تاریخ: ۱۳۹۵/۲/۱۸
کۆڕی پەردەلادان لەسەر دوو کتێبی "بە کوردی بخوێنین" و بنووسین" لە شاری بانە

ئاماده‌ کردنی: یاقووب خزری

 
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی پازدەی بانەمەڕی 1395ی هه‌تاوی لە ساڵۆنی ئاڕبابای شاری بانە کۆڕێک بۆ پەردەلادان لەسەر دوو کتێبی بە کوردی بخوێنین و بنووسین بەڕێوە چوو. ئەو  دوو کتێبە لە لایەن لێژنەی ئامادەکاری کتێبی کوردی بۆ خوێندن و نووسین ئامادە کراوە. ئەندامانی ئەو لێژنەیە بریتین لە: سۆران حوسێنی، ئەیووب مستەفایی،محەممەدسەدیق کەریم‌پوور،مەجید مستەفایی، حامید ئەحمەدی،کەریم کەریم‌پوور، تاهیر بەهاری.


کۆڕەکە  بە بەشداری ڕێژەیەکی بەرچاو  لە هۆگرانی زمانی کوردی ناوچە جۆراو جۆرەکانی کوردستان بەڕێوەچوو. پێشکەشکاری بەرنامە کاک سۆران حوسێنی کۆرەکەی دەست پێکرد، سەرەتای بەرنامە راپۆرتی لێژنە  لەلایەن ئەیووب مستەفایی خوێندراویەوە، پاشان مامۆستا ئەحمەدی بەحری سەرنووسەری گۆڤاری مهاباد وتاری خۆی پێشکەش کرد. نوێنەری شووڕا محەممەد عەلی سەلیمی و هەروەها ئەندازیار بیگلەری نوێنەری شاری بانە لە پاڕلەمان چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و پیشتیوانی خۆیان لەو کارە بەنرخانە دەربڕی. لەدرێژەی کۆرەکەدا دوکتور خالەق جەلیل‌نەژاد مامۆستای زانکۆ و کاک ڕەزا شەجیعی بەرپرسی نەشری گوتار بابەتیان پێشکەش کرد. لەکۆتایی بەرنامەدا حامید ئەحمەدی ئەندامی لێژنەی ئامادەکار وتەی کۆتایی خۆیندەوە. دواتر بە بەشداری مامۆستایانی زمانی کوردی و بەرپرسانی شار پەردە لەسەر کتێبەکان لادرا.  لە دوایین بەشی بەرنامەکەش‌دا گرووپی موزیکی دیلان چەند بەرهەمێکی تایبەت بە منداڵانیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بەپێی ئەوەی کە وتارەکەی دوکتور جەلیل‌نەژاد زانستی و تێئۆریک بوو بە پێویستمان زانی پووختەیەک لەم وتارە پیشکەشی خۆێنەرانی هاژە بکەین:

خوێندنەوەیەکی مەعریفەت‌ناسانە بۆ فێربوونی زمانی زگماکی
باسەکەی بە لێکدانەوەیەک لەسەر تایبەتمەندییەکان و خەسڵەتەکانی جیهانی سەردەم دەست پێکرد و کوتیان: جیهانی ئێمە جیهانی ڕووخانی دیسکۆرسە گەورەکانە، جیهانی ئێمە پرە لە ناوازەیی (ناهمگونی). لەو دونیایەدا، ناکرێ و ناتوانین لە دەوری شوناسی هیچ کەس بە سیاسەتی دیوارکێشان ڕووبەڕوو بین. سەردەمی ئێمە تووشی ناوەندزودایی مانایی هاتووە، هیچ گوتارێک ناتوانێ واتاکانی پێویستی زانیاری مرۆڤی ئەم سەردەمە بە تەنیا نە نوێنەرایەتی بکا و نە دابینی بکا. سەردەمانی ئەوەی کە ناوەندێکی بە واتای حەقیقەتێکی بێخەوش و گشت‌گیر، بونیادنەری شوناس  و هەستی‌مەندی سووژە کۆمەڵایەتییەکان بێ، بە شێوەیەکی زۆر جیدی بەسەرچووە. مرۆڤی وەها سەردەمانێک خۆی ناوەندی بوونە ـ هستی یە ـ مرۆڤی  وەها سەردەمانێک بەردەوامە لە پرسیار، لە ڕەخنە، لە سەرلە نوێ خۆێندنەوە (بازخوانی) لە دیکانستراکت‌کردنی هەرجۆرە مانا و واتایەکی داخراوی داڕێژراو بە خەسڵەت و  کارکردە ئیدئۆلۆژیکی و مێتافیزیکییەکانە. شوناسی سەیالی مرۆڤی وەها سەردەمێک لە چوارچێوەیەکی داخراوی گووتارگەلی هەتاهەتایی جێگیر و گشت گیردا ناگونجێ، بەڵکە شوناس و هەستی‌مەندی وەها مرۆڤێک وەک دەڵێن خەسڵەتی بەینامەتنی (بینا متنی) هەیە و  بەردەوامە لە گۆڕان لە کات بە کات‌بوونی‌دا. بەواتایەکی تر سووژەی وەها سەردەمێک، پێش ئەوەی بە شێوەیەکی دێتێرمینیستی و فەراتاریخی داڕێژراو و داسەپێنراو بێ، لە کانتێکسێکی کراوەی ئازادەوە هەڵقولاوە. بە واتایەکی تر دەرەنجامی تێکەڵاویی هاوپێیوەندییەکانی  مرۆڤێکی بیرمەندی سەربزێوە کە خۆی سەرچاوەی بوونی خۆیەتی. یان باشتر بڵێین سەردەمی ئێمە ڕێکەوەندی ڕووخانی تەواوی کەلان‌ڕەوایەتەکانە کە سەرەڕۆیانە لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەخوازن  ملکەچ و گۆڕایەڵیان بن. هەروەها سەردەمی ئۆبژەبوونی مرۆڤ کۆتایی هاتووە. کۆڕگێر ، باوەڕێ وابووە ئەو گۆڕانە فرەچەشنە لە ژێر کارتێکەریی زمان خوڵقاوە. زمان وەک ئامرازێکی ئیپیستمۆلۆژیک لەسەردەمی نوێ‌دا پڕۆسەی دەرباز بوون لە دیسکۆرسە داخراو، دۆگم و پاوانخوازەکانی هێنا کایەوە، بەواتایەکی تر مرۆڤی سەردەمی ئێمە، مڕۆڤی نیشتەجێی زمانە؛ هەر ئەوەش ده سەڵاتی خستن و ڕووخاندنی بنەماکانی بیرکردنەوەی ئۆڕتۆدۆکسی  فەرازەمانی  و توتالیتاری بەو مرۆڤە داوە، هەروەها ئەو مرۆڤەی کردۆتە خاوەنی داڕشتنی فرەچەشنی شوناس لە بوونی‌دا ، ئەو مرۆڤە وەک سووژەیەکی چالاک لە گوتاری دو جەمسەری سەردەمانی ڕەوشەنگەری‌دا خۆی گواستۆتەوە بۆ شێوە بوونێک کە بەرهەمی پێوەندی و هاوپێوەندی  لە دەرەوەی بنەماکانی سووننەتی و گوتارە پاوانخوازەکانە.

لەو بەستێنە و لەو دەلاقەیە  ئەگەر چاو لە پڕۆسە و پێداویستی فێرکردن و فێرکاری زمانی  دایکی بکەین زۆر چاک بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چ ئەرکێکی  گەورە لەسەر شانی ئینسانی کوردی سەردەمی سەدەی بیست و یەکەمە،کۆڕگێر پێی وابوو پێوەندییەکی لۆژیکی هەیە لەبەینی زمانی دایکی و شێلگیری کەسایەتیی مرۆڤی خاوەن بیری ڕەخنەگرانە و ویستی خاوەندارێتی و بەشداری کردارە کۆمەلایەتییەکان بە شێوەی ڕێزگرتن لە فرەچەشنی. بۆ گەیشتن بە وەها پێداویستییەک، دەبێ  فێرکردنی زمانی دایک وەک کردەیەکی شارۆمەندی چاولێکەین هەر وەها ژیانی پلوڕالیستی مڕۆڤی سەردەم  پێویستی بە بیری ڕەخنەگرانەی خاوەن ئیرادەی بەشداربوونە تا لە ئاسۆگە توند و تیژەکانی نمادی سەردەمی خۆمان دەرباز بین. لەکۆتایی‌دا کۆڕگێڕ لەسەر بەرفراوان کردنەوەی لێژنە جەختی کرد و دەست خۆشی لە تەواوی ئەوکەسانە کرد کە لەو کارە گەورە‌دا هاوکاریان کردووە. ئەوەشی خستە ڕوو کە  بەشدار بوون کەمترین ئەرکە لەسەر شانمان.