تاریخ: ۱۴۰۳/۱۰/۱
پێشەکییەکی مامۆستا هەژار بۆ پەڕتووکی "سیلسیلەی نەخشبەندی" دانانی کاک ڕەحمان میسباحی قازی
ئامادەکردنی: کەسەر پیرزادە
(پێشەکییەک لە هەژارەوە)

ڕاستت دەوێ خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم کە ماوەیەک لەمەوبەر کاکە ڕەحمانی میسباحم لە تاران ناسی و بووینە ئاشنا،  بەڵام چۆن ئاشنایەک؟ خێروبێر بێ بەسەرتدا ببڕێ، وەک سەت مێشەنگوێنم لە کوللۆرەدارێکدا دیبێتەوە  وابوو. کاکە ڕەحمان خوا شوکور هێشتا لە تەمەنی لاوەتی بەولاوە نەچووە. جگە لەوەی لە تایفەی قازییەکانی مەهابادە، دایکی خودالێخۆشبووشی هەر کیژی شاعیری مەشهوور مەرحوومی سەیفولقوزاتی بەناوبانگە. کاکە ڕەحمان دەنگی زۆر خۆشە و بەیت و باوی کەونارای کوردانەی زۆر لەبەرن و زۆریشی نووسیونەتەوە. هەرکەسێکی ماوەیەکی لەگەڵ نەژیابێ و هونەر و کردەوەکانیی نەدیبێ نازانێ ئەو پیاوە چەند لەبار و ڕۆحسووکە. کتێبخانەیەکی وەسەریەکناوە، وەختە بڵێم سەری مارومێرووشی تێدایە، هەرچی بووبێتە کتێب و لە بازاڕان دەسکەوتبێ، کوردی، فارسی، ئەدەبی، تاریخی، سەیاحەتنامە و چی و چی... لەلای ئەو کۆبۆتەوە. بۆخۆی کوردی کە زمانی خۆیەتی و تورکیی ئازەری و زمانی فارسی باش دەزانێ، سەرەڕای ئەوەش کە لە عەڕەبیدا وەک خۆم کۆلکەمەلایە، هەرچی کتێب کە بە عەڕەبیش نووسراون یان هەر بە خەتخوت  ماون وا لای ئەون. تەنانەت کتێبی شەرح و تەفسیری عەڕەبیشی هەن. من لەوساوە کە ئەم پیاوەم ناسیوە و دۆستایەتیمان بەستووە،  خوا وەتحەسێنێ لە کتێبکڕین کە ئەم ڕۆژانە کاری حەزرەتی فیلیش نییە حەساومەوە. هەر کتێبێک کە باسی بکەن و بڵێن دەبێ بیخوێنییەوە، هەر کتێبێک کە بۆ تەحقیقات بڕیاریدا  پێویستم بێ هەرئەوەندە بەسە کە بە تەلەفوون پێی ڕابگەیەنم، هەرگیز نەیگوتووە نیمە، فەوری بەڕووی خۆشەوە بۆی هێناوم.

تەنیا گلەییەکم لە لێی هەبوو ئەوە بوو کەم ئەم هەموو یادداشتە بەنرخانەی چۆنە چاپ و بڵاو ناکاتەوە. زۆر لەم بارەوە سەرکۆنەم دەکرد، تا ئاخیریش  خواوڕاستان قسەی نەشکاندم و بڕیاری دا بۆ جاری یەکەم سیلسیلەی مەشایخی نەخشبەندی بە پەخشان بنووسێتەوە و لەچاپی بدا، بەو گفتەی دڵی خۆش کردم. ئەمجار من پێشنیارم پێکرد کە "براکەم! هەروەک ئەم کارە بەخێرە پێکدێنی، وەرە بەدرەدی عاڕەب کوتەنی الاحسان بالاتمام، تۆ بەر لەوە تەئلیفەکەی خۆت چاپ بکەی شیعرەکانی مەولانا خالید کە بە فارسییە و هەروەها سیلسیلەی مەشایخی نەخشبەندی کە سالارسەعیدی حەیدەری نەزمی کردووە و ئەو سیلسیلەش کە من لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا کردوومەتە شێعری کوردی وەپێشیان خە، با هەموو موخلیسانی تەریقەتی نەقشبەندی ڕازی بکا و شایەد بە دوعایەکی بەخێر یادی تۆش و ئەوانەش کە بەر لە تۆ ئەم کارەیان کردووە، بکەنەوە".

بەپێویستی دەزانم بڵێم کە کاکە ڕەحمان کتێبکڕە و ئەوینداری کتێبخڕکردنەوەیە، نەک کتێبفرۆشە و نە هیچ چاوی لەوەیە کەسێ لە بەرانبەر کتێب لێ وەرگرتنیدا شتێکی بداتێ کە بە بڕوای من چاکترین خێر دەکات و خودا مووەفەقی بکات.

بەهومێدم بەمزووانە یادداشتە بەنرخەکانی هەموو بەچاپ بگەن و خوێندەواران شاد بکا. ئینشاڵڵا ئەم هومێدەم پێکدێ.

براتان هەژار
١٣٦٨/٤/٧ کەرەج


سەرچاوە: سیلسیلەی نەخشبەندی، ڕەحمان میسباح قازی، ئینتیشاراتی سەلاحەددین ئەییووبی، چاپی یەکەم ١٣٦٩ی هەتاوی، ورمێ.