بەپێی هەواڵی هاژە؛ ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١۶ی ڕێبەندانی ١۴٠٣ی کۆچیی هەتاوی، ڕێوڕەسمی بێڵندانە لە ئاوایی هەڵوێی میراوێ بەڕێوە چوو.
ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی نیزیکەی دە هەزار کەس بەڕێوە چوو و تێیدا هونەرمەندان و چالاکانی بواری فەرهەنگی لە شارەکانی دەورپشتی سەردەشت سەردانی هەڵوێیان کرد و بەشداریی ڕێوڕەسمی بێڵندانەی ئەمساڵ بوون.
ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە چەند بەشی جیاواز وەک شێعرخوێندنەوە، گۆرانی و بەرنامەی تایبەت بە بێڵندانە.
"بێڵندانە" بە واتای ئەوەیە "بێڵ و وەروەرە" دادەنێن و چی دیکە بەفر ناماڵدرێ، یان بە واتایەک مزگێنیی هاتنی بەهار دەدرێت.
ڕێوەڕەسمی "بێڵندانە" مێژووەکەی بۆ چەند هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە و لە کۆتایی چلەی یەکەمی زستانی هەموو ساڵێک لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە تایبەت موکریان بەڕێوە دەچێت.