تاریخ: ۱۴۰۴/۴/۵
ئاوڕدانەوەیەک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا عەلائەددین باباشەهابی
هونەرمەندی گۆرانیبێژ مامۆستا عەلائەددین باباشەهابی ساڵی ۱۳۱۸ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە، عەلائەدینی باباشەهابی نەوە (کوڕەزا)ی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانییە، لە قۆناغی سەرەتایی لە شاری سنە، لەگەڵ موزیک وردە وردە ئاشنا بووە. لە ساڵی ١٣٣٣ بە خوێندنی گۆرانی «ئەی وەتەن» لە ڕادیۆی کوردی سنە دەستی بە گۆرانیبێژیی کردووە و لە ساڵی ۱۳۳۴ چووە بۆ تاران و قۆناغە سەرەتایییەکانی سۆڵفێژ لە خزمەت مۆسیقازانی لێهاتووی ئێران «فەرهاد فەخرەدینی» تێپەڕ کرد و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی گۆرانیبێژیی لە خزمەت گۆرانیبێژی فارس «مەحموود کەریمی» فێر بووە. باباشەهابی لەگەڵ «ئۆرکێسترای کوردی، ئۆرکێسترای ڕامتین و ئۆرکێسترای لەشکری و ئۆرکێسترای باربەد و ئۆرکێسترای نەکیسا و ئۆرکێسترای فەرهەنگ و هونەری ئێران» کاری کرد و نزیکەی ۵۰ ساڵ لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران وەکوو گۆرانیبێژ و دوبلۆری زنجیرە دڕاما و فیلمە سینەمایییەکان هاوکاری هونەریی کردووە. باباشەهابی لە ماوەی ۶۰ ساڵ کار و خزمەتی هونەری خۆیدا نزیکەی ۶۰ گۆرانی لەگەڵ ئۆرکێسترا ناودارەکانی ئێران و کوردستان تۆمار کردووە و بەرهەمەکانی لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان و ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە.
 
بەشێک لە گۆرانییەکانی بریتین لە «هاوڕازی دڵ» لە لەندەن، «بەر بەیان» لە سوێد و «بادە گویا» و «پاییز» لە تاران. سەید عەلائەدین باباشەهابی لە ماوەی ژیانیدا بەردەوام لە لایەن هاوسەر و منداڵەکان و هەروەها هەڤاڵانییەوە بۆ چڕینی گۆرانیی کوردی هان دراوە و بە تایبەت هونەرمەندانی کۆچکردووی کوردی وەکوو «حەسەن یۆسف زەمانی»، «حسێن یۆسف زەمانی»، ژەنیاری بەتوانای کلارینێت «سەیدمحەممەد عەبدولسەمەدی» و ئاوازدانەر و ژەنیاری بەتوانای سەنتوور «سوهەیل ئەیوانی» هاندەری ئەم گۆرانیبێژە کوردە بوون. ناودارترین گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە کە دەتوانین ئاماژەیان پێ بکەین بریتین لە «جێ ژوانی جاران، سروەی ئاوات، جلوەی دیدار، ئاوێنەی دولبەری، نم نم بارانە، گوڵ بانە، مەگری، وەی لەن»
 
ئەم هونەرمەندە کاتژمێر ۴ی سپێدەی ڕۆژی پێنجشەممە ۵ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی بە هۆی وەستانی دڵ، لە تەمەنی ۷۵ ساڵیدا و لە ماڵی کوڕەکەی لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی دوای گەڕانەوە بۆ شاری سنە لە گۆڕستانی محەممەدی بە خاک دەسپێردرێت.