تاریخ: ۱۴۰۳/۶/۴
تاوتوێ کردنی کتێبی (فاجعه‌ای تاریخی در مهاباد)
️سەید موحەممەدئەمین واژی

ئەمڕۆژانە هەوا گەرمە، کەم وابووە پێنج ڕۆژی لە گەلاوێژ لادابێ و هەوا تا ئەو ڕادەیە گەرم بێ. لەم کەش و هەوایە دابویین دەم و ئێوارەی ڕۆژی شەممۆ ڕێکەوتی ۲۰ی گەلاوێژی ۱۴۰۳ی هەتاوی دوای جەماعەتی نوێژی ئێوارێ ئاوڕم داوە، نووسەر و وەرگێڕ، بەڕێز کاک مەسعوود ڕەشیدی بۆ بەخێرهاتنەوەمان لە سەفەر تەشریفی هێنابوو. دوای چاکووخۆشی و هێندێک پرسینی حاڵ و هەوای یەکتر، چەند کورتە باسمان لەسەر کارەکانی بەڕێزیان تاووتۆ کرد.

کاک مەسعوود لە ساڵی ۱۳۴۱ی هەتاوی لە شاری مەهاباد،چاوی بە دنیا هەڵێناوە، لە قوتابخانەی فەرمی دەست بە خوێندن دەکات.

بە هۆی ئاڵۆزی و پشێوی ناوچە،ساڵی ۱۳۵۹ی هەتاوی بۆ دیپڵۆم وەرگرتن،دەچێتە تاران.باوەیکە سێ مانگ درنگ  دەچێتە سەر پۆلی دەبیرستانێ بەڵام،دەتوانێ خۆ بگەیێنێتەوە هاوپۆلەکانی. ئەوکات بۆ کۆنکۆڕ،تاران ناوچە یەک و مەهاباد ناوچە پێنج  بەئەژمار دەهات.ڕادەی دەرچووانی ناوچەی پێنج بۆ لقەکانی پزشکی  باڵاتر بوو.

ئەگەر لە مەهاباد با،دەیتوانی بە ناوچەی پێنج قبوڵ و بچێتە بەشی پزشکی لە زانکۆ. هەروەک زۆر‌بەی هاوپۆلەکانی بۆ لقی پزیشکی قبول بوون.ئینجابەهۆی شۆڕشی فەرهەنگی لە ساڵەکانی ۱۳۵۹ تاکوو ۱۳۶۲ زۆربەی زانستگاکان تەعتیل دەبن و دەچێتە سەربازی. ساڵی ۱۳۶۱هەتاوی دەچێت و ساڵی ۱۳۶۳ دەگەڕێتەوە و لە بازار لەگەڵ باوکی دەکەوێتە ئیش و کار.

بەڕێزیان فەرمووی: خولێخۆشبوو دوکتۆر مەجدی هاتووچۆی بابمی دەکرد. دوکانمان خوار بانکی میللەتی مەرکەزی بوو. باوکم(حاجی ئیسماعیل ڕەشیدی) ئەندامی هەیئەت ئومەنای زانستگای ئیسلامی مەهاباد بوو، ڕۆژێک دوکتۆر مەجدی داوای لێ کردم بۆ درێژە دان بە خوێندن بچمە زانستگاە، بیست ساڵ بوو لە خوێندن دەستم کێشابووە هەر چەند کتێبەکانیشم دابین کردن بەڵام نەچووم، خۆزیا چوبام.

لە وڵامی پرسیاری من،ئەرێ حاجی ئاغای باوکتان سەوادی هەبوو کە هەیئەت ئومەنای زانستگای ئازاد بوو؟، وڵامی دامەوە:

باوکم بەهۆی مرخ و لێهاتوویی خۆی،لە بازاڕدا فێری نووسین و خوێندنەوە بوو و دەیتوانی حیسابی قەرز و فەڕزەکانی دوکانێ بنوسێ، بەڵام لەبەر جێ مەتمانە بوونی خەڵک،بە ئەندامی هەیئەت ئومەنا هەڵبژێردرابوو.دوایش هەیئەت ئومەنای مزگەوتی “مەولوی”یش بوو.

لە نووسراوەکانی کاک مەسعوودم پرسی؛ لە وڵاما فەرمووی:

۱ـ کتێبی «فاجعه‌ای تاریخی در مهاباد» کە ئاماژەیە بەم کوشت و کوشتارە و قەڵاچۆیەی کە لە شەڕی یەکەمی جیهانی و ساڵی ۱۹۱۶ زا- لە مەهاباد روی داوە.دوو زلهێزی ڕووس و عوسمانی لە سەدەی ۱۶ زاـ ڕا،خەریکی شەڕ و کەڵەوەکێشی دژی یەکتر،بۆ پەرەپێدانی زیاتری دەسەڵاتی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و نیزامی خۆیان بوون.دوای هەڵگیرساندنی ئاوری شەڕی جیهانی هەوەڵ،هێزەکانی ڕووس لە باکوور و هێزە ئینگلیسێکانیش لە باشوور و هێزی عوسمانیش لە ڕۆژهەڵاتی باکووری ئێران،خۆیان خزاندە نێوخاکی ئێران و بێ لایەنی ئێرانیان لە شەڕدا،کردە پێخووستی چکمە خوێناوییەکانی خۆیان و سابڵاغیش بەهۆی گرینگی و هەڵکەوتەی ئیستیڕاتیژیکی و جوغرافیایی و ئابوورێوە،بوو بە گۆڕەپانی تراتێنی هێزەکانی دەرەکی و هەرکامیان تێدەکۆشان جەماوەری خەڵکی بە بانگەشەی یەک بوونی مەزەب و یان نیشان دانی دەراوێکی خەیاڵی و وەهماوی لە ئازادی و ڕزگاری،بۆلای خۆیان ڕاکێشن و خەڵک بە کوشتن بدەن و بازار و کەسابەتی ئەوان وەڕەونەق کەوێ و ماڵی خەڵکیش ئەگەر خراپ و وێران بوو ،بە جەهەننەم!!!

ڕێژەی دانیشتوانی ئەوکاتی مەهاباد،نزیک شازدە هەزار کەس بووە کە زیاتر لە هەشت هەزار کەسی بە دەستی ئەڕتەشی ڕوسیەی تزاری شەهید دەکرێن،.ئەم کتێبە وەرگێڕانی« کارەساتی مێژوویی» کاک “عەزیز وەلیان”یە،بەخۆشێوە ئەم ڕۆژانە چاپ بووە و هاتۆتە بەردەستی خوێنەران.

۲ـ کتێبی«کوچ ستاره‌ها»کە ئی دۆستی خۆم، کاک یۆسف بابەکییە و لە کوردی ڕا بۆسەر زمانی فارسی وەرم گێڕاوەتەوە و کوردێکەی بە نێوی «کۆچی ئەستێرەکان»ە.ڕۆمانەێکە لەسەر قەوارەی پۆست مۆدێڕنیسم داڕێژراوە کە لەودا زەمان و شۆن تێکدەدرێن و  ئاماژە بە کۆڕەوی ساڵی ۱۹۹۱ زاـ کوردانی باشوور بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێران دەکات و بارودۆخی هەردوو کوردستانی گەرمێن و کوێستانمان بۆ وێنا دەکا و لەو دا،دوو کوڕ و کچی کوردی ئێرانی و عێڕاقی ئەوینداری یەکتر دەبن و تەما دەگرن بەرەو وڵاتانی بیانی کۆچ بکەن کە تووشی دەیان تەنگەژە و ناڕاحەتی دەبن.ئەو کتێبەش  بەخۆشیوە چاپ بووە.

۳ـ کتێبی «کردهای سوریه» که لە زمانی فەڕانسە بۆسەر زمانی فارسی وەرگێڕدراوەتەوە و منیش خەریکم کاری لەسەر دەکەم و دەیکەم بە کوردی، هێشتا لەچاپ نەدراوە.

۴ـ کۆمەڵێ وتار لە گۆڤارەکانی مەهاباد، بەیان، زانکۆ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان. کۆمەڵێ سەفەرنامە؛ وەک سەفەر بۆ «قەڵای دمدم، سپی سەنگ، خڕێ هەنجیران، کانی لۆسە، سووڵە دوکەڵ ،قەڵای سارم بەگ ودەیان شۆنی تر». خۆشم هەندێ یادداشت و بیرەوەری هەنە وەک دو ساڵی باڵبازی«سەربازی»، هەمووم نوسیوەتەوە . یا پازدە ساڵ لەمەوبەر کاتێ کچەکەم بۆ زانکۆی شیراز‌قبوڵ بوو، لەگەڵی چووم بۆ وتوێژی زانستگا و شەرحی هات ووچۆو و ڕێگاوبانم بەوردی نوسیوەتەوە.

لە نێو قسان باسی خوێندنەوەی قوڕئانی پیرۆزن کرد و گوتی:

بەداخەوە لە دوکانێ کەمتر دەرفەتم بۆ دێتە پێشێ بەڵام،دیسان توانیومە دوکەڕەت قوڕئانێ خەتم کەم، فێر بوونی قوڕئان لە ڕوی ئەم نەوارانەی بە دەنگی شێخ عەبدولباسیت کە بابم بە ڕەحمەتی خودای شاد بێ لەسەفەری حەجێ لەگەڵە خۆی هێنابوونی بەئەنجام گەیی و  ئێستاش ماومە.هەروەها توانیومە بەوردی وەرگێڕانەکەی قوڕئانی پیرۆز لە لایان مامۆستا هەژار بخوێنمەوە کە بەڕاستی تام و چێژم لێ بینیوە.

نێوە نێوە خەڵکیش دەهاتنە مزگەوتێ بۆ نوێژ. زۆرم داوا لە کاک مەسعوود کرد دەچینە ژورێ چایەک میوەیەک، فەرمویان هەر لێرە ڕاحەتم. پرسیارم لێ کرد هۆکاری وەرگێڕانی کتێبی کارەساتێکی مێژوویی چ بوو؟ فەرمووی: بەسەرهاتەکانی گرینگی مێژوویی هەر دەم دەبێ دووپات کرێتەوە و جیلی لاو و خاوەکان ، ئاگادارکرێنەوە و هەر وەها پێویستە هاووڵاتییانی تورک و فارسیشمان بزانن چ کارەساتێک لە ناوچەی مە ڕووی داوە و مێژوومان بزر نەبێ.

 

گوتم کاک مەسعوود، کارەکەتان زۆر بە نرخە، هەزار جار دەستان خۆش بێ. بەداخەوە ژێنوساید لە مەهاباد جیا لەم کارەساتەی،لە سەردەمی ناسرەددین شای قاجار کە دەڵێ کوردەکان تەنبێ بکەن،ئەم هەموو کوردە لە شاری مەهاباد و ئاوییەکانی قەتڵی عام دەکرێن. دوایی کە ئەمیر نیزامی گەڕوسی دەبێتە فەرمانداری مەهاباد،دەڵێ: بوومەتە فەرماندەری ئەم موکریانە بەڵام،چ شارێک، خانویەکی ساغ نەماوە،هەمووی ئاوری تێ بەردراوە، کەلاک لە شەقامەکان کەوتووە، داوا لە ناسەرەددین شا دەکا ئەگەر فەرمانەکەت وەرنەگرێوە،بەم یاسا و دەستورەت بچێتە پێش، “تخم اکراد از روی زمین برداشتە خواهد شد” .ئەوەندەیان خەڵک کوشتبوو.یا لە سەردەمی سەفەوییە،تێکدانی قەڵای دمدم و قەڵاچۆی ئەم ناوەندە و هێرش کردنە سەر سابڵاغ و ڕووداوی موکری قڕان دەتوانن ئاماژەیەک بەم ڕوداوە تاڵانە بێ.

 

لێم پرسی چۆن بوو هۆگریتان بە نووسین پەیدا کرد؟ وڵام:

نازانم خوێندنی ناوەندیم بوو یان سەرەتای دواناوەندی، یەکێ لە ڕادیۆ دەرەکێکان، حەوتووی بەرنامەیەکی هەبوو کە باسی لە وڵاتێک و حەشیمەتی، ئاو و هەوای، باری ڕامیاری، ئایینی، کۆمەڵایەتی و.... دەکرد،زۆرم هۆگری پێوە پەیدا کردبوو،هەموو کەڕەت کاغەز و خودکارم دێنا و دەم نووسێوە. ئەمە هاندەرم بوو. جیا لەوەش لەبنەماڵەی ئێمە، خاڵە(هاشم سەلیمی) هاندەرم بوو کە خاوەنی بەرهەمی زۆرە وەک کتێبی «گەنجی سەربەمۆر»کە ئاوڕدانەوەیەکە لە مێژوی زارەکی مەهاباد.

گوتم چەند بیرەوەریم هەیە سەبارەت بە  خوێندنەوەی کتێبی گەنجی سەربەمۆور.

عەرزم کرد لەم وتووێژەی سەبارەت بە مامۆستا مەلا عومەر شەنگە کە دەفەرمووێ:

خوێندنەکەی لای عەللامە قازی خزری بووە، هەڵەیە،چوون من لە نزیکەوە ئاگام لێیەتی؛ بەڵکە خوێندنی مامۆستا مەلا عومەر شەنگە،پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی قازی لە مەهاباد لەگەڵ مامۆستا مەلا ئیبڕاهیم ڕاوەندی بووە کە بەڕێزیان بە قازی مەلا برایم مەشهورە، مامۆستاهاشم لە وڵامی پرسیاری من دا ئەم کورتە نامەی بۆ ناردم:

مامۆستای بەڕێز و حوڕمەت(واژی) سڵاو:

لەو وردبینی و ڕوانگەت سپاس دەکەم، بەختەوەرانە مامۆستامەلا عومەر زیندوویە و لێی دەپرسم. ئەگەر فەرمایشی جەنابتان وابێ، لەسەر چاو.لەچاپی داهاتوودا دروستی دەکەم.

بیرەوەری تر و یەکەم جار لە ماڵە کاک سەیید نووح عینایەتی بە خزمەت کاک هاشم سەلیمی گەیشتم. جومعە شەو ۱۷ی خاکەلیوە ۱۴۰۳ی هەتاوی،جەمعێک  میوانی کاک سەیید نووح عینایەتی(نەبەز) بویین؛ وەک: دوکتۆرنادر کەریمیان سەردەشتی، کاک سەدیق ئیسلامیان، کاک شەریف عەزیمی، کاک عەزیز وەلیانی، کاک سەیید تاهیر کەریمی(شیوەن). خاتوون دوکتۆر مێهری پاکزاد و کاک قاسم مووئەییەدزادە(هەڵۆ)، د. ئیسماعیل موستەفا زادە،کە باس لە دو شت کرا:

 

۱ـ هەوڵدان بۆ دروست کردنی دەروازە مەهاباد وەک دەروازە قوڕئانی شیراز.

۲ـ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس بۆ کەسایەتی ناوداری کورد،پڕوفسۆر سەیید کەریم ئەییوبیان کە خەڵکی مەهاباد بووە و لەدەرەوە زیاتر مەشهوورە تا ناو خۆمان.

کاک مەسعوود گوتیان:

کاتێ ئەمن وەرگێڕانەکەی «فاجعه‌ای تاریخی در مهاباد»م ناردە خزمەتی دۆستی بەڕێزم کاک سەدیقی ئیسلامیان ،فەرموویان:

کاکە،فاجعەای تاریخ لە کوێ؟ مەهابادی لێ زیاد کە.هەرچەند لە خوار عینوانی کتێبەکە نێوی مەهاباد بەوردی  هاتبوو بەڵام،سرنجی بینەری بۆلای خۆی ڕانەدەکێشا. بەڕاستی مامۆستا سەدیق زانا و بلیمەتێکە، پەڕتوکخانەیەکی عەزیمی هەیە، حەیف نانووسێتەوە.

کاک مەسعوود فەرمووی:

لە نووسینی تەنزێک لە ژێڕ ناوی «پەندی پێشینیان و تەنزی قۆرە» بیست و یەک مەتەڵی کوردیم هێناوەتەوە کە کەوتە بر تیشکی کاک سەدیق ئیسلامیان و هەندێ تێ بینی هەبوو و زۆر بەم کارەی من خۆشحاڵ بوو. ئەم وتارم لە گۆڤاری بەیان،ژومارە ۸ و گۆڤاری مەجازی ئاربابا،ژومارە ۵۰، بەسەر پەرەستی «ک. د دافعی» واتە شاعیر و نوووسەر کاک کەریم دافعی ،بڵاو کردۆتەوە.گوتم بەڵێ دەیناسم. شاعیرێکی بە توانایە و کوڕی مامۆستا مەلا ئەحمەدی دافعی لە مامۆستایانی هەڵکەوتەی سەردەشت و بانەیە.

کاک مەسعوود دوو بابەتی تری هێنانە بەر باس و فەرمووی:

سەفەرنامەی حەجی ئەم ساڵی بەڕێزتان بەدەنگ، گوێم داوەتێ و زۆر بە کەڵک بوو، بە تایبەتی لە ئاماژە بە فەرهەنگ و شارستانیەتی وڵاتی مالیزی و ئەندونیزیای دواوی، بەڵام پێم خۆش بوو لایەنی لاوزی ئەم سەفەرشتان باس کردبا تا ببێتە ئەزمونێک و جارێ تر سەرکاروان و ڕۆحانی و حاجێکان تووشی نەبنەوە، گوتم پێشنیارەکەتان زۆر بە جییە و من ڕووداوی هەموو ڕۆژەکان واتە سی و یەک ڕۆژەم نووسیوەتەوە  لە ژێر سەردێری«لە مەهابادەوە بەرەو مەدینە»و خەریکم پێیدا دێمەوە و ڕاستەو پاستەی دەکەم و ئەم پێشنیارەی جەنابیشتان دەخەمە سەر چاو.

کاک مەسعوود بەرگێکی لە کتێبی «فاجعه‌ای تاریخی در مهاباد»ی بە دیاری بۆ هێنابووم، مەلا موبین لە مزگەوتێ بوو داوام لێ کرد ئاوێکی زمزم لە ماڵێ بێنێو و دەسحێبێک کە بۆخۆم دەمگێڕا بەدیاری دام بە کاک مەسعوودی.

لەکاتی ڕۆیشتن گوتی حاجی مامۆستا، بەڕاستی بە منارەی مزگەوتی دارالاحسان ناڕەحەتم،هەر چەندی بڵەی ناحەز درووست کراوە، بە هەڵکەوت جێ و شۆنی وەهایە،هەر کەس بێتە مەهاباد و بچێت چ بۆلای بازاڕچە ،چ بۆ لای بەندئاوی شار،چاوی پێ دەکەوێ و  زۆر دیمەنێکی ناحەزی هەیە، خۆزیا هەیئەت ئوومەنای مزگەوت منارەی تازەیان بۆ ساز کردبا. گوتم ڕاست دەفەرمووی، ئێستا منارەی مزگەوتی حاجی ئەحمەد،قسەی لەسەر نییە، هەر ئەوکات بەسەر زەینم داهات پێوەندی بە مامۆستای مزگەووت بگرم بۆ گۆڕین و یا دەستێوەردانی ئەم منارەیەی مزگەوتی  دارالاحسانی مەحمودکان(مەهاباد).

هەرلەسەر ڕاسپاردەی و پێشنیاری کاک مەسعوود سەبارەت بە منارەی مزگەوتی«دارالاحسانی مەحمووکانێ»،ئێوارە کاتژمێر پێنج و بیست خولەکی چوارشەنبە ڕێکەوتی ۳۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۳ی هەتاوی پێوەندیم بە مامۆستا «مەلا سولەیمان ڕەشیدی» وە گرت،دەست خۆشی عەرزی کاک مەسعوود دەکرد و فەرمووی:

ئەم منارانە جیا لەوەی ناحەز و دیمەنێکی دزێویان داوەتە گەرەکەکە،زۆریش قورسن.گەلێ جار دەترسێین گوشار بۆ دیواری مزگەوت بێنن ،لەمێژە لە بیری لا بردن و دانانی منارەیەکی ڕێک و پێک داین،کە بە داخەوە بەهۆی قورسی تێچووی(هەزینە)ی تاکوو ئێستا نەلواوە بەڵام، ئینشائەڵڵا هەوڵ بۆ لابردن و دانانی منارەیەکی تر دەدەین.دیسان سپاستان دەکەین.