فۆنۆتیک و فۆنۆلۆژی دوو بواری جیاوازی زانستی زمانه‌وانین، هەر یەکە باسی لایەنێکی ده‌نگیی زمان دەکات و هەر یەکە ئامانج و مه‌به‌ستی تایبەتی خۆی جیایه. هەر باسێکی زمانەوانی لەبابهت دەنگەکانی زمان بکۆڵێتەوە، پێویسته جیاوازی لایه‌نی فۆنۆتیک و فۆنۆلۆژی له‌به‌ر چاو بگرێ. له‌م وتاره‌دا سرنج ده‌خه‌ینه سه‌ر هێندێک لایه‌نی جیاوازی فۆنۆتیک و فۆنۆلۆژی.
فۆنۆتیک:
ئەولقە له زانستی زمانەوانییه که‌به‌دواداچوون بۆ لایه‌نی گشتی ده‌نگه‌کانی زمان دەکا و لە سێ ئاسۆوه سەیری ده‌نگه‌کان ده‌کا چوونکه هه‌ر پەیام یا قسەیه‌ک بۆ گه‌یشتن به ئامانج ده‌بێ لانیکەم ئه‌م سێ قۆناغی بپێوێ:
1_ لەڕووی به‌رهه‌م هاتن و ده‌ربڕین یا ساز بوون.
2_ لە ڕووی چۆنییەتی گواستنەوەی دەنگەکان لە هەوادا.
3_ لە ڕووی وەرگرتن و گه‌یاندنی دەنگ بە بیسه‌ر یا وەرگر.
وه‌رگر(receiver) - شەپۆل(wave) - بنێر (sender)
کاری سه‌ره‌کیی فۆنۆتیک تۆێژینه‌وه له‌سه‌ر خاڵی هه‌وه‌ڵ واتا "ده‌ربڕینی ده‌نگ". خاڵی دووهه‌م تایبه‌ته به لێکۆڵینه‌وه له لایه‌نی فیزیکیی ده‌نگه‌کان له گۆشه‌نیگای شه‌پۆلی ده‌نگیی له هه‌وادا و خاڵی سێهه‌م تۆێژینهوهیه له باره‌ی چۆنییه‌تی وه‌رگرتن و فام کردن و حاڵی بوونی ده‌نگه‌کان. جا ته‌وه‌ری به‌رباسی ئه‌م وتاره‌ش هه‌ر له‌سه‌ر خاڵی ئه‌وه‌ڵ ده‌سووڕێ.
هێندێ له بواره‌کانی به‌رباسی فۆنۆتیک بریتین له:
1_ ده‌نگدار یا بێده‌نگیی ئاوا
2_ شوێنی ده‌ربڕین
3_ شێوه‌ی ده‌ربڕین
4- ده‌ربڕینی بزوێنه‌کان
5-ئاهه‌نگی که‌لام
فۆنۆتیک له‌وه ده‌کۆڵێته‌وه دەنگی زمان لە چ بەشێک له ئه‌ندامانی ئاخهوتندا دروست دەبێت، هەڵوێستی ئەندامانی ئاخاوتن لە کاتی دهربڕیننیان چۆنە، تایبەتمه‌ندی و سیماکانی هەر دەنگێ چییە یا ئه‌ندامانی ئاخاوتن چ حاڵه‌تێک ده‌گرن.
ئه‌ندامانی ئاخاوتن: 1_ لێو 2_ ددان 3_ پووک 4- مه‌ڵاشووی ڕه‌ق 5- مه‌ڵاشووی نه‌رم 6- زمانۆک 7- ته‌نگه‌ی لووت 8- گه‌روو 9- قوڕگ 10- ژێیه‌کان (تاره‌کانی ده‌نگی) 11- زمان.
ده‌نگدار یا بێده‌نگیی ئاوا:
کاتێ ناوەڕاستی زمان بەرز دەبێتەوە خۆی لە نەرمە مەڵاشوو دەدات ڕێی هه‌وای که سییەکانەوە هاتووە دەگرێ و تەوژمێ دروست دەبێ، لە پڕ زمان دێتە خوارێ و نزم دەبێ و دەنگی [ک] دروست دەبێ، گەر لە کاتی دروستکردنی دەنگ ژێیەکان لەرینەوە، دەنگەکە دەبێتە [گ]، واتا ده‌نگی [ک] و ده‌نگی [گ]، لە هەمان شوێندا لە زار دروست ده‌بن، ئەوەی ئەم دوو دەنگە لێک جیا دەکاتەوە هەڵوێستی ژێیهکانە لە کاتی دروستکردنی [ک] نالەرێنەوە به‌ڵام لە [گ] دەلەرێنەوە. ئەو دەنگانەی کە لە کاتی دروستکردنیان ژێیەکان دەلهرەیەنەوە بە ده‌نگدار (voice) ناو دەبرێن. وەک: ب-ز- گ-ڤ-م- ن-ر- ڕ-ل- ڵ- ژ-ی-د-ق. ئاوا ده‌نگداره‌کان به هێمای (+) نیشان ده‌درێن: (ب+). ئەو دەنگانەی لە کاتی دروستکردنیان ژێیه‌کان نەلەرێنەوە، بێده‌نگن: وەک: پ- س- ک- ف-ت-ش-چ-خ-ه. ئاوا بێده‌نگه‌کان به هێمای (-) به‌یان ده‌کرێن: (پ-).
شێوێنی ده‌ربڕین:
به شێوه‌ی گشتی، ئەو دەنگانەی لە کاتی ده‌ربڕینیان هه‌وا له زاره‌وه بێته ده‌ر وه‌ک: س- ک...، به ده‌نگی زاری (oral)، بێتوو هه‌وا له لووته‌وه خارج بێ: م. ن، به ده‌نگی لووتی (nasal) ناو دەبرێن.
ئه‌و ده‌نگانه‌ی به یارمه‌تی دوو لێو ساز ده‌بن وه‌ک: پ- و، به دوو لێوی (bilabials)، ئه‌و ئاوایانهی به یارمه‌تی لێو و ددان ساز ده‌بن وه‌ک: ڤ-ف، به لێوی ددانی (labiodental)، ئه‌و ده‌نگانه‌ی به ته‌ماسی نووکی زمان له پشتی ددانه‌کانی سه‌ره‌وه ساز ده‌بن وه‌ک: ت.د، به ددانی (dentals)، ئه‌و ده‌نگانه‌ی به ته‌ماسی زمان به به‌شی پێشه‌وه‌ی مه‌ڵاشوو و پشتی ددانانی سه‌روو ساز ده‌بن وه‌ک: س-ز، به پووکی (alveolar)، ئه‌و ده‌نگانه‌ی به ته‌ماسی زمان به به‌شی پێشه‌وه‌ی مه‌ڵاشوو یا پووک ساز ده‌بن وه‌ک: ج-چ، به ئاوای پووکی ماڵاشوویی (palate-alveolar)، ئه‌و ده‌نگانه‌ی به ته‌ماسی زمان به به‌شی پشته‌وه‌ی مه‌ڵاشووی نه‌رم ساز ده‌بن وه‌ک: ک.گ، به نه‌رمه مه‌ڵاشوویی (velum)، ئه‌و ده‌نگانه‌ی به ته‌ماسی به‌شی پشته‌وه‌ی زمان به زمانۆک ساز ده‌بن وه‌ک: ق-خ، به زمانۆکی (uvula)، ئه‌و ده‌نگانه‌ی له جوڵه له بۆشایی نێوانی ژێیه‌کانی قوڕگ ساز ده‌بن وه‌ک: ئه-هه، به سوواوی قوڕگی (glottal) ناو ده‌برێن.
شێوه‌ی ده‌ربڕین:
ده‌نگه‌کانی زمان به چه‌ند شێوه به‌رهه‌م دێن:
1_ به‌سته و ئینفجاری (stops): به‌ستنی زار، ڕاگرتنی شه‌پۆلی هه‌وا له نێو بۆشایی زار، کردنه‌وه‌ی له ناکاوی زار و ئازاد کردنی هه‌وا: پ- ب- ت-د-ک-گ.
2- خشۆک (affricatives): ئازاد بوونی هه‌وای نێو زار و لێکخشانی ئه‌ندامانی ئاخاوتن: ف-ڤ-س-ز-ش-ژ-خ-گ- ...
3- خشۆک- ئینفجاری (fricative): لێک خشانی ئه‌ندامانی ئاخاوتن و به‌ستن و له‌ناکاو ئازاد بوونی هه‌وا: چ-ج
4- لووتی(nasal): ئازاد بوونی شه‌پۆلی هه‌وا له ته‌نگه‌ی لووته‌وه: ن- م.
5- لازمانی: ته‌ماسی زمان به پووکی سه‌روو و ئازاد بوونی هه‌وا له قه‌راغ زمان: ل-ڵ.
6_ ڕه‌وان (liquid): ئازاد بوونی شه‌پۆلی هه‌وا له که‌ناره‌کانی زمان که له‌رزه‌ی زمانی لێده‌که‌وێته‌وه: ر-ڕ.
7- سووڕان (glide): له ده‌ربڕین ئه‌و چه‌شنه ده‌نگانه هیچ به‌ربه‌ستێک بو ئازادبوونی شه‌پۆلی هه‌وا وجوودی نیه ته‌نیا زمان حاڵه‌تی سووڕان له ده‌نگێ بۆ دهنگێتر به‌خۆوه ده‌گرێ: ی(y)-و(w).
ده‌ربڕینی بزوێن
ئه‌وه‌ی تا ئێستا باس کرا شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئاوا بێده‌نگه‌کان بوون، ئێستا ده‌چینه سه‌ر ئاوا بزوێنه‌کان. له ده‌ربڕنی ئاوا بزوێنه‌کان هیچ کام له ئه‌ندامانی ئاخاوتن نابنه به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ر له‌به‌ر ئازاد بوونی شه‌پۆلی هه‌وا. هه‌وای سییه‌کان به‌بێ به‌ربه‌ست له زاره‌وه خارج ده‌بێ: ا-ئه-و-وو-ۆ-ی-ێ... .
تێبێنی: دوو ده‌نگی: ی(y)-و(w)، شێوهبزوێنن چوونکه ده‌ربڕینی ئه‌م ده‌نگانه‌ش به شێوه‌ی بزوێنه‌کانه.
دەنگە بزوێنەکانیش بە هۆی چەند سیمایەک لێک زیاد دەکرێنەوە. 1_ هەڵوێستی زمان چۆنە واتا چ بەشێکی بەرز دەبێ و چ بەشێکی نەزم دەبێ. بۆ ئەمە کاره زمان کراوەتە سێ بەش: ئهلف_ پێشەوەی زمان. ب_ ناوەڕاستی زمان. پ_ دواوەی زمان. 2_ هەڵوێستی لێوەکان: خڕن یا کراوەن. 3_ درێژی و کورتی دەنگەکان. بۆ نموونە لە دروستکردنی ئاوای (و) دا دواوەی زمان بەرەو نەرمە مەڵاشوو بەرز دەبێتەوە لێوەکان شێوەی خڕ به‌خۆوه دەگرن.
ئاهه‌نگی که‌لام:
هێندێک ده‌نگ هه‌نه که له زماندا هیچ نیشانه‌یه‌کی نووسینیان بۆ دیاری نه‌کراوه، به‌ڵام ده‌توانن هۆکاری گۆڕانی مانا یا گۆڕانی دیکه پێک‌بێنن. زنجیره یا ئاهه‌نگی که‌لام بریتییه له زه‌خت (stress)، نهواخت (pitch)، ئاهه‌نگ (intonation).
زه‌خت (stress): ئاهه‌نگی سه‌ر هیجا یا بڕگه‌یه‌ک له وشه‌یه که ده‌توانی ببێته هۆی گۆڕانی مانا و به‌شی ئاخاوتنی (parts of speech) وشه.
نهواخت (pitch): به‌رز و نزمی سه‌ر وشه‌یه که ده‌توانی ببێته هۆی گۆڕانی مانا و به‌شی ئاخاوتنی وشه.
ئاهه‌نگ(intonation): به‌رز و نزمی سه‌ر ڕسته‌یه که ده‌توانی حاڵه‌تی رسته بو پرسیار، گومان، سه‌رسوڕمان یا خه‌به‌ری بگۆڕێ.
فۆنۆلۆژی
فۆنیم چکۆله‌تری یه‌که‌ی ئاوایی زمانه واتا دیارده‌یه‌کی ئینتزاعی و زێهنییه که ده‌بێته هۆکاری جیاوازی مانا و پێکهاتنی وشه‌ی جیاواز. فۆنۆلۆژی وەک فۆنۆتیک وانه‌یه‌کی گشتی نیه، به‌ڵکوو هەر زمانێک دەسته‌یه‌ک یاسای تایبەت به خۆی هەیە که فۆنیمەکان لە ئاواکان یا دەنگەکانیەوە جیا دەکاته‌وه و لەنێو قالبی بڕگەی فۆنۆتیکدا ئەم فۆنیمانە لێک دەدات و بڕگەی فۆنۆلۆزی پێکدێنێ و لە ئاکامی تێکچنین و لێکدانی فۆنیمەکان دەنگ هەیە دەگۆڕێ، یا دەتوێتەوە یا ده‌نگی تازە ساز دەبێ. هه‌ر یه‌ک له ئاواکانی جیاکه‌ره‌وه‌ی مانا له زمان ده‌بێته فۆنیم. فونیم به هێڵی لار // و ده‌نگ به که‌وانه‌ی گۆشه‌دار [ ] نیشان ده‌درێ.
نموونه:
فۆنیم | کوردی | ده‌نگ | فارسی | فۆنیم | ئینگلیزی | فۆنیم |
/ر/ | که‌ر | [ر] | زرد | /ر/ | Letter | /ر/ |
/ڕ/ | که‌ڕ | [ڕ] | | | | |
/ل/ | گول | [ل] | الله | /ل/ | Learn | /ل/ |
/ڵ/ | گوڵ | [ڵ] | | | | |
هه‌ر وه‌ک له خشته‌ی سه‌ره‌وه دیاره، ئه‌م چوار ده‌نگه (ر-ڕ-ل-ڵ)، هاوبه‌شن له نێوان هه‌ر سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، له زمانی کوردی‌دا چوار فۆنیمن، به‌ڵام له زمانی فارسی و له زمانی ئینگلیزی‌دا دوو فۆنیم پێکدێنن. دوو ده‌نگی [ڕ] و [ڵ]، چوونکه له زمانی کوردی‌دا جیاوازی له مانا پێکدێنن و وشه‌ی جیاواز ساز ده‌که‌ن، دوو فۆنیمی سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام له زمانی فارسی‌دا چ بێژی: (زرد) یا چ بێژی: (زڕد)، وشه‌ی نوێ ساز ناکا یا له زمانی ئینگلیزی ده‌نگی [ل] وه‌ک له litter یا ده‌نگی [ڵ] وه‌ک little جیاوازی له مانای وشه پێکناهێنن. فۆنیمه‌کانی /ڵ/ و /ڕ/ له زمانی فارسی و ئینگلیزیشدا به‌شێوه‌ی زیهنی و ئینتزاعی هه‌نه و پێیان ده‌وترێت شێوه واچ (allophone)، به‌ڵام وشه‌ی نوێ به مانای جیاواز ساز ناکه‌ن، که‌وابوو ئه‌و دوو فۆنیمه له‌و دوو زمانه نرخیان نیه. جا ئه‌م ده‌نگانه له زمانی کورد یا هه‌ر زمانێکی دیکه‌دا، مژارێکی گشتییه و ئه‌وه کاری فۆنۆتیکه که شوێن و شێوازی ده‌ربڕن یا ئاوای ده‌نگدار یا بێده‌نگ بوونیان ده‌ستنیشان بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌که ئه‌م ده‌نگانه له زمانی کوردی‌دا نرخیان هه‌یه یا ئه‌وه‌یکه وه‌ک یاسا و ڕێسایه‌ک که هه‌ر وشه‌یه‌کی کوردی که به ده‌نگی [ر] ده‌ست پێده‌کا، ده‌بێته فۆنیمی /ڕ/، ئه‌وه بابه‌تێکی تایبه‌تی زمانی کوردییه و ده‌بێته ئه‌رک و کاری فۆنۆلۆژی.
پێکهاته‌ی بڕگه‌یی:
یاسایه‌کی دیکه‌ی مژاری فۆنۆلۆژی باسی پێکهاته‌ی بڕگه‌یی زمانه که هه‌ر زمانێک قالبی بڕگه‌یی (قالب هجایی) خۆی هه‌یه. هه‌ر بزوێنێک بڕگه یا به‌شێک پێکدێنێ. ساخت بڕگه‌یی زمانی کوردی: (=c=consonant بێده‌نگ) و (بزوێنv=vowel= ):
زنجیره‌ی بڕگه‌یی زمانی فارسی | زنجیره‌ی بڕگه‌یی زمانی کوردی | زنجیره‌ی بڕگه‌یی زمانی ئینگلیزی |
آV: با CV: باد CVC: دانش CVCC: رفتند: CVCCC | V: ا CV: با VC:ئه‌ز CVC:بار CVCC:به‌رد CCVC: گیان CCVCC:سوێند CVCCC:گه‌یشت گه‌یشتن CVCCCC: | V: I CV: pie CCV: try VC: at VCC: its CVCCC: text CVCCCC: texsts |
به دوو یا سێ فۆنیمی بێده‌نگ پشت سه‌ری یه‌ک له هه‌وه‌ڵی وشه ده‌وترێ هێشوو (cluster)، که له زمانی ئینگلیزی‌دا سێ فۆنیمی بێده‌نگ له سه‌ره‌تای وشه وجوودی هه‌یه (CCCV)وه‌ک: سترنج (strange)، به‌ڵام له زمانی فارسی یا کوردی‌دا وجوودی نیه. سێ فۆنیمی /س/، /ت/، /ر/ له فارسی و کوردی‌دا هه‌نه، به‌ڵام نه‌ک به ڕیز له‌سه‌ر یه‌ک و له سه‌ره‌تای وشه. ئه‌وه یاسایه‌کی تایبه‌تی ۆهیوهند به زمانی ئینگلیزییه. هه‌ر که‌سێ، قالبی بڕگه‌یی زمانی دایکیی خۆی له کاتی فێربوونی زمان به شێوه‌ی ئینتزاعی و زێهنی و نائاگاهانه فێر ده‌بێ.
چه‌ند یاسا و ڕێسای پڕۆسه‌ی فۆنۆلۆژی:
ئیزافه: زیاد بوونی یه‌که‌یه‌کی ده‌نگی یا واژهبهست له ئه‌نجامی لێکدانی ئاوه‌ڵناو و ناو یا دوو ناو: (گوڵ.سوور) ده‌بێته: گوڵ-ی- سوور. (کوڕ.مام) ده‌بێته: (کور-ه-مام) یا (کوڕ-ی-مام).
حه‌زف یا سڕینه‌وه: وا هه‌یه له ئاکامی هاونشینی دوو فۆنیمی بێده‌نگ، یه‌کیان حه‌زف ده‌بێ: (ده‌ستاڕ) ده‌بێته: (ده‌ساڕ)- (ده‌ست خۆش) به شێوه‌ی (ده‌سخۆش)
قه‌لب(metathesis): جاری وایه له ئاکامی هاونشینی دوو فۆنیم، قڵپ یا جێگۆڕکێی ده‌نگیی ساز ده‌بێ: (خیز) ببێته: (زیخ) یا (به‌فر) ببێته: (به‌رف).
گۆڕان: جاری واشه له پێکهاته‌یه‌کدا هه‌م گۆڕان و هه‌م واچی نوێ وه‌دیدێ: (مه‌شهوور) ده‌بێته: (مه‌نشوور)
فۆنیمی نوێ: یاسایه‌کی فۆنۆلۆژی تایبه‌ت به شێوه‌زاری ناوچه‌ی موکریان و پشده‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌ر وه‌خت دوو واچی /ک/ و /ی/ پێک بگه‌ن، ده‌نگێکی خشۆکی نوێ وه‌ک / C^/ ساز ده‌بێ: کێو. یا بێتوو له شێوه‌زای کرمانجیی سه‌روو، ده‌نگی /ئا/ به /ب/ یا /و/ بگات، ئاوای/ڤ/ ساز ده‌کا: (ئاب) ده‌به‌ێته: (ئا‌ڤ)- (ناو) ده‌بێته: (ناڤ).
ژێده‌ر:
1_ عومه‌رئه‌مین، پڕۆفیسۆڕ وریا (1984) فۆنه‌تیک و فۆنۆلۆجی، کۆڕی زانیاری عێراق-ده‌سته‌ی کورد-به‌گدا، ژماره 20، ساڵی 1989.
2- جهش، زبان‌شناسی عمومی، دپارتمان علوم انسانی، وزارت علوم و تحقیقات و فناوری.
2- Varga, Laszlo (2010) Eotvos Lorand University, Budapest