ئێوارە شیعری 30 جۆزەردانی1403 لە شاری ڕوانسەر لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبی میرزا ئەحمەدی داواشی ئەو شارە و پاڵپشتی و هاوکاریی ئیدارەی ئیرشادی شاری ڕوانسەر بە بەشداربوونی جەماوەرێکی زۆر لە شاعیرانی ڕوانسەر و جوانڕۆ و پاوە و هەورامان و کرماشان بەڕێوەچوو.
لەم ئێوارە شیعرەدا کە کاتژمێر 5ی ئیوارەی ڕۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، ڕێوڕەسمەکە بە وتاری بەڕێز شێخمرادی بەرپرسی دائیرەی ئیرشادی ڕوانسەر کرایەوە. پاشان مامۆستا حسەینی موحەمەدی، کوڕی شاعیری ناودار میرزا ئەحمەد داواشی، بابەتی خۆیان پێشکەش کرد. پاشان ئەم شاعیرانەی خوارەوە شیعرەکانی خۆیان پێشکەش کرد. کاک فەرەیدوونی میرەحمەدی لە جۆانڕۆ، خاتوو شیوا موزەفەری لە ڕوانسەر، کاک موبینی ئەحمەدی لە پاوە ، کاک یووسفی فەتاحی لە ڕوانسەر، دوکتور ڕووناک سەمەدی لە جۆانڕۆ، لە پاش ئەوە مووسیقی و شمشاڵ لە لایەن کاک حەمە عەزیزی ڕەحمەتی و کاکە عەزیزی ئەحمەدی پێشکەش کرا.
هەروەها پاشان سەرەگەیشت بە خوێندنەوەی شیعری بەڕێز حسەینی وەفایی لە پاوە، پاشان خاتوو مریەم موتعالی لە کرماشان شیعرەکەی پێشکەش کرد. کۆتا بەرنامەی بەشی یەکەم شیعرە بەنرخەکانی میرزا لوتفوڵای سەید ئەحمەدی لە گوندی بەوراوای ڕوانسەر کۆتایی پێهات. کە هەواڵ و ڕەفیقی خوا لێخۆشبوو میرزا ئەحمەدی داواشی بووە. میرزا لوتفوڵڵا بە حافیزە و بیری زۆر تێژەوە لە ماوەی دە دەقیقەدا شیعرەکانی مامۆستا داواشی لەبەر خوێندەوە و بوو بەهۆی سەرسوڕماون و کەیف خۆشی بەشداربووان.
پاش پشوویەکی کورت و ئیسراحەتی بەشداربووان، بەشی دووهەمی بەرنامەکە دەستی پێ کرد کە لەم بەشەدا لە سەرەتا مووسیقی پێشکەش کرا. پاشان ئەم کەسایەتییانەی خوارەوە شیعر و بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش کرد. کاک سەلاحی زائەبی لە جۆانڕۆ، کاکە میلادی ئیبراهیمی لە ڕوانسەر. بەڕێز سان ئەحمەی سولەیمانی لە شاری جوانڕۆ، پاشان ئەم شاعیرانە خوارەوە کە هەموویان لە شاری ڕوانسەر بەشدار بوون بۆ ڕێزلێنان و حورمەتی مێوانەکان بە ویستی خۆیان لە کۆتایی و دوایین بەشی بەرنامەکەدا شیعری خۆیان پێشکەش کرد. کاکە نامداری ئەحمەدی ، کاکە مەسعەب نادری، بەڕێز موختار ئەحمەدی، کاکە ئەرسەلان ئەحمەدی ، محێدین ئەمجەدی و کاک ئیبراهیمی فەرەجی، کاکە بەهمەنی ئەحمەدی و کاکە حەمە عەزیزی ڕەحمەتی.
ئەم جا سەرە گەیشت بە کۆتایی و بەشکردنی خەڵاتەکان کە لە لایەن دەواخانەی گیاهی بوو عەلی شاری ڕوانسەرەوە بە بەشداربووان پێشکەشکرا. شایانی باسە ئەم پڕۆگرامە بە هۆی ئەوەی کە ماوەیەکی زۆرە کۆڕی تایبەت بە شیعر لە ناوچەکانی ڕوانسەر و جوانڕە و پاوە و هەورامان نەکراوەتەوە پێشوازی باشی لێکرا و شاعیرانی زۆر بەشداری بوون کە هەر ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی کە بەرنامەکە زۆرتر لە کاتی خۆی درێژەی هەبێ.