بواری گەشتیاری له تەوەره هەرەگرینگەکانی ناوچەیەک و بەپێی ویش هەر وڵاتێکه که دەراوێکی ڕوون بەرەو کێڵگەی ئابووری و دراوی دەکاتەوه. که واتا هەرچەنده خزمەت و ڕاژەکاری له ئاستی گەشتیاری پەرەی پێبدرێ دەرئەنجامەکەی تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێ له پێشکەوتنی ئابووری بەرچاوه و کارلێکەرییەکانی له بوارەکانیتری ژیان(کۆمەڵایەتی، چاندی، ڕامیاری، گەشەیی و پیشەیی و هتد) دەبیندرێ.
جا ئەم بوارگەلانەی گەشتیاری چ سرووشتی بێ و چ دەستکردی، بەپێی گرینگی و ڕاژەکاری و ناساندن و پارێزگاری کردنیان قورسایی خۆیان دەردەخەن. گەشتیاری سرووشتی بریتین لەو شوێنانەی که به پێی سرووشت و ژینگه و به بێ دەست تێوەردانی مرۆڤ خۆیان ڕسکاون وەک تاڤگه یان ئاوهەڵدێر، چەم و دەلیا، کانی و گڕاو، لێڕەوار، مێرگ و بژوێن، کێو و ئەشکەوت و هتد. گەشتیاری دەستکردی وەکی له ناوەکەیڕا دیاره خەلەکا وی به دەوری دەست تێوەردان و دەستکردی مرۆڤ خول دەخوا. واتا مرۆڤ بۆته هۆی درووست بوون و ڕاگرتنی، وەک پردەکان، تاڤگه و زەریاچه دەستکردەکان، کۆتەڵ و بینا و باڵاخانەکان، ئەستێودان و بەردەنووسەکان، کۆشک و قەڵاکان و پاشەوارە مێژوویییەکان و زۆر شوێنی دیکەی لەمجۆره.
جێی ئاماژەیه که هەر کام لەم شوێنه گەشتیارییانه کەڵکوەرگرییەکی تایبەتیان هەیه یان بۆ ئامانجێکی شیاو چێ کراون. لەوانه تەنیا بۆ کات ڕابواردن، پشکنینەوەی ئاژەڵزانی و باڵندەناسی، کەڵکوەرگرتنی دەرمانی، وەرزینی، زانستی و ... .
ئاوایی داشخانەش خاوەنی چەند خاڵ و شوێنی گەشتیارییه که لێرەدا گڕاوەزنەی سێبەرده به هۆگران و گەشتیاران و دەرمانوەرگران دەناسێنین.
دەپێش هەموو شتێکدا وشەی گڕاوەزنه با شی بکەینەوه و بزانین واتاکەی چییه و گڕاوەزنەی سێبەرده له کوێڕا هاتووه؟ وشەی گڕاو واتا ئاوی کانزایی، ئاوێک که له کانی یان زەوی یان له ئەشکەوتێکدا هەڵدەقوڵێ و له گەرمی و ساردی و بۆن و چێژیدا لەگەڵ ئاوی ئاسایی جیاوازی هەیه. زنه یان زۆنگ بریتی له نمەئاوێک که به ژێر زەویدا وەک شه یان تەڕایی خۆ وەدەردەخا و زۆر کەم وایه که بگاته ئەو ئاستەی که وەک جۆگەله ڕەوان بێ و بڕوا. سێبەرده یان بوغەشاخ کێوێک له چەند کیلۆمەتری داشخانه بەرەو زەریاچەی ورمێ، بۆیه پێی دەڵێن سێبەرده چوونکه جاران! له لووتکەی ئەو کێوه سێ بەردی پان و ڕێک هەبوون که بەداخەوه لەم چەند ساڵانەی ڕابردوو سیسارکەکانی زەوی هەڵدڕی نیشتماندز بۆ دۆزینەوەی کەلوپەلی ژێرخاک ئەم سێبەردەیان تەقاندۆتەوه بەڵام هێشتا زۆر نەشێواندراوه.
له پاش ئەوەیکه له ساڵی ۱۳۷۳ی هەتاوی(1994ی زایینی) به هۆی زریانەوه ئاوی زەریاچەی ورمێ بەرەو ناو ئاوایی شەپۆلی دا له لایەن کاربەدەستانی شارەوه بۆ ئەوەی ئاوی دەریا نەڕژێته نێو دێیەکه له خاک و بەردی ئەم کێوه تیرەیەکیان لێدا و پێش ئاویان گرت. هەروەها لەم چەند ساڵەی ڕابردوو که بۆ ژیانەوەی دەریاچه، چۆمی گادەریان گەورتر کردۆتەوه بۆ لێواری چۆمەکه هەر له خۆڵ و بەردی ئەم شاخه و هەر له هەمان سیله کێشەوەیان کردووه. ئەم شوێنەی که خاک و خۆڵ و بەردەکەیان لێ هەڵگرتووه و تا ئەو جێیەی توانیویانه قووڵیشیان کردووه و خاکیان لێ هەڵێنجاوه. جا ئیدی ئەو قووڵکانەی که خاکەکەیان بردووه ورده ورده به زنەی سوێری دەریاچه پڕبووه له ئاو و ئێستا بۆته گڕاوەزنه. ئەم وشەیه خۆم بۆم داناوه و به بۆچوونی خۆم پڕ به پێستێتی! گڕاوەزنه واتا ئەم شوێنه به زنەی ئاو پڕبۆتەوه و چوونکه ئاوەکەی سوێره و گڕاوێکی کانزایی گەرمه، تایبەتمەندی دەرمانیشی هەیه.
ئەم شوێنه سرووشتی-دەسکردییه ڕووبەری نیزیکەی به قەدرایی گۆڕەپانێکی تۆپیپێی هەیه و له سێ ئەستێرکی گەوره که دوودانەیان جێی وای تێدایه که قووڵایییان پێ نادا، هەروەها سێ چوار ورده ئەستێرکی چکۆلەش له دەورەیاندا هەڵکەوتووه که هەر هەموویان پڕن له ئاوی سوێری گەرم. له دوا ڕۆژەکانی بەهار تا دواڕۆژەکانی هاوین کاتی ئەوەیه که مرۆڤ بچێ لەم ئاوه گەرمه سوێره دەرمانییه کەڵک وەرگرێ و نەخۆشییەکانی پێست بەتایبەت خوورووی پێ ساڕێژ بکا. هەر کەسانێک که ویستیان بچن پێویسته چەند تۆنگه ئاوی شیرینیش بۆ خۆ شووتنەوەیی دوایی لەگەڵ خۆیان بەرن.
شایانی لێدوانه که بوترێ لەم ئاوەدا بوونەوەری ئارتیماش بوونی هەیه که هیچ زیانێکی بۆ مرۆڤ نییه. هەروەها به ناساندنی ئەم شوێنانه دەرکەی دڵۆڤانی و له ژێر سێبەری ئەویشدا دەلاقه و دەربیجەی گەشه و ئابووری بۆ گوند و مەڵبەندەکانمان بکەینەوه.
دواوته ئەوەیه که ئێمەی مرۆڤ وەک گەشتیار یان هۆگر یان به هەر شێوەیەک دەچین بۆ وەها شوێنکی گەشتیاری پێویسته ڕێنوێنییەکانی پارێزگاری له شوێنەوارەکان ڕەچاو بکەین و سرووشت و ژینگه نەشڵەژێنین که ئەم شوێنانه سامانێکی زەنگینی نەتەوایەتینه.