تاریخ: ۱۴۰۴/۳/۸
بە بۆنەی جێژنی خەڵاتی قەڵمی هەژار
د. محەمەد ڕەحیمیان
هەر گەلێک بە پێی خۆ و خدە و هۆ و هێمانە مێژوویی و ڕامیاری و ئابووری و شوێن و کەش و هەوا و جوغرافیا و هتد ژیاری و شارستانییەتی تایبەتی خۆی پێکدێنێت؛ بەڵام بنەمای پێکهێنانی ئەم شارستانییەتە هۆکارێکی گرینگە کە بریتییە لە دەستەواژەی ''پەروەردە''. دیارە گەشە و گرشەی گەلەکان و مان و نەمانیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە شێوەی پەروەردە و ڕاهێنانیان. بەم پێیە ''پەروەردە'' زاراوەیەکە کە بە سەر هەموو لایەنەکانی بوون و حزووری گەلان‌دا دەشکێتەوە. واتە لە لایەنی مەعریفییەوە بگرە تا لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاکاری و ئایینیەکان. تەنانەت شوناسی نەتەوەکان بە پێی''پەروەردە'' بیچم دەگرێت و دەگوورێ. بەم پێیە چارەنووس و سامانی هەر گەلێک واتە مێژووی گەلان بەستراوە بە ''پەروەردە''ی ئەو گەلەوە. کە وایە بە هەڵە نەچووینە ئەگەر بێتوو بڵێین ''پەروەردە'' لە پێناو نەتەوەکان‌دا هەم لایەنی بوون‌ناسی دەگرێتەوە و هەم لایەنی مەعریفە‌ناسی. 
''وێرنێر یێگێر'' وەک توێژێنەری مێژووی کۆمەڵگای یۆنانی کەونارا بۆ تەتڵە و بیچمبەندی خۆ و خدە و ژیاری یۆنییەکان لە دەستەواژەی ''پایێدیا'' کەڵک وەر ئەگرێ و بە پێی ئەم دەستەواژە پەرە و پەروەردەی یۆنانی کەونیینە لێک ئەداتەوە. پایێدیا ئەو  شێوە پەروەردەیەیە کە پەل و پۆ ئەکات و باڵ ئەکێشێتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان و ئەو ژیارەی کە پێی دەوترێت شارستانییەتی یۆنانی. پایێدیا سازێنەری نوێنەک و سەرچەشنێکی زەینییە کە مرۆڤی یۆنانی بە پێی ئەو سەرچەشنە زەینییە دەژییت و خۆی و ئامانجەکانی و جیهانی تایبەتی خۆی پێناسە ئەکات. 
یەکێک لە کەمایەسییە هەرە گرینگەکانی مرۆڤی کورد یان با بڵێین نەتەوەی کوردان، غیاب و نەبوونی "پایێدیا'' یان "پەروەردە"ی کوردییە. واتە ئەو ماک و هێمانە کە زەینییەتێکی کوردی پێک بێنێ کە سەرچەشن و مرۆڤی ئارمانی کوردی ساز کات کە هەبوون و خۆی و جیهانی پێ ببینێ و لێکی بداتەوە. واتە زەینییەت و پەروەردەیەک کە بوونناسی و مەعریفە¬ناسی کوردی سەقامگیر کات و کوردی لە سەر دامەزرێنێت. 
مامۆستا هەژار یەکێک لە بلیمەتە دەگمەنەکانی کوردە، کە کەڵکەڵەی ''پەروەردە''ی کوردی بوە و ویستوویەتی ڕوومەتێک بۆ کەسایەتی و ''پەروەردە''ی کوردی وێنا بکاتن. لە هەژاری وەرگێرەوە بگرە تا هەژاری شاعیر و هەژاری نووسەر، یەک بابەت وەک مۆتیڤ و نێوەڕۆکی سەرەکی لە بەرهەمەکانی دووپاتە دەبێتەوە؛ ئەوەش هەوڵێکی دیار و نادیارە بۆ سازدانی ''پەروەردە''ی کوردی. پەروەردەیەک کە زەینییەتێکی کوردی بئافرێنێت و بەو پێوارە مرۆڤی ئارمانی کورد وێنا بکات تا بەڵکوو بەم شێوە سەرەتایی‌ترین ماکەکانی ژیار و جیهانی کوردی بێنێتە ئەنجام یان لانی کەم شوێن پێیەکی لێ بە جێ بهێڵێت یان بە ئاماژە ناونیشانەکانی دەرخات و دیاری بکات. بۆیە مامۆستا هه‌ژار لە وەرگێڕان‌دا فرەتر لە وەرگێڕێک و لە پەخشان‌دا زۆرتر لە نووسەرێک و لە شیعردا پتر لە شاعیرێک دەرئەکەوێت. تەنانەت بە هەڵە نەچوینە ئەگەر بێتوو بێژینی لە بیرمەندیشدا هەژار زێدەتر لە بیرمەندێک خۆی دەرخستوە. 
هەژار پیاوی سەرەتاکان و سەردەمە کە ناڕاستەوخۆ بە عەقڵانییەتێکی کوردییەوە، بە خۆزیا و بریا و بەرهەمەکانییەوە، سەرچەشنێکی نەک هەر بۆ بەرەی وەرگێڕ و شاعیر و نووسەر و بیرمەندی کورد خوڵقاند؛ بەڵکوو روومەت و سەرچەشنێکی لە مرۆڤی کورد وێنا کردوە کە بەرهەمی ''پەروەردە'' و "پایێدیا"ی کوردییە. پەیکەرەیەکە لەو ڕاڤەیە کە شاعیرێکی یۆنانی لە پێناسەی چییەتی فەزیلەت و هەڤیازیی ڕاستەقیینەی مرۆڤ‌دا دەیڵێت: بە دەست و بە پا و بە زەین، چوارسووچێکی داتاشراوە، بە بێ هیچ خەوشێک. 
ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە هەژار ببێتە سەرچاوەی سەرۆ و ئیلهام لە بواری مەعریفە و بوونی کوردی بو پێکهێنان و پێناسەی ''پەروەردە''ی کوردی. هەر وەها بۆ ژیانەوە و مانەوەی کورد. با خەڵاتی قەڵەمی هەژار بەردەوام و بێ‌بڕانەوە ئەم حەقێقەتەمان هەموو ساڵێک وە بیر بخاتەوە و کەلێنی پەروەردەی کوردی پڕ بکاتەوە.