ئاژەڵی هۆڤ (کێوی) بە ئاژەڵێک دەڵێن کە لە سروشتدا بە شێوەی سەربەخۆ دەژیت و دەتوانێت ئاگاداری لە خۆی بکات و خواردن و ژیان و مانی خۆی دابین بکات. ئاژەڵە هۆڤەکان بە شێوەی خۆڕسک و سروشتی دەتوانن خۆراکی خۆیان بدۆزنەوە و پێویست ناکات ئێمە خۆراکیان پێ بگەیەنین. لە ڕاستیدا ئێمە تەنیا دەبێت سرۆشت و ژینگەکەیان لێ نەشەمزێنین و تێک نەدەین، ئەوەی دیکە خۆیان دەیکەن. بە داخەوە مرۆڤ لە لایەکەوە ژینگەکەیان لێ تێک دەدات و لە لایەکیشەوە بە خەیاڵی خۆی چاکە و دڵسۆزییان بۆ دەکات و خۆراکیان پێ دەدات! هیچکامیان پێویست نین. بۆ نموونە کاتێک ئێمە کەروێشکەکان ڕاو بکەین، گورگ و پڵنگ هیچیان دەست ناکەوێت و هێرش دەکەنە سەر خۆمان یان ئاژەڵەکانمان! لێرەدا پێویست ناکات دڵسۆزی بۆ گورگ و پڵنگ بکەین و خۆراکیان پێ بگەیەنین، بەڵکوو ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ئەو کەروێشک و ئاژەڵە هاوشێوانە لەناو نەبەین، چونکە گورگ و پڵنگەکان بۆ مانەوەیان پێویستیانە.
دوای ئەوەش، خۆراکدان بە ئاژەڵان چەند خەساری تریشی هەیە و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە:
کاتێک خواردن دەدەین بە ئاژەڵە کێوییەکان، وردە وردە سامیان لە مرۆڤ دەشکێت و بە دیتنی ئێمە ناترسن و ناسڵەمێنەوە. بەمجۆرە ڕەنگە تووشی ڕاوکران یان کووژران بە دەستی هەندێک کەسانەوە بن.
کاتێک خواردن دابین دەکەین بۆ ئاژەڵە هۆڤەکان، وردە وردە دەستەمۆ دەبن و ناتوانن خۆیان لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن و دایمە چاولەدەستی مرۆڤ دەبن. ئەو کارەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە دۆخی هۆڤ و کێوی بێنە دەر و ببنە خۆماڵی. واتە ئەگەری هەیە لە درێژخایەندا لاواز بن و ئاڵوگۆڕی ژێنێتیکیان بەسەردا بێت.
کاتێک خۆراکیان پێ دەدەین لە ڕاستیدا سەرەتایەکمان دامەزراندووە بۆ ملکەچبوون و دیلبوونیان: ئەو ئاژەڵانە وردە وردە ژینگەی خۆیان لە کێو و شاخ بەجێ دێڵن و دێنە لای مرۆڤ و ناو ئاوەدانییەکان. ئەو کارەش هاوسەنگیی ژینگە تێک دەدات و ئەو دەورەی کە ئەوانە لە ژینگە گیڕاویانە ماتڵ دەمێنێتەوە و هیچی تر شوێنیان ناگرێتەوە.
کەوابوو خوشکی من، برای من!
لێ گەڕێ ئاژەڵە کێوییەکان خۆیان ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن؛ نە خواردنیان پێ بدە و نە گیانیان و ژیانیان لێ بستێنە. ئەگەر بە ڕاستی دڵسۆزیانی تەنیا ژینگەکەیان لێ تێک مەدە تەواوە.
ڕێکخراوە ژینگەپارێزی ژینبانان سروشتی بۆکان