تاریخ: ۱۴۰۳/۸/۳۰
هێندەی دنیایەک خەمی تۆمە
سەلاحەددین ئاشتی
 
خۆزگەم بەو کەسانەی دەتوانن لە قۆناغەکانی ژیانیان‌دا ئاڵ‌وگۆڕ بەسەر خۆیان بێنن و هەر لە قالب و قاوغێک‌دا نەمێننەوە. گەشەی بیر و مشت‌وماڵی مێشک و دەروونە کەوا دەتوانێ ئادەمیزاد پوختە بکا و هەورازی بەرێ.
   ژیان وایە، هەتا وردبوونەوەی تێدا نەکرێ گەشە ناکا و پێداچوونەوە بە ئاکار و وتاردا بەخوداچوونەوەی بە شوێن‌دا دێ. جاری وایە پێویستییەکی سەردەم دەتوانێ بەرگێک لە بەر مرۆڤێک دابڕنێ و بەرگێکی دیکەی بکاتە بەر و بە شێوەیەکی دیکە ڕایبنێ و گوڵی زەمانی بخاتە سەر سینە و بەرۆکی.
   وا هاتووە و واش چووە، خۆشەویستی هەمیشەییمان هونەرمەندی نیشتمانی ماموستا برایمی قادری یەکێک لەو کەڵەمێردانە بوو، کە تەواوی قۆناغەکانی تێگەیشتن و پێگەیشتنی بڕی و بە سەری بەرزەوە گیانی ئەسپارد. چ گۆرانیبێژی و چ گیان لەپێناو بوونی بۆ بەختەوەری و ڕەندەپیاو بوونی وەکوو کەسێکی کۆمەڵایەتی، کردی بەو هونەرمەندە باڵابەرزەی کەوا میداڵی شانازیی خستە ئەستۆی.
   وەکوو ئاشکرایە، کاک برایمی قادری لە قوتابخانەی پڕهونەری خوابەخشیو کاک کەریمی بابی‌دا خونچەی چنی و بە هەڵگرتنەوەی وێنە لە خوالێخۆشبوو ئوستاد سەید عەوڵای بورهانی و کۆمەڵێک کەسی دیکە خۆی پێگەیاند و گەلێک گۆرانیی دانا، کە بە شێعر و ئاهەنگەوە دەسکردی خۆی بوون. ئەم هونەرمەندە میللییه لە کۆڕی شایی و چۆپی‌گێڕانیش‌دا، وەک کەسێکی خۆوێژ و مەند و ماقووڵ و خاوەن پرەنیسپ توانی جێگایەکی تایبەت داگیر بکا لە نێو هاوشانەکانی‌دا و لە زۆرانی تێپەڕێنێ.
   بەشداریی هەزاران کەس لە ڕێ‌وڕەسمی ناشتنی‌دا، چی ڕابردووی جوان و نەخشین و بێگەردی بوو هەمووی ژیاندەوە و دەتوانم بڵێم خەڵک ئەوەندەی بۆیان کرا هەقی خۆیان دایە. ئەم بەشدارییە بەربڵاوە خۆی یەکێک لە نیشانەکانی شعووری پێگەیشتووی کۆمەڵانی خەڵکە و هیوادارم هەر وا بەردەوام بێ. هەست بە بەرپرس بوو بۆ بەشداری لە نێژران و پتر لە چوار سەعات ڕاوەستان لەسەر قەبران لە جەنگەی بارانەدا، نیشایەکی دیکەی تێگەیشتنە.
   تەنیا خاڵێکی ناخۆش کە لە ناشتنی‌دا هاتە پێش، وەبەرچاو نەگرتنی بڕیاری هەیئەت‌ئومەنای تایبەتی گۆڕستانی هونەرمەندان بوو، کە سەرباری ئەوەی قەبریان لە نێوەندی بەشی دووهەمی"هونەرمەندان" بۆ هەڵکەندبوو، لەسەر پێداگریی چەند کەسێک کارەکە لەسەر تەوەرە و بستەی خۆی ترازا و لە بەشی یەکەم و جێگایەکی چەپەکی پەنا دیوار نێژرا!! هەر چەندی هاواریشم کرد، قسەم نەیبڕی. ڕاستە بەندە دوای سی ساڵی ڕەبەق کار کردن، وەک ئەندامێکی هەرە کەم تەمەنی هەیئەت‌ئومەنا، ئەوە پێنج‌شەش ساڵە بە ویستی خۆم هەیئەت‌ئومەنا نەماوم، بەڵام دەزانم ئەندامانی هەیئەت‌ئومەنا کوێیان دێشێ و چۆن بۆ داهاتووش تووشی گرێ  و گرفتی ئاوا نەخوازراو دەبن. ئەم کارانە وا دەکەن ڕوخساری تاقانەی وێ بگۆڕێ و ڕەنگە هێندێکانیش ئەو گۆڕانەیان بە دڵ بێ! وەک لە قەدیمەوە گوتوویانە:
ئەو کەسەی کەسە، حەرفێکی بەسە!
  وەک لەوێش گوتم: کاک برایمی قادری لەو سەری دنیاشی بنێژن، هەر ئەو هونەرمەندەیە و لێی کەم نابێنەوە...
   خەڵک دەبێ بزانێ بەشی دووهەمی نێژگەی هونەرمەندان، درێژکراوەی بەشی یەکەمە و ناکرێ ئەوەندە کەلێن و قوژبنەی ماویشە، یان ئەو گەڵاڵانەی بۆیان پێش‌بینی کراوە تێکبچنەوە! بەشی دووهەم کۆمەڵێک هونەرمەندی وەک قادری سەیاحی، قالە شین و محەممەدی دانیش و شاعیران و مامۆستایانی وەک دوکتۆر بۆرەکەیی، حاجی قادر قادری، سەید ئەحمەدی حەسەنی و سمکۆی پاکزاد و چەند ناودارێکی دیکەی لێ نێژراوە.
   ئەوەندەی دەزانم هێندەی دنیایەک مەرگی کاک برایم تەمی خەمی کێشا بەسەر ناخم‌دا و تەمی نەخۆش بوونەکەشی لێ زیندوو کردمەوە/ لێ زیندوو کردینەوە.
   خەڵکی وریای نیشتمان، بزانن زولەیخاخاتوونی برازای کاک برایم، کە ژیان و تەمەنی خۆی کردۆتە بەختی ئاسوودە ژیانی مامۆستا برایم قادری و هاوسەرەکەی و دەستی لە هەموو خۆشییەکانی ژیانی هەڵگرت، ئەوەندەی بیر بڕ دەکا جێگای سپاسی تایبەتە و نابێ لە یادمان بچێ؛ کێی دیکەش بە باری ڕووحی‌دا چی کردووە بۆی و بۆیان ماڵی ئاوەدان بێ، چونکە کاکە برایم کەسێکی دارا و دەسڕۆیشتووی تێر و تەسەل بوو. یادی بەخێرتر لەوەی خەیاڵ دەتوانێ بیخانە سەر شاباڵی.