تاریخ: ۱۴۰۴/۶/۱۱
شارەزایی وتوووێژ

مرۆڤ لە کاتێکڕا کە لەدایک دەبێ هەتاکوو کاتی مردن،خەریکی وتوووێژە.کاتێک بۆ کڕین دەچن و دەیانهەوێ کەل و پەلێک بە هەرزانتر لە فرۆشیار بکڕن،وتوووێژ دەکەن.هونەری وتوووێژ زۆر گرینگە و دەبێ وەک یەکێک لە شارەزاییەکانی ژیان بێتە ئەژمار.کەڵک وەرگرتن لە لێزانی و بنچینە و بنەمای وتوووێژ یارمەتیمان دەدا لە هەموو کاتدا و لە هەموو وتوووێژەکاندا سەرکەوتوو بین.

مێژووی وتوووێژ بۆ ساڵەکانی سەرەتایی هاتنی ئینسانەکان بۆ سەر زەوی دەگەڕێتەوە.هەوەڵین ئینسانەکانیش لە کاتی پێویستدا وتوووێژیان دەکرد کە بێ گومان وتوووێژ لەوکاتدا زۆرتر لە ڕێگای شەڕی خێڵ و عەشیرەت و تیرەکان دەکرا و زۆر وەک وتوووێژی ئەوڕۆیی نەدەچوو.

وتوووێژ بە قسە و ڕاوێژ کردنی دوو یا چەند کەس دەکوترێ کە بۆ وەدەست هێنانی ئاکامی پەسەندکراوە و ئامانجی ئەو وتوووێژە چارە سەری کێشەکان یا وەدەست هێنانی قازانجی دوولایانە. بۆوێنە لەگەڵ هاوژینی خۆمان تووشی گیروگرفت بووینە و دەبێ بە وتوووێژێکی گەرم و گوڕ گیروگرفتەکە چارەسەر بکەین.لەو وێنانە زۆرن و خاڵێکی کە زۆر گرینگە ئەوەیە کە لە هەرکام لەو هەل و مەرجانە دەبێ شارەزایی وتوووێژمان هەبێ.

لە قۆناغی هەوەڵی تەیارکردن دەبێ پێشەکی بەڕێوەبردنی وتوووێژێکی شیاو و کاریگەر ئامادە بکەین.دەبێ سات و کاتێک بۆ وتوووێژ هەڵبژێرین کە لایانەکان لە هەل و مەرجێکی باش لە ڕوانگەی ڕووح و لەشدا بن. ماوە و مەودای وتوووێژ دەبێ هەڵبژێردرێ و پاش تەواوبوونی وتوووێژەکە کۆتایی پێ بێ. شوێنی وتوووێژ جێگایەکی بێلایان و پێش وتوووێژ نوکتە و زانیارییەکان کۆبکەینەوە.

لەکاتی وتوووێژدا داخوازەکانی خۆمان بە ڕێکوپێکی وەبەر سرنج بخەین بەو شێوەیە کە کەسی بەرامبەرمان بە باشی لێی تێبگا. لە لایەکی دیکەڕا ئێمە دەبێ هونەری گوێ بیسیمان هەبێ و لە قسەکانی کەسی بەرامبەرمان چاک تێبگەین. ئەگەر لە جێگایەکدا لێڵی و نادیاری هاتە پێشێ، بێ گومان دەبێ پرسیار بکەین و بابەتەکە بۆخۆمان ڕوون بکەینەوە.دەبێ پێنووس و لێنووسمان پێ بێ و خاڵە گرینگەکانی کۆبوونەوەکە بنووسینەوە.

یەکێک لە بنەماکانی گرینگی وتوووێژ، کوتنەوەی ئامانجمان لە وتوووێژەکەیە. کاتێک لایانەکان ئامانجەکانی خۆیان باس کرد،خۆبەخۆ قازانجی هاوبەشی کەسایەتییەکان ڕوون دەبێتەوە.ئاکامی بردنەوەی لایانەکان، باشترین مەرجی وتوووێژە کە لێرەدا وەدەست هێنانی شارەزایی وتوووێژ لە بەرزترین پلەی خۆیدایە و لایانەکان لە وتوووێژەکە ڕەزامەند دەبن.

یەکێک لە گرینگترین پلەکانی وتوووێژ، پێکهاتنی لایانەکانە کە لێرەدا دەبێ جۆرێک بە ئاکام بگەین کە قازانجی هەموان وەبەرچاو بگیرێ. لە هەموو وتوووێژەکاندا تاقمێک ئامانج بەرهەم دێ و تاقمێک کاریش دەبێ بەدوای ئەودا بکرێ. لەو پلەیەدا لایانەکان دەبێ پەیمان و بەڵێنی خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن هەتا وتوووێژەکە کاریگەر بێ.بەڕێوەنەبردنی ئاکامەکانی وتوووێژ، بەو مانایەیە کە وتوووێژەکە بێ ئامانج بووە.

یەکێکی دیکە لە بنەماکانی گرینگی وتوووێژ، پڕۆگرام و ئاگاداری لە چۆنیەتی وتوووێژ کردنە، دەبێ بۆ سەرکەوتوویی وتوووێژ، وێڕای سنوورەکان، هێڵە سوورەکانیش دیاری بکردرێ.

بەردەوام دەبێ پێشنیاری دیکەمان هەبێ و لەپێشتردا خۆمان بۆ بیستنی وڵامی (نا) تەیار بکەین. بەو شێوەیە ئەگەر کەسی بەرامبەرمان داخوازییەکەی گەڕاندەوە، پێشنیارێکی دیکەی بدەینێ. چوونە نێو وتوووێژ بە بێ زانیاری و لێزانین بە ئاکام ناگا. بەدڵنیاییەوە لە پێش کۆبوونەوەکەدا دەبێ زانیارییەکانمان ببەینە سەرێ و بە ڕاهاتوویی وتوووێژ بکەین.

تامەزرۆیی خۆمان بشارینەوە و لەنێو وتوووێژدا حاڵاتی گیان و ڕوخسارمان ئاسایی بێ.دەبێ بێدەنگی بپارێزین بۆ ئەوەی زۆربەی کاتەکان بێدەنگی کاریگەرییەکی باشی هەیە و جارجارەش دەتوانێ هەل و مەرجەکە بەتەواوی بگۆڕێ هەتا کەسی بەرامبەرمان پێشنیارێکی دیکەی خۆی نیشان بدا.ئەگەر لە بەرامبەردا کەسی بەرامبەرمان بێدەنگ بوو، دەتوانین بە شێوازی پرسیار کردن،بۆ قسەکردن دڵگەرمی بکەین.

یەکێکی دیکە لە بنەماکانی وتوووێژ،درۆ نەکردنە. باشتر وایە ئەگەر کەسی بەرامبەر درۆی کرد، وەبەرچاوی نەگرین و لێی ئاشکرا نەکەین هەتا تووشی پسانەوەی وتوووێژ نەبین. وتوووێژی چەندکەسی باشتر لە وتوووێژی تاکە کەسییە بۆ ئەوەی کەمتر تووشی دڵەکوتە دەبین.

دەبێ هەوەڵین پێشنیار بە گەورەیی بهاوێینە بەرباس و لەبارەی ئەودا وتوووێژ بکەین و بیسووینەوە هەتا بە ئاکامی دڵخوازمان بگەین. دانیشتن لە وتوووێژەکاندا گرینگە بۆ وێنە ئەگەر دوولایان لە بەرامبەری یەکتردا دانیشن حاڵاتی دوژمنی و ڕقەبەرایەتی هەیە بەڵام ئەگەر لە تەنیشت یەک دانیشن، نیشاندەری ئەوەیە کە لایانەکان داواکاری ئامانجی بەرامبەرن.

دەبێ تێبکۆشین لە سەرەتای وتوووێژەکان پێکهاتن نەبێ بۆ ئەوەی ناتوانین بەباشی داخوازەکانمان شی بکەینەوە.هەموومان لەگەڵ خەڵک و جەماعەتی دیکە پەیوەندیمان هەیە و هیچ ڕێگا چارەیەک نیە و دەبێ شارەزای وتوووێژ بین و کەڵکی لێوەرگرین.