تاریخ: ۱۴۰۳/۷/۲۴
ڕۆڵی کورد لە دەست بەکاربوونی ڕۆژنامەی "دونیای ژنان" یەکەمین ڕۆژنامەی ژنان لە ئیمپراتۆری عوسمانی‌دا
چالاک کوردە
کۆتایی‌یەکانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی واتە هاوکات لەگەڵ دووهەمین خولی مەشرووتەخوازی و سەرهەڵدانی تورکە لاوەکان، بەهۆی بۆشایی هێزی دەسهەڵات و هۆگری ڕووناکبیران بۆ مۆدێڕنیتە، دەیان ڕێکخراو و ڕۆژنامە و حیزب هاتنە ئاراوە. لەو نێوەدا دەرکەوتنی ژنانی ڕووناکبیر و مۆدێڕنخواز خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی عوسمانی و تەنانەت مێژووی ناوچەکەدا. بێجگە لە ژنان، گەلێک پیاوی ڕووناکبیری مۆدێڕنخوازیش بۆ پێکهێنانی ئاڵ‌وگۆڕ لە ژیانی ژنان‌دا و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی مافی ژن بەپێی بەهاکانی مۆدێڕنیتە پێشەنگ بوون، بۆیە لەو ماوەیەدا واتە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم تاکوو ساڵی ۱۹۲۳ کە تورکە لاوەکان دەگەنە دەسەڵات، ژنان و پیاوانی فێمێنیست هەنگاوگەلێکی بەرچاویان هەڵێناوە وەکوو دامەزراندنی ئەنجوومەنی تایبەت بە ژنان، کرانەوەی زانستگای ژنان، کرانەوەی ڕۆژنامەی تایبەت بە ژنان و ...هتد. لەو نێوەدا ڕووناکبیرانی کورد چ پیاوەکان و چ ژنان کە چالاکوانی بێ‌وچانی گۆڕەپانی سیاسەتی ئەو سەردەمەی ئیستانبوڵ بوون ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، هەر لەو سۆنگەیەوە ئاوڕ دەدەینەوە لە ڕۆڵی ژنان و پیاوانی کورد لە دامەزراندنی یەکەم ڕۆژنامەی ژنان لە وڵاتی عوسمانی‌دا؛
یەکەم ڕۆژنامەی ژنان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ٤ی ئاوریلی ساڵی ۱۹۱۳ لە ژێر ناوی "دونیای ژنان"  و بە خاوەندارییەتی "نوریە عولویە مەولانزادە" لە شاری ئیستانبوڵ‌ دادەمەزرێت. ئێستا دوای تێپەڕبوونی ۱۱۱ ساڵ لە دامەزراندنی ئەو ڕۆژنامەیە، مێژوونووسانی تورک نوریە مەولانزادە بە تورک و ڕۆژنامەکەی بە یەکەمین ڕۆژنامەی ژنانی تورک دەناسێنن، بەڵام لە ڕاستی‌دا نوریە خانم لە نەتەوەی چەرکەس بووە، چەرکەسەکان نەتەوەیەکی دانیشتووی باکووری قەوقازن کە دوای شکست‌هێنانی عوسمانی لە ڕووسیە لە بەرابەر ڕووسەکان‌دا بەرخۆدانێکی بەرچاو لە خۆ نیشان دەدەن. هەر بەو هۆیەوە بەشێک لە چەرکەسەکان لە لایەن ڕووسەکانەوە دوور دەخرێنەوە و بەشێکیشیان بەهۆی شەڕەوە بەناچاری کۆچ دەکەن بۆ خاکی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە وڵاتەکانی تورکییە و سووریەی ئێستادا نیشتەجێ دەبن. بنەماڵەی نوریە خانم یەکێک لەو بنەماڵانەن کە لە لایەن ڕووسەکانەوە دوور دەخرێنەوە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە نوریە عولویە لە تورکییە و هەندێکیش دەڵێن لە سووریە لە دایک بووە. لە هەر حاڵ‌دا نوریە لە تەمەنی ۱۳ ساڵی دەدرێت بە بەگێکی تورک بە ناوی "عەبدولحەمید حلووسی"  کە تەمەنی سەرووی 70 ساڵ بووە، هاوسەری یەکەمی نوریە دوای حەوت ساڵان کۆچی دوایی دەکا و نوریە خانم لە ساڵی ۱۹۱۳ و لە تەمەنی ۲۰ ساڵی‌دا بۆ جاری دووهەم دەگەڵ ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووسی کورد؛ ڕەفعەت مەولانزادە هاوسەرگیری دەکاتەوە.
ئاشنابوون و هاوسەرگیری‌کردنی نوریە خانم و  مەولانزادە ڕەفعەت دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و دامەزراندنی یەکەمین ڕۆژنامەی ژنان لە ئیستانبوڵ‌ کە مەولانزادە ڕەفعەت خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی سەربەستی و ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیری دیاری کورد لەو سەردەمەدا بوو، هەر بەپێی وت‌ووێژێک کە "ئۆودەت فلادمەن" لە لایەن ڕۆژنامەی "بێرلینێر تاگبلاتی" ئاڵمانی لەگەڵ نوریە مەولانزادە کردوویەتی، نوریە خانم ڕاشکاوانە دان بەوەدا دەنێ کە بیرۆکەی دامەزراندنی یەکەمین ڕۆژنامەی تایبەت بە ژنان لە لایەن مەولانزادە ڕەفعەتەوە هاتووەتە ئاراوە، هەروەها لەو وت‌ووێژەدا نوریە خانم ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژنامەی دونیای ژنان لە چاپخانەی ڕۆژنامەی سەربەستی چاپ دەکرێت کە خاوەنەکەی مەولانزادە ڕەفعەت بووە.
مەولانزادە ڕەفعەت مۆدێڕنخوازێکی کورد بووە کە ئەو سەردەم باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگا بۆ پێشکەوتن ناتوانێت بە لاقێکی هەنگاو بنێتەوە، بۆیە پێویستە ژنانیش وێڕای پیاوان لەو ڕێگایەدا بەشدار بن. هەروەها مەولانزادە ڕەفعەت ڕۆژنامەیەک بە ناوی دونیای پیاوان دەکاتەوە کە تەنیا یەک ژمارەی لێ چاپ دەبێت و لەو ڕۆژنامەیەدا داکۆکی لە مافی ژنان دەکات و پێی وایە پیاوان دەبێ ڕێگەخۆشکەر بن بۆ هاتنە مەیدانی ژنان. بۆیە بە دڵنیایی‌یەوە ڕۆڵی مەولانزادە ڕەفعەت وەک ڕووناکبیرێکی کورد لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی دونیای ژنان ڕۆڵێکی کلیلی و ئەساسی بووە. 
بەڵام ئەوە هەمووی باسەکە نییە! ڕۆژنامەی دونیای ژنان مەکۆیەک بووە بۆ تەواوی ژنانی نیشتەجێی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بۆیە ژنانی کوردیش لەو ڕۆژنامەیەدا چالاکی بەرچاویان هەبووە. لەو ژنانەی کە بەردەوام هاوکاری ڕۆژنامەکەیان کردووە، مەزیەت بەدرخان، فەخریە بەدرخان و مەسادەت بەدرخان بوون کە مەسادەت خانم لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ژنان‌دا کاری کردووە. بەڵام بەداخەوە زانیاری لە سەر ئەو سێ خانمە ڕۆژنامەنووسە کەمە. ئەوە لە حاڵێک‌ دایە کە ئەو خانمانە لە بەشی فەڕانسەیی ڕۆژنامەی دونیای ژنانیش‌دا ڕۆڵیان هەبووە.
ڕۆژنامەی دونیای ژنان کە ئامانجی خزمەت‌کردنی زیاتری ژنان بووە و داوای مافی خوێندنی باڵا بۆ ژنان و، مافی هاوبەشی ژن و پیاو لە شوێنی کار و، مافی خزمەتگوزاری مڵکی بۆ ژنان کردووە، بەڵام نەیتوانیوە لە ژێر هێژمۆنی ناسیۆنالیستی کوردی خۆی دەرباز بکات. بۆ نموونە ئەو ڕۆژنامەیە کە هەتاکوو ژمارەی ۱۰۰ی خۆی ڕۆژانە دەردەچوو دواتر بە شێوەی حەووتوونامە بڵاو دەکرایەوە، لە ژمارەگەلێکی خۆی‌دا داکۆکی لە مافی کورد دەکات، هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی یەکەمین ئەنجومەنی ژنانی کورد "کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد". 
سەرەڕای ئەوەی کە ناسیۆنالیستی تورک هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ داگیرکردن، پەراوێزخستن و سڕینەوەی مێژووی کورد لە تورکیە، بەڵام بەپێی ئەو داتایانەی کە بەردەستن دەکرێ بڵێین کە ڕۆژنامەی دونیای ژنان کە یەکەمین ڕۆژنامەی ژنانە لە ئیستانبوڵ‌، بە هیممەتی ڕووناکبیرانی کورد و لە ژێر کاریگەری هەوڵ و تێکۆشانی ئەوانەوە دامەزراوە و کاری کردووە، ئەو ڕۆژنامەیە کە تاکوو ساڵی ۱۹۲۱ چالاکی کردووە توانیوییەتی ٦۰۰ ژمارەی چاپ و بڵاو بکاتەوە. ڕۆژنامەی دونیای ژنان وەک زۆربەی ناوەند و ڕۆژنامە و حیزبەکانی ئەو سەردەم لە ساڵی ۱۹۲۱ لە چالاکی‌کردن دەوەستێت و دوای تێپەڕینی دوو ساڵ و سەرکەوتنی تورکە لاوەکان، مەولانزادە ڕەفعەت لە ئیستانبوڵ دوور دەخرێتەوە و هەر بەو هۆیەوە نوریە خانم و مەولانزادە ڕەفعەت لێک جیا دەبنەوە، ساڵی ۱۹۳۱ نوریە خانم بۆ سێهەم جار هاوسەرگیری دەکات و تاکوو کۆتایی ژیانی لە پارێزگای کوردنیشینی خەتای درێژە بە ژیانی دەدا. 
خولی دووهەمی تەنزیمات (مەشڕووتە) دەورەیەکی تایبەتە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی چالاکی ژنانی کورد، لەو سەردەمەدا و لە ماوەی ئەو دوو دەیەیە ژن‌گەلێکی زۆر وەکوو: ئەنجووم یامولکی، ئامینە خەندان، نازلی بەدرخان، زەریفە بەدرخان، مەسادەت بەدرخان، لەیلا بەدرخان، بلقیس بەدرخان، گوزیدە یامولکی و ... لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی ژن و مافی نەتەوەیی هەوڵ و تێکۆشانیان هەبووە، بێجگە لەو ژنانە، پیاوگەلێکی وەک: مەولانزادە ڕەفعەت، شەریف پاشای خەندان، عەبدوڵڵا جەودەت، مەممدوح سەلیم، عەبدولڕەحیم ڕەحمی و ... لە پێناو مافی هاوبەشی ژن و پیاودا بە کردەوە و بە نووسین چالاکیان نوواندووە. بەڵام بەداخەوە ئەو بەشە لە مێژووی کورد لە زۆر بوارانەوە بەتایبەت لە بواری مافی ژنانەوە کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە، بە واتایەکی تر دەکرێ بڵێین کە مێژووی ژن لە کوردستان و مێژووی ڕۆڵی ژن لە کوردستان‌دا پەراوێز خراوە، ڕەنگە کە هۆکارێکی ئەوە بێت کە مێژوونووسینەوەی کوردیش لە ژێر هێژمۆنی پیاوسالاری‌دا بووە، یان هۆکارێکی تر ئەوەیە کە فاشیزم لە تورکیە لە ماوەی سەد ساڵ‌دا هەوڵی داوە بۆ سڕینەوەی سەرچاوەکان. بەڵام بۆیە ئەو بەشە لە چالاکی ژنان گرینگە چونکە ژنانی کورد لەو سەردەمەدا بەپێچەوانەی هەندێک ژنی وەک عادیلە خانم، قەرە فاتم، خانزاد و ... کە لە سیستمێکی پیاوسالارانەدا وەک ژنێکی ئازا ئەرک و ڕۆڵی پیاوانەیان وە ئەستۆ گرتووە، ئەو ژنانە بە تێک‌شکاندن و وەلانانی نەریتی زاڵ و باوی ئەو سەردەمی، وەک ژنێکی پێشەنگ بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنانەی خۆیان هاتوونەتە مەیدان، واتە بە هەوڵ و تێکۆشانیان، وەک چینی فێمێنیزم‌خواز مێژووی ژنانی کوردستانیان خووڵقاندووە.