ئەم کتێبە لە ۱۰۲ لاپەڕەدا ۲شێعری درێژ و ۱٦ شێعری کورت و مامناوەدی لەخۆ دەگریت کە لە لایەن بڵاوگەی "ئایید" لە شاری ورمێ چاپ کراوە.
فەرهاد ساڵحی فەر ئەم شێعرانەی لە ساڵی ۹٨ ی هەتاوییەوە تا ئەمڕۆ لەو بەرهەمەدا کۆ کردوونەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە شاعیر لە شێعرە درێژەکانی ئەو بەرهەمە بەتایبەتی "مانیفیستی با"، زمانێکی تێکەڵ بە گێڕانەوە واتە شێعری گێڕانەوەیی دەکارکردووە و ناوەرۆکی شێعرەکان داڵدەی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و تاکەکەسین کە بە شێوەی نوێ ئافرێندراون و لە تەکنیک گەلی چەند دەنگی، پۆلی فۆرمی و هارمۆنی ئاوایی وشەکان و... کەڵکی وەرگرتووە. شێعرە کورتەکانیش هەر شێعری نوێن و زیاتر داڵدەی تاکەکسی شاعیرن و لەو شێعرانەشدا دەق خاوەنی ڕەگەی بەهێزی خەیاڵ و ڕۆنانی جیهانێکی تەژی لە نەرمی و ئاشتەوایی و خۆشەویستییە. ئەو ماکەشێعرییانە تایبەتن بە ژین جیهانی فەرهادسالحی فەر و لە هەناوی شێعردا خۆیابوونە. شاعیر هەوڵی داوە لە ڕێگای کایە زمانییە جۆراوجۆرەکان، بە زمانێکی کوردیی پاراو و بە تێڕوانینکی گشتی سەردەمی ئەمڕۆ، لەم کۆمەڵە شێعرەدا لە درێژەی ڕەوتی سەردەمی شێعری کوردیدا وشەکان تێکەڵ بە خەیاڵی شاعیرانە و ئەزموونی تایبەت بکات.
بەو هیوایە خوێنەران بە گشتی و خوێنەری جیددی شێعری هاوچەرخ بە تایبەتیی ئاوڕی لێ بدەنەوە و هەوڵی ڕەخنە و ڕوانینی نوێی بۆ بدەن.
فەرهاد ساڵحی فەر زیاتر لە دوو دەیەیە،ئەسپی خەیاڵی لە گۆڕەپانی شێعری کوردی لە چوارچێوی غەزەلی نوێ و شێعری نوێ و کورتە چیرۆک تاو دەدات و خەریکی ئەزموون کردنە.
@farhadsalehifar35