دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و لێکۆڵەر و مامۆستای زانستگا
وەرگێڕان دەربیجە و کڵاوڕۆژنەیەکی نیوە/تەواوکراوەی ڕۆشنبیری_ڕووناکبیری[=cultural_intelectual]ـیە کە لە کۆشکی مەزن و شکۆداری کەلتوور و زانست و وێژە و هزری جیهانیڕا بەرەوڕووی خانوولەی شوناس و پێناسەی زمانەوانی و وێژەیی و هزریی خۆماڵی و خۆجێی دەکرێتەوە و دەکرێ شەبەق و تیشکی ڕووناکیدەر و تاریکیتارێنی خۆی بە هەموو قولینچک و قوژبنی ژووری کەلتووری و ڕۆشنبیریی خانوولەی شوناس و پێناسەی گەل و هۆز و نیشتماندا بڵاوبێتەوە. گەر لە لایەنێکی خۆماڵیتریشەوە بۆ دیاردەی وەرگێڕان بڕوانین، بە پێی بارستایی و ڕادە و ڕێژە و قەبارەوە، وەرگێڕان بە زمانی کوردی بەشێکی هەرە زۆری پانتایی بڵاوکراوەی کوردی لەخۆ دەگرێ و بەپێی ئەم بارستایی و قەبارەشەوە، وزە و کات و دەرفەت و سەرمایە و سامانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئێجگار زۆر و زەوەندی کۆمەڵگای کوردی تەرخانی بەرهەمهێنان و کەڵکلێوەرگرتنی ئاسەوار و شوێنەواری ئەم دەڤەر و ئاقارە زمانەوانی و وێژەیی و هزری و ڕۆشنبیرییە دەبێ.
ئەوەی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرە ئەم ڕاستەقینەیەیە کە ڕادە و ڕێژەی بەرهەمی وەرگێڕدراو بە کوردی، لانی کەم، نزیک بە دە هێندەی ئاسەواری زانستی و لێکۆڵینەوەیی نووسراو بە زمانی کوردییە. خەسارناسیی ئەم درم و پەتایە، واتە ڕادەی زۆر کەمی بەرهەمهێنانی زانستی و لێکۆڵینەوەیی بە زمانی کوردی بۆ دەرفەت و دەرتانێکی شیاو و گونجاو هەڵدەگرین و لێرەدا زۆر بە کورتی و وەک کورتەئاماژەیەک، پۆلێنبەندیی ئاراستە فکرییەکان و گوتارەزاڵەکانی نێوان پڕۆژەکانی وەرگێڕانی کوردی پێشکەش دەکەم و وردەکاری و شیکاریی پتری ئەم بابەتە هەڵدەگرم بۆ وتارێکی تایبەتیی زانستی_لێکۆڵینەوەیی؛ کەوابوو ئەم پۆلێن بەندییەی خوارەوە_لەبابەت ئاراستە فکرییەکان و گوتارەزاڵەکانی نێوان پڕۆژەکانی وەرگێڕانی کوردی_وەک"کورتەوتار"(=abstract)ـی ئەم وتارە زانستی_لێکۆڵینەوەییەی گۆرین سەیر دەکرێ.
پۆلێنبەندیی ئاراستە فیکرییەکان و گوتارە زاڵەکانی نێوان پڕۆژەکانی وەرگێڕانی کوردی لە ڕوانگەی منەوە ئاوایە:
1.گوتاری ئەدەبی_زمانەوانی؛ بۆ وێنە و وەک پێشەنگی ئەم ئاراستە فکرییە و ئەم گوتارە، دەکرێ ئاماژە بە ئاسەواری وەرگێڕدراو لە لایەن مامۆستا هەژار بکەین، بە تایبەت وەرگێڕانی چوارێنەکانی خەییام بە کوردی و وەرگێڕانی مەم و زینـی خانی؛ هەروەها زۆربەی ئاسەواری وەرگێڕدراوی مامۆستا شوکور مستەفا، دوکتۆر عەزیز گەردی، ئازاد بەرزەنجی، سەباح ئیسماعیل، ئازاد سەید ئیبڕاهیمی، وریا غەفووری، محەممەد ڕەمەزانی،ئەمین گەردیگلانی، عەتا نەهایی، ڕەسووڵ سوڵتانی و هتد؛
2. گوتاری کوردناسانە: بەشێک لە ئاسەواری مامۆستا هەژار بەتایبەت وەرگێڕانی شەڕەفنامە، هەروەها بەشێک لە وەرگێڕانەکانی دوکتۆر عەزیز گەردی(=وەک وەرگێڕانی ژیانی ئافرەتی کورد، هێنی هاڕۆڵد هانسن)، شوکور مستەفا، فەرهاد پیرباڵ، دوکتۆر حەسەن جاف(=وەک وەرگێڕانی مێژووی ئەردەڵان) و هتد؛
3. گوتاری فەلسەفی_زمانەوانی: تێکڕای ئاسەواری وەرگێڕدراو لە لایەن دوکتۆر محەممەد کەماڵ، بۆ وێنە:بوون و کاتـی هایدیگەر؛ بەشێک لە وەرگێڕانەکانی دوکتۆر حوسێن خەلیقی؛ بە شێک لە وەرگێڕانەکانی شاکیر فەتتاح(= پێشەنگ و ڕچەشکێنی وەرگێڕانی فەلسەفی لە کوردستان)؛ وەرگێڕانی مێژووی فەلسەفەی کاپلستۆن بە کوردی لە لایەن مەسعوود بابایی لە 9بەرگدا و، هەروەها وەرگێڕانی مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج بۆ سەر زمانی کوردی لە 10بەرگدا، لە لایەن سەعید کاکی؛ وەرگێڕانی فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیانـی شۆپنهاوەر، لە لایەن دوکتۆر عەبدوڵڵا ئەمینی و هتد؛
4. گوتاری ئێرانناسانە: ئاسەواری وەرگێڕدراو بە کوردی کە هاوتەریب و هاودەنگ و هاوئامانج و هاوپەیام لە گەڵ ئاراستەی فکری و گوتاری پڕۆژە ئیرانشەهرییەکەی دوکتۆر سەید جەواد تەباتەبایین؛ ئاسەوارگەلێک کە له بابەت ناوەرۆکەوە پتر غەیرە_وێژەیی و مێژوویین و نادەروەست و ناپەیوەست و نامۆن بە گوتارەکانی گۆرینی پێشوو و وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا هاوئاراستە و هاوئامانجن لەگەڵ گوتاری پڕۆژە ئیرانشەهرییەکەی دوکتۆر سەید جەواد تەباتەبایی؛
5. گوتاری ئیسلامناسانە_ڕووناکبیرانە: بە شێک لە ئاسەواری وەرگێڕدراو لە لایەن مامۆستا هەژار، وەک وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز و وەرگێڕانی چوارنامیلکەکەی دوکتۆر شەریعەتی، هەروەها تێکڕای ئاسەواری وەرگێڕدردراو لە لایەن فاتیمە محەممەد زەڵمی و هتد؛
6. گوتاری کۆمەڵناسانە: تێکڕای ئاسەواری وەرگێڕدراو لە لایەن دوکتۆر عادڵ باخەوان؛ بەشێک لە ئاسەواری وەرگێڕدراوی مەنسوور تەیفووری و هتد؛
7.گوتاری زمانناسانە: ئاسەواری بواری زمانەوانی جیهانی، وەرگێڕدراو لە لایەن پڕۆفیسۆر ئەوڕەحمان حاجی مارف؛ مستەفا غەفوور؛دوکتۆر سەلام ناوخۆش؛ وەرگێڕدراوە زمانەوانییەکانی پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ بۆ سەر زاراوەی کۆرمانجی سەروو؛ هەروەها وەرگێڕانی ڕێزمانی کوردیـی پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ لە لایەن دوکتۆر کوردستان موکریانی و هتد.