تاریخ: ۱۴۰۳/۶/۲۹
قزڵجی؛ بیرمەند و ڕووناکبیری پێشڕەو، ڕۆژنامەوانی خاوەن‌قوتابخانەی پێشەنگ
نووسەر: دكتۆر ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌دیان، زمانناس و توێژەر و مامۆستای زانستگا وەرگێڕ لە فارسی‌یەوە: شه‌هلا ئه‌حمه‌دی(سەرپێڵی زەهاو)

[بە بۆنەی ٦٥ـەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی بیرمەند و زانای هەڵکەوتە، عەللامە مەلا محەممەد قزڵجی(تورجانی‌زادە) (١٣٣٨_١٢٧٥ ھ.ش).]

 

زانای بێ هاوتا و بلیمەت مەلا محەممەد قزڵجی(تورجانی‌زادە) کوڕی خوالێخۆشبوو مامۆستا محەممەد حوسەین و نەوەی مەولانا عەلی قزڵجی یەکێک له پرشنگدارترین ئەستێرەکانی ئاسمانی عیلم و ئەدەب و مەعریفه و چاکسازی جیهانی ئیسلام به هەژمار دێت.

 

بەڕێزیان جگه لەوەی به عیلم و زانستی خۆی فەزای کوردستان و خاکی ئێرانی ڕووناک کردبووه‌، وڵاتانی عەڕەبیش وەکوو حیجاز و شام و میسر و عێڕاقی چراخان کردبوو، هەروەها تەقوا و له‌خواترسی و دینداری و ئەمانەتداری و چاکە و زانایی مامۆستا قسەی سەرزاری جەماوەری خەڵکی بە گشتی و به‌تایبەتی بوو.

 

ئەم زانا گەورەیە له ساڵی ١٢٧٥ھ.ش له سابڵاغی موکری له دایک بوو، دوای فێربوونی زانستەکانی ئایینی له لای باوکی مەزنی و مامۆستایانی دیکه دەستی کرد بە وانه گوتنەوەی زانستەکانی عەقڵی و نەقڵی و قوتابی و خوێندکاری بلیمه‌ت و لێهاتووی پێشکەش کرد به دونیای زانست و ئەدەب له وڵاتی ئێران و جیهانی ئیسلامدا.

 

له ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی بە مەبەستی سەفەر بۆ حیجاز و میسر، به‌ره‌و وڵاتی عێڕاق که‌وته‌ ڕێ و لەوێدا به بۆنەی وانه‌بێژی له زانکۆی ئەلئەزهەری میسر ڕۆیشت بۆ وڵاتی میسر، جا چونکه حکوومه‌تی ئێران بە نیشتەجێبوونی لەوێ ڕازی نەبوو، گەڕایەوە بۆ عێڕاق و بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ئەو کاتی ئێران، له عێڕاق مایەوە و له زانکۆی نائیله خاتوون و زانکۆ شەریعەت و زانکۆی بەغدا و له مزگەوتی بیشرولحافی له گەڕەکی ئەعزەمییەی بەغدا دەستی کرد به وانەگوتن و تا کۆتایی ژیانی لەوێ نیشتەجێ بوو. تاوەکوو له ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد. مردنی ئەو زانا بەڕێزە کارەساتێکی گەورە بوو بۆ ئەهلی زانست و مەعریفه له جیهانی ئیسلامدا و گڵکۆکەیشی له غەزالی بووە بە زیارەتگەی ئەهلی دڵ.

 

ئەو مامۆستا بلیمەتە کاتێک بەڕێ کەوت بەرەو میسر، تەواوی قوڕئانی له‌بەر بوو و بەر له هیجرەتیش له مەهاباد له مەدرەسەی علوومی دینی مزگەوتی سەید بایەزید، زانایان و پیاوچاکان پەپووله ئاسا له دەوری کۆ دەبوونەوە و له مەحزەری موبارەکی عیلم و زانستیان وەردەگرت، لەوانە دەکرێ ئاماژه‌ به‌:

1. ئەدیب و نووسەری بە ناوبانگی کورد، عەلائەددین سەججادی؛ 2. مامۆستای خوالێخۆشبوو ئەحمەد تورجانی زادە، مامۆستای ناودار و بلیمەتی زانستگای تەورێز؛ 3.زانای بلیمەت مەلا عەبدولهادی ئەفخەم‌زادە؛ 4. مامۆستا شه‌کور موستەفا، وەرگێڕی لێزان و خاوەن شێوازی کورد؛ 5.مامۆستا مەلا مەلا موحەممەد خزری نزریوەیی شنۆیی(قازی شنۆ)؛ 6. زانای هەڵکەوتە و بیرمەندی بلیمەت، عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و... بکه‌ین.

 

مامۆستا مەلا عەبدولهادی ئەفخەم‌زادە یەکێک له خوێندکارانی مامۆستا قه‌زڵجی، له دەقی نامەیەکدا کە بە بۆنەی سەرەخۆشی کۆچی دوایی بەڕێزیان بۆ براکه‌ی مامۆستا ئەحمەد تورجانی زادە نووسیویه‌تی، ئاوا دەڵێت:

 

«تکا دەکەم کە ژیاننامه و خزمەت و بەرهەمەکانی بۆ هۆگران بخەنە بەرچاو، تاکو لانیکەم (جارێ) مەهابادی و موکریەکان، بە زبر و گورزی دژایەتی هەندێک لە خۆبەزانازانانی لە هەموو شت بێئاگا، بەلایانگری ڕاستییەکان و پێگەینانی شوێنکەوتوی قوڕئان بگەن و لە کۆچ و واوەیلانبوونی کەسایەتییەکی بەمجۆرە بێوێنە، بۆ خاکی نامۆ، ئەزموون وەربگرن و بێنەوە سەرخۆ تاکو لە ناسینی کەسایەتییەکان، بۆ دین و کۆمەڵگە بەدواداچوونەوە بکەن.»

 

هەروەها عەلامه قه‌زڵجی له گەورەترین مامۆستایانی فەلسەفە و حیکمەت بە ئەژمار هاتووە و له گۆڤارە بەنرخەکانی زانستیی عێڕاق و میسر وتارگەلێکی پڕبایەخ دەنووسێ و کتێبگەلێکی زۆری نووسیوه و بڵاوی کردۆتەوە. لەوانه: «التعریف بمساجد سلیمانیه»، شەرحێک له‌سەر ربع مجیب (له عیلمی هەیئه‌ت) خولێكی پەراوێزنووسی له‌سەر "لباب الاشارات"ی ئیمامی فەخری ڕازی.

 

عەللامه ئەحمەد تورجانی زادە سه‌باره‌ت به‌ پێگەی زانستیی مامۆستا بلیمه‌ته‌كه‌ی خۆی مامۆستا قه‌زڵجی دەفەرموێت: ئەو زانا هەڵکەوتوو و بلیمەتە خاوه‌ن تەبعێكی وریا و وشیار و زەینێکی ڕەخنەگرانه له كاتی غوربەت و کۆچکردندا بەهۆی پێناره‌ و ڕاهێنان و گۆشەنشینی و گەڕان و کونج و کۆڵی و کۆڵینەوە و هاتوچۆ له‌گەڵ زانایانی بەرجەستە و کۆمەڵێک بیرمەند له عێڕاق و شام و حیجاز و میسر چەند بەرامبەر لێهاتووتر ببوو و شارەزایی له‌سەر زانستە جیاوازەکان و فەنە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت له‌سەر ناسینی دەورەی شارستانییەتی ئیسلامی هێندە زۆر بوو که دەکرێ بەبێ زیادەڕۆیی بڵێم: کەماڵاتی مەعنەویی ئەو بەڕێزەم له هیچ کام له زانایان و مامۆستایانی ئەلئەزهەر کە ناودارترین و دیارترین ئەنجوومەن و زانکۆی علومی ئیسلامییه، نەبینیوە.

 

جگە لەوەش له پایەی تەقوا و ئەخلاقدا به ڕادەیەک بەرز بوو کە بە ڕاستی فریشتە ئاسایه‌ك له‌سه‌ر ڕوخساری مرۆڤ‌ بوو که بە تەواوی له دونیای ماددە و پەستییەکان خۆی پاراستبوو و له هەرا و هوریای ململانێ بۆ مانەوە و بەقا و دوژمنایەتی خۆی به‌دوور گرتبوو. هەموو کات و هەناسەکانی خۆی بۆ ڕێنوێنی خەڵک تەرخان کردبوو و جگه له‌گەڵ خودا و کتێب و تەزکییە و خاوێنکردنەوەی نەفس و سیفەتەکان سەرقاڵی شتی دیکه نەبوو.

 

مامۆستا ئەحمەد تورجانی‌زادە له شوێنێکی ‌تردا له‌بارەی ئوستاد و کاکی خۆی دەڵێت: چونکە براکەم یا مامۆستاکەم پیاوێکی ڕۆشنبیر بوو، له ڕێگەی گۆڤارەکان و ڕۆژنامه فارسی و عەڕەبییەکانەوە له ڕووداوەکان و ڕەوتی ڕۆژگار و ژیار و زانستەکان ئاگادار بوو.

 

هەروەها له‌سەر زانستە فەلسەفی و شەرعییەکان و هه‌یئه‌ت و ئه‌ستێره‌ناسیی كه‌ونارا، زۆرێک له بیرۆکە و زانستی نوێ له بەڕێزیانه‌وه‌ فێر بووم و له‌ژێر چاودێری ئوستادی میهرەبان و دڵسۆز و عیلم دۆست کەوا به‌سەر هەموو زانستێکی دەورەی ئیسلامیدا شاره‌زایی هه‌بوو، گوڵبژێرێك له‌ خەرمانی زانست و فەزڵی ئەم زانا پسپۆڕەم به‌ده‌ست هێنا که له ڕاڤەکردن و شیکاری و وردەکارییەکان و ناسکكاری و زەڕافەتی جۆراوجۆردا، لێهاتوو و شارەزا بوو و بایەخی زۆری پێ دەدا.

 

ئوستاد عەللامه محەممەد قه‌زڵجی دامەزرێنەری دیاردە و کاری زۆر باش و گرنگ و پڕبایەخ بوو له کوردستانی ئێران.

 

١) دامەزرێنه‌ری ڕۆژنامەوانیی کوردی به بەرپرسیاره‌تی و سەرنووسەری ڕۆژنامەی "کورد" کەوا ژمارەی یەکەمی له ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی له ورمێ بڵاو بووە و ئێستاش تەنها چوار ژمارەی له‌بەردەست‌ دایە.

 

٢) هەروەها دامەزرێنەری ڕۆشنبیری و نوێبیری ئایینیی له کوردستانی ئێران و له سەردەمی نوێ بوو و دەستی کرد به چاکسازیی خوێندنی فێرگه ئاینییەکان و تەدریسی فەلسەفە و حیکمەت و تەفسیر و مێژوو که له‌وەو پێش باو نەبوو.

له‌گەڵ خوڕافات و کۆنەپەرستی به چڕی خەباتی دەکرد، له ڕاستیا ئەو بەڕێزه زیندووکەرەوە و چاکسازێکی دینیی مەزن بوو کە بزاڤێکی گەورەی پێک هێنا، کەوا دواتر ئەو بزووتنەوەیە له ڕێگەی قوتابیانی هەڵکەوتووی کە هەرکامیان له زانایانی گەورەی کوردستان به هەژمار دێن، پەرەی سەند و گەشەی کرد و ئیدامه درا؛ قوتابییانێکی وەکوو:

1. مامۆستای بلیمەت و هەڵکەوتە، مەلا ئەحمەد تورجانی‌زاده؛ 2.عەللامە مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادە؛ 3.عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان؛4. مامۆستا مەلا موحەممەد خزری شنۆیی و هتد...

مامۆستا مەلا محەممەدی قه‌ز‌ڵجی جگه له‌وه‌یكه له لای باوکی زانا و پسپۆڕیی خۆی، له خزمەتی چەن مامۆستای دیكه وەکوو مامۆستا محەممەد حەسەن قه‌ز‌ڵجی(مامۆی خۆی) مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان سابڵاغی(فازیلی) و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا بوڕهانی کەڵکی وەرگرتووە و شاگردیی کردووە و له كۆڕی وانه‌ و کۆزیلکەی زانستیی ئه‌واندا بەشداریی کردووە.

 

هەروەها جگە لەو قوتابیانه‌ی کە پێشتر ناوبران، ئەم کەسایەتیانەش له قوتابیانی مامۆستا قه‌ز‌ڵجی هه‌ژمار دەکرێن و له خزمه‌تیدا عیلم و زانست و مەعریفەیان وەرگرتووە:

1.خاڵەمین بەرزه‌نجی شاعیری به ناوبانگی موکریان(١٢٨٤_١٣٧١)؛ 2. مەلا محەممەد جەریحی(١٢٨٥_١٣٢٣)؛ 3. مامۆستای نەمر مەلا محەممەد قازی، کوڕی قازی عەلی(١٢٧٩_۱۳۲٦)؛ 4. پڕۆفیسۆر دكتۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید كه‌ركووكی (بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی كورد و كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌وڵكه‌وته‌ی جیهانی ئیسلام)؛ 5. پڕۆفیسۆر تاها جابیرولعه‌لوانی زانا و بیرمه‌ندی عه‌ڕه‌ب و نووسه‌ری به‌نێوبانگی جیهانی ئیسلام؛ 6. هەروەها، بانگخواز و چاکخواز و نووسەری ناوداری تازەکۆچکردووی عێڕاقی محەممەد ئەحمەد ڕاشید(١٣١٧_۱٤۰۳).

 

مامۆستا مەلا محەممەد قه‌زڵجی کەسایه‌تییەکی به‌تەواو مانا و ڕووناکبیر و نیشتمانپه‌روه‌ر و نەتەوەخواز بوو و هەمیشه خاوەنی داڵغه و دڵبەستەی ئامانجگەلی بوونیانه و ئەندیشیانه و نەتەوەپەروەرانە و جەماوەریی بوو.

 

ئەمەش له چەند شێعرێکدا که له بەڕێزیان بەجێ ماوە بە ئاشکرا دیارە، وەکوو چۆن له شێعرێکا دەڵێت:

 

هه‌ی تازه جه‌وان هه‌سته له غه‌فڵه‌ت ببه بێدار

ده‌ستێ بده‌ره ده‌سته‌یی شمشێری شه‌ره‌ردار

 

ئـه‌و مـه‌وته‌نی واڵایـه کـه چـاکتـر له به‌هه‌شتـه

قـوربانــی بـکه ڕۆح و حه‌یـات و زه‌ڕ و دینـار

 

له بواری بیر و هزردا مامۆستا مەلا محەممەد قه‌زڵجی له شاگردانی مەکتەب و ڕێبازی ڕێفۆرمخوازی و چاکسازی و بووژێنەریی سەید جەماڵەددینی ئەسەدئابادی و بەتایبەت چاکساز و بیرمەند و ڕاڤەکاری پێشەنگی جیهانی ئیسلام، ئیمام شێخ محەممەد عەبدە بەهەژمار دێت و له سەفەرەکەی بۆ میسر و زانکۆی ئەلئەزهەر له‌گەڵ تەواوی قوتابییه‌ گەورە و لێهاتووەکانی ئەو بلیمەتە مەزنەی جیهانی ئیسلام گفتوگۆ و باس و لێدوان و دۆستایه‌تی و هاوفیکری و هاوکاری هەبووه‌؛ دەکرێ بڵێین هیچ کام له کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێران و عێراق و تورکییە و سوورییە هێندەی مەلا محەممەد قه‌ز‌ڵجی شارەزایی و ئاشنایی له نێوەرۆک و قووڵایی و حەقیقەت و جەوهەری هزر و ئەندێشەی ساف و بێگەرد و بێخەوش و ڕوانگەی چاکخوازی و داڵغەی زیندووکەرەوەی شێخ محەممەد عەبدە، نەبووه‌.

 

هەروەها هەرکام له قوتابییانی ئەم بەڕێزه به نۆڕەی خۆیان، ببوونە به برەوپێده‌ری ئەندێشه و فیکر و کلوورەی بوژێنەرانە و ڕێفۆرمخوازانەی سەید جەماڵه‌ددینی ئەسەد‌ئابادی و شێخ محەممەد عەبدە؛ هه‌م قوتابییانی کوردی ئێرانی و هه‌م شاگردانی کورد یان عەڕەبی عێڕاقیی ئەم زانا بلیمەت و بەڕیزە. مامۆستا مه‌لا محەممەد قه‌ز‌ڵجی له برەوپێدەران و وانەبێژان و ڕاڤەوانانی پێشەنگ و بێ‌ جێگرەوەی فەلسەفە و حیکمەتی ئیسلامی بوو و کارامه‌یی و لێهاتوویەکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی له فەلسەفەی مه‌ششا و فەلسەفەی ئیشراق و حیكمه‌تی كرده‌یی و حیكمه‌تی هزری هەبوو و بە ڕاستی وانە‌بێژ و ڕاڤەکارێکی خاوەن‌ڕا و بێ هاوتای دەقە فەلسەفییەکان بووە.

 

کوردستانی ڕۆژهەڵات لەم دووسەدەیەی دواییدا کەسایەتییەکی وەها بیرمەند و ڕووناکبیر و زانایەکی ئاوەها داهێنەر و دەسپێشخەر و ئافرێنەر و ڕچەشکێن و نوێخواز، کە له فەلسەفە و حیکمەتی ئیسلامی خاوەن ڕوانگە و بیر بێ و پسپۆڕ له وانەگوتنەوە و برەوپێدان بێ، قەت بەخۆیەوە نەبینیبوو. له ڕاستییا ئەم مامۆستا پایەبەرزە گەیشتبووە مەقام و پێگه‌ی فەیلسووفی و ئەگەر کورد له سەردەمی سەدەکانی پێشوو‌دا فەیلسووفێکی وەکوو شێخی ئیشڕاقی هه‌بووە و فەخری پێوە کردووە، لەم چاخی دواییشدا مامۆستای بێ وێنە مەولانا محەممەد قه‌زڵجی هەمان پێگە و جێگە و پلەی عیلمی و زانست و مەعریفە و هزرڤانی هه‌بووه‌...