تاریخ: ۱۴۰۳/۴/۲۴
من سه‌یفم چۆن دیوه؟
پێشه‌کییه‌کی مامۆستا هه‌ژار بۆ دیوانی مامۆستا سه‌یفولقوزاتی قازی ئاماده‌کردنی: که‌سه‌ر پیرزاده
نازانم لە ئێوەی بەڕێز کێ خانەقای شەڕەفکەندی وەکوو من دیتوومە، دیوە و تییا ژیوە. بەدەردی مام هێمن فەرمووی: ((وەکوو گەمییەی حەزەرتی نووح لە هەموو دەستە و تاقم و توخم و تۆمەی تێدا کۆمە)). لە بۆرەپیاو، لە خاوەن‌ناو، کاڵ‌وکوڵاو، خڕوبڵاو، گشتەک‌وخاو، نەزان، زانا، بێ‌هێز، توانا، سەید، ئوممی، خەڵکی وشکارۆ و گوێ‌چۆمی. ئیتر سەرتان نەهێشێنم هەرکەسێکتان لە مەڵبەندی موکریاندا و لە موکریان ئەولاتریش بوێ کە چاوتان پێبکەوێ، وەرنە ئەوێ. خەمتان نەوێ، وەرنە ئەوێ، تووشتان ئەوێ وەتووشییەوە... جا یان نیشتەجێی ئەوێن یا بۆ زیارەت و متفەڕک دێن و چەندێک دەمێننەوە.

هێمن و من، دوو منداڵی کرچ‌وکاڵی لەڕ و قرخن، بەتەمەن دەدوازدە ساڵ بووین، گەیبووینە یەک، ناخێری گیانمان بخوێنین. خوێندنی چی؟! دووی گێل‌وحۆلی پەڕبڵاو، لەیەک دەمدا لای دوو مامۆستا دامەزرێن. یەکی ڕیش‌پان، لە عاڕەبی شارەزایە، خەتی نییە. یەکی گردەڵ، فارسیزانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ! خۆ جنێو هەر باسی ناکرێ.

سوێندی کەسم لەسەر نییە. ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێرنەبووین، نیسکێک درۆی تێدانییە. ماڵم هەقە لە ترێ‌دزینی ناو ڕەزی، لە پللار دە دارانگرتن، لە ڕاوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جووجە و قوڕشێلان، هێلکە لە هێلان‌دەرهێنان هیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی هێمن وەشێعر هاتبوو و هەروا گارەگاری دەهات. جاروبارە شێعرێکی نێوەوڵووڵەی خواری لاپانی دادەنا. بەفیزەوە شانی دەدا، یانیها بمناسە من چیم!

منی کڵۆل نەمدەتوانی مێعریش بکەم، چ جای شیعر! هونەرم هەرئەوەندە بوو شیعری خەڵکم بە ڕەوانی لەبەردەکرد. پێمدەزانی کامە لەنگە و کامە لە قافییەدا لاسەنگە. هێمنیش بڕوای کردبوو کە من لەوبارەوە وەستام. شێعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە و دەیکوت چۆنە؟ جاروبارە دەمکوت باشە و زۆر جاریش گاڵتەم پێ دەکرد.
ڕۆژێک پارچەهەڵبەستێکی فارسیی هێنا. گوتی بۆ ئەمە دەڵێی چی؟ گوتم ئەم تاکبەیتەی هی خۆتە و ئەو چوارانەش هین شاعیرێکی زۆر بەرزە، لێت دزیوە و شڕەکەی خۆت تێئاخنیوە تا نەیناسم. بە سەرسوڕمانەوە گوتی: ((سوبحانەڵڵا، زۆر شتێکی عەجایبە، خۆ تۆ کەڕامەتت نییە، چۆنت زانی؟)) منیش پفم بەخۆدا کرد: ((چۆن نازانم؟ زۆر زیرەکم، لەوەش سەیرتر دەزانم)).
مەسەلە زۆر هاسان بوو. شێعری فارسیی لەنگ‌ولۆری بەچکەکوردێکی مێرمنداڵ بخزێنرێتە لۆچی شێعری حەوسەت ساڵەی "ئیبنی یەمین" ناسینەوەی زۆری زیرەکی پێ ناوێ.

ئیتر خودا وەتحەسێنێ، هێمن ئەو موعجیزەی منی بە سەت قڵف‌وقەرازە و درۆی زلەوە لۆ هەمووکەس دەگێڕاوە. ناوبانگم لە خانەقادا بە یەکەم شێعرناس دەرچوو. جارێک پیاوێکی زۆر ماقووڵ هاتە زیارەتی خانەقا. کەوای شۆڕی مەلایانەی لەبەردابوو. مێزەرەکەی ئاخووندانە لە دەوری سەری هەڵپێچابوو، عەبایەکی سورمەیی بەسەر شانەوە، قوڵەگۆچانێکی جوانی حەیزەرانی بەدەستەوە. تا خوا حەزکا بەسەروسیما بوو. پێیاندەگوت:سەیفولوزات.
جووتەی شڕۆڵ خۆشیخۆشیمان وێکەوت. ئۆخەی ئەوا نەمردین و ئەو شاعیرەی شێعرەکانیمان پێ خۆشە و لەبەرمانە، خۆشیمان دیت. ئێمەی بێ نموود و تیتاڵ، لە ئەقڵ و تەمەندا منداڵ، هەر دەخەونیشمان نەدەهات لە مەجلیسی پیاوی وا خاوەنپایەدا ڕێمان بدرێ. ئاخ بریا بیدواندینایە!

خوداوڕاستان فشەفش و شاتوشووتی مام هێمن کارێکی کردبوو بەو ئاواتەشمان گەیشتین. سەیف پرسیبووی کێ لێرە شاعیرە یان شێعردۆستە؟ کوتبوویان مینەچڵمنی شێخولئیسلام خۆی لێ کردووینە شاعیر و ڕەحمان تەرەغەییش پەڵخوڕی شاعیرانی تر کاوێژ دەکا، فەرمووبووی هەرکم بۆ بانگکن بیانبینم. لە نزیک خۆی دایناین، تەواو ڕووی خۆشی نیشانداین. هێمنی دواند. گوێی بۆ نموونەی شێعری گرت. فەرمووی: ((تۆ تەبعت مەزوونە لە دواڕۆژدا دەبییە شاعیر)). ڕووی کردە من: ((کوڕی مەلا کام شیعری منت لەبەرە. قوربان ساڵی قڕڕانەکە. بۆم وەخێنە)). خوێندمەوە. لە چەند شوێنێک گێڕامییەوە. خۆی خوێندییەوە و کوتی: ((فێربە شێعر وەک من بخوێنەوە)). لەسەری ڕۆیشت و فەرمووی: ((کەم کەس هەیە کە شێعرم دەخوێنێتەوە قەڵسم نەکا بەڵام تۆ ئیجازەت هەیە شێعرەکانم بخوێنییەوە، باریکەڵڵا!)).

ئای لەو خۆشییە! ئەوپەڕی مایەی شانازیم بەنسیب بوو. عەرزم کرد: ((شێعرێکت هەیە حەزدەکەم خۆت بیفەرمووی بینووسمەوە)). فەرمووی: ((کامە؟)) لەدوای تۆزێک مینگەمینگ و سەرخوراندن، کوتم: ((هەڵێ، مەڵێ)). زۆر پێکەنی. فەرمووی: ((سەیرە لەو غەزەلە نازدارەدا هەر هەڵێ مەڵێت لەبیر بێ)).
ئەگەر بەڕواڵەت و دیمەن هەر ئەوەندە بە زیارەتی سەرفیراز بووم، بەڵام هەتا ناوی دەبرێ و تا باسی شیعری ئەو دەکرێ ئەو کۆڕەم دێتەوەبیر و خۆم بە بەختەوەر دەزانم.

نازانم خەڵک دەربارەی بەرهەمی سەیف دەڵێن چی بەڵام من بەشبەحاڵی خۆم بڕوام وایە ئەگەر سەیف تەنیا ساڵی قڕانی نووسیبایە و هیچی تر نا، دەرگای هەرمان و نەمریی بەڕوودا کراوەتەوە و لەلای شاعیرە گەورەکان پاڵپشتی بۆ دانراوە.
                 هەژار
          دووی پووشپەڕی ١٣٦١
                 کەرەج

......................

سەرچاوە: دیوانی سیف‌القضات، گردوکۆی قازی ئەحمەد، چاپی یەکەم، ١٣٦١ی هەتاوی، وەشانگەی سەبز.