تاریخ: ۱۴۰۳/۵/۲۱
ناساندنێکی کورتی حاجی مامۆستا مەلا محەممەد محەممەدزاده (مەمەلیان)
سەیید محەممەد ئەمین واژی

مامۆستا مەلا محەممەد کوڕی خوالێخۆشبوو دروێش مارفە و ساڵی ۱۳۱٨ی هەتاوی لە ئاوایی خەلیفەلیانی سەر بە شاری نەغەدە لەدایکبووە. ساڵی ۱۳۳۰ی هەتاوی لە لایان باوکێوە دەخرێتە بەرخوێندن و دەچێتە حوجرەی فەقێیان کە بۆ درێژەدان بە خوێندن و فێربوونی زانستی ئایینی سەری لە زۆربەی گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستان وەدەرناوە تا لە ساڵی ۱۳۴۴ی هەتاوی لە فێرگەی ئایینی مزگەوتی سووری مەهاباد بە واژۆی مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی، مامۆستا شێخ عیززەدین حوسێنی، مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مودەڕڕیسی مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ. دوایی هەر لەو ساڵەدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی مەلایەتی لەسەر داوای خەڵکی مەمەلیان دەچێتە ئەو ئاواییە. مامۆستا فەرمووی: ئێمە چوار فەقێ بووین کە پێکەوە مۆڵەتی مەلایەتیمان وەرگرت، من، مەلا سەیید سەلام عەزیزی، مەلا ئیبڕاهیم مەجیدپوور و مەلا سەید ساڵح حوسێنی.

دوای خزمەتێکی زۆر مامۆستا مەلا محەممەد ساڵی ۱۳۹۶ی هەتاوی بە هۆی پیرییەوە خانەنشین بووە.

تایبەتمەندییەکانی ئەو بەڕێزە:

  الف: مامۆستا کەسایەتێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی بووە و زۆر بە خەڵکەوە ماند بووە. دڵێکی زۆر ئاوەڵای هەبوو و یەکجارمیوانگر بووە؛ هەمیشە پێی خۆش بوو میوانی هەبێ و بەسەری کەنەوە. هەر بۆیەش بەردەوام دەوروبەری ئاوەدان بوو و ئەوەی لە دەستی هاتبێ بۆ خزمەتی میوانان درێغی نەکردووە.

ب: مامۆستا زۆر هۆگری کتێب بوو و نووسەران و شاعیران و ئەوانەی ئەهلی کتێبن کەم کەس هەیە وەک بەڕێزیان ئەوندەی کتێب لە ماڵێ هەبێ. ئەو ڕۆژە فەرمووی بۆ وەدەست‌هێنانی زنجیرە کتێبەکانی پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی چوومەتە ئاوایی قەڵای ڕەسوڵ سیتی بۆکان. ئەگەرچی، بەداخەوە، وەک بۆخۆی فەرمووی زۆر کەس کتێبی بە ئەمانەت لێوەرگرتووە و نەیداوەتەوە کە ئەمە کارێکی نەشیاوە. وەکی دیارە جەنابی لەگەڵ ئەم هۆگرییەی بە کتێب ئەهلی خوێندنەوەشە و زۆربەی بیرەوەرییەکانی چالاکەوانانی کوردی خوێندۆتەوە.

ج: عەنبارێکی هەیە تایبەتە بە کەرەسە و کەل وپەلی کۆنی ئاژەڵداری و جوتیاری و هەروەها شتی ناوماڵی کوردەواری کە لە هەریەکە و چەند جۆری هەیە.

حاجی مامۆستا لای خەڵک:

  بەڕێزیان لە ناو مامۆستایانی ئایینی و کۆمەڵانی خەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو. ئەگەرچی چەند ساڵ لەمەوبەر بارگەی تێکەوەپێچا و چووە شاری پیرانشار، بەڵام خەڵکی بەئەمەگی مەمەلیان بەدوایدا چوون و حاجی مامۆستایان هێنایەوە گوند و خانویان بۆ سازکردەوە. تەنانەت شەقامی سەرەکی گوندی مەمەلیانیش بە ناوی حاجی مامۆستا کراوە.

شایانی باسە کە مامۆستا بە ئاوەدانی گوندەکەیەوە زۆر ماندوو بووە. فەرمووی ئێرە لە سندوسدا یەکەم گوند بوو کە کاتی خۆی بە هەوڵی بێ وچانی من بەرقی بۆ هاتووە. ساڵی ۱۳۹۲ی هەتاوی بە هیممەتی خۆی و خەڵکی مەمەلیان مزگەوتێکی زۆر گەورەی سازکردووە کە ۲۲مێتر دە ۱٨مێتر دایە و بە ناوی شاعیری مەزن "مەولەوی کورد" کراوە. هەڵبەتە کاتی خۆی دەبیرستانی ئاواییش هەر بەو هیممەت و تێکۆشانەی حاجی مامۆستا و خەڵک هاتۆتە نێو دێ. مامۆستا مەلا محەممەد یەکێ لە زیندانییەکانی ساڵانی ۴۶و۴۷ی هەتاوییە کە لەسەر چالاکی سیاسی گیرابوو.

دەبێ ئەوەش بڵێین کە مامۆستا کاتی خۆی پێوەندییەکی زۆری بە سێ کوچکەی زانایانی ئایینی سندوسەوە وەک: 1- مامۆستا مەلا عەوڵای موحەممەدی (ئیمام جومعەی پێشووی سەقز و مەلای گوندی ماسوێی ئەو کاتی بە حوجرە و فەقێوە) 2- مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی (مامۆستای ئایینی گوندی خەلیفەلیان لەو کاتیدا) 3- مامۆستا مەلا ساڵحی ڕەحیمی (ئیمام جومعەی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە نەغەدە) هەبووە. یەکێ لە هۆکارەکانی سەرکەوتوویی حاجی مامۆستا بوونی مامۆستاژنی خێزانی بووه کە لێرەوە داوای تەمەن درێژیان بۆ دەکەین. 

بەداخەوە له مانگی بانەمەڕی 1403 له ڕێگه‌ی مەهاباد ورمێ حاجی مامۆستا مەلا محەممەد تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێ و دوای ماوەیەک نەخۆشی و چەند نەشتەرگەری له ڕۆژی یەکشەممه 21ی گەڵاویژی 1403 له نەخۆشخانه‌ی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی به ئامادەبوونی جەماوەرێكی بەرچاو له گۆڕستانی نێوان مەمەلیان و چەقەڵ مستەفا ته‌سلیم به خاک کرا.

له ڕاسته‌وه:

مامۆستا مەلا ئیدریس محەممەدکەریمی (مەهاباد)، حاجی مامۆستا مه‌لا فه‌تاح شەیخی (مەهاباد)، مامۆستا مه‌لا عوسمان دانشی (مەهاباد)، بەڕێز کاک سه‌لاح ئاشتی (مەهاباد)، حاجی مامۆستا مه‌لا ڕەحمان حاجی زاده (مەهاباد)، حاج مامۆستا مه‌لا ئه‌بوبه‌کر محەممەدکەریمی (مەهاباد)، حاجی مامۆستا مه‌لا مسته‌فا ستوده (مەهاباد)، مامۆستا مه‌لا عەبدوڵڵا ستوده (مەهاباد)، بەڕێز کاک حەسەن محەممەدی (پیرمام/مەهاباد)، حاجی مامۆستا مه‌لا محەممەد محەممەدزادە (مه‌مه‌لیان)، مامۆستا مه‌لا عه‌لی چوپانی (خه‌لیفه‌لیان)، مامۆستا مه‌لا سالم کەریمی (مه‌مه‌لیان)

دانیشتوانی ڕیزی یەکه‌م له ڕاسته‌وه:

مامۆستا مه‌لا که‌مال جه‌میلی (مەحمەشەی سەرێ)، مامۆستا مه‌لا تاهیر عەزیزی (چه‌قه‌ل مسته‌فا)، مامۆستا مه‌لا ئیبڕاهیم میهرابیان (ماسوێ‌)، مه‌لا محەممەد عومەری (پیرانشار)، مامۆستا مه‌لا خالد کاوه سوری (کانی مام سه‌یده)، مامۆستا مەلا سەیید محەممەد ئەمین واژی (مەهاباد)، مامۆستا مه‌لا عەبدوڵڵا ئاڕهەفت (دایماو)

ڕیزی پێشووتر:

مامۆستا مه‌لا ئه‌ییوب مولانی (فێڕگەی ئایینی پیرانشار) و مامۆستا مه‌لا سابیر قادر نیژاد (کانی باغ)

ئه‌و دوو کورانه‌ش حافیزانی قورئان بوون قوتابی: محەمەد قادر نیژاد (پیڕانشار)  قوتابی: سینا مەولانی (پیرانشار)

وێنە ڕێکەوتی: چوارشەممە، ڕۆژی ۲۴ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ۱۴۰۲ی هەتاوی ـ ئاوایی مەمەلیان