ساڵانە شارەوانیی ڕێنانی سەر بە هەرێمی لۆزان، ڕێز لە ڕێکخراو و کەسانێک دەگرێ کە خزمەتیان به پرسی جیاوازی کۆمەڵایتەتی وەک چاند، لاوان، وەرزش، تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و ... کردووە.
خەڵاتی شایستەیی خزمەت بۆ خۆتێکەڵاوکردن لە کۆمەڵگای لە ساڵی ٢٠٢۴ دەدرێ به ئەندازیار ئاسۆ پیرۆتی، بەڕێوەبەری کۆمەڵە قوتابخانەکانی ئاستی بنەڕەتیی شاری ڕێنان سەر بەهەرێمی لۆزان.
بۆ ئەو مەبەستە لە ڕۆژی پێنجشەممە، چاردەی نۆڤامبری ئەمساڵ لە ساڵۆنی نمایشی شاری ڕێنان، هەڵبژاردەکان لە لایان بەرپرسانی شارەوانی خەڵات دەکرێن.
ئەندازیار ئاسۆ پیرۆتی، لەدایکبووی ساڵی ١٣۴٣ی کۆچیی هەتاوی لە گوندی قەرەشڵاغی دەشتی شاروێرانی مەهاباد لەدایک بووە. ناوبراو لە ساڵی ١٩٨٩ـوە دانیشتووی وڵاتی سویسە. ئاسۆ پیرۆتی لە بوارەکانی ئەندازیایی کارەبا، پسپۆری لە پەروەردە و بارهێنان، زانستەکانی بەڕێوەبەریی ناوەندەکانی خوێندن و ڕاهێنان و بارهێنانی مامۆستایانی قوتابخانە، خۆی پێ گەیاندووە.
ئەندازیار پیرۆتی لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا، کۆمەڵێک ئەرک و خزمەتی بەرچاوی لە ئاستەکانی پەروەردە و فێربوون، بارهێنانی مامۆستایانی قوتابخانە و خزمەت بە شێوازی دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری کۆمەڵە قوتابخانەکان، سەرۆکایەتیی پارتی سۆسیالیستیی شاری ڕێنانی کردووە. جێگای ئاماژەیە کە ساڵی ٢٠١٨، بۆ یەکەم جار بوو کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی لۆزان کەسێکی بیانیی وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەستنیشان بکا.
لە ساڵی ٢٠١٨ـوە، ئەندازیار ئاسۆ پیرۆتی، وەک بەڕێوەبەری کۆمەڵە قوتابخانەکانی ئاستی بنەڕەتیی شاری ڕێنان دەستنیشان کراوە و خزمەت به بواری فێربوون و بارهێنان دەکات.