تاریخ: ۱۴۰۳/۶/۱۵
سێهەمین فێستیواڵی چیرۆک‌بێژیی هالان لە مەهاباد کۆتایی پێ هات


بەپێی هەواڵی هاژە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١۵ی خەرمانانی ١۴٠٣، سێهەمین فێستیواڵی ناوچەیی هالان لە مەهاباد بە ناساندنی کەسانی سەرکەوتوو کۆتایی پێ هات.

یاقووب خزری، بەرپرسی لێژنەی داوەریی سێهەمین فێستیواڵی هالان، گوتی: ئەم فێستیواڵە لە تەمەنی بەینی ۶ تا ١٢ ساڵ بەڕێوە چوو و بە سێ بەشی ۶ تا ٨، ٨ تا ١٠ و ١٠ تا ١٢ ساڵە دابەش کرا.

ناوبراو هەروەها گوتی: نیزکەی ١٠٠ بەرهەم بۆ فێستیواڵی چیرۆک‌بێژیی هالان ناردرابوون کە لەوانە، ١٨ چیرۆک بۆ قۆناغی داوەری هەڵبژێردران.

یاقووب خزری ڕایگەیاند: سێ کەس لە سێ بەشی تەمەنی، وەک براوە ناسێندران و سێ کەسی دیکەش وەک شایستەی ڕێزلێنان، ڕێزیان لێ گرترا.

براوەکانی سێهەمین فێستیواڵی چیرۆک‌بێژیی هالان بەم چەشنەیە:

تەمەنی ۶ تا ٨، ئاوا عوسمانی

تەمەنی ٨ تا ١٠، باران شەریفی

تەمەنی ١٠ تا ١٢، دینا بەنەفشی


کەسانی شایستەی ڕێزلێنان بریتین لە:

تەمەنی ۶ تا ٨، سارۆ ساکار

تەمەنی ٨ تا ١٠، هێلین ئەحمەدی

تەمەنی ١٠ تا ١٢، ژوان بەلکامه


لەیلا ساڵحی، نیشتمان جاویدان و یاقووب خزری، داوەریی فێستیواڵی چیرۆک‌بێژیی هالانیان ئەنجام دا.

هەروەها سوارە فتووحی دەبیری و شەهرام ئیراندوست بەرپرسایەتیی گشتیی فێستیواڵەکیان لە ئەستۆ بوو.