کەیغان ئەو فەرماندە نەبەز و جەربەزەیەی هێزەکانی هەرمەنی لە ناو قەڵاسیدەر؛ ئەو کاتەی لە لایەن لەشکری میر شەڕەفخان دەکەونە بەر ئابلۆقە و تووشی تەنگوچەڵەمە دێن، کە لە کۆتادا وەک پاڵەوانێکی نەبەرد دێتە مەیدان و بە دەمامکێک داوای هەماوەرد دەکات. لێرەدایە کە میرئەحمەد نەوادەی میربوداغ مەچەک هەڵدەماڵێت و دێتە مەیدان؛ لە کێشمەکێش و بگرە و بەردەیەکدا میرئەحمەد بەسەر کەیغاندا سەردەکەوێت و خەنجەر دەخاتە سەر ملی تا پێمل و تەسلیمی کات، کاتێک دەمامک دادەماڵدرێ دەردەکەوێت ئەو فەرماندە جەربەزەیە کچە. کەیغان کە وا خۆشی لە هێز و گورجی میر دێت داوا دەکات لە گیانی خۆش بێت و لە پێناویدا ئەمیش شووی پێ دەکات.
کاتێک کاک عەلی ئازیز باسی ئەوەی کرد نێوی ڕۆمانەکەی ناوەتە کەیغان ئیتر من پرسیاری ئەوەم نەکرد بۆ ئەو ناوە؟ تا ئەوەی کە لە لای کۆتایی ڕۆمانەکە تووشی هاتم و زانیم ناوەکە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە.
کەیغان یەکەم ئەزموونی ڕۆمانی عەلی ئازیزە و وەک خۆم ئاگادارم ماوەی 5 ساڵ نووسینەکەی کاتی خایاندووە. چیرۆکی سەرەکی ڕۆمانەکە باسی ڕووداوی عیشقی برایمی مەلا زێندین و پەریخانی خوشکی کاکەمیر و کاکەشێخە کە بەیتی برایمۆکی لێ ساز کراوە؛ لە پەنا ئەو دووە چیرۆکی موکرییەکان و ئەوەی دیکە قەڵای دمدم و موکریقڕان، دەگێڕێتەوە.
خاڵی جێی سەرنجی ڕۆمانەکە ئەو زمانە ناوچەیی و لۆکاڵەی پشدەر و مەرگەیە کە عەلی ئازیز کەڵکی لێ وەرگرتووە بۆ داڕشتی دیالۆگەکانی ڕۆمانەکەی، هاوکاتی ئەوە نووسەر سڵی نەکردووە لە بەکارهێنانی وشەگەلی کوردی پەتی و تەنراوەی کارەکەی پێ خەنی کردووە. تێکبەزاندنی ئەو دوو دیاردەیە هاوکات لە ڕۆمانەکەدا بیچمی بە گێڕانەوە داوە و ئێمە جهانێکمان بۆ ساز دەکرێت کە لەوە پێش نموونەکانی لە زمانی کوردی دا کەم دیتراون. ڕەنگە حەولی بونیاتنانی شێوەیەکی تایبەت لە زار و گوتە لە ڕۆژهەڵات، پێشتر سەید قادر هیدایەتی و ڕەزا عەلیپوور کاریان لە سەر کردووە تا وێنای زمانێکی ئاڕکایی و دوور لە شێوە نووسینی باو بە کار بهێنرێت. بە باوەڕی خۆم عەلی ئازیز لەو حەولە دا لە هەردووک نووسەری دیکەی تێدەپەڕێنێت و خولقێنەری شێوەیەکی ئاڕکاییە لە زارێکی ناوچەیی. ئەوە خاڵێکی گرینگ و جێی تێڕامان و لەنگەر لەسەر گرتنە، بەڵام بۆ ئەوەی باسەکەم باشتر خۆیا بکرێت بەشێک لە ڕۆمانەکە دێنمەوە:
"مام زۆراب ڕوو دەکاتە کاکەشێخ و دەڵێ: ئەرێ میرشێخ من دەڵەم چی و ئەتوو دەڵەی چی برالە... ئەدی ناکرێ بۆ خۆن پشت بدەینە یەکدری و هەم وڵات و هەمیش مەزەبێ دە خۆن وەپارێزین؟ کاکە وەڵڵا وەبیللا وەتەڵڵا سوڵتانێ دە عوسمانی سەبارەت بە چاوێ ڕەشی ئێمە نییە ئەگەرکوونێ مەزەبن دەپارێزی، لە هەمبەردا وڵاتن لێ ڕۆگیر دەکا، تاڵانن دەکا، ژن و کناچەن بە کەنیزە و قەرەواش دەبا، سەروەت و سامانێ دە ئێمە لە خەزێنەی خۆیا کەڵەکە دەکا و هەر بەو سامانەی دە خۆن دەنچەوسێنیتەوە... جا ئەگەرکوونێ هەر بخورێین چ تۆفیرێکی هەیە گورگ بنخوا یاکوو چەقەڵ...؟"
ڕەنگە بۆ من سەرنجڕاکێشترین بەشی داڕشت، ئەو ڕستەیەی "هەنتەشی بەڕوومەت" بێت، کە بە واتای بە خزمەت گەیشتن بەکار هێنراوە. من پێشتر لەو ڕۆمانانەی خوێندوومەتەوە ئەو تەرکیبەم نەبینیوە.
چیرۆک لە ئێوارەی ڕۆژێک پێش نەورۆز دەست پێ دەکات کە کچ و کناچەی مەرگە لە سەر کانی ژنان کۆ بوونەتەوە و بە دیتنی گراوی و کوڕانی جەحێڵ کە بە لای کانی ژنان دا ڕادەبڕن دەست دەکەن بە بەند و بالۆرە و شەڕە فڕ لە نێو خۆیاندا و وەها کە دواتر ژنانی بەمێردیش لەو شەڕە فڕە بەشداری دەکەن. هەر کچەی گراوی و حەزی خۆی بە بەند و بالۆرەیەک دەدوێنێت و مرازی خۆی تێ دەگەیەنێت.
دەستپێکێک لەو شێوەیە ئاگادارمان دەکات کە خەریکە باسی سەردەمێکی زوو دەکرێت کە لە چەند دە ساڵ لەوە پێشەوە تا چەندین سەدە پێشتر لە خۆ دەگرێت. بە باسی سەردەمی عوسمانی و سەفەوی ئاگاداری سەردەمی مێژووی ڕۆمانەکە دەبین کە کام سەدە و چاخی کوردییە. كڕۆنۆلۆژی ڕووداوەکانی چیرۆک جارجارە خاو دەڕواتە پێشێ هەتا لە شوێنێک یەکجێ ۱٥ ساڵ لە کاتی چیرۆک تێدەپەڕێت. بە شێوەی گشتی دەتوانین بێژین چیرۆک قۆناغێکی نزیک بە ۳۰ ساڵ لە ژیانی کاراکتێرەکان باس دەکات.
بەڵام ڕۆمان بە سەفەری میرشێخ و برایم لە مەرگە جیا دەبێتەوە و باسی شارەکانی دیاربەکر، جزیر و بۆتان، ئەستەمبووڵ، عەفرین و حەڵەب و ساوجبڵاغ... دەکرێت و سەردەمی میرەکانیان و جۆری ئیدارەی ئەو شارانە دێتە بەرباس. لەو لای ئەوەوە دەنگۆی قایم کردنی قەڵای دمدم لە لایەن ئەمیرخانەوە لە هەموو کوردستان و وڵاتی ژێر دەسهەڵاتی سەفەوییەکانیش دەگەڕێ و ئێمەی خوێنەر ئامادەی شەڕ و کارەسات، جەربەزەیی و قارەمانی قەڵانشینەکان، شێوەی یارمەتی خان ئەوداڵخانی موکری و لە کۆتاییدا ئاگاداری بێ بەزەیەتی شاهانی سەفەوی لە قەڵاچۆ و کوشتاری موکرییەکان دەبین.
ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەن جارجار لە پەنا ڕووداوەکانی چیرۆکی سەرەکی لە مەرگە، ڕۆمان لەنگەریان لە سەر دەگرێت و باسی دەکات.
شکۆ و شانازی میرەکان باس دەکرێت و بگێڕەوە بە شان و باهۆیان هەڵا دەڵێت وەها کە ئێمە فەخر بە مێژوو و کورد بوونی خۆمان بکەین.
لە گەڵ ئەو باسانە هاوکات کە بە دووی ئەوەوەین بزانین چیرۆکە سەرەکییەکە بە چ ئەنجامێک دەگات لایەکی دڵمان هەر لە قەڵاکانی دمدم و گاودۆڵی ناوچەی مەراغەیە کە دوو ناوەندی دەسهەڵاتی برادۆست و موکرین، لەولاش دەمانهەوێ بزانین چارەنووسی برایم و پەریخان بە کوێ دەگات؛ لە لایەک نیگەرانی ئەوەین ئایا ئەمیرخان سەردەکەوێت لەوەی وڵاتی خۆی بگێڕێتەوە ژێر رکێفی خۆی و نەهێڵێت چیتر ئەو ناوچەیە ببێتە جێی سمی ئەسبانی عوسمانی و سەفەوی؛ لەو لای دیکە ناجوامێری کاکەمیر دەرحەق بە کاکەشێخ، پەریخان و برایم لە گوێماندا دەنگ دەداتەوە.
نامهەوێ لەوە زیاتر ئەنجامی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە ئاشکرا بکەم، دیارە ڕۆمان قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە پێشێ تا وڵامی پرسی "دواتر دەبێ بەچی" ئێمە بداتەوە.
پێشنیار دەکەم دۆستان ئەو ڕۆمانە بخوێننەوە چوون هەم لە باری مێژووییەوە گرینگە، هەم لە بابەت ئەزموون کردنی شێوەی بەکارهێنانی زارێک کە بە توانایانە بۆ ڕۆنندرانەکەی حەول دراوە.