەبدولەعزیز، کە لە لایان شارەداری کراوەتە پارک. گوڕەکە تۆزێ بڵیندتر بوو، خانوویەکە وا دیارە چەند ساڵێکە ساز کراوە. بەر لەوە بچینە ژووری دیوێکی سەر ئاوەڵا و بە قەد نێو قەدێک بڵیند کراو. دوو سێ گۆڕی لێ بوون. یەک لەوان ئاقای میرزا ئەکبەری تەقیزادە؛ بابی میرزا ڕەحمانی تەقیزادەیە، کاک شەفیع گوتی: ئەم تەقیزادە ئەم بینایەی سەر گۆڕی شێخ عەبدولعەزیزی نۆژەن کردۆتەوە و وا دیارە بە ڕاسپاردەی خۆی لێرە نێژراوه.
بە ئەسپایی چووینە ژوور. دەرگای گاڵەدراوی نەبوو، فاتیحایەکمان خوێند و دوعای بەخێرن بۆ کردن. یادن کرد لە زانایانی شنۆ کە چەندە بۆ ئیسلام و موسڵمانان و گەلی کورد زەحمەتیان کێشاوە. ژوورەکە بە حاڵەتی دایرەیی ساز کراوە، بە ڕەنگی سەوز نەخشێندرابوو. پەنجەرەیەک لە لای سەرێتی، لای ڕاستی تاخچەیەکە سێ تەبەقە، تەبەقەی بنەوەی بەرماڵ و دوو تەبەقەی سەرێ قوڕئان دانرابوون، ڕەنگە بەرماڵەکان بۆ پاراستنی قوڕئانەکان بێ دەنا نوێژ کردن لە گۆڕستان دروست نییە! کەفەکەی موزایک کراوە. لە سەر کێلەکەی نووسرابوو: «شیخ عبدالعزیز اشنویی، ابن علی ابن عبدالعزیز ابن حسین، متوفی در سال ۵۵۰ هجری قمری، از شاگردان ابو اسحاق شیرازی».
لەگەڵ حاجی سەیید ئەحمەد و ئەم کۆمەڵە چەند وێنەیەکی یادگارین کێشا. ئەمەی سرنجی منی بۆ لای خۆ ڕاکێشا دوو بەردی گەورە بوون کە لە عەردی چەڤێندرابوون، کاک شەفیع خزری ئاماژەی کرد ئەمە هەر ئەم دوو بەردە نەبوو زۆری تر بوون کە من بە خەستوخۆڵی لە کتێبی: «نمادها و باورهای موجود در قبرستان شیخ عبدالعزیز اشنویه» گونجاندوومە. لەم هەموو بەرد و نمایانه تەنیا دوو بەرد مابوون. گوتی: ئەگەر من نەبام ئەم دوانەشیان لادەبرد! ئەما سەبارەت بەم دوو بەردە؛ یەکیان «بەردەکۆخەیە» کە کونێکی تێدایە، بە قەرا پێنج قووتر دەبێ؛ یەک گەز و ۲۲ سانت بەرزە. کە کاتێ مناڵ سەرما و هەڵامەتی دەبوو، حەوت کەڕەت بە لێدانی سڵاوەت بە نێو کونەکەدا دێنا و دەبرد و دوایە دەیانخستە گەڕووی مناڵەکە. دوو «بەردە پشتئێشە» کە هەر ئەم دوانە ماون. ئەم بەردانەی تر کە نەماوون؛ بەردەنێوک، بەردە مەقسوود، بەردە تاقمانە جووت، بەردە لانک، بەردە مەڕە. کە هەمووی ئەمانە لە کتێبەکەمدا گونجاندووە.
حاجی مامۆستا مەلا ڕەشید بوڕهانی
دوایی بەرەو شەهرەک و ماڵی زانای گەورە حاجی مامۆستا مەلا ڕەشید بوڕهانی، وەڕێ کەوتین. لە دەرگامان دا و چووینە ژوورێ، ھاڵێکی مامناوەندی ئەودیوی پەنجەرە حەسار خەڵوەتی بوو. دەوری حاجی مامۆستا کتێب چندراو و هەر لە عەڕەبی تا فارسی، هەر لە عیرفانی تا تەفسیر و بابەت گەلێتر. سیمایەکی باڵابەرزی نێوقەد باریکی دموچاو شووشەیی و عەبایەکی سپی دە بەر و پشتێند لە سەر بەستوو؛ هەستا لە بەرمان، کاک شەفیع خزری من و دوکتۆر موحەممەد عەبدولی پێناساند، ڕووی دە من کرد و فەرمووی: دوو کەڕەت ویستوومە بێمە سەردانت! بەداخەوە لە ماڵ نەبووی. عادەتمە تا بێمە مەهاباد سەرێک هەڵدێنم لە خانەقای شەمزینان، فەرمووی لەوێ لای مامۆستا قازی خزری فەقێ بوومە. لە درێژەدا؛ فەرمووی هەم فەقێی عەللامە مەلا سەییەد حەسەن واژی بوومە هەم باوکت (مامۆستا مەلا سەید موحەممەد). باسی گۆڤارهکانی کەشکۆڵ و مەهاباد هاتە گۆڕێ دیار بوو حاجی مامۆستا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بێ خەبەر نیە؛ کە ئەمە بەیانگهری ئاستی وردی و دایرەی زانستی ئەو دەگەیەنێ.
عەرزم کرد لە تەفسیری کوردی و عەڕەبی هۆگریتان بە کام تەفسیرە؟ فەرمووی: لە عەڕەبێکان هۆگریم بە تەفسیری «المراغی»یه کە لانیکەم چوار کەڕەتم خوێندۆتەوە. لە کوردێکان هۆگریم بە تەفسیری مامۆستای مەلا موحەممەد جەلیزادە هەیە، هەر چەند لەگەڵ میزاجی من جوور نییە. دەنا باوەڕی بە کەڕامەت هەبووە. بەڵام زۆر دژی شێخ و دەروێشی ئەوکات بووە. بڕوام وایە لە هەموو تەفسیرە کوردێکان باشترە، خۆزیا کورت بکرێتەوە داوام لە کاک هیوا ڕاشدی (مەریوان) کردووە کورتی کاتەوە.
ناساندنی
مامۆستا ساڵی ۱۳۰۳ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ئەهلی زانست لە شارەدێی «نەڵۆس» لە دایک دەبێ. لای زۆرێ لە مەلا باشەکان وەک مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی، مامۆستا مەلا سەیید حەسەن واژی و مامۆستا شێخ موحەممەد شەمسیبوڕهان و مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیسکیبەغدادی خوێندوویەتی و لە دواییدا لە خزمەت مامۆستا قازیخزری شنۆ مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ.
حاجی مامۆستا لە سەر پێشنیاری حاجی شێخ عهبدوڵڵا گهیلانیزاده دەچێتە «قایر»ی مەرگەوەڕ. لەبەر ئەوەی ۵۵ ساڵ لە «قایر» ماوهوتهوه بۆیە بە مەلا ڕەشید قایری ناسراوە.
لە دیوانی کوردی لێم پرسی؟ فەرمووی: لە دیوانی کوردی هۆگریم بە هەموویان هەیە، لە مەولەوی تاوەگۆزی و مەحوی. باوەڕ فەرموو شتی وایان تێدایە کە لە حافز و سەعدیدا نابینرێ!
دوو میوانەکان ڕۆیشتن ئەوەی تر لەوێ ماوە، لێی پرسی گرفتەکەت چییە؟ جەوانە لە ڕووی هەڵنەهات، بیڵێ، گوتمان قوربان ئێمە دەچینە ئەودیوی، بەڵام حاجی مامۆستا قەبووڵی نەکرد و هەستا لەگەڵ ئەم لاوە چۆ دیوی کتێبخانەکەی و دوایی تەشریفیان هێناوە و برادەرە خواحافیزی کرد.
لە ماوەی مەلایەتیدا
زۆری تەدریس کردووە، یەکێ لە فەقێکانی مامۆستا مەلا قادر بەیزاوی ورمێ بووە. مامۆستا مەلا ڕەشید زۆرێ لە کەسایەتێکان دیوە؛ لەوان وەک دکتۆر وهبە زوحەیلی.
نزیکی حەفتا کتێبی نوسیوەتەوە و نزیک بە سەد وتار و ریسالەی هەیە کە هەندێ لە وتارەکانی لە گۆڤاری سروەدا چاپ کراوە. بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران وتاری بە عەڕەبی لە گۆڤاری دوو حەوتووانەی «الإخاء» چاپ دەبوون کە ئەم گۆڤارە یەکەم ژومارەی ۱ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳۳۹ی هەتاوی بڵاو بۆوە کە ۱۳۵۷ی هەتاوی داخرا؛ بابەتی ئەم گۆڤارە زیاتر ئاوڕدانەوە لە بەشی هەواڵ و فەرهەنگی بوو.
لەم کتێبانە دەکرێ ئاماژە بەوانه بکهین:
۱ـ نقدی برکتاب کُرد و کُردستان تالیف واسیلی نیکتین ترجمۀ محمد قاضی
۲- تصوف و اسلام کُردی
۳ـ شرح حال علمای کُرد به ترتیب حروف الفبا و تألیفات آنان.
نزیکی سەد فەقێی ئیجازە داوە کە ناو ئەم فەقێیانە لە ئاڕشیوی ماڵێیاندا هەیە.
حاجی مامۆستا شەش کوڕ و شەش کچی هەیە، کە لە کوڕەکان سێیانی مەلان.
چهند تایبهتمهندی مامۆستا
۱ـ مامۆستا زۆر هۆگری موتەڵایە، وەک مامۆستا مەلا عەبدوسسەلامی کوڕی؛ دەڵێ: لەم تەمەنەشدا شەووڕۆژ لانیکەم دوازدە کاتژمێر موتاڵای دەکات.
۲ـ بەڕێزە دەڕوانێتە کەسەکان؛ لە بەر هەموو کەس هەڵدەستێ تەنانەت لە بەر کوڕەکانیشی دەڵێ ئەنگۆ قوڕئانوو لە سینگی دایە. تەنانەت لە بەر نەوەکانیشی هەڵدەستی حەتا ئەگەر منداڵێکی چووکەش بێ.
۳ـ لە موتاڵا کردن لەم شوێنە و وشانە ڕادەوەستێ کە بابەتێکی خۆشی تێدایە، ئامۆژگاری کوڕەکانی دەکا لە کاتی خوێندنەوە ئەگەر ماندوو بوون یا کارێکتان بۆ هاتە پێش لەم شوێنە ڕاوەستن کە خۆشە، دەفەرمووێ هەتا لە قوڕئاندا کە هەمووی پیرۆزە لە سەر ئایەتی عەزاب و جەهەننەم ڕاوەمەستن بڕۆن تا دەگەنێ ئایەتێک کە هەستێکی خۆشتان دەداتێ.
۴ـ هەر لە کۆنەوە دابی وا بووە هەندێ جار جلوبەگی خۆی بۆخۆی دەیشووات؛ هەر چەند منداڵەکانی دەڵێن بابە مەلا ئەوە نییە جلشۆر هەیە؟ دەفەرمووێ نا هەر بۆخۆم پێمخۆشە، دەنا کوڕ و نەوە دەستیان ڕاگرتووە بە سەریدا بڕووا.
۵ـ بەم سەرمایەش بە ئاوی سار دەسنوێژێ هەڵدەگرێ.
۶ـ لەگەڵ ئەمە حاجی مامۆستا ئەهلی عیرفان و سۆفیمەسلەکە بەڵام زۆر ڕێز بۆ زانایانی ئەمڕۆکە دادەنێ گەلێ جار بە بڕیاری وان فووتوا دەدا.
۷ـ سێ کوڕی مەلانە؛ حاجی مامۆستا مەلا عەبدوسسەلام کە یەکێ لە مەلا باشەکانی شنۆیە، مەلا عەبدولباسیت، مەلا عەبدوڕەقیب، بەم کوڕانەوە ئەم بنەماڵە چوار پشتیان مەلانە.
٨ـ حاجی مامۆستا لەگەڵ ئەمە تەمەنی سەد ساڵە بەڵام زۆر باهۆشە. کاتی یەکێک پرسیاری کرد و حاجی مامۆستا وڵامەکەی تەواو نەبوو ئەم دۆستە پرسیارەکی تری کرد؛ وەلی حاجی مامۆستا فەرمووی ڕاوەستە با وڵامی پرسیاری ئەووەڵ بدەمەوە.
۹ـ حاجی مامۆستا ئەهلی دەمارگیری نییە؛ هەر کتێبێ بە کەڵکی بزانێ دەیخوێنێتەوە. بەڵام هۆگری زیاتر بە کتێبی عیرفانییە.
10ـ زۆر شوێنان گەڕاوە؛ مووسڵ، بەغدا، ئیستامبووڵ و گەلێ شاری ئێران.
خواحافیزیمان کرد و و زۆری داکۆکی کرد شەو لە خزمەتیدا بین بەڵام بەڵێنین دابوو، چووینە مزگەوتی شەهرەک بۆ جەماعەتی نوێژی شێوان. حاجی مامۆستا مەلا عەبدوسسەلام بوڕهانی، پێشنوێژی دەکرد و مەلای ئەم مزگەوتەیە. بەم ڕۆژە کە هەینییە و خەڵک کەمتر لە ماڵە نزیک سێ ڕیز بوون. مامۆستا عادەتی وایە دوای نوێژی شێوان تا خەوتنان نایەتەوە سورعەتی خوێندنەوەی زۆرە دەڵێ جار هەبوو سەد لاپەڕەم خوێندۆتەوە.
ناساندن
مامۆستا مەلا عەبدوسسەلام ساڵی ۱۳۳۹ی هەتاوی لە ئاوایی «قایر»ی مەڕگەوەڕ چاوی بە دنیا هەڵدێنێ، ساڵی ۱۳۵۳ دەچێتە حوجرە و بە فەرمی دەبێتە فەقێ. لە شارەکانی شنۆ، ورمێ و مەهاباد دڕێژە بە خوێندن دەدات. لە مەهاباد لە خزمەت مامۆستا مەلا قادر عەباسی و مامۆستا مەلا سەعید ڕەسووڵی دەخوێنێ. ساڵی ۱۳۶۳ لە خزمەت حاجی مامۆستای باوکی مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ. سەرەتا لە ئاوایی «سەنگەر» و دوایی «ناناس» دەبێتە مەلا، پاشان لە سەر پێشنیاری خەڵکی گەڕەکی فەرهەنگیان شنۆ ساڵی ۱۳۷۲ دێتە مزگەوتی «محمد رسول اللە» (د.خ) ئەم مزگەوتە کە ئێستا سیویەک ساڵ دەبێ لێرە مەلایە.
مامۆستا لە پەنا کاری مەلایەتی توانویەتی لە زانستگای پەیام نووری ورمێ مەدڕەکی کارناسی ئەدەبیاتی فارسی وەرگرێ. لەگەڵ ئەم هەموو کارە توانیویەتی شەش کتێب بنووسێ لەوان: «اسرار الحج»، وەرگێڕانی «مُکفِرّات الذنوب» و چەند بەرهەمی تر.
ههر وهها ماوەیەک سەڕۆکی ئەنجوومەنی نەخۆشیەکانی تایبەت دەبێ. ئەندامی خێرخوازانی سەلامەته و خەتێکی زۆر خۆشی هەیە.
مامۆستا مەلا ئەحمەد ئەحمەد پوور (ناڵۆسی)
دوای خوا حافیزی لە حاجی مامۆستا مەلا ڕەشید بوڕهانی بەرەو گەڕەکی شەهرەکی فەرهەنگیان وەڕێکەوتین و لە بەر دەرگای ماڵی سیامەند ڕەحمان، چاوەڕێی کاک ئارام بووین.
لێرە پشوویەکمان دا و یادێکمان لە خوالێخۆشبوو سیامەند ڕەحمان کرد. بەڕێزیان لە دایک بووی ۱ی خاکەلێوەی ۱۳۶۷ی هەتاوییە و بەداخەوە لە ۱۱ی ڕەشەممەی ۱۳۹٨ی هەتاویدا کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو قورساییهەڵگرێکی (وزنەبردار) کورد بوو کە لە کێبەرکێیەکانی پاڕائولەمپیکی ٢٠١٢ی لەندەن و ٢٠١٦ی ڕیۆ، توانی خەڵاتی زێڕ مسۆگر بکات و ڕێکۆردی پاڕائولەمپیک بشکێنێ.
کاک ئارام تەشریفی هێنا و لە خزمەت مامۆستا مەلا ئەحمەدی باوکیدا بە دووی ماشێنەکەیان دا ڕۆیشتین و لەبەر دەرگا ڕامانگرت و دەست و لاچاوی یەکترمان ماچ کرد و چووینە ژوورێ.
هەندێ بیرەوەری سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانن دووپات کردەوە، گەلێ جار بۆم پرسیار بوو ئەرێ ئەوێ ساڵێ کە قوتابێکان لە شنۆ بە بارمتە گیرابوون کەی بوو؟ من و سەیید ئەبووبەکری تیشی ئامۆزام لە قوتابێکانی ئەم قوتابخانەیە بووین کە ئێستاکە پێی دەڵێن «حیکمەت»، چ ساڵێک بوو؟ ئەم شەو و ڕۆژە هەر تەقە بوو لە ناو شار هیچ لاش دیار نەبوو، برسین بوو، ژنێک یەک تەلیسی ورکەنانی بۆ هێناین و خواردن. درەنگانێک ئازادیان کردین، دیتم لە «سێڕای بانکی میللی» کاکە مەلا موستەفای ئامۆزام بە لایەکدا و بابم (مەلا سەیید موحەممەد واژی) بە لایەکدا هەرایان دەکرد تیشی، واژی!
کاک شەفیع خزری جیا لە کاری لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ساڵانی پێشوو شارەزایی باشی هەیە و گوتی: ئەوە ڕێکەوتی ۲۷ی ڕەزبەری ۱۳۵٨ی هەتاوی بوو کە ۲۷ڕۆژ بوو قوتابخانەکان کرابوونەوە.
هەر وەها بۆم پرسیار بوو چ ساڵێک خەڵکی شنۆ شاریان چۆل کرد و چوونە پیرانشار؟ ئێمە ڕاست چووینە کارخانەقەند و بۆ ڕۆژانی دواتر چووینە ماڵە مامە مەلا سەیید کەریم حەبیبوڵڵازادە لە ناو شار. کاک شەفیع گوتی: ڕێکەوتی ئەم ڕووداوە هاوینی ۱۳۵۹ی هەتاوی بوو. لەبیرمە ڕەمەزان بوو، شەو ڕۆیشتین و بە ڕەحمەت بێ بە ماشێنی کاکە خالیدم بە سۆفیانێدا چووین و نەدەبوو چراش بایسێ نەوەک تەقە لە ماشێن بکرێ. بابم بۆوەی نوێژی بەیانی نەچێ لە جاددە هاتە خوارێ نوێژەکەی لە قەراغ جادە کرد و ئێمەش چەند بنەماڵە بووین و لە پشتی ماشێن کە باری بوو دانیشتبووین. بەڕاستی ناخۆش بوو زێد بە جێ هێشتن!
تا هێندێ لەم ڕووداوانە گێڕدرانەوە فەرمووی سەر سفرەیان کردین و چووینە دیوی تر بۆ ڕاحەت دانیشتن.
مامۆستا مەلا ئەحمەد کە دەو چەند ساڵانەدا زۆر بێتاقەت بووە لە سەر سەندەڵی نوێژی کرد و دوایی فەرمووی: لە خۆشی ئێوە هاتووم دەنا دەخۆم ڕانابینم بچمە جێیان.
باسمان لە پەڕتووکخانەی ناڵۆسی کرد، مامۆستا فەرمووی بە ئێستر و ئەسب دەچووم لەو دیوی عێڕاق کتێبم بۆ شنۆ دێنا. دوکتۆر عهبدولی گوتی: له منداڵییهوه فرچکم به کتێبهکانی مامۆستا ناڵۆسیوه گرتووه. بابم کتێبی دهکڕی، مۆری کتێبفرۆشی ناڵۆسییان لهسهر بوو، لهبیرۆکهی منداڵیمدا دهمگوت: دهبێ ناڵۆسی چ بێ؟ کێ بێ؟ ئاقیدهی شێخ سهمیع، ژیانی پێغەمبەران، تیشکی مینبەر، شهریعهتی ئیسلام و هتد ئهوانه یادگاری ناڵۆسین و ئی دهورهی منداڵیمن.
من لە ساڵی ۱۳۵۹ی هەتاوی وە مامۆستا مەلا ئەحمەد دەناسم خوا ڕاوەستاوی کات جەماڵ پاک و ئەخلاق خۆشە، قەد نەمدیت گنجی لە نێو چاوان دابێت، قەت فەقێ و خوێندکارانی بە ناهومێدی بەڕێ نەکردووە هەر فەرموویەتی: هەر کات هەت بوو پووڵەکە بێنە. هەر چەند ئێستا پیر بووە بەڵام هەر دڵی بە کتێب فرۆشییەکەی خۆشە و مامۆستایان ڕۆژانە لەوێ یەکتر دەبیننەوە.
ناساندنی مامۆستا مەلا ئەحمەد
مامۆستا مەلا ئەحمەد ئەحمەدپوور ناسراو بە مەلا ئەحمەدی نەڵۆسی / ناڵۆسی لە دایک بووی ۱۰ی خاکەلێوەی ۱۳۳۳ی هەتاوییە. لە مێرمنداڵێوە هۆگری کتێب بووە و لە ساڵی ۱۳۴۸ی هەتاوی یانی لە تەمەنی ۱۵ ساڵیدا لە ئاوایی نەڵۆسی سەر بە شاری شنۆ لە ماڵی خۆیان لە ڕێی کتێبفرۆشێوە سەرقاڵی خزمەت بە دابونەریت و پەروەردەی نەتەوەکەی بووە. پاشان لە ساڵی ۱۳۴۹ی هەتاوی بە فەرمی لە شاری شنۆ هەوەڵین کتێبفرۆشی بە نێوی زێدەکەی واتە کتێبفرۆشی نەڵۆسی دادەمەزرێنێت و بە خۆشێوە تا ئێستاش کە زیاتر لە ۵۰ ساڵ تێدەپەڕێت کتێبفرۆشی نەڵۆسی هەر بوونی هەیە.
ناوبراو دە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا دەیان کتێب و پەرتووکی چاپ و بڵاو کردۆتەوە کە دەتوانین ئاماژە بە هیندێکیان بکەین:
۱) قورئانی پیرۆز
۲) شەریعەتی ئیسلامی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە ۴ بەرگدا (کوردی)
۳) ژیانی پێغەمبەران، مامۆستا موحەممەدی شەڵماشی (کوردی)
۴) دەنگی مینبەر، مامۆستا موحەممەدی شەڵماشی (کوردی)
۵) تیشکی مینبەر، مامۆستا موحەممەدی شەڵماشی (کوردی)
۶) ئاقیدەی شێخ سەمیع و ئیمان و ئیسلام (کوردی)
۷) ئیسماعیلنامە (فارسی)
۸) تەسریفی مەلا عەلی شنۆیی (عەڕەبی)
۹) عەوامیلی جورجانی (عەڕەبی)
۱۰) جواهر الفتاوی، لە نووسینی: مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس (عەڕەبی)
۱۱) مجمع الصرف (عەڕەبی)
۱۲) وضع و استعارة (عەڕەبی)
۱۳) ملا جامی (عەڕەبی)
۱۴) مختصر المعانی (عەڕەبی)
۱۵) مەولوودنامەی مەلا حوسێنی شێخانی (کوردی)
۱۶) پند و امثال قرآن (فارسی)
ئاشنا بونی من دەگەڵ کاک ئارام
کاک ئارام هەر وەک نێوەکەی ئارام و لە بەر دڵانە. گەڵێ جار دەچوومه کتێبفڕۆشی نەڵووسی دوو مێرمنداڵ (هیوا و ئارام) و دوای ساڵانێک دوو لاوی خوێنشیرین لە پشتی ویترین لە جێی باوکیان کتێبیان دەفرۆشت. لەمێژ ساڵ بوو هەواڵم لێ نەمابوو تا زستانی پار (۱۴۰۲ی هەتاوی) لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتێکاندا جارێکی تر نێوم بیست کە وەک مامۆستای نموونەی وڵات ناسێندرا و لە نوێژی جومعەی ناو شاریشدا ئیمامجومعە باسی شانازی کاک ئارامی کرد کە بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی خەڵاتی لە دەستی بەرپرسانی باڵای وڵات وەرگرت.
جارێ تر ۱۵ی گوڵانی ۱۴۰۳ی هەتاوی بۆ ماوەی پێنج دانیشتن لەگەڵ جەمعێک وەک کاک پەرویز ڕاد، خاتوون پەروین دانیشپەژوھ و چەند کەسی تر لە وانەی بەڵگەناسی و شێوازی خوێندنەوەی بەڵگەکان، لە نووسینگەی گۆڤاری مەهاباد زیاتر ئاشنا بویوین. وانەبێژی ئەم بەڵگەنامانە ڕێزدار دوکتۆر موحەممەد عەبدولی بوو.
ناساندنی کاک ئارام و خزمەتەکانی
ئارام ئەحمەدپوور، لە دایک بووی ساڵی۱۳۶۰ی هەتاوییە لە شارە جوانەکەی شنۆ. بە هۆی پیشەی بابی خۆشەویستیان (مامۆستا مەلا ئەحمەدی نەڵۆسی) کە خاوەنی هەوەڵین کتێبفرۆشییە لە شاری شنۆ، لە منداڵێوە هۆگری کتێب و پەرتووک و ڕۆژنامە خوێندنەوە بووە.
دوای تەواو کردنی قۆناغی سەرەتایی و خولی ناوەندی و دواناوەندی لە کۆنکۆڕی تەجرووبی بەشداری دەکا، بەڵام سەرکەوتوو نابێ و دوای کڕینەوەی سەربازی لە کتێبفرۆشی مامۆستای بابیان دەست بە کار دەبێ.
هەر چەند دە نێو دونیای کتێبدا بووە، بەڵام دیسانیش دڵی ئارام ناگرێت و هەر دە فکر و هزری چوونە زانستگادایە و دوای پێنج ساڵ پشت کۆنکۆڕی و گۆڕینی ڕشتەکەی بۆ ئینسانی بە ڕوتبەی ۱۱۴۳ لە ناوەندی بارهێنانی مامۆستا (تربیت معلم) لە ورمێ وەردەگیرێ و دوای تەواو بوونی زانستگا، دێتەوە زێدی خۆی و گوندی گەڵاز کە دوورترین و شاخاویترین ئاوایی شاری شنۆیە بە قسمەتی دەبێ.
ڕۆژ و مانگەکانی هەوەڵێ، خوا خوایەتی زوو ساڵی فێرکاری تەواو بێ و لەو دۆخە سەختە ڕزگاری بێ، چون هەم مەودای شنۆ بۆ گەڵاز زۆرە و هەم ڕێگاکەی سەخت و ئاستەمە. بەڵام دوای چەند مانگێک کە لە گەڵاز دەمێنێتەوە و لەوێ نیشتەجێ دەبێ و دەگەڵ خەڵک و هەر وەها دابونەریتی وان تێکەڵاو دەبێ، تازە دەزانێ کە خوای گەورە چەندی خۆش ویستووە کە دەگەڵ ئەو مرۆڤانەی ئاشنا کردووە.
تێکەڵاوی لەگەڵ ژیانی خێڵەکی و ئەو مناڵە چاوگەشانە، کاریگەری زۆری لێدەکا و لەگەڵ خوای خۆی پەیمان دەبەستێ کە تا کۆتایی مامۆستایی لە گەڵاز بمێنێتەوە و خزمەت بەو خەڵکە ئەمەکناسە بکا و تا ئێستاش کە ۱۹ ساڵ لەو بڕیارە تێپەڕ بووە لە بەڵێنی خۆی پاش گەز نەبۆتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو مامۆستایە تا ئێستا چەندین پلە وخەڵاتی وڵاتی و دەرەوەی وڵاتی بە دەست هێناوە وەک: مامۆستای نموونەی وڵات لە ساڵی ۱۳۹۴ی هەتاوی. مامۆستای نموونەی «خەڵاتی مامۆستایی» کە ساڵی ۱۴۰۲ی هەتاوی بۆ یەکەم جار بەڕێوە چوو و لە ئێران و حەفدە وڵاتی جیهان ۲۰۰ هەزار مامۆستا بەشداریان کرد و وەک نەفەری هەوەڵ دەستنیشان کرا.
ئەم فاکتۆرانەی کە کاک ئارامی دەکاتە موعەللیمی نموونەی وڵات:
یەک: ناوبراو دە ماوەی ئەو نۆزدە ساڵەدا، جێگای خۆی دە دڵی خەڵکی گەڵازدا کردۆتەوە و دە تەواوی شایی و شینەکانیاندا بەشدار بووە و بە پێی ئەوەی کە دە نێو خەڵکی ئاواییدا بە کوڕی گەڵاز دەناسرێ تا ئێستا توانیویانە زۆرێک لە ناخۆشی و کۆسپەکانیان بۆ چارەسەر بکا.
دوو: دەگەڵ هاوکارانە بەڕێزەکانی دە ماوەی ئەو نۆزدە ساڵەدا توانیویانە زۆرێک لە قووتابێ کان کە وازیان لە خوێندن هێنابوو بۆ قوتابخانە بگەڕێننەوە و بە خۆشێوە ئێستا شەش قوتابی دۆینێ هاوکاری ئەوڕۆی مامۆستان.
سێ: بۆ ناساندنی زیاتری ناوچەی گەشتیاری گەڵاز هەموو ساڵێک خۆبەخشانە ۲۰۰۰ دانە ڕۆژژمێری دیواری کە بریتین لە وێنە جوانەکانی گەڵاز و بەڵگە مێژوویییەکانی شنۆ چاپ و لە شنۆ و ئاوایییەکانی دەوروبەر بڵاو دەکاتەوە.
چوار: هەر وەها بە هۆی ئوگری بە دابونەریتی کۆمەڵایەتی دە ماوەی ئەو نۆزدە ساڵەدا هەموو ساڵێ خۆبەخشانە دوو دانە (DVD) لەو بەسەرهاتانەی کە دە ماوەی ساڵێکدا لە ئاوایی گەڵاز دەقەومێن (وەک: شایی و شینەکان و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەیی و ئایینی چۆنیەتی وانە وتنەوەی مامۆستاکان، دیمەنە جوانەکانی ئاوایی و ...) ئامادە دەکا و بۆ تەواوی ماڵەکانی ئاوایی دەنێرێ.
هەر وەها وێنە و ویدیۆی زۆر تایبەتی دیکەش کە لە ئاوایی گەڵاز تۆماری کردوە و لە کاناڵی تایبەتی خۆی بە ناوی گەڵاز و چلئاشا ڕەنگین بڵاوی دەکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە بە هۆی ئەوەی کە ناوبراو کارناسی باڵادەستی مێژوو (فوقلیسانس تاریخ)ی هەیە دەو بوارەشدا چالاکی زۆری نواندوە کە دەتوانین بە کورتی ئاماژە بە چەند دانەیان بکەین:
کۆکردنەوەی بەڵگە مێژوویییەکان
ناوبرا توانیویانە دە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بە حەول و تێکۆشانەکی زۆر چەندین هەزار لاپەڕە بەڵگە لە مێژووی شاری شنۆ و بەتایبەتی مێژووی پەروەردەی ئەوشارە کۆبکاتەوە و لە مەترسی لە ناو چوون ڕزگاریان بکا و بە هیوای خوا قەرارە ئەو بەڵگانە دە چەندین بەرگدا چاپ و بڵاو ببنەوە.
مێژووی زارەکی
لەبەر ئەوەی ناسنامەی ئێمە چی دیکە بزر و شاراوە نەمێنێتەوە و بۆ ئەوەی ڕەچەڵەک و نەسلەکانی داهاتوو بتوانن کەڵکی پێویست لە مێژووی ڕاستەقینەی ناوچەکەمان لە زمانی دایە و بابە گەورەکانمان وەر بگرن ناوبراو وتووێژی چەندین کات ژمێری لەگەڵ سەدان کەسایەتی بەساڵاچووی شاری شنو و ئاواییەکانی پێک هێناوە و توانیوێتی کەلێنێک لەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
***
دوای دانیشتنێکی خۆماڵی ماڵئاوایی و خواحافیزیمان لەم بنەماڵەیە کرد؛ بە جۆرێک خەڵکی شنۆ وامداری ئەم بنەماڵەیەن. ئهوهشم له بیر نهچێ لهگهڕانهوهدا دکتۆر عهبدولی کۆتایی سهفهرهکهی بهم چهند قسهیه داکوژاند، که له کوردستاندا هیندێک وهک تاکهکهسی خزمهتیان کردووه و هیندێک وهک بنهماڵه. له نێو عهرهبهکاندا بنهماڵه خزمهتکارهکانی زانست به (بیوتات العلم) دهناسرێن و لهونا کوردا به فهرمایشی مامۆستا مودهریس (بنهماڵهی زانیاران)؛ وهک بنهماڵهی چۆڕی، ڕواری، مهردوخی، قزڵجی، واژی و هتد.