چەمکی زمان و داهێنان، چەکی پێویستە. چەکەکەشی ڕۆمان و چیرۆک و کتێبە. گوللەی ئەم چەکەش وشەیە، وشەی زەنگین و ڕەنگین کە کەتوارەی کۆمەڵگای کوردەواری بێت.
لە ئەدەبیاتی ڕۆماندا، ڕیتۆریکی زمانی شارەزایی خۆی گەرەکە، شێوازی دەربڕینی ئێستا و ڕابردوو و یان خود تێکهەڵکێشێک لە هەر دووک. فەتاح ئەمیری ڕەچەهەڵگر و ڕەچەشکێنی ئەم ڕەوتە بوو.
دێڕی یەکەم هەردەم کەسێک پێش ئێمە نووسیویەتی، فەتاح ئەمیری، بە قەولی مامۆستا هەژار بە لایەلایەی دایکە کوردی موکریانی دەخەو ڕاچووە، بەیانی بە ورینگە ورینگی دڵتەزێنی کیژە کوردی مەشکەژێن وەئاگا هاتووە. لە مزگەوتی لادێ، بەیت و لاوک و حەیران و گەلۆ و شەوونیوەشەو و درکانە و ئازیزە و پایزە و سوارۆ، گوێچکەیان ئاو داوە. ئەو لەدەرەوەی سروە و لە ناو ژیانی ئاسایی خۆیدا ڕامان بۆ لەدایکبوونی «هاوارە بەرە» و «میرزا» دەکات، ئەمە یۆتۆپیا و خولیایەک بوو کە بیست ساڵی خایاند تا لەدایک بێت. هێگێل دەڵێت: «کاتێک شۆڕش بەستێنی خەیاڵ دەتەنێتەوە، واقیع ناتوانێ خۆی لەبەر ڕابگرێت و ئەندێشە گرەوی کێبەرکێ دەباتەوە.»
ئەمیری هەودایەکی قۆزتۆتەوە و ئەو هەمووی کۆ کردۆتەوە و بە کاوەخۆ لە بێژینگی داون و بنژیلی جودا کردۆتەوە و ساغ و پتەوی هەڵبژاردووە و بە مێشک و دڵی خۆی ئەسپاردووە. خۆی لە ڕایەڵ و پۆی وشەی نامۆ و بێگانە و کوردی داتاشراو پاراستووە و بۆ بووژاندنەوەی زمانی کوردی تەقەلا دەدات.
لەگەڵ پێشكەوتنی زمان و فراونبوونی بەستێنی وشەكان ئەندێشە و جەبری ژئۆپۆلۆتیک ئەمیری وا لێدەکات کە بە زمانی پەتیی گوندی لاپەڕەی «هاوارە بەرە» زەنگین بکات و نەوای شمشاڵی شۆڕشی ٤٦ و ٤٧ بە گوێی بەردەنگانیدا بزرینگێنێتەوە.
عەشق و خۆشەویستی پەرچەكردار و دژەكردار نییە، هەتا عەشق و خۆشەویستی نەبێ هیچ كات ناتوانی هیچ بیر و ئەندێشەیەک وەربگری و پێشوازی لە بیر و ئەندێشەی نوێ بكەیت. ئەمیری بە ڕۆمانی «زیندەخەو» بە بیر و ئەندێشەی نوێ کوچە و کۆڵانەکانی شار بەسەر دەکاتەوە و خەڵکی دانیشتووی شەقام لە ڕاوێژی وشەی خۆی تێدەگەیەنێت. لە دوا هەگبەیدا بۆ ئەوەی شار و دێ پێکەوە گرێدا «خەم و خەیاڵ» و «گێژەڵووکە» دەئافرێنێت.
ئەمیری هەر ئەدیب نەبوو، ئەو زمانەڤانیش بوو. ئەگەر بیری «هاوارەبەرە» لە تەمەنی بیست ساڵی لە مێشکیدا چەکەرەی دا، لە چل ساڵیدا هێنایە بەر. بەرێک کە بە گوتەی مارفی ئاغایی نزیکهی هەشتسەد وشەی ڕەسەنی کوردی کە «هەنبانە بۆرینە»ی هەژار لەخۆی نەگرتبوون، ئەو تێیخزانبوون و لە فەوتان ڕزگاری کردبوون. بەرهەمەکانی ئەمیری جێمتمانەترین و شیاوترین ژێدەر و سەرچاوە بۆ بەشی زمانەوانی لە ئەژمار دێت بۆ ئەوەی زمانی ڕەسەنی کوردی دەمەزەرد نەبێت و لێی دانەبڕێین.
ئەمیری لە قەوارەی تێکۆشەری گەشەی کلتوور و زماندا بە بەرهەمەکانی سەری بە هەموو ماڵێکی کوردستان داکرد. ناوبراو دەیگوت: «ئەمن خۆشبینم. ئێمە کاتێک توانیمان بیر و فکرێکی سەربەخۆمان هەبێ، دەتوانین نووسراوەیەکی سەربەخۆمان هەبێ».
ئەو بیرە سەربەخۆیەی ئەو باسی دەکات، ئەوە دەگرێتەوە کە ئەگەر ئۆسکارمانەکان وەک بێگانەیەک بە زمانی خۆیان ئەدەبیاتی ئێمەیان نووسیوە، ئەوە فەتاح ئەمیری و هێمنەکانیش بە زمانی خۆمان لە چوارچێوەی نەسر و شێعر بۆمان دوان و ئەوەندەی بۆیان لوا ئێمەیان لە سەغیری ڕزگار کرد. ئێستا بەرەو ساڵی ٢٠۲۵ی زایینی هەنگاو دەنێین و ئیتر زمانی کوردی لە ڕواڵەتی گاگۆڵکە و دارەدار ڕزگاری هاتووە و ئەوەندە کاری ڕێکوپێک کراوە کە لە ئێستادا پۆلێنبەندی تایبەتیان دەبێ بۆ بکرێت و بەرەو زمانی زانستیی و دەقی زانستیی هەنگاو بنێین.
هونەری بەرز ئەوەیە لە شتی بچووک شتی گەورە دروست بکەی. فەتاح ئەمیری هەرچەند کەمی نووسی، بەڵام بە پوختی نووسی و لە هیچ شتێک کەمی دانەنا. کورد هیچ کات نابێ خۆی پێ کەم بێت و بکەوێتە ژێر باندۆڕی زمانی بێگانەوە، ئەگەر فارس نەجەف دەریابەندەری، مەحموود دەوڵەت ئابادی و ئەحمەد مەحموود و... هەیە، ئێستاش ئێمە بەرهەمەکانی فەتاح ئەمیری و سەید قادر هیدایەتی و .... هەیە کە سەد قات لە بەرهەمەکانی ئەوان لە بواری زمانی کۆنی گێڕانەوە و ژانر و ئایدیا و سوبژێکت و بەسەرهات سەرترە.