تاریخ: ۱۴۰۳/۷/۲
پوختەیەک لەسەر ژیان و چالاکیی زانستی و ڕۆشنبیریی عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس، لێکۆڵەر و مامۆستای زانستگا

  

 

عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی زادە، کوڕی عەللامە مەلا محەممەد حوسێن و خاتوو ڕازیە عیسازادە و نەوەی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی، زانای هەرە ناوداری کورد، لە ساڵی 1280ـی کۆچی هەتاوی لە گەڕەکی ڕەزگەیانی مەهاباد لەدایک بووە.

لە تەمەنی 6ساڵی ڕا هەتا تەمەنی 22ساڵی لە خزمەت براگەورەکەی، عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی، وانەکانی سەرجەم زانستە ئیسلامی و ئەدەبییە سەرەتایی و ناوەندی و کۆتاییەکانی وەک: تەجوید، سەرف، نەحو، مەعانی، بەیان، بەدیع، فیقهوللوغە، عەرووز و قافیە، ئوسوولی فیقهـ، فیقهـ، کەلام، فەلسەفە، حیکمەت، هەیئەت،  نوجووم، ڕیازییاتی عالی، ئاداب، وەزع، حەدیس، تەفسیر، عولومولقوڕئان و هەروەها وێژە و ئەدەب و شێعری عەڕەبی، دەخوێنێ و بە هۆی ئەم مامۆستا ڕووناکبیر و بلیمەتەیەوە، لە ڕێگەی ئەم کتێب و پەڕتووک و گۆڤار و ڕۆژنامانەی وا لە وڵاتی میسرەوە بۆ ئەم براگەورەیەی و بۆ ئەم مامۆستایەی دەهات، دەگەڵ بیرمەندان و فەیلەسووفانی گەورەی دونیای ئیسلام و بەتایبەت وڵاتی میسر ئاشنایەتییەکی قووڵ پەیدا دەکا. هەروەها لە خزمەت عەللامە مەلا عەبدوڕڕەحمانی ساوجبڵاغی(مەلای گەورە) و مامۆستا میرزا عەلی قازی(باوکی ڕێزدار قازی محەممەد )، ماوەیەک فەقێ دەبێ و لەخزمەت هەر سێک مامۆستاکەی مۆڵەتی ئیفتا و تەدریس و ئیجتیهاد وەردەگرێ.

لە ساڵی 1302ڕا هەتا 1315 لە مەهاباد و لە مزگەوتی حاجی سەید بایەزید و مەدرەسەی ناسرییەی سەر بەو مزگەوتە، هاوڕێ لەگەڵ براگەورە و مامۆستاکەی، عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی وانەکانی عولوومی ئیسلامی و ئەدەبی دەڵێتەوە. مامۆستا خاڵەمێن، شاعیری پایەبەرز و ناسراوی کورد و مامۆستا سەید محەممەدی حەمیدی، سەرنووسەری هەڵکەوتەی ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمار و ڕۆژنامەوانی پێشەنگ و ڕووناکبیر، لەم سەردەمە‌دا لە خزمەت عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە‌دا فەقێ دەبن و تا کۆتایی ژیانیان شوێندانەریی بیر و هزر و پەروەردەی مامۆستاکەیان لە سەر ئاکار و بیر و هزر و چالاکییەکانیان بەرچاو و دیار دەمێنێتەوە. هەروەها لەم ماوەیە‌دا، عەللامە تورجانی‌زادە، لە یانەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد کە تازە دامەزرابوو، وەک مامۆستای دەرسوێژ و بەچەشنی  خۆبەخش و غەیرەفەرمی، دەرسی دەکوتەوە و وەک یەکێک لە بنیاتنەرانی یانەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد (=ئامووزش و پەروەریشی مەهاباد) لە مێژووی پەروەردەی ئەم ناوچەیەدا، شوێن پەنجەی بەرچاو و دیارە.

عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە، دوای ئەم ماوەیە، لەساڵی 1315 هەتا 1326 لە وەزارەتی فەرهەنگ وەک "وتاربێژی گەڕۆکی وەزارەتی" (=خطیب سیّارِ وزارتی) و هەروەها وەک نووسەری کتێبی دەرسیی دەبیرستانەکانی ئێران، لە وەزارەتخانەی پەروەردە و بارهێنان و هەروەها وەک ڕاوێژکاری وەزارەتی لە شارەکانی ورمێ و مەشهەد و تەورێز سەرقاڵی خزمەتی فەرهەنگی و زانستی دەبێ.

ساڵی 1326 هاوکات لەگەڵ بنیات‌نانی زانستگای تەورێز، وەک یەکێک لە بنیاتنەرانی سەرەکیی ئەم زانستگایە، هاوڕێ لەگەڵ دوکتۆر عەبدوڕڕەسووڵ خەیامپوور، دانیشگای تەورێزیان دامەزراند و هەر لەم ساڵەوە تا ساڵی 1351 وەک مامۆستایەکی بلیمەت و هەڵکەوتە و زانا و بێ‌هاوتا وانەکانی ئەدەبی فارسی و عەڕەبی و فەلسەفە و حیکمەتی لەم زانستگایە گوتووەتەوە و زانایی و توانایی و لێهاتوویی و پسپۆڕی و شارەزایی لەڕادەبەدری ئەو، لە سەرجەم زانستە ئەدەبییەکان و لە فەلسەفە و حیکمەت و زمان و وێژەی فارسی و عەڕەبی و هەروەها مرخی شاعیرێتی و زمانپاراوای و وتاروێژی و وێژاوەریی ئەم زاتە، بۆتە هۆی سەرسامی و موعجیب‌بوونی تێکڕای خوێندکاران و مامۆستایانی ئەم زانستگا گەورە و نێوبەدەرەوەیە، تا ئەو جێگایەی کە شەهریاری شاعیری گەورەی سەردەم بە زمانی شێعر بە مامۆستا تورجانی‌زادە دا هەڵدەڵێ و بە شاعیر و زانا و ئەدیبێکی بێ‌هاوتا ناوی لێ دەبا.

ساڵی 1351ـی هەتاوی مامۆستا تورجانی‌زادە بە پلەی "استاد ممتاز"، هەڵدەبژێردرێ، کە پلەیەک لە "استاد تمام"(=پروفسوری) سەرووترە و ئێستا به هۆی نەمانی کەڵە زانایانی لە چەشنی تورجانی زادە و فڕووزانفەر و مەلیکوشوعەڕای بەهار و ....ئەم پلەیە لە سیستەمی هەڵسەنگاندنی پلە و پایەی زانستیی مامۆستایانی زانستگاکانی ئێران‌دا هەڵگێراوە و نەماوە.

عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە، لە ڕۆژی چوارشەممە، 2ـی ڕەزبەری ساڵی 1359ـی هەتاوی لە نێوان پەژارەی کۆڕی دۆستان و یاران و قوتابییان و هاوڕێیان و مریدانی، لە تەورێز و لە تەمەنی 79ساڵی دا و لە کاتێک‌دا کە تاقمێک لە کتێبەکانی کتێبخانەکەی لەباوەش گرتبوو و بۆیان دەگریا، چون ئیدی چاوی بە کتێبەکان و بە کتێبخانە پیرۆز و مەزنەکەی ناکەوێتەوە، چاوی لێک‌نا و بەرەو دونیای هەرماو گەڕایەوە و لە گۆڕستانی وادیی ڕەحمەت ئەسپەردەی خاک کرا.

 

تورجانی زادە، شاعیرێکی هەرە زانا و توانا و زمانپاراو و خاوەن‌دەسەڵات بووە و دیوانی شیعره فارسی‌یەکانی لە ساڵی 1395ـی هەتاوی‌دا چاپ و بڵاو بۆتەوە و لە سەرجەم ناوچەی موکریان‌دا شاعیری ئاوا زمانپاراو و زانا و توانا و خاوەن‌دەسەڵات لە شیعری فارسی‌دا نابیندرێ و شاعیرێکی بێ‌هاوتای شێعری فارسی‌یە لە مێژووی دووسەدساڵەی ئەدەبیی ئەم ناوچەیەدا.

 

عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە، جیا له دیوانی شێعر، 25 بەرهەمی دیکەی هەیە کە 10 بەرهەمی بە شێوازی کتێب‌ چاپ و بڵاوبووەتەوە کە ناودارترینی ئەم ئاسەوارانە بریتین له :"شرح معلقات سبع"[چاپ هشتم، 1401، انتشارات سروش]، "تفسیر جزعم و شگفتیهای آفرینش"،"تاریخ ادبیات عرب".

هەروەها سەرجەم وتارە زانستی و لێکۆڵینەوەیی‌کانی فارسیی تورجانی زادە، لە لایەن ڕێزدار محەممەد عەبدولی کۆکراوەتەوە و لە لایەن "نشرمیراث مانا "، تا ئێستا 3 جار چاپ و بڵاو بۆتەوە کە هەرکام لەم وتارانە خۆیان شاکارێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیی لەئەژمار دێن.

عەللامە تورجانی‌زادە، هەروەها لە نێوان ساڵەکانی 1330 هەتا 1335ـی هەتاوی، بە داخوازی و پێشنیاری بەشی توێژینەوەی فەرهەنگی و مێژوویی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی تەورێز، دەیان وتاری زۆر بەهێز و بەپێزی لە بابەت ناساندنی گەورەپیاوانی کورد و ژیان و ئاسەوار و بیر و هزری بیرمەندان و زانایانی هەڵکەوتەی کورد نووسیوە، کە هاوکات لەگەڵ نووسینی ئەم وتارانە، لە ڕادیۆ دەنگی تەورێز لە لایەن بەڕێزان تابانی و واسیقوبیللا دەخوێندرایەوە و بڵاودەکرایەوە.

بەشێک لەو کەسایەتییانەی وا لە حوجرەکانی کوردستان و پێش ئەوە سەردەمەی وا عەللامە تورجانی‌زادە ببێتە مامۆستا و دەرسوێژی زانستگای تەورێز، شاگرد و فەقێی ئەم زانا پایەبەرزە بوون، بریتین لەم کەسایەتییانەی خوارەوە:

1.خاڵەمین، شاعیری پایەبەرزی کورد؛ 2.حەسەن قزڵجی، نووسەر و چیڕۆکنووسی خاوەن‌شێوازی کورد؛ 3.عەللامە مەلا هادی ئەفخەم‌زادە؛ 4.مامۆستا مەلا سەید محەممەدی حەمیدی، بیرمەند و سەرنووسەری ڕووناکبیری ڕۆژنامەی کوردستانی 1946.

هەروەها بەشێک لەم کەسایەتییانەی وا لە زانستگای تەورێز، خوێندکاری عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانی‌زادە بوون و هەرکام‌ لەوان، خۆیان لەڕادەبەدەر بە منەتبار و قەرزدار و پێناوداری زانست و فێرکاری و ئامۆژگاری و ڕاوێژکاریی مامۆستای بلیمەت و هەڵکەوتەی خۆیان ئەژمێرن و دواتر هەر کام لەوانە خۆیان بوونەتە کەسایەتییەکی هەرە‌ناسراو و پایەبەرز و خاوەن‌بەرهەم و شوێندانەر و جێی شانازی، لە گۆڕەپانی زانستی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ئاکادێمیکی ئێران‌دا، بریتین لە:

1.دوکتۆر ژالە ئامووزگار؛ 2.دوکتۆر مێهری باقری؛ 3.دوکتۆر بەهمەن سەرکاراتی؛ 4.دوکتۆر مەعسوومە مەعدەن‌کەن؛ 5.دوکتۆر تۆفیق سوبحانی؛ 6. دوکتۆر بێهروز سەروەتیان؛7.دوکتۆر  مەنسوور سەروەت؛ 8.دوکتۆر عەلیڕەزا ئەنزابی‌نەژاد؛ 9.دوکتۆر حەسەن ئەنوەری؛ 10.دوکتۆر حەسەن ئەحمەدی گیوی؛ 11.دوکتۆر نوورەددین مەقسوودی؛ 12.دوکتۆر محەممەد مەجدی؛ 13. دوکتۆر جەعفەر شیعار؛ 14.دوکتۆر عەبباس ماهیار؛ 15.دوکتۆر جەلیل تەجلیل؛ 16. دوکتۆر ئەمین پاشا ئیجلالی و ....

عەللامە تورجانی‌زادە، هەروەها لە هاوکاران و ڕاوێژکارانی نهێنیی ڕۆژنامەی "ڕۆژی کورد" بووە کە برا گەورەکەی واتە عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی، باوکی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵات، دامەزرێنەر و سەرنووسەر و بەڕێوەبەری بووە و لە ساڵی 1300ـی هەتاوی هەوەڵ ژمارەی لە ورمێ بڵاوبۆتەوە.